سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  پەیوەندی نێوان پیاو و ژن.. یان سروشت و فترەتی هاوسەران.!!
گۆڕینی فۆنت

پەیوەندی نێوان پیاو و ژن.. یان سروشت و فترەتی هاوسەران.!!

ئەسبەهانی لە کتێبی (الأغاني)دا دەگێڕێتەوە کە موغییرەی کوڕی شوعبە گوتوویەتی: ژنان چوار جۆرن و پیاوانیش چوار جۆر:
1- پیاوێکی پیاوانە و ژنێکی ژنانە: پیاوەکە سەرپەرشتیار و پارێزەریەتی.
2- پیاوێکی ناسک و (ژنانە) و ژنێکی ڕەق و (پیاوانە): ژنەکە سەرپەرشتیار و فەرماندەیەتی.
3- پیاوێکی ڕەق و ژنێکی ڕەق: وەک دوو مەڕەکێوی وان کە بەردەوام قۆچ لە یەک دەدەن و شەرە قۆچ (ئەسترۆ) یانە.
4- پیاوێکی ناسک و ژنێکی ناسک: نە خێرێکیان تێدایە و نە سەرفراز دەبن.

یاسای فیترەت (سروشتی خودایی):

شتێک هەیە بە ناوی (فیترەت)، خودا هەموو مەخلوقەکانی لەسەر دروست کردووە، تەنها مرۆڤ نەبێت کە هەوڵ دەدات بە پێچەوانەی فیترەتی خۆی ڕەفتار بکات!
ماسییەکانی سەلەمۆن هەرگیز هەوڵیان نەداوە لەگەڵ تەوژمی ئاوەکە مەلە بکەن، چونکە فیترەتیان وایە پێچەوانەی تەوژمەکە بڕۆن بۆ ئەوەی زۆر بن!!.
هەنگ (مێشەنگوین) هەرگیز هەوڵی نەداوە شێوەی شانەکەی بگۆڕێت، چونکە فیترەتی وایە بە شەش پاڵو (شەش بازنەیی) دروستی بکات.
باڵندەکان کاتی کۆچیان لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکە ناگۆڕن، چونکە بەرنامەسازی کراون لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا کۆچ بکەن.
شێرەکان بە ملیۆنان ساڵە هەر هەمان نێچیر ڕاو دەکەن، مانگا و گاجووتەکانیش هەر هەمان گیا دەخۆن.
تەنها مرۆڤە هەوڵ دەدات شێوازێکی ژیان دابێنێت کە دژی فیترەتی خۆی بێت.

ژن و مێرد تەواکەری یەکترن، نەک ڕکابەر:
خودای گەورە ئادەمی لە خۆڵ دروست کرد، پاشان حەوای لە پەراسوی ئەو دروست کرد؛ کەواتە حەوا (بەشێکە) لە ئادەم. بەم پێیەش بێت، (بەشەکە) فیترەتی وایە شوێنی (گشتەکە) بکەوێت، و (گشتەکەش) کە ئادەمە فیترەتی وایە مشورخۆر و پێشەوای بەشەکە بێت.
پیاو مشورخۆر و پێشەوای ژنە نەک ئاغای!!. 
ژنیش لەژێر سێبەری پیاودا دەژیت نەک وەک کۆیلە و کەنیزەک!!.
کێشەکە هەرگیز ئەوە نەبووە کێ زاڵ بێت بەسەر کێدا؟ بەڵکو ئەوە بووە کە (گشتەکە) میهرەبان بێت بۆ (بەشەکەی)، و (بەشەکەش) پەنا بباتە بەر (گشتەکەی).
کاتێک خودای گەورە پیاوی بە (قەوام) و مشورخۆر و بەرپرسیار داناوە، واتە ژنی کردووە بە یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی، نەک یەکێک لە موڵکەکانی!

ژنانەبوونی ڕاستەقینەی ژن
کاتێکە کە ژن لە سایەی پیاودا دەژیت، هەست بە کەمی ناکات، بەڵکو هەست دەکات مێینایەتی خۆی بەدەست هێناوە.
 زۆر ماڵ هەن ژن تێیدا زاڵ و فەرمانڕەوایە، لێیان بپرسن ئایا دڵخۆشن؟
هەر خۆیان پێت دەڵێن: ئاواتەخوازن پیاوێکیان هەبێت جڵەوی کارەکانیان بگرێتە دەست، چونکە ئەوان ئەرکێک دەبینن کە بۆی دروست نەکراون.
گەر ژنێکی زۆر ئازاد و ئازا و بەهێزیش بیت، هێشتا پێت خۆشە: پیاوێک هەبێت (غیرەت)  لێ بکات.
پیاوێک هەبێت کە هەموو دونیات بدەیتە ئەو، چونکە دەزانی ئەو ناهێڵێ کەس دەست بۆ تاڵە موو (قژ) ێکت ببات.
پیاوێکی وا لە کاتی نەخۆشیدا دەستی بخاتە سەر نێوچاوانت، ئەگەرچی گەرمیپێویشت هەبێت.
پیاوێک لە ڕۆژێکی باراناوی و سەرما و سۆڵە و بەفرباریندا چاکەت و قەمسەڵەکەی خۆیت پێبدات، ئەگەرچی سەرماشت نەبێت.

کێشە گەورەکە چییە؟
ئەوەیە کاتێک پیاوان ژنەکانیان لە خۆیان دوور دەخەنەوە، لە ڕاستیدا کۆت و زنجیریان دەکەن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە. 
ئێوە دەستبەرداری فیترەتی خۆتان دەبن و وایان لێ دەکەن ئەوانیش دەستبەرداری فیترەتی خۆیان بن.
 پاشان لە کۆتاییدا دەپرسن: بۆچی چی دیکە وەکو ژن نەماونەتەوە؟!

وەڵامەکە سادەیە:
ئەوان وەک پێویست نەبوونەتە ژن، چونکە ئێمەیش وەکو پێویست نەبووینەتە پیاو!

لە کۆتاییدا دەڵێم: 
هەروەکو چۆن داوا لە پیاو دەکرێ دەستبەرداری (پیاوەتی) خۆی نەبێت، پێویستە ژنیش بجەنگێ و هەوڵبدات بۆ پاراستنی (مێینایەتی) خۆی.
بازرگانی بکە، بەڵام لەبیرت بێت (خەدیجە خاتون) بەو هەموو سەروەتەوە لە سایەی محەمەد پێغەمبەردا (دروودی خوای لەسەر بێت) دەژیا.
ناودار بە، بەڵام لەبیرت نەچێت (بەڵقیس) شاژن بوو، کەچی خۆی لە سایەی سولەیمان پێغەمبەردا (دروودی خوای لەسەر بێت) دۆزییەوە.
بۆیە هەرگیز بە بانگەشەی  ئازادی و سەربەخۆیی مەخەڵەتێ..
مێینایەتی کۆت و بەند نییە، بەڵکو جوانترین فیترەتی بوونەوەر و گەردوونە.

بیهێنە بەرچاوی خۆت گەر ماسی بفڕێت، و چۆلەکە مەلە بکات، و شێر گیا بخوات! ئەم هەسارەیە چەند سەیرو سەمەرە دەبێ؟ 
تۆش خوشکی ئازیز کاتێک لە فیترەتی خۆت لادەدەی، ئاوا سەیر دەبی.

بۆیە تا زووە بگەڕێنەوە سەر فیترەتی خۆتان، بە دڵنیاییەوە ژیانتان شیرینتر و ئاسوودە تر دەبێت.

نووسینی: دکتۆر محمد سینەمۆکی

#_شیخ_احمد_کاکە_محمود
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 193
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram