♦️ باشترینتان ئەوانەن کە باشترینن بۆ ئافرەتان.!! مرۆڤە چاك و بەڕێزەكان ئەوانەن بەڕێز و میهرەبانن بەرامبەر ئافرەتان، پێغەمبەری خوا لە فەرموودەیەكی پیرۆزدا ئاگادارمان دەكاتەوە تا تێبگەین لەو ناسکییە سروشتییەی کە خودا لە هەناوی ئافرەتاندا چاندوویەتی و داوامان لێ دەکات بە داناییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. پاراستنی ئەم ناسکییە و ڕەچاوکردنی لایەنی سۆزدارییان، کلیلی سەرەکییە بۆ بەردەوامیی خۆشەویستی و هێنانەدی بەختەوەری لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا. هەروەك پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: (استوصُوا بالنِّساءِ خيرًا ؛ فإنَّ المرأةَ خُلِقَتْ من ضِلَعٍ ، وإنَّ أعْوجَ شيءٍ في الضِّلَعِ أعْلَاهُ ؛ فإنْ ذهبْتَ تُقِيمُهُ كسرْتَهُ ، وإنْ تركتَهُ لمْ يزلْ أعوَجَ ؛ فاسْتوصُوا بالنِّساءِ خيرًا). پێشەوا بوخاری بەژمارە 5186 پێشەوا موسلیم بەژمارە 1468 گێڕاویانەتەوە). واتە: ئامۆژگاری یەکتر بکەن بۆ چاکەکاری لەگەڵ ئافرەتان، چونکە بەڕاستی ئافرەت لە ئێسکی پەراسوو دروست کراوە، و چەماوەترین بەشی پەراسوو بەشی سەرەوەیەتی، جا ئەگەر بتەوێت ڕاستی بکەیتەوە، دەیشکێنیت، وە ئەگەر وازی لێ بهێنیت ئەوا بە چەماوەی دەمێنێتەوە، کەواتە ئامۆژگاری یەکتر بکەن بۆ چاکەکاری لەگەڵ ئافرەتان. لە ڕیوایەتێکی پێشەوا موسلیمدا هاتووە: ( إِنَّ الْمَرْأَةَ خُلِقَتْ مِنْ ضِلَعٍ، لَنْ تَسْتَقِيمَ لَكَ عَلَى طَرِيقَةٍ، فَإِنِ اسْتَمْتَعْتَ بِهَا اسْتَمْتَعْتَ بِهَا وَفِيهَا عَوَجٌ، وَإِنْ ذَهَبْتَ تُقِيمُهَا كَسَرْتَهَا، وَكَسْرُهَا طَلَاقُهَا). واتا: بەڕاستی ئافرەت لە پەراسوو دروست کراوە، هەرگیز بە تەواوی لەسەر یەک ڕێچکە بۆت ڕاست نابێتەوە، جا ئەگەر چێژی لێ ببینیت، چێژی لێ دەبینیت و هەر چەماوەیی تێدایە، وە ئەگەر هەوڵ بدەیت ڕاستی بکەیتەوە، دەیشکێنیت، و شکاندنیشی تەڵاقدانێتی. ♦️ پەندو وانەكانی فەرموودەكە: 1- کلیلی مامەڵەی جوان، نەرمی و خۆشەویستی: فەرموودەکە فێرمان دەکات کە باشترین ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتان، بەکارهێنانی نەرمی و خۆشەویستییە، نەک توندی و ڕەقی. وەک چۆن پەراسوو بە زۆر ڕاست ناکرێتەوە، دڵی ئافرەتیش بە زۆر بەدەست نایەت. 2- تێگەیشتن لە سروشتی جیاواز: ئاماژەدان بە پەراسوو بۆ کەمکردنەوە نییە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنە لە سروشتی هەستیار و سۆزداری ئافرەت. پیاوان دەبێت ئەم جیاوازییە وەک خاڵی هێز ببینن و ڕێزی لێ بگرن. 3- هونەری ئارامگری و چاوپۆشی: ژیان هەمیشە بێ کێشە نییە. فەرموودەکە پیاوان هان دەدات کە لەبەرامبەر ئەو خوو و ڕەفتارانەی کە بە دڵیان نییە، ئارامگر بن و چاوپۆشی بکەن. چونکە هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەموو شتێک، پەیوەندییەکە دەشکێنێت. 4- شكاندن واتە كۆتایی پەیوەندی: پێغەمبەر (ﷺ) بە ڕوونی ئاگادارمان دەکاتەوە کە شکاندنی ئافرەت (واتە بەکارهێنانی توندی و فشار بۆ گۆڕینی) دواجار دەبێتە هۆی تەڵاق و لەدەستدانی. فەرمانی استوصوا (ئامۆژگاری یەکتر بکەن) بە شێوەی کۆ هاتووە. واتە ئەمە تەنها ئەرکی مێرد نییە بەرامبەر ژنەکەی، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو پیاوێکە بەرامبەر بە دایک، خوشک، کچ و هەموو ژنانی کۆمەڵگە. لە فەرموودەکەدا هاتووە کە ئافرەت لە ئێسکی پەراسوو دروست کراوە و چەماوەترین بەشی سەرەوەیەتی. ئەمە ئاماژەیە بۆ سروشتی هەستیار و ناسکی ئافرەتان، هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی بە زۆر، دەبێتە هۆی شکاندنی کە مەبەست لێی جیابوونەوەیە. فەرموودەکە پیاوان هان دەدات لەبەرامبەر ئەو ڕەفتارانەی ئافرەتان کە لەوانەیە بە دڵیان نەبێت، ئارامگربن و لێبووردە بن. پێویستە پیاوان لەگەڵ سروشتی ئافرەتان خۆیان بگونجێنن و بە نەرمی و خۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. فەرموودەکە ناڵێت ئافرەت خراپە چونکە لە پەراسووی چەماوە دروست کراوە. بەڵکو ئاماژەیە، بۆ ئەوەی بتوانیت بە باشی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، دەبێت لە سروشتە تایبەتەكەی تێبگەیت. وەک چۆن ئەگەر بزانیت شتێک لە شوشە دروست کراوە، بە وریاییەوە هەڵیدەگریت نەک بە توندی. ئەمە کەمکردنەوەی شوشەکە نییە، بەڵکو داننانە بە سروشتە ناسکەکەیدا. چەماوەیی لێرەدا بە مانای کەموکوڕی نایەت، لە زمانی عەرەبیدا وشەی (عِوَج) هەمیشە بە مانای نوقسانی و خراپی نایەت. لێرەدا ئاماژەیە بۆ جیاوازی سروشت. سروشتی ئافرەت زیاتر لەسەر بنەمای سۆز و هەست و نەرمی بنیات نراوە، کە لەوانەیە لە چاوی پیاوێکەوە کە زیاتر لۆژیکی و ڕەقە، وەک چەماوەیی دەربکەوێت. بەڵام ئەم چەماوەییە لە ڕاستیدا خاڵی هێزی ئافرەتە؛ هەر ئەم سروشتە سۆزدارییەیە وای لێدەکات ببێتە دایکێکی میهرەبان، هاوسەرێکی دڵسۆز و سەرچاوەی ئارامی بۆ خێزان. فەرموودەکە وەک کەتەلۆگێکی ڕێنماییە بۆ پیاوان و پێیان دەڵێت ئەگەر دەتەوێت پەیوەندییەکی سەرکەوتووت هەبێت، بەزۆر هەوڵی گۆڕینی سروشتی بنەڕەتی هاوسەرەکەت مەدە ، چونکە دەبێتە هۆی شكانی، بەڵکو بزانە چۆن لەگەڵ ئەم سروشتە جوانەدا بژیت و چێژی لێ ببینیت. ئەم وەسفە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیاو و ئافرەت تەواوکەری یەکترن، نەک کۆپی یەکتر. ئەو چەماوەییە سۆزدارییە، ژیان جوان و هاوسەنگ دەکات. ئەگەر ئافرەتیش هەمان سروشتی ڕەق و لۆژیکی پیاوی هەبێت، ئەوا شیرازە تێك دەچوو، سۆز و میهرەبانی کەم دەبوویەوە. ئا – مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە راوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی