پیاوی ژیر لەگەڵ شووشەكان مشتومڕ ناکات! - مەخابن زۆرێك لەپیاوان دەیانەوێ لە میانەی ژیربێژی و لۆژیكەوە گفتوگۆ لەگەڵ خاتوونەكانیاندا بكەن بە پاساوو بەڵگەی یەكلاكەرەوە قایلیان بكەن بەڵام نازانن رێگاو رچەیەكی هەڵەیان هەڵبژاردووە. - پیاو دەبێت ئەو راستییە بزانێت ژنان بە شیاوی و پاراوی گوفتارەكانی قایل نابێت، بەڵکو بە گەرمی دڵت کاتێک بێدەنگ دەبیت رازی دەکەیت، بزانە ژن ئەگەر خۆشی ویستی، لێت دەبوربێت و گوێ نادات، ئەگەر دڵی شکا مات و بێدەنگ دەبێت، بەڵام هەرگیز لەبیری ناکات. - ژن بوونەوەرێکە لۆجیك تۆزقاڵێك نایجوڵێنێت، مشتومڕیش كۆڵی پێنادات، بەڵکو ئەو کاتە لەپەل و پۆ دەکەوێت کە کەسێك نابینێت گوێی بۆ بگرێت و لە ئازارەکەی تێبگات بێ ئەوەی ئەم قسە بکات. - ژن لە هێنانەوەی بەڵگە و پاساوەکانتدا بەدواتدا ناگەڕێت، بەڵکو لە چاوەکانتدا بەدواتدا دەگەڕێت کاتێک تووڕە دەبیت، لە دەست لێدانتدا کاتێک هاوار دەکەیت، ئەو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە لە ناختدایە، ئایا لەشتەکە تێدەگەیت و چاوپۆشی دەکەیت، یان بەردەوام دەبیت لە تێکدانی هەموو شتێک، ئەو تەنها دەیەوێت كەمەند كێشت بكات بۆخۆی، بەڵام ناتوانێت گوزارشت لەمە بکات. - ڕاستییدا بەڵگەکان ژن قایل ناکەن هەرچەندە قایلکەربن، بەڵام سنگ فراوانی ئۆقرەو ئارامی پێدەدات، سنگفراوانییەك بەرگەی هەڵچوونەکانی بگرێت و تەنگی پێ هەڵنەچنێت، هەروەها لەسەر هەر قسە و رەفتارێك كە لە کاتی لاوازی یان بێئومێدیدا نواندوویەتی لۆمەو سەرزەنشتی نەکات. - پیاو کاتێک قسە دەکات، لە قسەکانیدا بەدوای لۆجیكدا دەگەڕێت، بەڵام ژن کاتێک قسە دەکات بەدوای كەمەندكێشكردنتدا دەگەڕێت، کەواتە بزانە ئەگەر روو بەڕووی سۆزو عاتیفە ببیتەوە، ئەوا دڵێک دەدۆڕێنیت و لەدەستی دەدەیت، هەرچەندە لەرووی عەقڵیشەوە خۆت بەبراوە بزانیت. ژنان پێویستیان بەوە نییە کەسێک قایلیان بکات، بەڵکو پێویستیان بەكەسێكە لە بێدەنگییەکانیان تێبگات، ڕووخسارەکانیان بخوێنێتەوە، کاتێک زمانیان درۆ دەکات و دەڵێت بارودۆخم ئاسایییە. - ژنان تەنها بەدوای پیاوانی بەهێزدا ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای پیاوانی ژیردا، بۆ ئەوەی هەست بکەن پارێزراون، بەدوای پیاوێکدا دەگەڕێت کە لەتەنیشتییەوە بڕوات و دڵنیا بێت کە كەس ئازاری نادات هەرچی ڕووبدات، چونکە ئەوی لەگەڵدایە. - ئەگەر ژن وشەی (خۆشەویستەكەم) لە دڵێکی ڕاستگۆوە ببیستێت ئەوا تەمەنێک بەوە دەژێت، ئەگەر وشەیەکی خراپ لە زمانێکی زبرو تووڕەوە بیستبێت ڕەنگە زەمانەیەک بەوەوە خامۆش ومردوو ئاسا بێت. ئیبنی حەزمی ئەندەلوسیش وتوویەتی: هەموو ژنێکی ژیر لە بنەڕەتدا گێلە، گێلەکانیشیان لەتۆ ژیرترە کوڕەکەم - پیاوی ژیر ژن ناشكێنێت، بەڵکو لێی تێدەگات و دەزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكات. - ژیرترین ژن ڕەنگە لەبەردەم گوڵێکدا لاوازو دەستەوسان بێت، گێلترینیشیان ڕەنگە لێت تێبگات کاتێک هەموو کەس نەتوانن لێت تێبگەن. - پیاوی ژیر زۆر مشتومڕو بێنەو بەرە ناکات بەڵکو سەرنجی خاتوونەكەی رادەكێشێت و كەمەندكێشی دەكات، قسەی زۆریش ناکات، بەڵکو ڕەفتاری باش و جوان دەنوێنێت، ئایەت و فەرموودەو پەند و ئامۆژگاری ناهێنێتەوە بۆ ئەوەی بەڵگەی پیشان بدات، بەڵکو سڵاوو سۆزو عاتیفە بەسەر دڵیدا دەبارێنێت. - ژن لەوانەیە لە مشتومڕدا سەرکەوتوو نەبێت بەڵام سەردەکەوێت کاتێک دڵت كەمەند كێش دەکات و دڵت بۆی لێدەدات، سەرەڕای هەموو هەڵەکانی. ئا: یاسین ئەحمەد زەنگەنە. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.