سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ژن لەنێوان مرۆڤێتیی و بەندایەتییدا
گۆڕینی فۆنت

شاخەوانی مام دەروێش
بسم اللە الحمداللە الصلاە والسلام علی رسول اللە وعلی آلە وصحبە ومن والاە، أما بعد: 

لای هەمووان ئاشکرایە کە ئەسڵ لە مرۆڤایەتیدا بە نێر و مێیەوە بەندایەتییە بۆ خوای تەبارەك و تەعالا، وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (وماخلقت الجن والإنس الی لیعبدون). بۆیە ژنیش وەك مرۆڤ بەندەی خوایە، کەوا بوو ژن نابێتە بەندەی پیاو، چونکە هەرگیز کەس نابێتە بەندەی کەسێکی کە جگە لە خوا. هەروەها ناشبێتە بەندەی هیج کۆمەڵگە و کۆمپانیا و سەرمایەدار و لایەن و دەزگایەك؛ بەکورتی واتە: نابێتە بەندەی هیچ هێزێك لە هێزەکانی سەر زەوی، بەڵکوو ژنیش هەروەك پیاو بەندە و گوێڕایەڵی خوایە و ڕاستەوخۆش بەندایەتیی بۆ دەکات و هەست دەکات شوێنکەوتەی دڵڕاستی فەرمانەکانی خوای خۆیەتی و هەر لەلایەن خواشەوە بەبێ جیاوازی پاداشت دەدرێتەوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (فستجاب لهم ربهم أنی لا أضیع عمل عامل منکم من ذکر أو أنثی بعضکم من بعض). واتە: کردەوەی هیچ مرۆڤێك لە نێر و مێ بەبێ پاداشت ناهێڵمەوە، هەمووتان لای من چونیەکن. 

کەوا بوو ژنیش پاداشت دەکرێت بەو چاکە و خێرەی کە دەیکات هەروەکچۆن ڕەگەزی بەرامبەری پاداشت دەکرێت. پەیوەندییەکەی بە خوداوە ڕێزی مرۆڤانە و سەربەخۆییی ڕاستەقینەی پێدەبەخشێت. ژن لەلای خۆی و -لەلای خوای گەورەش- بەدیهێنراوێکی مرۆڤانەی خاوەنڕێزە و بە خوای گەورەوە پەیوەستە و هەموو ژیان و قەوارە و هەموو وزەکانی لە خوای خۆی دەخوازێت. 

ئەم پەیوەندییەی کەسایەتیی پێدەبەخشێت بەهەمان ئەو شێوەیەی کە کەسێتی بە پیاو دەبەخشێت. 

ژن هیچ کەموکووڕییەکی نییە و بەشێکیش نییە لە کەسێکی تر تا لە مرۆڤێکی دیکەوە خۆی کامڵ بکات (تەنها لەوەدا نەبێت کە قەوارەی خۆی لە هاوسەرگیریدا تەواو دەکات کە هەروەك پیاویش قەوارەی خۆی لەم ئارایەدا تەواو دەکات، ئەمەش شتێکی دیکەیە). 

ژن لەکاتێکدا گوێڕایەڵی پیاو دەکات لەو شتگەلەی کە خوای گەورە بەسەریدا فەرزی کردووە، ئەوا سەربەخۆیییە مرۆڤێتی و کەسایەتییەکەی خۆی بزر ناکات، چونکە سەنگی مەحەکی کەسێتی و سەربەخۆییی بەردەوام ئەوەیە کە مافی ئەوەی هەیە، چونکە لە ئەرکی خۆیەتی پیاو بۆ ڕاستەڕێ بیگێڕێتەوە لەکاتێکدا کە دەبینێت لە ڕاستەڕێی شه‌رعی خودا لایداوە. 

ژن دەبێت ئەوە باش بزانێت هیچشتێك هەستی هەبوونی کەسێتی بە مرۆڤ نابەخشێت هێندەی ئەو مافەی کە مافی ئاراستەکردنە. تێکڕای تێکۆشانی گەلان لەم پێناوەدا بووە کە هەست بکەن بە خودی خۆیان و بەدیهێنانی قەوارەیان، بۆئەوەی بەو مافە بگەن کە مافی ئاراستەکردنی فەرمانڕەوایە بۆئەوەی لەو بنەما گێژاوانە دەربچێت کە هەموو کەسێك دەیخوازێت. 

مافی ئاراستەکردن مافی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا وەکوو یەك مافی ژن و مافی پیاو، کاتێك ژنیش هەست بەو هێزە دەکات لە خۆیدا کە لە پەیوەندی بە خوداوە دەیخوازێت، ئەوا لە ناخی خۆیدا کەسێتییەکی سەربەخۆ و خودی وەدیهاتووی خۆی لە واقیعی ژیاندا دەبینێت. سەربەخۆیییش ئەوەنییە کە دژایەتی لەگەڵ مێردەکەیدا بکات و هەڵوێستی هێرشکردن بگرێتە بەر، ژیان شەڕ و ئاڵۆزی نێو ماڵ نییە، ئەوەندە بەسە کە جەنگێك بێت دژی هێزەکانی خراپەکاری کە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەن. 

ژن کە بەندەی خوایە هەروەك چۆن پیاویش بەندەی خوایە. هەریەکەشیان مافی ئەوەیان هەیە بەڵکوو ئەرکی خۆشیانە کە یەکتر بۆ تاعەتی خوا ئاراستە بکەن. ژن دەتوانێت بەتوندی ناڕەزایی لە پیاوەکەی دەرببڕێت لەکاتێکدا کە سەرپێچی کرد، تەنانەت دەشتوانێت پێیبڵێت لە ئەمڕۆ بەدواوە من چیتر ژنی تۆ نیم، مادام سەرپێجی خودات کردووە لە تاعەتی پەروەردگارت دەرچوویت. ئا بەم شێوەیە لە پەیوەستبوونییەوە بە خوای خۆیەوە هەست بە مرۆڤێتی و کەسایەتیی خۆی دەکات. گەر بەڕاستی بە خوای گەورەوە پەیوەست بوو و بەندەی خوای گەورە بوو، ئەوکات بە هیچ جۆرێك نابێتە بەندە و داردەستی هیج پیاوێك یان هیچ هێزێك لە هێزەکان. ئەمما بەندەی خوا نەبوو و پەیوەندی لە گەڵ خالقی خۆی پچڕاند، ئەوسا زۆر بەئاسانی دەبێت بە نێچیری چاوبرسییان و دوور نییە ببێت بە کاڵایەك و بازرگانیی پێوە بکرێت. کە ئەمەش ڕووی دا، ئەوسا هەست دەکات کە کەسایەتی و مرۆڤێتییەکەی لەدەست چووە و بووە بە بەندەی کەسانێکی کە جگە له‌ خودا. 

ژن لە ئیسلامدا هەر بەوەندە ناوەستێت کە کەسێتیی خۆی دۆزیوەتەوە، بەڵکوو بە هەڵبژاردنی خۆی دەبێتە ئافرەتێکی ڕەوشتبەرز. ڕەوشتبەرزیش لە کۆمەڵگای موسڵماندا بە پیاوسالاری و دەمی شمشێر بەسەر ژندا فەرز نەکراوە هەروەك بە خەیاڵی پووچی کەسانێکدا دێت. ئەوەی کە بە شمشێر فەرز دەکرێت ڕادەی هەره‌ نزمی ڕەوشتبەرزییە. کۆمەڵگا ناتوانێت بەبێ ژن بژی. ژن کە مرۆڤێکی سەربەستە و خوای گەورە بە هەمان شێوەی پیاو دروستی کردووە، بۆیە نە بەندەیە و نە کاڵا، نە خۆراکەو نە بەشێکە لە کەسێك، مرۆڤێکە کە خاوەنی کەسێتی و قەوارەی خۆیەتی. بەندەی هیچکەسێك نییە جگە لە خوای گەورە کە هەروەك پیاویش بەندەی خوای گەورەیە. کەوا بوو مرۆڤێکی سەربەست و خاوەن قەوارە و کەسێتیی خۆیەتی، نەك بەندە و کۆیلە
جەنگی نەریتەکان ـ محمد قطب

 1486

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram