سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بۆچی تەڵاق خەریكە دەبێتە دیاردە !
گۆڕینی فۆنت

بۆچی تەڵاق خەریكە دەبێتە دیاردە !

زۆربەی ئەو ژنانەی ئەمڕۆجیابوونەتەوە لەمێردەكانیان تەمەنیان لە سی ساڵ تێناپەڕێت، واتە لە سەرەتای پێگەیشتنی سۆزداری و مرۆڤانەیاندان.
ئایا چی روویداوە؟ بۆچی تەڵاق خێراتر بووەتەوە تا گەشتۆتە ماوەی دەزگیرانێتی؟ 

هۆكارەكان زۆرن لێرەدا ئاماژە بەگرنگترینیان دەدەین:
یەکەم: کلتووری ئارام نەگرتن.
نەوەی ئەمڕۆ لە سەرخێرایی و ئاسانکاری پەروەردە بووە، خواردنی خێرا، ئینتەرنێتی خێرا، هەستی خێرا، تەنانەت چارەسەری کێشەكان بەخێرا وەك:  دەستنان بەدوگمەیەکدا. بەڵام هاوسەرگیری  (ئەپڵیکەیشنێك)  نییە لە یەکەم هەڵەو كێشەدا بتوانیت بیسڕیتەوە.
ژیانی هاوسەرگیری پێویستی بە ئارامگرتن و تێگەیشتن و نەرمكێشی و هەیە نابێت هەرخۆویست بیت و من گەرایی بكەیت، و بچیتە ناو ئەزمۆنێك و دواتر لە یەکەم  كێشەدا بێیتە دەرەوە.

دووەم: نەبوونی هوشیاری پێش هاوسەرگیری.
زۆربەی گەنجان و کچان بە بێ ئاگایی و شارەزایی دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە 
کچی واهەیە وا دەزانێ هاوسەرگیری فیلمێکی ڕۆمانسی بەردەوامە، کوڕەش وادەزانێت هاوسەرگیری خۆشی وئاسوودەیی و دەسەڵاتی رەهایە.
بەڵام لەڕاستیدا هاوسەرگیری ئەرك و بەرپرسیارێتییە، فشاری داراییە، پێویستی بە كاری هاوبەش و لێكگەیشتنە، نە تەنیا شەوق و خۆشحاڵی و هەست و سۆز.

سێیەم: دەستوەردانی خێزان و هاوڕێکان.
جاران خێزانەکان یارمەتیدەر بون بۆ چارەسەری کێشەكان، ئێستا زۆرجاردەبنە مایەی كێشە وگەورەکردنیان. دایک بە کچەکەی دەڵێت: خۆت زەلیل مەكە، هاوڕێكەی پێی دەڵێت: مەهێڵە بەسەرتا زاڵ بن. کێشەی بچووک دەبێتە توندوتیژی و شەڕی شكۆو كەسایەتی  وبەتەواوی بەرەو جیابوونەوە دەچێت.

چوارەم: بەراوردکردنی ژەهراوی
خراپ بەكارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماڵەكانی وێران كردووە، کچە ژیانی جوان و ئاڵوگۆڕی کەسانی دیکە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینێت و دەڵێت:
بۆچی مێردەکەم ئەوەم بۆ ناكات؟
کوڕەکەش کچی نازناز و مۆدیل دەبینێت و دەست بە بەراوردکردن دەکات لەگەڵ ژنە ماندووەكەی بەدەست ماڵ و منداڵەوە، بۆچی ژنەكەم وانییەو ئەوەی نییە؟
ئەم بەراوردکردنە ڕازی بوون دەكوژێت، و جیابوونەوەی دەروونی و ناخ دەست پێدەکات پێش جیابوونەوەی یاسایی.

پێنجەم: نەبوونی پەیوەندی ڕاستەقینە.
ژن و مێرد  لە یەک ماڵدان، بەڵام  لە نێوانیاندا دیواری بێدەنگی هەیە، نە گفتوگۆیەک، نە گوێگرتن، نە دەربڕێنی هەست و سۆز. تەنها کاتێک قسە دەکەن کە کێشەیەک هەیە، قسەكانیشیان دەبێتە فیشەك، لەجیاتی درووستكردنی پردی متمانە. 

شەشەم: نەبوونی پێشەنگ.
ئێمە گەورەبووین و بینینیمان دایبابان سەرەڕای هەموو کێشە و ناڕەحەتی و هەورازو نشێوییەك، بەردەوام بوون لە ژیانی هاوسەرگیری، چونکە زانیویانە هاوسەرگیری تەنها خۆشی و حەزو ئارەزوو نییە، بەڵکو بەپلەی یەكەم بەرپرسیارێتییە.
بەڵام گەنجانی ئەمڕۆدەڵێن: بۆچی بەرگە بگرم؟ تەڵاقی دەدەم، سەرلە نوێ دەست پێدەکەمەوە.

ئەنجامی خەمبار:
منداڵانێك دڵنیایی و سەقامگیرییان شێواوە، کچانێك تەندرووستی دەروونییان لەدەستداوە، گەنجانێك متمانەیان بە هاوسەرگیری تێکشکاوە.
ئێمە تەڵاقمان گەڕاندەوە بۆ ئازادی، لەکاتێکدا هەندێک جار ئەوە تەنیا هەڵاتنە لە بەرپرسیارێتییەک کە لە سەرەتاوە لێی تێنەگەیشتوون.
هاوسەرگیری تەنها گرێبەستێك نییە لە نێوان دوو جەستە، بەڵکو پەیمانێکە لە نێوان دوو گیاندا. پێویستی بە هۆشیاری، ئارامگرتن، و باوەڕی پتەو هەیە، بەوەی کە كێشەو ناکۆکی مانای كۆتایی نییە بەڵكو سەرەتای تێگەیشتنێكی قوڵە.
با دووبارە بڕوانینە چەمكی هاوسەرگیری  پێش ئەوەی بچینە ناو پرۆسەكەوە، ئاگادار بین کە تەڵاق هەمیشە چارەسەر نییە، رەنگە برینێك بێت كەسارێژ نەبێتەوە، كاتێك ئاساییە كەچارەسەری تر لەئارادا نەبێت. 

ئا: یاسین ئەحمەد زەنگەنە
ڕاوێژکاری خێزانی

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
 

 215
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

  • Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram