ئامێزی کەسوکار.. سێبەری کەرەمی خوایە.!! کەسوکار، لە گەورەترین نیعمەتەکانی خوای گەورەن بۆ مرۆڤ. ئەوان سێبەری ئارامی و دڵگەرمیین؛ لە تەنگانە و سەختییەکانی ژیاندا پەنایان بۆ دەبەین و لە ژێر سۆزیان هێمنی و ئاسوودەیی دەدۆزینەوە. دیدەنی و کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر، تەنها نەریتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی کەرەم و میهرەبانیی خوایە؛ ئەو خوایەی کە دڵەکان بە پەیوەندیی خوێن و خۆشەویستی پێکەوە بەستووەتەوە. لەم سەردەمە سارد و دیجیتاڵییەدا، گەڕانەوە بۆ ئامێزی گەرمی خێزان و باوان، لە باشترین دەوا بۆ ڕۆح و هێمنکەرەوەی دڵەکانە. کۆبوونەوە و دیدەنی کەسوکار، هەروا بەهێزکردنی پەیوەندی خزمایەتییە. جێبەجێکردنی فەرمانێکی گرنگی خوایی و ئەرکێکی گەورەی ئەخلاقییە، کە هۆکاری بەرەکەتە لە ڕۆزی و ژیاندا. «وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ» النساء: ١ «مَنْ أَحَبَّ أَنْ يُبْسَطَ لَهُ فِي رِزْقِهِ، وَيُنْسَأَ لَهُ فِي أَثَرِهِ، فَلْيَصِلْ رَحِمَهُ.» البخاري: ٥٩٨٦ هەروەها، ئەو کۆبوونەوانە زەرورین بۆ پاراستنی شوناس و ڕەسەنایەتیی منداڵان و گەنجان؛ چوونکە لە ڕێگەی گوێگرتن لە بەسەرهات و ئەزموونی گەورەکان، بەها و ڕەوشتە جوانەکان دەگوازنەوە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە. جگە لەوەش، دانیشتن لەگەڵ کەسانی نزیک، هەستی تەنیایی و گۆشەگیری کەم دەکاتەوە، پەژارە سووک دەکات و ئارامی و شادمانی دەبەخشێتە دڵان. لەوەش گرنگتر، کۆبوونەوە و دیدەنی کەسوکار، دەرفەتی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و گوزەرانی یەکتر و پێشکەشکردنی یارمەتیی دەروونی، کۆمەڵایەتی و دارایی دەڕەخسێنێت؛ ئەوەش هەستی هاوبەشی و دڵسۆزی و هاوکاری لەناو خزماندا بەهێز دەکات. دەرئەنجام ; خێزان و کەسوکار، قولە و قەڵای سەرەکیی کۆمەڵگەن، کۆبوونەوەیان زنجیرەیەکی پۆڵاینە کە دڵەکان بە یەکتر دەبەستێت و، خێزان و باوان و کۆمەڵگە لە لێکهەڵوەشان دەپارێزێت. ئەو دەمەی بۆ سەردانی کەسوکار تەرخان دەکەین، تەنها کات بەسەر نابەین، بەڵکوو وەبەرهێنانێکی مەزن دەکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر، کە بریتییە لە منداڵانی ژیر و جوامێر و بە ئەمەک و، ژیانێکی پڕ لە دڵاوایی و هاوکاری و میهرەبانی. لە کۆتاییدا، گرنگە هەمیشە سوپاسی ئەم نیعمەتە گەورەیەی خوای بەخشندە بکەین، سیلەی ڕەحم بپارێزین و ئامێزی کەسوکار بە سێبەری کەرەمی خوایی بزانین؛ چوونکە ئەو خێزانەی بە جەموجۆریی و تەبایی و خۆشەویستی دەژین، هەم لە سووکنایی دڵ و، هەم لە کەرەم و بەرەکەتی خوایی بەهرەمەند دەبێت. نووسینی: م.عثمان حمەکریم زەڵمی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله