سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حاڵه‌ته‌کانی میمی زه‌ننه‌دار (أحكام الميم السَّاكنة).
گۆڕینی فۆنت

حاڵه‌ته‌کانی میمی زه‌ننه‌دار (أحكام الميم السَّاكنة).

 کوڕی خاك

پیتی میمی زه‌ننه‌دار(مْ) به‌پێی هاتنی پیته‌کانی زمانی عه‌ره‌بی له‌ پاشییه‌وه‌ سێ حاڵه‌تی ده‌بێت: 
1. تێکهه‌ڵکێشکردن(الإدغَام). 
ئه‌وه‌یه‌ کاتێک له‌دوای (م)ی زه‌ننه‌داره‌وه‌ میمێکی جوڵاو بێت، ئه‌و کاته‌ میمی یه‌که‌م له‌ دووه‌م تێکهه‌ڵکێش ده‌کرێت و ده‌بنه‌ میمێکی شه‌دده‌دارو به‌مینگه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌، ئاستی مینگه‌که‌ش له‌ پله‌ی یه‌که‌مه‌ واته‌ ته‌واوترین (الأكْمَل). وه‌ک: وَهُم مِّن ، وَكَمْ مِّن ، أمْ مَّن. 
* بۆچی ئه‌م تێکهه‌ڵکێش کردنه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو پیته‌که‌ له‌یه‌ک ده‌چن. 

2. شاردنه‌وه‌ی لێویی(الإخفاء الشَّفوي). 
ئه‌وه‌یه‌ له‌ دوای میمی زه‌ننه‌داره‌وه‌ ته‌نها پیتی(ب) بێت و ئه‌و کاته‌ میمه‌که‌ ده‌شاردرێته‌وه‌و مینگه‌شی ده‌بێت، مینگه‌که‌ش له‌ ئاستی ته‌واو(الكامِل) ده‌بێت. 
*بۆچی پێی ده‌وترێت شاردنه‌وه‌ی لێوی؟ 
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ لێوه‌کاندا ده‌بێت. 
نموونه‌:وَمَا صَاحِبُكُم بِمَجْنُونٍ ، وَمَن يَعْتَصِم بِاللهِ. 
* تێبینی : هه‌ندێ له‌ خوێنه‌ره‌کانی ئه‌مرۆ(المعاصرين) باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ گوایه‌ پێویسته‌ له‌حاڵه‌تی شاردنه‌وه‌ی میمی زه‌ننه‌دار کرانه‌وه‌یه‌کی که‌م هه‌بێت له‌ نێوانی دوو لێوه‌کان به‌جۆرێک که‌ کاغه‌زێک هاتوچۆ بکات له‌ نێوانیان و هه‌ندێکیان له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڵێن که‌ ده‌بێت ددانه‌کانی خوێنه‌ر ببینرێت! یاخود هه‌ندێکیان ده‌ڵین ده‌بێت ئه‌و ده‌روه‌(الفُرْجَة)یه‌ به‌ قه‌ده‌ر سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێک یان سه‌ره‌ ده‌رزییه‌ک مه‌ودای بێت! به‌ڵام ڕاستی بڵێین که‌ ئه‌مانه‌ هیچی له‌ کتێبه‌ باوه‌ڕ پێکراوه‌کاندا باسیان له‌سه‌ر نه‌کراوه‌! 
* ئه‌وه‌ی که‌ ڕاست و دروسته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زانایانی پێشینانمان له‌ سه‌ری کۆبوون ئه‌ویش ده‌فه‌رموون ده‌بێت لێوه‌کان له‌سه‌ر یه‌کتری جووت بن به‌بێ بوونی هیچ ده‌روه‌یه‌ک له‌ نێوانیان. 
شێخ ئه‌حمه‌د عه‌بدولعه‌زیزی زه‌یات ده‌فه‌رمێت له‌م باره‌یه‌وه‌ کاتێک پرسیاری لێ ده‌کرێت:"ئێمه‌ له‌ شێخه‌كانی خۆمانه‌وه‌ وامان وه‌رنه‌گرتووه ‌و هه‌روه‌ها له‌ هیچ كام له‌ شێخه‌ باوه‌ر پێكراوه‌كانی ئه‌زهه‌ریش لێیان نه‌بیستراوه‌ به‌و قه‌وله‌ (واته‌: هه‌بوونی ده‌روه‌(الفُرْجَة) له‌ نێوانی دوو لێوه‌كان)، وه‌ نایناسم كه‌سێكیش به‌م ڕایه‌ی وتبێت مه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ خوێنه‌ره‌ نوێیه‌كان(المعاصِرين) كه‌ له‌ماوه‌ی بیست و چه‌ند ساڵێك په‌یدا بوون! وه‌ ئێمه‌ش له‌لای شێخه‌كانی خۆمان نه‌مانخوێندووه‌ مه‌گه‌ر به‌ جووتبوونی لێوه‌كان نه‌بێت، به‌ڵام هیچی تێدا نی یه‌ ئه‌گه‌ر جووتبوونه‌كه‌ به‌بێ په‌ستان بێت..". 
* هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌یه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و میمه‌ شارراوه‌یه‌ به‌ سکی لێوی خوارێ و سه‌ری دوو ددانه‌کانی بڕڕه‌ی سه‌رێ ده‌ری ببڕی چونکه‌ که‌مێک ده‌نگی(ڤ)ی تێکه‌ڵ ده‌بێت، یان لێوه‌کان خڕ (ضَم الشَفَتين)بکرێنه‌وه‌! 
* زمان هیچ ڕۆڵێکی نیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا، واته‌ نابێت هیچ نووساوییه‌کی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ددانه‌کان یان لێوه‌کان، به‌ڵکو به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه‌. 

3. ئاشکراکردنی لێویی(الإظهار الشَفَوي). 
ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌دوای میمی زه‌ننه‌داره‌وه‌ هه‌موو پیته‌کانی تر بێن جگه‌ له‌ دوو پیتی (م) و(ب)، له‌م حاڵه‌ته‌دا میم ئاشکرا ده‌کرێت و به‌بێ زیاده‌یه‌ک له‌ مینگه‌ ده‌رده‌بڕت{ئه‌و مینگه‌یه‌ که‌ له‌ سروشتی خۆیه‌تی که‌ به‌ ئاستی کورت(الناقص)}ه‌. 
نموونه‌:تُمْسون ، تَمْكُرُون ، عَلَى صَلاتِهِمْ يُحَافِظُون ، أَلَمْ يَرَوْا. 

* به‌ڵام ده‌بێت له‌کاتی به‌یه‌کگه‌یشتنی میمی زه‌ننه‌دارو پیتی(ف) یان (و) زۆر وریا بین له‌ ده‌ربڕینی مینگه‌ی زیاده‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رچه‌ی(ف) زۆر نزیکه‌ له‌(م)ه‌وه ‌و پیتی(و)یش هاوده‌رچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ میم. 
نموونه‌:وَهُمْ فِيهَا ، الذِينَ هُمْ فِي ، هُمْ وَأزْوَاجُهُم ، أنْتُمْ وَآبَاءُكُم. 
* بۆچی پێی ده‌وترێت ئاشکراکردنی لێویی؟ 
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ لێوه‌کاندا ده‌بێت. 


 2592

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram