دانراوه له‌لایه‌ن: باوکی موحه‌ممه‌د ئه‌گێڕنه‌وه كه حه‌سه‌ن و حوسه‌ین -خوا لێیان ڕازی بێت- به لای پیاوێكی به‌ساڵاچوودا تێپه‌ڕ ده‌بن، ده‌بینن وا ده‌ستنوێژه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی نادروست و ناته‌واو ده‌شوات. ڕێك ده‌كه‌ون كه هه‌رچۆنێك بێت، ده‌بێت ئه‌م پیاوه تێبگه‌یه‌نن و ئامۆژگاری بكه‌ن و فێری ده‌ستنوێژگرتنی دروستی بكه‌ن. بیر ده‌كه‌نه‌وه شێوازێكی گونجاو بگرنه به‌ر تاكوو كاره‌كه‌یان جێی خۆی بگرێت و پیاوه‌كه به‌گوێیان بكات و ده‌ستنوێژه‌كه‌ی به‌جوانی بشوات. چوونه لای و وه‌ستان و پێیان وت: ئه‌ی مامه، حه‌ز ئه‌كه‌ین سه‌یرمان بكه‌یت و ببیته دادوه‌ر له‌نێوانماندا؛ ئاخۆ كاممان باشتر ده‌ستنوێژ ده‌شۆرین. ئیتر هه‌ردووكیان ده‌ستپێ ده‌كه‌ن و پیاوه‌كه‌ش ورد سه‌رنجیان ده‌دا. سه‌یر ده‌كات كه هه‌ریه‌كه‌یان له‌وی تریان باشتره و ده‌زانێت كه بۆ خۆی ده‌ستنوێژه‌كه‌ی ته‌واو نییه و سوپاسیان ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و ئامۆژگاری و ڕێنموونییه‌ی ئه‌و دوو گه‌نجه كردیان. شتێكی تر نییه به ئه‌ندازه‌ی ئامۆژگاری به‌سوود جێی خۆی له دڵی به‌رامبه‌ردا بكاته‌وه. ئامۆژگاریكردن كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێزه له كۆڵه‌كه‌كانی ئه‌م ئایینه. بێ ئه‌وه ژیان ده‌شۆكێت و مرۆڤ له‌خۆ بایی ده‌بێت؛ خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: والعصر. إن الإنسان لفي خسر. إلا الذين آمنوا وعملوا الصالحات وتواصوا بالحق وتواصوا بالصبر [العصر]. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: ئایین ئامۆژگارییه. وتيان بۆ كێ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا؟ فه‌رمووی: بۆ خوا و كتێبه‌كه‌ی و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی و بۆ پێشه‌وایان و گشت موسڵمانانیش.. جه‌ریری كوڕی عه‌بدوڵلا -خوا لێی ڕازی بێت- ده‌فه‌رموێت: په‌یمانم دا به پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌سه‌ر نوێژكردن و زه‌كاتدان و ئامۆژگاریكردنی هه‌ر موسڵمانێك. [متفق عليه]. ئامۆژگاری پیشه‌ی پێغه‌مبه‌ران بووه -سه‌لامی خوایان لێ بێت-. ئه‌وه‌ته نووح -سه‌لامی لێ بێت- به گه‌له‌كه‌ی ده‌ڵێت: وَأَنصَحُ لَكُمْ وَأَعْلَمُ مِنَ اٱللَّهِ مَا لاَ تَعْلَمُونَ [الأعراف: ٦٢]. هوود -سه‌لامی لێ بێت- به گه‌له‌كه‌ی ده‌ڵێت: وَأَنَاْ لَكُمْ نَاصِحٌ أَمِينٌ [الأعراف:٦٨]. هه‌روه‌ها ساڵح -سه‌لامی لێ بێت- به گه‌له‌كه‌ی ده‌ڵێت: وَنَصَحْتُ لَكُمْ وَلَكِن لاَّ تُحِبُّونَ ٱلنَّـٰصِحِينَ [الأعراف: ٧٩]. شوعه‌یب -سه‌لامی لێ بێت- ڕوو به گه‌له‌كه‌ی ده‌ڵێت: وَنَصَحْتُ لَكُمْ فَكَيْفَ ءاسَىٰ عَلَىٰ قَوْمٍ كَـٰفِرِينَ [الأعراف: ٩٣]. حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌دیش (صلی الله علیه وسلم) له هه‌موو دروستكراوه‌كانی تری خوا زیاتر ئامۆژگاریی گه‌له‌كه‌ی كردووه و به‌ده‌میانه‌وه بووه؛ ئه‌وه‌ته خوای گه‌وره ڕوو به موسڵمانان ده‌فه‌رموێت: لَقَدْ جَاءكُمْ رَسُولٌ مّنْ أَنفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُمْ باِٱلْمُؤْمِنِينَ رَؤوفٌ رَّحِيمٌ [التوبة:١٢٨] . بزانه كه ئامۆژگاری كۆمه‌ڵێك ئاداب و ڕه‌وشتی خۆی هه‌یه، له‌وانه په‌یوه‌ندیی به ئامۆژگاریكه‌ره‌وه هه‌یه و هه‌شیانه په‌یوه‌ندیی به ئامۆژگاریكراوه‌وه هه‌یه: ئادابی ئامۆژگاریكه‌ر (الناصح): دڵسۆزی پێویسته ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت ئامۆژگاری خه‌ڵكی بكات، ته‌واوی دڵسۆزی و ئیخڵاسی تێدا بێته جێ له كاره‌كه‌یدا و به هیچ جۆرێك مه‌به‌ستی تایبه‌تیی خۆی تێكه‌ڵی ئامۆژگارییه‌كه‌ی نه‌كات. نابێت بیه‌وێت عه‌قڵ و ژیریی خۆی پارسه‌نگ بكات یان كه‌سی ئامۆژگاریكراو ڕیسوا بكات و ناته‌واوییه‌كانی ده‌رخات بۆ خه‌ڵكی، به‌ڵكوو ده‌بێت مه‌به‌ستی له ئامۆژگارییه‌كه‌ی چاكسازی و ڕه‌زامه‌ندیی خوا و لابردنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه یان تاوانه بێت كه له به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه. حیكمه‌ت و ئامۆژگاری جوان و نه‌رمونیان وته‌ی جوان كلیلی ده‌رگای دڵه‌كانه و بێ ئه‌و كلیكه هیچ كه‌س ئاماده نییه دڵت بۆ بكاته‌وه و گوێت بۆ شل بكات. بزانه حیكمه‌ت و دانایی ونبووی موسڵمانه و ده‌بێت له هه‌مووكه‌س زیاتر پێوه‌ی پابه‌ند بێت. پاشان نه‌رمونیانی له ئامۆژگاریدا كاریگه‌ریی ئیجابی خۆی ده‌بێت، به شێوازێكی جوان و له‌سه‌رخۆ و پێكراو و له كات و ساتی خۆیدا بێ گومان ئه‌و مه‌به‌سته‌ی هه‌ته ده‌یهێنیته دی. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ادع إلى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتي هي أحسن [النحل: ١٢٥]. هیچكاتێك توندوتیژی و ڕه‌قی به‌رهه‌می نه‌بووه له كاتی بانگه‌واز و ئامۆژگاری خه‌ڵكیدا. ئه‌وه‌ته خوای گه‌وره ڕوو به پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌فه‌رموێت: فَبِمَا رَحْمَةٍ مّنَ اللَّهِ لِنتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنْتَ فَظّاً غَلِيظَ ٱلْقَلْبِ لاَنْفَضُّواْ مِنْ حَوْلِكَ [آل عمران: ١٥٩]. نه‌شاردنه‌وه‌ی ئامۆژگاری موسڵمان ده‌زانێت كه ئامۆژگاری یه‌كێكه له‌و مافانه‌ی به‌سه‌ریه‌وه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر برا و خوشكی مسوڵمانی و ده‌بێت به‌جێی بهێنێت. باوه‌ڕدار ئاوێنه‌ی براكه‌یه‌تی، ئامۆژگاری ده‌كات و له‌كه و ناته‌واوییه‌كانی پێ ئاشنا ده‌كات و هیچ شتێكی لێ ناشارێته‌وه. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: حق المسلم على المسلم ست. قيل: ما هن يا رسول الله؟ قال: إذا لقيتَه فسلِّم عليه، وإذا دعاك فأجبْه، وإذا استنصحك فانصحْ له، وإذا عطس فحمد فشمِّته، وإذا مرض فَعُدْه (فزُرْه) وإذا مات فاتبعه (أي سِرْ في جنازته). [مسلم]. واته: مافی موسڵمان به‌سه‌ر موسڵمانه‌وه شه‌شه. وترا: ئه‌وانه چین ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا؟ فه‌رمووی: كاتێك پێی گه‌یشتیت سه‌لامی لێ بكه، ئه‌گه‌ر بانگی كردیت بچۆ به‌ده‌میه‌وه، ئه‌گه‌ر داوای ئامۆژگاری لێ كردیت ئامۆژگاری بكه، ئه‌گه‌ر پژمی پێی بڵێ (یرحمك الله)، ئه‌گه‌ر نه‌خۆش كه‌وت سه‌ردانی بكه و ئه‌گه‌ر مرد شوێن ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌وه. ده‌بێت ئامۆژگاری به‌نهێنی بێت و له‌ناو خه‌ڵكیدا نه‌بێت. نابێت له‌ناو كۆمه‌ڵدا هه‌ڵسیت و په‌رده له ڕووی له‌كه و ناته‌واوییه‌كانی هه‌ڵماڵیت و هه‌ست و ویژدانی بریندار بكه‌یت. به‌ڵكوو كاتێك كه خۆت و خۆی بوون و بارودۆخێكی گونجاو هه‌ڵده‌بژێریت و ئاگاداری ده‌كه‌یته‌وه. وتراویشه: ئامۆژگاری له‌ناو خه‌ڵكیدا ئابڕووبردنه. جوانترین هۆنراوه‌ش وترابێت له‌م باره‌یه‌وه، دوو دێڕی ئیمامی شافعییه -ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- كه ده‌فه‌رموێت: تَغَمَّدَني بنُصْحِــكَ فــي انفـــِرادِي *** وجَنِّبْنِــي النصيحــةَ فِــي الجَمَاعةْ فـإنَّ النُّصْــحَ بَيـْـن النــاسِ نـــوعٌ *** مــن التـَّوْبيخ لا أَرْضَى اســتِمَـاعَه واتای ئه‌م دوو دێڕه: له ته‌نهاییدا هه‌رچی ئامۆژگارییت هه‌یه بیڕێژه به‌سه‌رمدا و دامپۆشه به ئامۆژگاریت، به‌ڵام له‌ناو كۆمه‌ڵدا دوور كه‌وه له نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاریم. چونكه ئامۆژگاری له‌ناو خه‌ڵكیدا جۆرێكه له سه‌رزه‌نشتی و پێم خۆش نییه گۆێبیستی ببم. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ئه‌گه‌ر بیویستایه ئامۆژگاری كه‌سێك بكات، ده‌یفه‌رموو: ئه‌وه چییانه ئه‌و خه‌ڵكه وا ده‌كه‌ن و وا ده‌كه‌ن، ئه‌وه چییه یه‌كێك له ئێوه ئاوا ده‌كات، ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌ده‌برد كه ده‌یویست ئامۆژگارییه‌كه‌ی پێ بگات. وتراویشه: ئامۆژگاری قورس و گرانه و مه‌یكه‌ره كێوێك به‌سه‌ر ئامۆژگاریكراوه‌وه، مه‌یكه‌ره جیدال و كێشمه‌كشێم و بگره و بێنه، حه‌ق و ڕاستییه‌كان تاڵن و به‌هێواشی و نه‌رمونیانی و له‌سه‌رخۆیییه‌وه بیانگه‌یه‌نه. ئه‌مانه‌ت له ئامۆژگاریدا ئه‌م كاره ئه‌مانه‌تێكه به‌سه‌ر شانته‌وه و ده‌بێت به باشترین شێوه پێی هه‌ڵسیت. نابێت ئامۆژگاریكراو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنی و له‌خشته‌ی ببه‌یت. نابێت گاڵته به حاڵی بكه‌یت و به‌هه‌ندی نه‌گریت. پێویسته له‌پێشاندا باش بیر بكه‌یته‌وه و ڕێگه‌ی گونجاو دیار بكه‌یت و بیر و هۆشت بخه‌یته كار پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستپێ بكه‌یت. له‌سه‌رته ئه‌و ئه‌مانه‌ته بگه‌یه‌نیته جێی خۆی و كه‌مته‌رخه‌می و كه‌موكووڕی تێدا نه‌كه‌یت. ئادابی ئامۆژگاریكراو (المنصوح): ده‌بێت به دڵێكی فراوانه‌وه ئامۆژگارییه‌كه وه‌ربگرێت ئه‌وه‌ش بێ دڵته‌نگی و پێناخۆشبوون و ڕووگرژی، ده‌بێت پێی خۆش بێت ئامۆژگاری ده‌كرێت و هه‌ڵه‌كانی ده‌خرێنه‌وه پێش چاوی؛ وتراویشه: ئامۆژگاری وه‌ربگره له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه بێت و له‌سه‌ر باشترین و چاكترین شێوه‌ش بیده‌ره‌وه. عومه‌ریش -خوا لێی ڕازی بێت- فه‌رموویه‌تی: "ڕه‌حمه‌تی خوا له‌و كه‌سه‌ی ناته‌واوییه‌كانی خۆم به دیاری بۆ دێنێته‌وه." سوورنه‌بوون و جه‌ختنه‌كردن له‌سه‌ر به‌تاڵ و ناڕه‌وایی كاتێك بۆت ده‌ركه‌وت قسه‌ی ئامۆژگاریكه‌ره‌كه‌ت ڕاسته و مه‌به‌ستی خۆشبه‌تیی تۆیه، له‌سه‌رته وه‌ریگریت و سوپاسی بكه‌یت. هه‌رگیز نابێت له‌سه‌ر به‌تاڵ و شتانی ناڕه‌وا سوور و به‌رده‌وام بیت. گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ق و ڕاستی، ڕێز و سه‌ربه‌رزییه و به‌رده‌وامبوونیش له‌سه‌ر ناڕه‌وایی، ڕه‌زیله‌ت و سه‌رشۆڕییه. موسڵمان ده‌بێت زۆر وریای ئه‌م فه‌رمووده‌ی خوای گه‌وره بێت و به‌ر ئه‌وانه نه‌كه‌وێت كه ده‌رهه‌قیان ده‌فه‌رموێت: وإذا قيل له اتق الله أخذته العزة بالإثم فحسبه جهنم ولبئس المهاد [البقرة: ٢٠٦]. وه‌رگرتنی ئامۆژگاری له موسڵمانێكی ژیر و دانا پێویسته له موسڵمانێكی ژیر و دانا ئامۆژگاری وه‌ربگریت، چونكه به ژیری و بیرتیژی و داناییی خۆی سوودمه‌ندت ئه‌كات و به‌هره‌مه‌ند ئه‌بیت لێی. له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته خۆ به‌دوور بگرێت له ئامۆژگاری نه‌فام و فاسق و خراپه‌كاران، چونكه به‌خۆی نازانێت و زیانی پێ ده‌گه‌یه‌نێت با ئامۆژگاریشی بكات. ڕیوایه‌ت كراوه كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی: من أراد أمرًا فشاور فيه امرءًا مسلمًا، وَفَّقَهُ الله لأرشد أموره. [الطبراني]. هه‌ركه‌س ویستی كارێك بكات و ڕاوێژی به كه‌سێكی موسڵمان كرد، خوا یارمه‌تی ئه‌دات بۆ باشترینی كاره‌كانی. سوپاسكردنی ئامۆژگاریكه‌ر له‌سه‌ر ئامۆژگاریكراو پێویسته سوپاس و پێ‌زانین پێشكه‌ش به ئامۆژگاریكه‌ره‌كه‌ی بكات، چونكه كه‌سێك سوپاسی به‌نده نه‌كات بێ گومان سوپاسی خواش ناكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوپاسكردن له دڵی ئامۆژگاریكه‌ردا هه‌ست و خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌رت زیاتر ده‌كات و ده‌زانێت كه تۆ پێت خۆش بووه و دڵگران نه‌بوویت. برا و خوشكی موسڵمان، ببه ئامۆژگاریكه‌ر له‌به‌ر خوا؛ ئامۆژگاریی به‌نده‌كانی خوا بكه، ئامۆژگارییه‌كه له كانگای دڵته‌وه هه‌ڵقوڵابێت و مه‌به‌ستت ته‌نها دڵسۆزیی لێبڕاوانه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی خوا بێت، پڕ بێت له به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی و مه‌به‌ستپاكی، نه‌ك به مه‌به‌ستی خیانه‌ت و خۆبردنه‌پێش و خۆ به‌رز كرنه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ئه‌م بابه‌ته به كه‌مێك ده‌سكارییه‌وه له ماڵپه‌ڕی (المختار الأسلامي) وه‌رگیراوه.