حەز دەكەی ببی بەشاژن؟ خاتوونی بەڕێز بۆ ئەوەی لەژیانی خێزانیدا خۆشحاڵ و سەركەوتووبیت و خاتوونێكی نموونەیی جوان و پێشەنگ و سەرمەشق بیت و دایكێكی دڵسۆزو میهرەبان بیت، دەخوازێت ئەم خاڵانەی خوارەوە بەهەند وەرگریت و لەژیانی هاوسەریدا بەرجەستەی بكەیت. - ببە هاوژین، هاوڕێ و خۆشەویستی مێردەكەت، تەواوی ژیانی پڕ بکەوە. - ببە مایەی خۆشی و شادی بۆ دڵی، سەرنجڕاکێشی بۆ مێشکی، خۆشی بۆ گوێی، و گوێگرتن لە قسەکانی، ئەوکات دەبیتە هەموو ژنانی جیهان بۆی. - وابکە مێردەکەت بە تەواوی لە ناخ ودڵەوە خۆشتی بوێت، ئەگەر خۆشی ویستی ، تۆ وەک شاژنی جوانی جیهان دەبینێت، تەنانەت ئەگەر لەچاوی کەسانی تریشدا كەسێكی ئاسایی بیت. - شێوازی رێكپۆشیت نوێ بکەوە و هەمیشە شۆخ و شەنگبە، چونکە شێواز کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دەروون، شیکبوونی نوێ وا لە مێردەكەت دەکات لە تەماشاكردنت بێزارو ماندوو نەبێت. - بە خۆشەویستی و سەرسوڕمان گوێ لە مێردەکەت بگرە، تەنانەت ئەگەر وەک منداڵێکی بچووک شانازی بە خۆیەوە بکات. - ماڵەكەت بكە كانگای ئارامی بۆ مێردەکەت، ببە هاوڕێی تەنیایی، و ببە شەماڵی فێنك و باری سەرشانی سووک بکە و خەمەکانی سووك بكە. - هەرگیز سوپاسكردنی لەبیر مەكە، ئەم وشە سادەیە دڵی مێردەکەت رادەكێشێت و هەردووکتان خۆشحاڵ دەکات. - سەرەتا لە چاکەکانی مێردەکەت بڕوانە پێش هەڵە وکەموکوڕییەکانی، و یارمەتی بدە بە نەرمی وخۆشەویستی تا کەموکوڕییەکانی خۆی چاك بكات. - ئەگەر شتێکت لە مێردەکەت ویست، نەرمی و دڵسۆزی و زیرەکیت بەکاربهێنە، چونکە پیاو حەز دەکات مێینەیی هاوژینەکەی ببینێت. - ئەگەر لە مێردەکەت نیگەران و تووڕە بوویت، پەلە مەکە و زمانت بگرە، زۆر یادی خوای گەورە بکە، چونکە تووڕەبوون مێردەکەت دەگەزێت و برینێکی قووڵ لەناخیدا بەجێ دەهێڵێت. - گرنگی بەو خواردن و خواردنەوانە بدە كە مێردەکەت حەزی لێیەتی، چونکە ڕێگای گەیشتن بە دڵی پیاو بە گەدەیدا گوزەر دەكات، بۆیە دڵخۆشی بکە بەوەی حەزی لێیەتی. - هانی مێردەکەت بدە بۆ كاری خێرو چاکە، چاکەکردن لەگەڵ دایك و باوک و کەسوکاری. دڵخۆشبە بەوەی هاوسەری پیاوێکی باش و ڕەسەنیت. - ببە کۆتری ئاشتی لە ماڵەکەتدا، خەڵکی لاناشیرین مەکە، هانی مەدە دوورکەوێتەوە لە هاوڕێ و کەسوکاری، چونکە تەنیایی دڵی ڕەق دەکات. - غیرەی زۆر کلیلی تەڵاقە، و غیرەكردن لە شوێنی نەگونجاودا پەیوەندی خێزانی ژەهراوی دەکات و دەرەنجام وا دەكات ئەو پیاوە خۆی لەو ژنە رزگار بكات و بەدوای کەسانی تردا بگەڕێت. - پیاو لەوانەیە نەزانێت چۆن رێكپۆش بێت یان چۆن قسەی جوان و شیرین بکات، تۆ خۆت ببە بە گوڵ لە ژیانید، کاتەکانی پشووی بخەرەوە یاد، و بۆی ررونكەرەوە کە لە ژیاندا شتی جوانتر لە کارو شیرینتر لە پارە و ماڵ و سامان هەیە. - ببە مێینەیەک بە هەموو واتاکەیەوە، با شەرم و حەیا گۆنات سووربكات، هەندێک جار وا تەماشای مێردەکەت بكە وەک ئەوەی دیداری یەكەمتانە، بۆ ئەوەی حەزو تامەزرۆیی و شەیدایی لەنێوانتان گڕبگرێت. ئا: یاسین ئەحمەد زەنگەنە ڕاوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.