زنجیرەی خێزانسازی لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا ﷺ. ئامان نێوانی هاوسەرەكان تێك مەدەن! ئیسلام ئایینی دادپەروەری و بەزەیییە، بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی سەرەکی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەوەی خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە، ئیسلام پاراستنی ئارامیی ماڵەکان بە گرنگ دادەنێت. لێرەوە، تێکدانی پەیوەندیی نێوان هاوسەران بە تاوانێکی گەورە دادەنرێت، چونکە شیرازەی خێزان و سەقامگیریی کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات. هەر بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئاگادارمان دەكاتەوە و مەترسییەکانی ئەم گوناهەمان بۆ روون دەكاتەوە و دەفەرمووێت: (ليسَ منَّا من خبَّبَ امرأةً علَى زوجِها ...).( پێشەوا ئەلبانی لە (صحیح أبی داود) بە فەرموودەیەكی (صحیح) ی داناوە. واتە: لەسەر ڕێباز و سوننەتی ئێمە نییە ئەو کەسەی فێڵ لە ئافرەتێک بکات و پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی تێک بدات، یان هانی بدات لە مێردەکەی جیا ببێتەوە). پێغەمبەری سەروەرمان (ﷺ) ئاگاداری دەداتە ئەوانەی ئاژاوە دەخەنە نێوان خەڵکەوە و دەفەرموێت: (لە ئێمە نییە ئەوەی ئافرەتێک لە مێردەکەی تێک بدات)؛ واتە: ئەوەی کاری وەها بکات لەسەر ڕێباز و ڕەوشتی ئیسلام نییە. مانای تێکدانی ئافرەتێک لە مێردەکەی ئەوەیە: کە کەسێک بە فێڵ و تەڵەکە پەیوەندیی نێوان ژن و مێردێک تێک بدات؛ جا بە باسکردنی کەم وکورتییەکانی پیاوەکە بێت، یان بە بەراوردکردنی بە پیاوێکی تر، یان بە شیرینکردنی تەڵاق لە بەرچاویدا تاوەکو دواتر خۆی یان کەسێکی تر هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات. وانەو پەند و سوودەكانی فەرموودەكە: 1- پاراستنی خێزان بەهایەکی گەورەی ئیسلامە ئیسلام بەهێزی و توندوتۆڵیی کۆمەڵگە لە سەقامگیریی خێزانەوە دەبینێتەوە. تێکدانی شیرازەی خێزان کارێکی هێندە مەترسیدارە کە پێغەمبەر (ﷺ) بە بێبەریبوونی خۆی لە ئەنجامدەری ئەو کارە ڕاگەیاندووە. 2- گەورەیی گوناهی (تێکدانی پەیوەندی) ئەو کەسەی هەوڵی تێکدانی پەیوەندی نێوان ژن و مێردێک دەدات، گوناهێكی گەورە ئەنجام دەدات. ئەم کارە ڕێک خزمەتکردنە بە ئامانجەکانی شەیتان، چونکە لە فەرموودەی تردا هاتوو خۆشترین کار لای شەیتان لێکجیاکردنەوەی هاوسەرانە. 3- هۆشیاری لە بەراوردکاریی ناڕەوا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی خێزان ئەوەیە کە کەسێک باسی باشییەکانی پیاوێکی دیکە یان ژنێکی دیکە لای هاوسەرێک بکات؛ ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەراوردکاری و نائومێدبوون لە هاوسەری خۆی. 4- دوورکەوتنەوە لە خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری خەڵک ئەم فەرموودەیە فێرمان دەکات کە نابێت دەستبخەینە نێو کاروباری تایبەتی هاوسەرانەوە، مەگەر بۆ مەبەستی چاکسازی (إصلاح) و ڕێکخستنەوەیان بێت، نه ک زیادكردنی کێشەکانیان. 5- حەرامێتی تەڵاقدان بە مەبەستی دروستکردنی سوودی كەسی و تایبەتی ئەگەر کەسێک بە مەبەستی ئەوەی دواتر خۆی یان کەسێکی دیکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتەکەدا بکات، ئافرەتەکە هان بدات تەڵاق وەربگرێت؛ ئەوا تووشی تاوانێکی سێقۆڵی بووە: - فێڵ و هەڵخەڵەتاندن. - تێکدانی ماڵێک. - بەکارهێنانی فێڵی ناڕەوا بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆی. بەكورتی: ئیسلام دەیەوێت موسوڵمانان ببنە هۆی کۆکردنەوە و تەبایی خەڵک، نەەک ببنە هۆکاری ئاژاوە و هەڵوەشاندنەوەی ماڵەکان. ئامادەکردنی: یاسین ئەحمەد زەنگەنە راوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.