سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئافرەتی چاك گەوهەری ڕاستەقینەی ژیانە!
گۆڕینی فۆنت

ئافرەتی چاك گەوهەری ڕاستەقینەی ژیانە!

لە ئامێزی ئەم ژیانە کاتییەدا کە هەموو شتێک تیایدا تێپەڕ دەبێت و كۆتایی دێت، تەنها یەک گەوهەری ڕاستەقینە هەیە کە ڕەنگ و بۆنی ئارامی و بەختەوەری بە ماڵەکان دەبەخشێت ئەویش ئافرەتی چاك و دیندارە هەروەك پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە فەرموودەیەكی شیریندا دەفەرموێت: (الدُّنْيَا مَتَاعٌ، وَخَيْرُ مَتَاعِ الدُّنْيَا المَرْأَةُ الصَّالِحَةُ). پێشەوا موسلیم گێڕاویەتییەوە بەژمارە (1467). واتە: دونیا هەمووی بەهرە و خۆشییەکی کاتییە، باشترین بەهرەو خۆشی و چێژی دنیا ئافرەتێكی چاك و دیندارو شایستەیە.
ئەم فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، راسپاردەو ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەکی قووڵی بۆ گەنجان و پیاوان تێدایە؛ ئەویش هاندانیانە بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرێکی ساڵح و چاکەکار، چونکە بوونی ئەو ئافرەتە بە یەکێک لە مەزنترین نیعمەتە خوداییەکان لە ژیانی دنیادا دادەنرێت. پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) لەم فەرموودەیەدا ڕاستییەکی گەردوونیمان بۆ دەردەخات: کە (دنیا) تەنها وێستگەیەکی کاتی و ئامرازێکی ڕاگوزەرە (مەتاعە)؛ واتە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ سوودیان لێ دەبینێت و چێژیان لێ وەردەگرێت، کاتین و کۆتاییان دێت. 
بەڵام لە نێو ئەم هەموو چێژە جیاوازانەدا، (باشترین و بەرزترین خۆشی) بۆ پیاوی بڕوادار، هاوسەرێکی دیندار و شیاوە. ئەو ئافرەتەی کە تەنها بە تەماشاکردنی، ئارامی و دڵخۆشی بەسەر هاوسەرەکەیدا دەبارێنێت؛ بە گوێڕایەڵی و وەفادارییەکەی، ماڵ دەکاتە بەهەشت؛ لە کاتی ئامادەنەبوونی هاوسەرەکەشیدا، دەبێتە قەڵایەکی پتەو بۆ پاراستنی شەرەف، شکۆ و سامانی خێزانەکەی. ئەمە ناوۆکی ئافرەتی چاكە: ئەو کەسەی کە هەم لە پەیوەندیی نێوان خۆی و خودادا چاکەکارە، هەم دەبێتە هەوێنی چاکسازی بۆ ژیان و دواڕۆژی هاوسەر و منداڵەكانی.
لێرەدا، جەختکردنەوە لەسەر سیفەتی "ساڵح" هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆشی تێدایە؛ ئەگەر ئافرەت ڕازاوە نەبێت بە ڕەوشت و دینداری، نەک نابێتە مایەی خێرو خۆشی، بەڵکو دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی كێشە و ناخۆشی و تیاچوون و وێرانکردنی ماڵ و دوورخستنەوەی هاوسەرەکەی لە ڕێگای ڕاست ودروست، و هاندانی بۆ دەستخستنی چێژە کاتییەکانی دنیا تا ئەو ئاستەی تیایدا نوقم دەبێت.

پەند و وانە وەرگیراوەکانی فەرموودەکە:

کاتیبوونی ژیانی دنیا: فەرموودەکە  بیرمان دەخاتەوە کە هەموو خۆشییەکانی ئەم ژیانە کاتین و نابێت وەک ئامانجی کۆتایی تەماشا بکرێن.
بەرزترین نیعمەت: گەورەترین سامانی پیاو لەم دنیایەدا، ماڵ وسامان و  پلە و پایە و ناوبانگ نییە، بەڵکو هاوسەرێکی چاك و بەڕەوشت و دیندارە.

لە كۆتاییدا دەڵێین: مەزنترین سەرمایە و باشترین نیعمەت لەسەر زەوی، بوونی ئافرەتێکی ساڵح و چاكە کە دەبێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی ڕەوشت و بەها باڵاكان و پەروەردەیەكی چاك و تەندروستی منداڵەكان، ئەم ڕاستییە تەنها ستایش و پیاهەڵدانی ئافرەت نییە، بەڵکو دەستورو رێسایەكی زێڕینە بۆ بونیادنانی خێزانێکی ئاسوودەو سەركەوتو و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پڕ لە میهرەبانی.

ئا – مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە
راوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 187
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram