زنجیرەی خێزانسازی لە فەرموودەکاندا هاوسەرگیری؛ قەڵایەک بۆ داوێنپاکی و ئارامی دەروونی! هاوسەرگیری لە ئیسلامدا تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ پێکهێنانی خێزان، بەڵکو قەڵایەکی بەهێزە بۆ پاراستنی شکۆ و داوێنپاکی گەنجان لەنێو گەردەلوولی تاوان و لادان و ئارەزووەکاندا. هەر بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە دیدێکی قووڵ و پەروەردەیی، دەروازەی هاوسەرگیری بۆ خاوەن تواناکان دیاریكردووە و ئەو گەنجانەشی دەستکورتن، پێی فەرموون بەڕۆژووبن چونكە بە ڕۆژووگرتن ئارامیی دەروونییان بۆ دەگەڕێتەوە و لە داوی ئارەزووەکان ڕزگاریان دەبێت. هەروەك پێغەمبەری سەروەرمان (ﷺ) دەفەرموێت: (يا مَعْشَرَ الشَّبَابِ، مَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمُ البَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ، ومَن لَمْ يَسْتَطِعْ فَعليه بالصَّوْمِ؛ فإنَّه له وِجَاءٌ). پێشەوا بوخاری بەژمارە 5065 پیشەوا موسلیم بەژمارە 1400 گێڕاویانەتەوە. ماناو شرۆڤەی فەرموودەكە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) هانی گەنجانی داوە و فەرمانی پێ کردوون بە پەلەکردن لە هاوسەرگیری؛ کاتێک بانگی گەنجانی کرد لەبەر ئەوەی زۆربەی کات هێزی ئارەزوو لە گەنجاندایە و ئەوان جێگەی ئومێدی ئارەزوون بۆ لای ئافرەتان و زۆربەی کات لێی جیا نابنەوە، بە پێچەوانەی کەسانی بەتەمەن و فەرمووی: «هەرکەسێک لە ئێوە توانای (الباءة)ی هەبوو، با هاوسەرگیری بکات. (الباءة) ناوێکە لە ناوەکانی سەرجێیی، یان مەبەست لێی تێچووەکانی هاوسەرگیرییە؛ واتە: هەرکەسێک توانای هاوسەرگیری هەبوو و تێچوو و پێداویستییەکانی دەستکەوت، با هاوسەرگیری بکات؛ چونکە هیچ ڕەهبانییەتێک (دوورکەوتنەوە لە ژن و ژیان) لە ئیسلامدا نییە. لە گێڕانەوەیەكی تری پێشەوا بوخاری و موسلیمدا هاتووە: (فإنَّه أغَضُّ لِلْبَصَرِ، وأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ). چونکە ئەوە چاو زیاتر دەپارێزێت و داوێن پاکتر دەکات. پێغەمبەری خوا (ﷺ) هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هاوسەرگیری گەورەترین یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ چاوپۆشین لە حەرام و پارێزەرێکی بەهێزیشە بۆ داوێن. کاتێک پێغەمبەری خوا (ﷺ) زانی کە هەموو گەنجێک پێ ڕاناگات و توانای نییە هاوسەرگیری بكات، چارەسەری ئەوەی بۆ ئوممەتەکەی باس کرد و فەرمووی: هەرکەسێک نەیتوانی، با ڕۆژوو بگرێت؛ چونکە ئەوە بۆ ئەو پارێزەرە (وِجاء). واتە: هەرکەسێک تێچووی هاوسەرگیری نەبوو، با دەست بگرێت بە ڕۆژووەوە؛ چونکە ڕۆژوو ڕێگرە لە ئارەزووەکان و سستیان دەکات و شەڕەکەی دەبڕێت. هەرکەسێک ڕابهێنرێت لەسەر ڕۆژوو، ئارەزووی هێمن دەبێتەوە؛ چونکە ئارەزووی هاوسەرگیری شوێنکەوتەی ئارەزووی خواردنە؛ بە بەهێزبوونی ئەو بەهێز دەبێت و بە لاوازبوونی ئەویش لاواز دەبێت. لێرەدا گرنگترین پەند و وانە و سوودەکانى ئەم فەرموودە پیرۆزە بە کورتی دەخەینە ڕوو: 1- بایەخدانی ئیسلام بە گەنجان. ئاراستەکردنی وتارەکە بۆ گەنجان نیشانەی ئەوەیە کە ئیسلام گرنگییەکی تایبەت بەو قۆناغەی تەمەن دەدات، چونکە گەنجان بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەن و هێزی ئارەزوویان لە لوتکەدایە. 2- هاوسەرگیری؛ قەڵای پارێزگاری. هاوسەرگیری تەنها پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو باشترین هۆکارە بۆپاراستنی چاوو دوورکەوتنەوە لە سەیرکردنی حەرام و پاراستنی داوێن و نەکەوتنە ناو داوی زینا و کارە نادروستەکان. 3- ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی ئیسلام ئایینێکی واقیعییە؛ فەرمانی بە هاوسەرگیری کردووە بۆ ئەو کەسەی توانای دارایی و جەستەیی (الباءة) هەبێت، نەک ئەرکێکی قورس بخاتە سەر شانی کەسێک کە نەدارو دەستکورت بێت. .4- ڕۆژوو وەک چارەسەرێکی دەروونی و جەستەیی بۆ ئەو گەنجانەی توانای هاوسەرگیرییان نییە، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) ڕۆژووی وەک دەرمان دیاری کردووە؛ چونکە ڕۆژوو ئارەزووەکان کەمدەکاتەوە و مرۆڤ لە ڕووی ڕۆحییەوە بەهێز دەکات. .5- پەیوەندی نێوان خواردن و ئارەزوو فەرموودەکە ئاماژە بە ڕاستییەکی زانستی و پەروەردەیی دەکات: ئارەزووی سێکسی پەیوەستە بە تێربوونی جەستە لە خواردن و خواردنەوە، بۆیە کەمکردنەوەی یەکێکیان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەویتر هەیە. 6- دوورکەوتنەوە لە ڕەهبانییەت. ئیسلام ڕێگەی نەداوە مرۆڤ خۆی بێبەش بکات لە هاوسەرگیری بەناوی پەرستشەوە، بەڵکو هاوسەرگیری بە سوننەت و بەشێک لە تەواوکاری ئیمان دەبینێت. ئامادەکردنی– مافناس: یاسین ئەحمەد زەنگەنە راوێژكاری خێزانی و دەروونی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.