لەگەڵ خاتوونەكاندا میهرەبانبن! ئافرەت ئەو هەناسە میهرەبانەیە کە ژیان بە ڕەنگ و بۆنی خۆی دەڕازێنێتەوە و ماڵ دەکاتە نیشتمانی ئارامی؛ پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە وەسێتێکی شیرین و ناسکدا، کلیلی بەختەوەری و ڕێزگرتنی ئەم ئەمانەتە پیرۆزەی بۆ جێهێشتووین و دەفەرموێت: .«اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ خَيْرًا » (پێشەوا بوخاری بەژمارە 3331 و موسلیم بەژمارە 1468 گێڕاویانەتەوە). واتە: وەسێت و ئامۆژگاریتان دەکەم کە لەگەڵ ئافرەتاندا هەمیشە چاک و میهرەبانبن. ئەم فەرموودەیە یەکێکە لە جوانترین و کاریگەرترین ڕاسپاردەکانی پێغەمبەر (ﷺ) کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مافی ئافرەتان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان هەیە. ئەو پەند و وانەو ئامۆژگارییانەی لە فەرموودەكەوە فێری دەبین: 1- ئافرەت؛ ئەمانەتێکی خودایی پێغەمبەر (ﷺ) بە وشەی «اسْتَوْصُوا» بابەتەکەی کردووە بە وەسێت. ئەمە پێمان دەڵێت کە ئافرەت (دایک، هاوسەر، خوشک، کچ) ئەمانەتێکی خودایە لەلای پیاو، نەک موڵک و زاڵبوون و خۆنواندن بەسەریدا. پاراستنی ئەم ئەمانەتەش بەشێکە لە ئیمان و كردەوەی چاكە. 2- پێوەری راستەقینەی پیاوەتی. ئەم فەرموودەیە تێگەیشتنی چەوت بۆ پیاوەتی ڕاست دەکاتەوە؛ پیاوەتی ئەوە نییە بە دەنگی بەرزو زبر بسەلمێنرێت، بەڵکو گەورەیی پیاو لەوەدایە کە چەندە نەرم و میهرەبانە بەرامبەر ناسکی ئافرەت. ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەرمان دەکات کە پیاو بەرامبەر دایک، خوشک، هاوسەر و کچی، دەبێت دڵسۆزو خەمخۆرو نەرموونیان و سینەفراوان بێت. هەروەها ئافرەت سروشتێکی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە پیاو بەهەند وەریبگرێت و چاوپۆشی لێبكات و بە نەرمی و لێبوردەیی ژیانیان لەگەڵ بەڕێ بکات. 3- باشی (خَيْرًا)؛ دەریایەکە لە مانا. وشەی خێرلە فەرموودەکەدا بە شێوەیەکی گشتی هاتووە تا هەموو لایەنە چاكەكان بگرێتەوە لە قسەیەکی خۆشەوە تا هاوکاری و یارمەتیدانیان لە کارەکان و تێگەیشتن لە پێداویستی و بارودۆخی دەروونییان. 4- پاراستنی مافەکان. ئەم فەرموودەیە وەڵامێکە بۆ هەر جۆرە توندوتیژی یان کەمکردنەوەیەک لە پێگەو شکۆ و كەسایەتی و مافەكانی ئافرەت. ئا – مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە راوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی _شیخ_احمد_کاکە_محمود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.