مەترسیدارترین هەڵەی پیاو چییە؟ یەکێک لە مەترسیدارترین هەڵەکانی پیاو لە ژیاندا، ئەنجامدانی هاوسەرگیرییە لەگەڵ ژنێکی نەشیاودا، پیاو توانای هەستانەوەی هەیە لە هەموو شکست و کەوتنێک، جگە لەوەی کە لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان هەڵە بکات، چونکە ئەم بڕیارە تاقیکردنەوەیەکی سادە و ئاسان نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئێستا و داهاتووی هەیە. هەڵە لەو پرۆسەیەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی خێزانی پڕ لە ناکۆکی و نائارامی کە زیانی دەروونی گەورە بە پیاوەکە دەگەیەنێت. پیاو دەبێت ئەو راستییە بزانیت ئەگەر بەهەڵە هاوژینی هەڵبژارد ئەوا تووشی چەندین كێشەو گرفتی جۆراو جۆردەبێتەوە لەهەموو بوارەكانی ژیاندا لەوانە: 1- لەدەستدانی وزە و تەرکیز. هاوسەری نەگونجاو نایەتە ژیانتەوە بۆ ئەوەی زیادەیەکت پێشکەش بکات، بەڵکو تەنها بۆ وەرگرتن و حەزو خولیاكانی خۆی دێت. وزەی دەروونی و جەستەیی پیاوەکە لە کێشە و پرسە بێماناکانی ناو ماڵدا بەفیڕۆ دەچێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کار وژیانی پیشەیی و توانای داهێنان دادەنێت. ئەو سەرکەوتنەکانت وەک قەرزێک تەماشا دەکات کە دەبێت هەمیشە بیدەیتەوە، کاتێک داوای هاوکاری لێدەکەیت بە شەڕ و ئاژاوەی بێ کۆتایی وەڵامت دەداتەوە. ژنی واڕۆحی پیاو دەمژێت پێش پارە و سامانەکەی، باری دەروونی تێکدەدات، ماڵ وێران دەکات و چارەنووسی دەشێوێنێت، هیچ بۆشاییەک بۆ ئارامی و دڵنیایی پیاو ناهێڵێتەوە.وێران دەکات. 2- دید و ئاراستەکانت ئەو وێنەیەی تۆ دەیبینیت، ئەو نایبینێت، لە ناو ماڵەکەتدا رەشەبا و زریانی بەردەوام درووست دەکات، لەسەر ڕێگای سەرکەوتن دەتبات بۆ شەڕی لاوەكی ڕۆژانە کە مێشکت شەكەت و ماندوو دەكات. تۆ ئاراستەی خۆت دەزانیت، بەڵام ئەو پلان و بەرنامەکانت لێ تێکدەدات. ئەم ناکۆکییە هزرییە بێتامە بە بێدەنگی پیرت دەكات و تەمەنت بەفیڕۆ دەدات، بەڵام بە جارێک ناکەویت، بەڵکو پلە بە پلە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تیاچوون دەڕۆیت. 3- پیاو بەهێواشی وێران دەكات. کاتێک ژیانی هاوسەرگیری لە جیاتی سەرچاوەی ئاسوودەیی و ئارامی، دەبێتە سەرچاوەی کێشە، پیاوتووشی نائومێدی و دڵتەنگی و خەمۆکی درێژخایەن دەبێت. زۆرێک لە پیاوان هەست دەکەن کە لە ژیانێکی بێ خۆشەویستی و ناتەواودا گیریان خواردووە، بەتایبەتی ئەگەر منداڵیان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕقلێبوونەوە لە خۆ و لەدەستدانی توانای بینینی جوانییەکانی ژیان. فشاری دەروونی بەردەوام دەبێتە هۆی نەخۆشی جەستەیی وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، سەرئێشەی درێژخایەن و تێکچوونی خەو. ئەو بە دۆزی بچووک و بێسوود هێواش هێواش دەتکوژێنێتەوە، هەتا ماڵ دەبێتە بێدەنگییەکی قورس و گران، تۆش لە پیاوێکی زیندووەوە دەبیتە سێبەرێکی جوڵاو، ڕووخانی لەسەر خۆ مەترسیدارترە، چونکە ڕۆح دەکوژێت پێش ئەوەی خەون و خولیاکان لەناو ببات. 4- ئایندەت وێران دەکات. ململانێ لەگەڵ ژنی نەگونجاو گەورەترە لە ململانێ لەگەڵ ژیان. تۆ بەردەوام شتی بۆ ڕوون دەکەیتەوە و دووبارەی دەکەیتەوە، ئەویش تێگەیشتنە خراپەکەی وەک حەز و خولیایەکی سەرشێت پەیڕەو دەکات و نایەوێت تێبگات، ئەم پیاوە بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی بکات، تەمەنی دەڕوات و گەنجێتی دەفەوتێت. پیاوانێک هەن هەرگیز بۆ خۆیان نەژیاون، چونکە تەمەنیان لە ئامۆژگاری و ئاراستە كردن و چاککردنەوەی ژنێکدا بەسەر بردووە کە ئامادە نییە خۆی چاک بکاتەوە. . 5- ژنێك کە ژیانت دوو هێندە زیاد نەکات کەمی دەکاتەوە ژنی چاک مایەی ئارامییە و بەرزت دەکاتەوە، بەڵام ژنی هەڵە هاوکێشەی لێدەرکردنە، وزە و سەرنج و ئارامیت دەبات، فشار و پەرێشانی و ماندووبوونت بۆ زیاد دەکات. پیاوێک بەدوای ساتێکی بێدەنگی و پشوودا دەگەڕێت لە ماڵێکی پڕ لە دەنگ و ژاوەژاو، ڕۆح کاتێک ئارامییەکەی نەما، توانای بنیاتنانی لەدەست دەدات. 6- ئایندەت بەنرخترە لەوەی ببەسرێتەوە بە ژنێکی هەڵەوە. خاتوونی گونجاو دەروازەكانی ژیانت بۆ دەکاتەوە، ژنێکی هەڵە هەموو ژیانت دادەخات، چونکە هاوسەرگیری تەنها پەیوەندی و ئارەزوویەكی سەرپێیی نییە، بەڵکو دەرگای چارەنووسە، یان بەرزت دەکاتەوە یان کۆتاییت پێدێنێت. لە کۆتاییدا دەڵێین: هەڵبژاردنی هەڵە دەبێتە هۆی ژیانێکی پڕ لە ئازار و پشێوی و دەچێتە خانەی داخورانی ڕۆح و ژیریی، لە رووی کۆمەڵایەتیی و كەسایەتییەوە زۆر لەسەر پیاو دەكەوێت. هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان بڕیارێک نییە بۆ رۆژو ساتێک، بەڵکوو نەخشەی نووسینەوەی تەواوی ژیانە، چونکە ژن یان دەبێتە ڕێگای گەشەکردنت یان کۆتایی بە زۆر شتت دەهێنێت. ئا - مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە ڕاوێژکاری خێزانی و پەروەردەیی شیخ_احمد_کاکە_محمود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.