بۆچی پاش ڕەمەزان شەشەڵان بگرین؟ سوودەکانی بەڕۆژوو بوونی شەش ڕۆژ لە مانگی شەووالدا پاش ڕەمەزان: 1. تەواوکردنی پاداشتی بەڕۆژوو بوونی هەموو ساڵێک: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: "هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت و پاشان شەش ڕۆژ لە مانگی شەووال بەدوایدا بگرێت، وەک ئەوە وایە کە هەموو ساڵەكە بەڕۆژوو بێت." 2. پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ڕۆژووی فەرز: مرۆڤ لە سروشتیدا هەڵەکارە و زۆرجار لە کاتی جێبەجێکردنی فەرزەکاندا کەموکوڕی ڕوودەدات، جا بەهۆی غافڵبوون بێت یان تاوانێک کە کاریگەری لەسەر ڕۆژووەکەی داناوە. ڕۆژووی شەشەڵان وەک سوننەتێک دێت کە ئەم کەموکوڕییانە پڕدەکاتەوە، هەروەک چۆن نوێژە سوننەتەکان کەموکوڕییەکانی نوێژە فەرزەکان پڕدەکەنەوە. ئەمە نیشانەی ڕەحمەتی خوای گەورەیە کە دەرفەتمان پێدەبەخشێت بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانمان. 3. سوپاسگوزاری خوا لەسەر تەواوکردنی نیعمەتی ڕۆژووی ڕەمەزان: مانگی ڕەمەزان مانگێکی پڕ خێر و بەرەکەت بوو، خوای گەورە یارمەتی داین بتوانین ئەم فەرزە گەورەیە بەجێبهێنین. گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان پاش ڕەمەزان، نیشانەی سوپاسگوزارییە بۆ خوای گەورە لەسەر ئەو نیعمەتە گەورەیە و سەرکەوتنمان لە بەجێهێنانی پایەیەکی ئیسلام. سوپاسگوزاریش هۆکاری زیادبوونی نیعمەتەکانە. 4. بەردەوامبوون لەسەر کردەوە چاکەکان پاش ڕەمەزان: یەکێک لە گەورەترین سوودەکانی ڕۆژووی شەشەڵان، بەردەوامبوونە لەسەر عیبادەت و نزیکبوونەوە لە خوا پاش کۆتایی هاتنی ڕەمەزان. گرتنی شەشەڵان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی گیانی عیبادەت و پەیوەستبوون بە خوا لە دڵماندا بەردەوام بێت و نەهێڵێت تەنها لە ڕەمەزاندا چالاک بین بەڵكو دوای ڕەمەزانیش هەر بەردەوام بین. موسڵمانانی ڕاستەقینە لە هەموو کات و ساتێکدا لەسەر تەقوا و گوێڕایەڵی خوای گەورە بەردەوامن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کردەوە چاکەکانی ڕەمەزانمان قبووڵ کراوە، چونکە نیشانەی قبووڵبوونی کردەوە چاکەکان ئەوەیە کە کردەوەی چاکەی دیکەی بەدوادا بێت. کەواتە، با هەوڵ بدەین ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەین و پاداشتێکی گەورە بۆ خۆمان تۆمار بکەین و دڵمان بە یادی خوا زیندوو ڕاگرین. نووسین و ئامادەكردنی: یوسف سەمین.