دانراوه له‌لایه‌ن: خدرنه‌ژاد کوردستانی چه‌سپینی مانگی ڕه‌مه‌زان و جه‌ژن پێشه‌كی الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على رسوله محمد الأمين وعلى آله وأصحابه أجمعين. به پشتیوانیی خودای گه‌وره، له‌م كورته‌باسه‌دا به پوختی باس له چه‌سپینی مانگی ڕه‌مه‌زان و جێژنی ڕه‌مه‌زان و مانگی شه‌ووال ده‌خه‌ینه به‌رچاوی ئێوه‌ی به‌ڕێز، ئه‌ویش له ڕۆشنایی قورئانی پیرۆز و سوننه‌تی به‌پێز، به لێكدانه‌وه‌ی پێشه‌وایان و زانایانی پاكپه‌رێز، به‌بێ ده‌مارگیری بۆ ڕای هیچ كامێكیان جگه له بۆچوونی به‌ڵگه‌دار و به‌هێز. ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان چۆن و كه‌ی واجب ده‌بێت؟ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان به چه‌سپین (ثبوت) ی واجب ده‌بێت، چه‌سپینیشی به بینینی مانگ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مانگ نه‌بینرا؛ ئه‌وه دوای ته‌واو كردنی سی ڕۆژه‌ی مانگی شه‌عبان ده‌گیرێت. له ئه‌بوهوره‌یره‌وه (رضي الله عنه) كه پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (صوموا لرؤيته وأفطروا لرؤيته فإن غبي عليكم فأكملوا عدة شعبان ثلاثين)(١)، واته: (به بینینی مانگ ڕۆژوو بگرن و به بینینشی بیكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر لێتان ون بوو، ئه‌وكات سی ڕۆژه‌ی شه‌عبان ته‌واو بكه‌ن). به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئایا بینینی مه‌رجه له لایه‌ن چه‌ند كه‌سه‌وه بێت؟ ئه‌مه‌یان چه‌ند ڕایه‌كی له‌سه‌ره له نێوان زانایاندا: یه‌كه‌م: ده‌ڵێن: مه‌رجه له لایه‌ن دوو كه‌سی موسوڵمانی سه‌رڕاسته‌وه بێت و به دیتنی یه‌ك كه‌س ناچه‌سپێت. ئه‌مه ڕای ئیمامی عوسمانی كوڕی عه‌ففان(رضي الله عنه) و مالیك و له‌یسی كوڕی سه‌عد و ئه‌وزاعی و سه‌وری و ئیسحاقه و ڕیوایه‌تێكیشه له مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی. دووه‌م: ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئاسمان ڕوون بێت؛ ئه‌وه به دیتنی یه‌ك كه‌س ناچه‌سپێت، به‌ڵكوو ده‌بێت خه‌ڵكێكی زۆر بیبینن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسمان ڕوون نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ور بێت یان ته‌مومژ بێت؛ ئه‌وه ته‌نها یه‌ك كه‌س به‌سه. ئه‌مه‌ش مه‌زهه‌بی هه‌ڵبژێراوی حه‌نه‌فییه‌كانه. سێیه‌م: ده‌ڵێن: ته‌نها به دیتنی یه‌ك كه‌سی موسوڵمانی سه‌رڕاست ده‌چه‌سپێت. ئه‌مه‌ش ڕای زۆربه‌ی زانایانه وه‌ك: ئیمامی عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب و عه‌بدوڵڵای كوڕی (رضي الله عنهما) و هه‌روه‌ها مه‌زهه‌بی ئیمامی ئه‌حمه‌د و ئیبنولموباره‌ك و زاهیرییه‌كانه و ڕیوایه‌تێكی دیكه‌شه له مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی و ئه‌بوحه‌نیفه(٢). به‌ڵگه‌كان: خاوه‌نانی ڕای یه‌كه‌م؛ به‌ڵگه‌یان بریتییه له فه‌رمووده‌كه‌ی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی زه‌یدی كوڕی خه‌تتاب (رضي الله عنهما)، كه له‌و ڕۆژه‌دا كه گومانی تێده‌كه‌وێت؛ وتارێكی بۆ خه‌ڵكی دا و گوتی: من له كۆڕی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دا بووم و پرسیارم لێكردوون، پێیان گوتوم كه پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (صوموا لرؤيته، وأفطروا لرؤيته، وأنسكوا لها، فإن غم عليكم فأكملوا ثلاثين يوماً فإن شهد شاهدان مسلمان فصوموا وأفطروا)(٣)، واته: ( به‌دیتنی مانگ ڕۆژوو بگرن و به دیتنیشی بیكه‌نه‌وه، وه په‌رستشی پێبكه‌ن، ئه‌گه‌ر لێتان ون بوو؛ ئه‌وه سی ڕۆژ ته‌واو بكه‌ن، ئه‌گه‌ر دوو شاهێدی موسوڵمان شاهێدییان دا؛ ئه‌وه ڕۆژوو بگرن و بیكه‌نه‌وه). خاوه‌نانی ڕای دووه‌م؛ به‌ڵگه‌ی شه‌رعییان پێ نییه، به‌ڵكوو ته‌نها لێكدانه‌وه‌یه و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئاسمان ڕوون بێت ئه‌وه ده‌بێت زیاتر له یه‌ك كه‌س مانگ ببینێت، چونكه هیچ شتێك نییه به‌رگری له دیتنی بكات، واته ئه‌گه‌ر مانگ هه‌بێت و ئاسمان ڕوون بێت؛ ئه‌وه خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌توانن بیبینن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسمان هه‌ور بێت یان ته‌ماوی بێت؛ ئه‌وه ڕێی تێده‌چێت كه تۆزێك ده‌ركه‌وێت تا كه‌سێك بیبینێت و پاشان ون ببێته‌وه. خاوه‌نانی ڕای سێیه‌میش كه ده‌ڵێن: بۆ چه‌سپینی مانگی ڕه‌مه‌زان، دیتنی ته‌نها یه‌ك كه‌سی موسوڵمانی سه‌رڕاست به‌سه؛ به‌ڵگه‌یان بریتییه له‌م فه‌رمووده‌یه كه عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر (رضي الله عنهما) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: (تراءى الناس الهلال فأخبرت النبي صلى الله عليه وسلم أني رأيته فصام وأمر الناس بصيامه)(٤)، واته: (خه‌ڵكی چاویان ده‌گێڕا بۆ دیتنی مانگ؛ من هه‌واڵم دا به پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) كه دیتوومه، ئیدی ڕۆژووی گرت و فه‌رمانی دا به خه‌ڵكیش كه ڕۆژوو بگرن). ڕای هه‌ڵبژیراو: پاش تێڕوانینی ڕای هه‌موو لایه‌نه‌كان و سه‌یركردنی به‌ڵگه‌كان، ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه؛ كه ڕای دووه‌م به‌ڵگه‌ی شه‌رعیی له‌سه‌ر نییه و ڕایه‌كی لاوازه، ده‌مێنێته‌وه ڕای یه‌كه‌م و سێیه‌م، ئه‌و دوو ڕایه‌ش هه‌ر یه‌كه‌و به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌یان له‌سه‌ره، فه‌رمووده‌كه‌ی عه‌بدووڕه‌حمانی كوڕی زه‌ید(رضي الله عنهما)؛ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر دوو كه‌س دیتیان ئه‌وه ڕه‌مه‌زانی پێده‌چه‌سپێت و ڕه‌مه‌زانیشی پێ ته‌واو ده‌بێت، واته ڕه‌مه‌زانیش و شه‌ووالیش هه‌ر یه‌كه‌و به دیتنی دووكه‌س – نه‌ك كه‌متر - ده‌چه‌سپێن، به‌ڵام به فه‌رمووده‌كه‌ی ئیبن عومه‌ر (رضي الله عنهما) ڕه‌مه‌زان له‌م حوكمه ده‌چێته ده‌رێ و ته‌نها به دیتنی یه‌ك كه‌سی موسوڵمانی سه‌رڕاست ده‌چه‌سپێت، به‌مه‌ش ڕوون بووه‌وه كه ڕای سێیه‌م ڕاستترینه. والله تعالى أعلم. چه‌سپینی مانگی شه‌ووال و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان: ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه باسمانكرد؛ پرسی چه‌سپینی مانگی ڕه‌مه‌زان بوو، كه گوتمان سێ ڕای جیاوازی تێدایه و ڕای سێیه‌میمان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام له‌مه‌ڕ چه‌سپینی مانگی شه‌ووال و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان؛ ئه‌وه زۆربه‌ی زانایان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به دیتنی دوو كه‌س ده‌چه‌سپێت و یه‌ك كه‌س به‌س نییه، جگه له ژماره‌یه‌كی كه‌م له زانایان كه ده‌ڵێن ئه‌میش هه‌روه‌ك چه‌سپینی ڕه‌مه‌زان ته‌نها دیتنی یه‌ك كه‌س به‌سه، له‌و زانایانه كه ئاوها ده‌ڵێن: ئه‌بوسه‌ور و ئیبن حه‌زم و شه‌وكانی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌ینێت كه ئیجماعێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام، ئه‌و ڕایه‌ی ئه‌بوسه‌ور و ئه‌وان؛ ڕایه‌كی لاوازه، چونكه فه‌رمووده‌كه‌ی عه‌بدووڕه‌حمانی كوڕی زه‌ید (رضي الله عنهما) ئه‌وه ده‌خوازێت كه بۆ چه‌سپینی ڕه‌مه‌زانیش و شه‌ووالیش دیتنی دوو كه‌س نه‌بێت نابێت، به‌ڵام چه‌سپینی ڕه‌مه‌زان به فه‌رمووده‌كه‌ی ئیبن عومه‌ر (رضي الله عنهما) جیا ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه به دیتنی یه‌ك كه‌س ده‌چه‌سپێت، ئیدی شه‌ووال ده‌مێنێته‌وه و به دیتنی دوو كه‌س نه‌بێت ناچه‌سپێت. والله تعالى أعلم. پوخته‌ی باسه‌كه: پوخته‌ی باسه‌كه ئه‌وه‌یه كه ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان به دیتنی مانگ له لایه‌ن كه‌سێكی موسوڵمانی سه‌رڕاسته‌وه فه‌رز ده‌بێت، ئه‌گه‌ریش مانگ نه‌بینرا ئه‌وه دوای ته‌واوكردنی سی ڕۆژه‌ی مانگی شه‌عبان فه‌رز ده‌بێت، ئه‌وه مانگی ڕه‌مه‌زان، به‌ڵام بۆ چه‌سپینی جه‌ژن و مانگی شه‌ووال به دیتنی دوو كه‌س نه‌بێت نابێت، واته ته‌نها یه‌ك كه‌س به‌س نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌میش نه‌بینرا له لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه یان زیاتر، ئه‌وه دیاره ده‌بێت سی ڕۆژه‌ی ڕه‌مه‌زان ته‌واو بكرێت ئینجا جێژن بكرێت. والله تعالى أعلم. وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين. مانگی شه‌عبانی ساڵی ١٤٣� ی كۆچی ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ په‌رواێز ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ (١) گێڕانه‌وه‌ی بوخاری: (١٩� ٩) و موسلیم: (١� ٨١)، له‌فزه‌كه هی بوخارییه. (٢) بڕوانه: (مسائل في الفقه المقارن: بحث: الأحكام المتعلقة برؤية هلال رمضان) للدكتور عمر سليمان الأشقر: (١٤٤، ١٤٥)، هه‌روه‌ها: (صحيح فقه السنة): (٢/٩١). (٣) گێڕانه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د، وه نه‌سائی به بێ (مسلمان)، وه شێخ ئه‌لبانی به سه‌حیحی داناوه، بڕوانه(إرواء الغليل في تخريج أحاديث منار السبيل): ف ژ: (٩� ٩). (٤) گێڕانه‌وه‌ی ئه‌بو داود و داریمی و ئیبن حیببان و داره‌قوتنی و به‌یهه‌قی، وه شێخ ئه‌لبانی به سه‌حیحی داناوه، بڕوانه(إرواء الغليل في تخريج أحاديث منار السبيل): ف ژ: (٩� ٨).