سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  میهرەبانی لە نێو خێزان؛ ئاوێنەی ئیمان و رەوشتی جوانە!
گۆڕینی فۆنت

میهرەبانی لە نێو خێزان؛ ئاوێنەی ئیمان و رەوشتی جوانە!

گەورەترین تاقیکردنەوەی بڕوادار لە ڕەوشتی جوان و میهرەبانیی ناو ماڵەکەیدا دەردەکەوێت. کاتێک مرۆڤ دەبێتە هەوێنی ئارامی بۆ خێزانەکەی، ئەوا نەک هەر ئیمانی خۆی کامڵ کردووە، بەڵکو کلیلی ژیانێکی بەختەوەر و پڕ لە ڕەزامەندیی خوداشی بەدەست هێناوە. خێزان تەنیا کۆمەڵە کەسێک نین کە لە ژێر یەک سەقفدا دەژین، بەڵکو ئەو مەیدانە پیرۆزەیە کە ئیمانی مرۆڤی تێدا دەپێورێت. کاتێک پیاو یان ئافرەت لە ناو خێزانەکەیدا نەرمونیان و لێبووردە دەبێت، لە ڕاستیدا بناغەی ئیمانەکەی پتەو دەکات. بۆیە هەر بڕوادارێک بیەوێت پلەی ئیمانی بەرز بێت، پێویستە لە دڵی ماڵەکەیەوە دەست پێ بکات. ڕەوشتی جوان بەرامبەر خێزان، نەک هەر ئەرکێکی ئایینییە، بەڵکو گەورەترین وەبەرهێنانە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خوای بەخشندەی میهرەبان. لەم روانگەوە پێغەمبەری خوا (ﷺ)  دەفەرموێت: 
(أكْملُ المؤمنينَ إيمانًا أحسنُهُم خلقًا، وخيارُكُم خيارُكُم لنسائِهِم). پێشەوا ترمزی بە ژمارە 1162 گێڕاویەتییەوە.  واتە: تەواوترین و کامڵترین بڕواداران لە ڕووی ئیمانەوە، ئەوانەن کە ڕەوشتیان لە هەمووان جوانتر و بەرزترە. (لێرەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیمان و ڕەوشتدا دروست کراوە؛ هەرچەندە ڕەوشتی مرۆڤ جوانتر بێت، نیشانەی ئەوەیە ئیمانەکەی لە دڵیدا جێگیرتر و کامڵترە).  باشترینتان ئەو کەسانەن کە بۆ هاوسەر و خێزانیان   باشترینن.
پێغەمبەر (ﷺ) پێوەری باشی مرۆڤی گەڕاندووەتەوە بۆ ناو ماڵەکەی. چونکە مرۆڤ لە دەرەوە و لەگەڵ خەڵکی بێگانە دەتوانێت بە ڕووکەش نواندن بکات، بەڵام ڕەوشتی ڕاستەقینەی لەناو ماڵ و لەگەڵ خێزانیدا دەردەکەوێت کە تێیدا ئازادە.
پەندو وانەكانی فەرموودەكە: 
ئەم فەرموودەیە دەستوورێکی تەواوی ژیانە کە پەیوەندی نێوان خودا پەرستی و مرۆڤ دۆستی ڕێکدەخات.

لێرەدا گرنگترین پەند و وانەکانی دەخەینە ڕوو:


1- ئیمان و ڕەوشت یەک پارچەن.
ئیمانی مرۆڤ تەنیا لە پەرستشەکاندا کورت نابێتەوە. پێغەمبەری خوا (ﷺ)  جوانکاری و کامڵبوونی ئیمانی بەستووەتەوە بە جوانی ڕەوشت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر تێکشکانێک لە ڕەوشتدا، کێشەیەکە لە خودی ئیمانی کەسەکەدا.
2- ماڵەوە؛ تاقیگەی ڕاستەقینەی ڕەوشت.
مرۆڤ لە دەرەوەی ماڵ، لەبەر بەرژەوەندی یان شەرمی خەڵک، زۆر جار خۆی بە پیاوچاک نیشان دەدات. بەڵام ڕەوشتی ڕاستەقینە لەناو ماڵدا دەردەکەوێت، چونکە مرۆڤ لەوێدا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە و دەسەڵاتی بەسەر خێزانەکەیدا هەیە. ئەگەر لەوێدا بتوانیت نەرم و بەڕێز بیت، ئەوە نیشانەی ڕاستگۆیی ڕەوشت جوانییە.
3- هاوسەرلەپێشترین کەس بۆ باشی و میهرەبانی
باشترین بوون لەوەوە دەست پێ دەکات کە چۆن لەگەڵ هاوسەرەکەتدا هەڵسووكەوت دەكەیت. زۆر جار مرۆڤ بۆ هاوڕێکانی و خەڵکی بێگانە زەردەخەنە و میهرەبانی زۆرە، بەڵام بۆ ماڵەوەی زبر و تووڕەیە. فەرموودەکە ئەم هاوکێشەیە ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: سەرەتا لە ماڵەكەتدا باشبە، ئینجا بۆ دەرەوە.
4- بەرزکردنەوەی پێگەی ئافرەت.
لە سەردەمێکدا کە ئافرەت وەک کاڵا یان پلە دوو سەیر دەکرا، ئەم فەرموودەیە هات و ڕایگەیاند کە پێوەری باشی پیاو بەندە بەوەی چەندە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا باشە. ئەمەش پارێزبەندییەکی گەورە دەدات بە ئافرەت لە ناو خێزاندا و ڕێگری دەکات لە توندوتیژی و مامەڵەی نەشیاو.
5- شکاندنی وێنە باوەکانی پیاوەتی.
پیاوەتی و گەورەیی لەوەدا نییە کە مرۆڤ لە ناو ماڵدا توند و چاوترسێنەر بێت. بەپێچەوانەوە، فەرموودەکە دەڵێت باشترین پیاو ئەو کەسەیە کە بۆ خێزانەکەی باشترین بێت. واتە نەرمی و میهرەبانی نیشانەی هێزی کەسایەتی و کامڵبوونی ئیمانە، نەک لاوازی.
6- پەروەردەی نموونەیی. 
کاتێک منداڵەکان دەبینن باوکیان بەوپەڕی ڕێز و ڕەوشتەوە مامەڵە لەگەڵ دایکیان دەکات، ئەوا ڕەوشت تەنها وەک تیۆری فێر نابن، بەڵکو بە کرداری دەیبینن. ئەم فەرموودەیە وانەیەکی پەروەردەیی گەورەیە بۆ ئەوەی نەوەیەک پێبگات کە ڕێز لە ئافرەت و پیرۆزی خێزان بگرێت.
7- پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە ناو ماڵدا.
زۆر جار مرۆڤ لە دەرەوە ڕێزی زۆری دەگیرێت، بەڵام لە ناو ماڵدا ڕەنگە سوکایەتی پێ بکرێت یان پشتگوێ بخرێت. ئەم فەرموودەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەرامەتی هاوسەر و خێزان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
8- چاوپۆشیکردن لە کەم و کوڕی.
یەکێک لە ڕەهەندەکانی باشی بریتییە لە چاوپۆشیکردن لە هەڵە بچووکەکان. ژیانی خێزانی بەبێ کەموکوڕی نابێت، بۆیە کامڵبوونی ئیمان لەوەدا دەردەکەوێت کە چۆن بە ڕەوشتێکی بەرزەوە لە هەڵەکانی هاوسەرەکەت دەبووریت و ژیانەکە تەڵخ وئاڵۆز ناکەیت.

ئا – مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە
راوێژكاری خێزانی پەروەردەی

_شیخ_احمد_کاکە_محمود
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 168
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram