سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ماڵی ئیبراهیم -سه‌لامی خوای لێ بێت- (عه‌قیده‌ی ته‌حاوی)
گۆڕینی فۆنت

دانراوه له‌لایه‌ن: باوکی موحه‌ممه‌د 

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ماڵی ئیبراهیم -سه‌لامی خوای لێ بێت- (عه‌قیده‌ی ته‌حاوی)

موقع الشيخ الدكتور سفر الحوالي 

شرح العقيدة الطحاوية: خصائص بيت إبراهيم عليه السلام 

پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ 

پیرۆزترین و پاكترین ماڵێك له‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا ماڵی ئیبراهیمه‌ -سه‌لامی لێ بێت-. هه‌ر‌ له پشت و ‌وه‌چه‌ی ئه‌و و له‌ڕێگه‌ی ئیسماعیله‌وه‌ ڕێزدارترینی ماڵێك دوای خۆی په‌یدا بووه‌‌، كه‌ ماڵی پاڵفتگه‌كراو و هه‌ڵبژارده‌ی حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌ده‌ (صلی الله علیه وسلم). ڕاستگری ئه‌وه‌ش فه‌رمووده‌ی خۆیه‌تی (صلی الله علیه وسلم) كه‌ فه‌رموویه‌تی: ... فأنا خيار من خيار من خيار. وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ عه‌ره‌بی موزه‌ر كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌وان بووه‌ له‌ ئوممه‌ت و نه‌ته‌وه‌كانی تری جگه‌ له‌ خۆیان به‌ڕێزترن و فه‌زڵیان زیاتره‌. 

١. پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێب له‌ پشت و نه‌وه‌ی ئیبراهیمه‌ -سه‌لامی لێ بێت- 

موسه‌ننیف -ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- ده‌فه‌رموێت: [ولما كان بيت إبراهيم عليه السلام أشرف بيوت العالم على الإطلاق، خصهم الله بخصائص: 

منها: أنه جعل فيه النبوة والكتاب، فلم يأت بعد إبراهيم نبي إلا من أهل بيته. 

ومنها: أنه سبحانه جعلهم أئمة يهدون بأمره إلى يوم القيامة، فكل من دخل الجنة من أولياء الله بعدهم، فإنما دخل من طريقهم وبدعوتهم، ومنها: أنه سبحانه اتخذ منهم الخليلين، كما تقدم ذكره. 

ومنها: أنه جعل صاحب هذا البيت إماماً للناس، قال تعالى: إِنِّي جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامًا قَالَ وَمِنْ ذُرِّيَّتِي قَالَ لا يَنَالُ عَهْدِي الظَّالِمِينَ [البقرة:١٢٤].

ومنها: أنه أجرى على يديه بناء بيته الذي جعله قياماً للناس، ومثابة للناس وأمناً، وجعله قبلة لهم وحجاً، فكان ظهور هذا البيت من أهل هذا البيت الأكرمين. 

ومنها: أنه أمر عباده أن يصلوا على أهل هذا البيت، إلى غير ذلك من الخصائص] اهـ 


واته:["وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵی ئیبراهیم سه‌لامی لێ بێت به‌ ڕاهایی و بێ سنوور ڕێزدارترینی ماڵه‌كانی دنیا بوو، خوای گه‌وره‌ به‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك تایبه‌تی كردن: 

له‌وانه‌: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبی له‌وان گێڕاوه‌، هیچ پێغه‌مبه‌رێك دوای ئیبراهیم نه‌هاتووه‌ له‌ ماڵ و ئه‌هلی ئه‌و نه‌بێت. 

وه‌ له‌وانه‌: خوای گه‌وره‌ گێڕاونی به‌ پێشه‌وا كه‌ تا ڕۆژی قیامه‌ت به‌ فه‌رمانی ئه‌و هیدایه‌ت وه‌رده‌گرن، جا هه‌ركه‌سێك له‌ دۆستانی خوا له‌ پاش ئه‌وان بچێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وان و به‌ ڕێگه‌ی بانگه‌وازی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌هه‌شت. 
وه‌ له‌وانه‌: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا دوو خه‌لیلی لێ هه‌ڵبژاردوون وه‌ك له‌وه‌و پێش باسكرا. 

وه‌ له‌وانه‌: ‌خاوه‌نی ئه‌م ماڵه‌ی كردۆته‌ پێشه‌وا بۆ خه‌ڵكی، خوای متعال ده‌فه‌رموێت: إِنِّي جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامًا قَالَ وَمِنْ ذُرِّيَّتِي قَالَ لا يَنَالُ عَهْدِي الظَّالِمِينَ [البقرة:١٢٤]. 

وه‌ له‌وانه‌: ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر دوو ده‌سته‌كانی ئه‌و دروست كردووه‌ كه‌ كرویه‌تییه‌ شوێنی قیام و گردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی، وه‌ ئه‌من و ئاسایش بۆخه‌ڵكی، وه‌ گێڕاویه‌تی به‌ ڕووگه‌یان و حه‌جی بۆ ده‌كه‌ن، جا ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ماڵه‌ (كه‌عبه‌) له‌ ئه‌هلی ئه‌م ماڵه‌ پیرۆزه‌وه‌ ‌ (ماڵی ئیبراهیم) بووه‌. 

وه‌ له‌وانه‌: فه‌رمانی به‌ به‌نده‌كانی داوه‌ كه‌ سه‌ڵاوات له‌سه‌ر ئه‌هلی ئه‌م ماڵه‌ بده‌ن، ئیتر بۆ جگه‌ له‌وانیش له‌ تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌"] اهـ. 

شه‌رح و لێكۆڵینه‌وه‌ 
هه‌موو ئوممه‌ته‌ خاوه‌ن كتێبه‌كان ئیبراهیم به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن و لایان به‌ڕێزه، هه‌روه‌ها ئه‌و ئوممه‌تانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌ بیستویانه‌، جا هه‌موو ئوممه‌تێك لافی پاڵدانه‌ لای ئه‌و لێ ده‌ده‌ن و بانگه‌شه‌ی ئیبراهیمی خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ كۆڕایه‌كی جیهانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پیاوه‌ شه‌ریف و به‌ڕێزو به‌ قه‌دره‌، وه‌ وه‌چه‌و نه‌وه‌كه‌ی ڕێزدارترین و جه‌لیلترین و شیاوترین نه‌وه‌ن، خوای گه‌وره‌ به‌ چه‌ند تایبه‌تییه‌ك تایبه‌تمه‌‌ندی كردوون كه‌ موسه‌ننیف ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت هه‌ندێكیانی باس كردووه‌: 

ده‌ڵێت: "له‌وانه‌: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبی له‌وان گێڕاوه‌" واته‌: خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبی خستۆته‌ ئه‌م ماڵه‌ پیرۆزه‌وه‌، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین تایبه‌تمه‌ندی و جیاكارییه‌،‌ هیچ ماڵێك نییه‌ هاوبه‌شی ئه‌م ماڵه‌ گه‌وره‌ بكات له‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێب(النبوة و الكتاب)دا، وه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبیش ڕێزدارترين كارێكن كه‌ خوا یه‌كێك له‌ مرۆڤه‌كان، یان ماڵێك له‌ ماڵه‌كانی پێ ڕێزدار بكات و بيانكاته‌ خاوه‌نیان. 

قورئانی پیرۆز و به‌ قه‌دریش به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی ئیبراهیم هێناوه‌ و ده‌فه‌رموێت: وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ وَجَعَلْنَا فِي ذُرِّيَّتِهِ النُّبُوَّةَ وَالْكِتَابَ وَآتَيْنَاهُ أَجْرَهُ فِي الدُّنْيَا وَإِنَّهُ فِي الآخِرَةِ لَمِنِ الصَّالِحِينَ [العنكبوت:٢٧] [وه‌ ئیسحاقمان پێبه‌خشی و یه‌عقوبیشمان به‌ ئیسحاق به‌خشی و پێغه‌مبه‌رایه‌تیمان كرده‌ كاڵای باڵای نه‌وه‌كانی، كتێبه‌ ئاسمانییه‌كانیشمان بۆ ناردن، هه‌ر له‌ دنیادا پاداشتمان دایه‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕاستی له‌ قیامه‌تیشدا له‌ ڕیزی پیاوچاكاندایه‌] خوای گه‌وره‌ ئه‌م پاداشته‌ی داوه‌ به‌ به‌نده‌و هه‌ڵبژێردراو و خه‌لیلی خۆی كه‌ (ئیبراهیم)ه‌ سه‌لامی لێ بێت وه‌ك له‌ سووره‌تی (العنكبوت)دا هاتووه‌، وه‌ له‌ سووره‌تی (الحدید)یشدا خوای گه‌وره‌ ئه‌مه‌ی بۆ باسكردوین‌ له‌گه‌ڵ (نوح)دا سه‌لامی لێ بێت و ده‌فه‌رموێت: وَجَعَلْنَا فِي ذُرِّيَّتِهِمَا النُّبُوَّةَ وَالْكِتَابَ [الحديد:٢٦] [له‌ نه‌وه‌كانیشیاندا (نوح و ئیبراهیم) پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبی ئاسمانیمان دابه‌زاندووه‌] ئه‌مه‌ش كه‌ هیچ گرفت و ئیشكالێكی تێدا نییه‌؛ چونكه‌ (نوح) سه‌لامی خوای لێ بێت باوكی دووه‌می مرۆڤایه‌تییه‌، خوای گه‌وره‌ سه‌باره‌ت به‌ (نوح) ده‌فه‌رموێت: وَجَعَلْنَا ذُرِّيَّتَهُ هُمُ الْبَاقِينَ [الصافات:٧٧] ، جا هه‌ركه‌سێك له‌ دوای (نوح)وه‌ هاتبێت ئه‌درێته‌ پاڵ ئه‌و، له‌وه‌نه‌ش ئیبراهیم، كه‌ له‌ نه‌وه‌و وه‌چه‌ی (نوح)ه‌ سه‌لامی لێ بێت، كه‌واته‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له‌ وه‌چه‌و نه‌وه‌ی ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره‌ن سه‌لامیان لێ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندتره‌ به‌م وه‌سفه‌‌ (ئیبراهیم)ه‌ سه‌لامی لێ بێت، جیهان دوای نوح بوونه‌ به‌ش به‌ش و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ و پارچه‌ پارچه‌، پاشان نه‌وه‌كانی (نوح) به‌ دنیاد بڵاو بونه‌وه‌، له‌م دنیایه‌دا ڕۆم و چین و هیند و ڕه‌گه‌زی تری جگه‌ له‌وانیش پێك هاتن‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێغه‌مبه‌رایه‌تی هه‌ر له‌ نه‌وه‌و وه‌چه‌ی (ئیبراهیم)دا مایه‌وه‌و ته‌نها ئه‌و پێی ڕێزدار بوو. 

- ئه‌سڵیش له‌ وه‌چه‌ی ئیبراهیم دوو كوڕه‌كه‌ی (ئیسحاق و ئیسماعیل)ن، له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیل عه‌ره‌بی لێ كه‌وته‌وه‌، وه‌ له‌ نه‌وه‌ی (ئیسحاق)یش نه‌وه‌ی ئیسڕائیل، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ مژده‌دان به‌ ساره‌ی خێزانی (ئیبراهیم)دا ده‌فه‌رموێت: فَبَشَّرْنَاهَا بِإِسْحَاقَ وَمِنْ وَرَاءِ إِسْحَاقَ يَعْقُوبَ [هود:٧١] (یه‌عقوب)یش (ئیسرائیل)ه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی له‌ وه‌چه‌و پشتی ئه‌و بووه‌، هه‌روه‌ك زانراوه‌ كه‌ كوڕانی یه‌عقوب سه‌لامی لێ بێت دوازده‌ دانه‌ بوون وه‌ك له‌ سووره‌تی (یوسف)دا ده‌فه‌رموێت: إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًا [يوسف:٤] ، یوسف و هه‌ر یازده‌ براكه‌ی تری ئه‌سباته‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل پێك دێنن، جا كاتێك خوای گه‌وره منه‌تی نا به‌ سه‌ر (یوسف)داو ویلایه‌تی میسری خسته‌ ژێر ده‌ستی، وه‌ بووه‌ عه‌زیزو سه‌ردارێك له‌ میسردا، كه‌س و كاره‌كه‌ی خۆی له‌ لادێوه‌ ‌ بانگ كردو هێنانی به‌ره‌و لای خۆی، له‌ میسر دانیشتن و نیشته‌جێ بوون و نه‌وه‌یان لێ كه‌وته‌وه‌و زۆر بوون، تا رۆژان ڕۆیشت و فیرعه‌ونه‌كانی قیبتییه‌كان ده‌ستیان كرده‌ چه‌وساندنه‌وه‌یان كه‌ فیرعه‌ون پاشایان بوو. 

لێره‌دا سوودێك هه‌یه‌: هه‌موو فه‌رمانڕه‌وایه‌كی ئه‌وكاته‌ی میسر پێی گوتراوه‌ فیرعه‌ون، وه‌ فیرعه‌ون ناو و عه‌له‌مێك نییه‌ بۆ كه‌سێكی دیاریكراو، به‌ڵكوو پێشگر (لقب)ێك بووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی (میسر)ی كردووه‌، هه‌روه‌ك به‌ كه‌سێك فه‌رمانڕه‌وایی حه‌به‌شه‌ی كردبێت پێی وتراوه‌: نه‌جاشی، وه‌ نه‌مروود یان ئاشوور بۆ كه‌سێك فه‌رمانڕه‌وای بابل‌ بوبێت، هه‌روه‌ك به‌ پاشاو مه‌لیكی ڕۆم وتراوه‌ قه‌یسه‌ر، وه‌ به‌ پاشای فارس وتراوه‌ كیسرا، جا قیبتییه‌كان نه‌وه‌ی (ئیسڕائیل)یان چه‌وسانده‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاریان دان تا خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ر (موسا)ی بۆ ناردن سه‌لامی لێ بێت تا له‌ زه‌لیلی و كۆیلایه‌تی ده‌ریان بێنێت و ڕزگاریان بكات، خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر زمانی موسا ده‌فه‌رموێت: وَتِلْكَ نِعْمَةٌ تَمُنُّهَا عَلَيَّ أَنْ عَبَّدْتَ بَنِي إِسْرَائِيلَ [الشعراء:٢٢] واته‌: ئایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ منه‌تم به‌سه‌ردا ده‌كه‌یت له‌سه‌ری ئه‌ی فیرعه‌ون، به‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیلت كردۆته‌ به‌نده‌و كۆیله‌، وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ت كردۆته‌ به‌ش به‌ش و كۆمه‌ل كۆمه‌ڵ، چینی به‌رز (قیبتییه‌كان)، كه‌ چینی خواره‌وه‌یان (نه‌وه‌ی ئیسرائیل)یان ده‌چه‌وساندنه‌وه‌. 

- پاشان موسا سه‌لامی لێ بێت له‌ میسر ده‌ربازی كردن و هێنانی بۆ سینا، ئیتر له‌وێ له‌ بیاباندا سه‌ریان لێ شێواو نه‌یانده‌زانی به‌ره‌و كۆی برۆن، پاشان خوای گه‌وره‌ موسای برده‌وه‌‌ بۆ لای خۆی و وه‌فاتی كرد، پێغه‌مبه‌ر موسا سه‌لامی لێ بێت به‌ناوبانگترین و چاكترینی پێغه‌مبه‌رانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل بووه‌، ئینجا دوای ئه‌وه‌ی یوشع هات، یوشع ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ بوو كه‌ (بیت المقدس)ی ڕزگار كرد، نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌وێدا نیشته‌جێ بوون، ئیتر كۆمه‌ڵێ ڕووداوی تری گه‌وره‌ ڕوویان دا تا داوود هات سه‌لامی لێ بێت، پاشان له‌ دوای ئه‌و سوله‌یمان هات، پاشان كۆمه‌ڵه‌ ڕووداوێكی زۆر له‌ نێو نه‌وه‌ی (ئیسرائیل)دا ڕوویان، ئیتر پاشان له‌سه‌ر ده‌ستی فارسه‌كانی كۆتایی به‌ كاریان هات و په‌رته‌وازه‌ بوون، پاشان خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ر (زه‌كه‌ریا)ی بۆ ناردن، وه‌ دوای ئه‌ویش یه‌حیا كه‌ ئه‌مه‌ به‌ناوبانگترین ڕایه‌؛ چونكه‌ یه‌حیا له‌ سه‌رده‌می مه‌سیحی كوڕی مه‌ریه‌مدا له‌ دایك بووه‌ سه‌لامی لێ بێت، ئیتر كاتێك عیسا هات و بووه‌ كۆتایینی پێغه‌مبه‌رانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل، مژده‌ی پێ درا به‌ هاتنی موحه‌ممه‌د (صلی الله علیه وسلم) له‌ پاش خۆی. 

ئه‌فزه‌لییه‌ت و چاكێتیی نه‌وه‌ی ئیسماعیل له‌سه‌ر جگه‌ له‌ خۆیان 
ئیسماعیل لقی دووه‌می نه‌وه‌ی (خه‌لیل)‌ه‌ -سه‌لامی لێ بێت- ئه‌گه‌ر هاتینه‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌بینین له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیله‌، وه‌ عه‌ره‌به‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیلن. به‌ڵام ئایا هه‌موو عه‌ره‌ب له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیلن؟ 

لێره‌دا جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێو زانایاندا هه‌یه‌، ئیختیلافه‌كه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیاوازی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی باس له‌ مه‌ناقیب و فه‌زڵ و ڕێزداری ده‌كه‌ن، وه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ئه‌م مه‌سه‌له‌ به‌ گرنگ و به‌هه‌ند ناگرین چونكه‌ زۆر درێژ ده‌بێته‌وه‌و بواری به‌رینه، به‌ڵام له‌سه‌ر قسه‌ی به‌ناوبانگ و پارسه‌نگدارو ده‌مێنینه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیل عه‌ره‌به‌كانی سه‌روون به‌ ته‌نها، واته‌ عه‌ره‌به‌كانی یه‌مه‌ن له‌ نه‌وه‌و وه‌چه‌ی ئیسماعیل نین، به‌ڵكوو نه‌وه‌ی ئیسماعیل ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی سه‌روون كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌ ناویاندا ڕه‌وانه‌ كرا، ئه‌وانه‌ی كاتێك خێرو سه‌ده‌قاتی ئه‌وانی پێ گه‌یشت ده‌رباره‌یان فه‌رمووی: {هذه صدقات قومنا} (١) [ئه‌مه‌ خێرو سه‌ده‌قاتی قه‌وم و كه‌س و كاره‌كه‌مانن] هه‌روه‌ك له‌ فه‌رمووده‌ی سه‌حیح دا هاتووه‌، وه‌ له‌و فه‌رمووده‌ی كه‌ ئه‌حمه‌د و موسلیم له‌ (واثله‌ی كوری ئه‌لئه‌سقه‌ع)ه‌وه‌ به‌ مه‌رفوعی ده‌یگیڕێنه‌وه‌: {إن الله اصطفى من ولد إبراهيم إسماعيل، ثم اصطفى من بني إسماعيل كنانة، ثم اصطفى من كنانة قريشاً، ثم اصطفى من قريش بني هاشم، ثم اصطفاني من بني هاشم ... }(٢)،[خوای گه‌وره‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیم (ئیسماعیل)ی هه‌ڵبژارد، پاشان له‌ ئیسماعیل كینانه‌ی هه‌ڵبژارد، پاشان له‌ كینانه‌ قوڕه‌یشی هه‌ڵبژارد، پاشان له‌ قوڕه‌یش نه‌وه‌ی (هاشم)ی هه‌ڵبژارد، پاشان منی له‌ نه‌وه‌ی هاشم هه‌ڵبژارد...]، ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌فزه‌لییه‌ت و زێده‌ ڕێزدارێتی ئیسماعیل سه‌لامی لێ بێت، به‌ تایبه‌ت –كه‌ ئه‌مه‌ قه‌ولی سه‌حیحه‌ و جگه‌ له‌و درووست نییه‌- كه‌ ئه‌و (ئیسماعیل) سه‌بڕاوه‌كه‌ (الذبیح)یه‌‌، جا خوای گه‌وره‌ (ئیسماعیل)ی له‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیم هه‌ڵبژارد و پاڵفتگه‌ی كرد، (پاشان له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیل كینانه‌ی پاڵفتگه‌ كرد) كه‌ باپیره‌ی (قوڕه‌یش)‌ه‌، پاشان له‌ كینانه‌ش قوڕه‌یشی هه‌ڵبژارد، ئینجا له‌ قوڕه‌یشیش نه‌وه‌ی (هاشم)ی هه‌ڵبژارد، پاشان (موحه‌ممه‌د)ی له‌ نه‌وه‌ی هاشم هه‌ڵبژارد، جا ئه‌و (صلی الله علیه وسلم) ڕێزدارترینی خه‌ڵكییه‌ له‌ پشت و نه‌سه‌بیداو، به‌ڕێزترینیانه‌ له‌ باوك و دایك دا. 

- وه‌ خوای گه‌وره‌ هه‌واڵی پێ نه‌داوین كه‌ پێش ئه‌و (صلی الله علیه وسلم) پێغه‌مبه‌رێكی تر له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیل هاتبێت، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌ فه‌زڵ و ڕێزداریدا و ئوممه‌ته‌كه‌ی له‌ زۆری و ژماره‌دا، گه‌وره‌ترو زۆرترن له‌ هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ گشتی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) و ئوممه‌ته‌كه‌ی پارسه‌نگیان به‌ سه‌ر نه‌وه‌ی (ئیسرائیل)دا هه‌یه‌ به‌ گشت پێغه‌مبه‌رو شوێنكه‌وتوانیانه‌وه‌، وه‌ خوای گه‌وره‌ بۆیه‌ له‌ قورئاندا چیرۆك و به‌سه‌رهاتی نه‌وه‌ی (ئیسرائیل)ی له‌وانی تر زێاتر بۆ باس كردوین؛ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ران زیاتر له‌واندا هاتوون و زۆربه‌ی پێغه‌مبه‌ران له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بوون، وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌وان ئه‌و ئوممه‌ته‌ بوون كه‌ خوای گه‌وره‌ یه‌كه‌م جار له‌ ڕووی كاته‌وه‌ هه‌ڵیبژاردن، جا كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وان شایه‌ن و ئه‌هلی هه‌ڵبژاردن نین –خوای گه‌وره‌ زاناو شاره‌زایه‌ به‌وه‌ به‌ڵام تا‌ بۆ خۆیان ده‌ربكه‌وێت، وه‌ تا بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ربكه‌وێت- خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی گۆێزایه‌وه‌ بۆ لقه‌كه‌ی تر، كه‌ لقی ئیسماعیل بوو، ‌ئیتر تا ڕۆژی دوایی پێغه‌مبه‌رایه‌تی له‌ لقی (ئیسماعیل)دا مایه‌وه‌. 

وه‌ هه‌روه‌ها له‌ سه‌حیحی بوخاری له‌ ئه‌بی هوڕه‌یره‌وه‌ خوا لێی ڕازی بێت كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی: {بعثت من خير قرون بني آدم قرناً فقرناً، حتى بعثت في القرن الذي كنت فيه}(٣)، جا ئه‌و (صلی الله علیه وسلم) له‌ باشترینی سه‌ده‌كاندا بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ڕێزدارێتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و ڕێزداری عه‌ره‌به‌، ده‌مارگیری نه‌فامی له‌م ئوممه‌ته‌شدا له دوادوای ‌سه‌رده‌می ئه‌مه‌ویه‌كاندا به‌رپا بو، به‌ جۆرێك په‌ره‌ی سه‌ندو توند بوو تا وای لێ هات بووه‌ هۆی په‌كخستنی فتوحات، خۆ ئه‌گه‌ر چیرۆكی فتوحاته‌كانتان خوێندبێته‌وه‌ له‌ وڵاتی پاش ڕووبار و وه‌ له‌ توركستان و له‌ ئه‌نده‌لوس؛ كاتێك چوونه‌ ئه‌وروپاوه‌، ده‌بینن كه‌ له‌ هۆكاری دواكه‌وتنی جیهاد و قۆرت خستنه‌ به‌رده‌م بڵاو بوونه‌وه‌ی ئیسلام، به‌رپابوونی ده‌مارگیریی هۆزایه‌تی بووه‌ له‌ نێوان عه‌ره‌به‌كانی سه‌روو و عه‌ره‌به‌كانی خواروو.. عه‌ره‌بی موزه‌ر و عه‌ره‌بی یه‌مه‌ن، ده‌بینین ئه‌م نه‌فامێیتییه‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌و به‌ هۆیه‌وه‌ زۆرێك جیابوونه‌وه‌و په‌رته‌وازه‌یی ڕوویان داوه‌. 

مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ باسمان كرد له‌ پشت و نه‌سه‌بی پێغه‌مبه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێزدارێتی نه‌وه‌كانی ئیسماعیل، (ئیبن حه‌زم)یش له‌مه‌دا قسه‌یه‌كی چاكی هه‌یه‌ كاتێك دێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پشت و نه‌سه‌ب و ده‌ڵێت: ئه‌م كاره‌ یان له‌ نه‌فامییدایه‌ یان له‌ ئیسلامدا-واته‌: ئه‌م ڕێزدارێتییه‌ یان به‌ جاهیلییه‌ته‌ یان به‌ ئیسلام- جا ئه‌گه‌ر به‌ جاهیلییه‌ت بێت، ئه‌وه‌ نه‌ماندیه‌وه‌ شاعیرێك له‌ عه‌ره‌به‌كانی خواروو هه‌ڵبكه‌وێت و پێته‌ پێشێ مه‌گه‌ر له‌وانه‌ی سه‌روودا باشترو شاعیرتر هاتووه‌. 

پاشان ده‌ڵێت: به‌ڵام له‌ ئیسلامدا، ئه‌وه‌ موحه‌ممه‌د (صلی الله علیه وسلم) له‌ موزه‌ره‌، جا ئه‌گه‌ر وترا: ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ران نییه‌، ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ته‌ كۆچكه‌ره‌كان له‌ موزه‌رن، پشتیوانه‌كان له‌ یه‌مه‌نن، وه‌ كۆچكه‌ره‌كانیش فه‌زڵیان له‌ پشتیوانه‌كان زیاتره‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ هه‌ر چوار خوله‌فای ڕاشیدین له‌وانن. 

‌ به شێوه‌یه‌كی‌ گشتی زانست و زانیاری نه‌سه‌ب و پشت زانین له‌م كارانه ده‌كۆڵنه‌وه‌، مه‌به‌ستمان لێره‌ ڕێزدارێتی ئه‌م ماڵه‌ پیرۆزه‌و ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ پاڵدارونه‌ لای، كه‌ ماڵی (ئیبراهیم)ه‌ سه‌لامی لێ بێت، بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) سه‌باره‌ت به‌ (یوسف) سه‌لامی لێ بێت ده‌فه‌رموێت: {الكريم بن الكريم بن الكريم بن الكريم: يوسف بن يعقوب بن إسحاق بن إبراهيم }(٤) 

گرفتێك ماوه‌ كه‌ له‌وه‌و پێش ئاماژه‌یه‌كمان پێ دابوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا پێغه‌مبه‌رایه‌تی و كتێبی گێڕاوه‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیم، جا لێره‌دا ده‌بێ حاڵی (عیسا)ی كوڕی مه‌ریه‌م سه‌لامی لێ بێت چۆن بێت؟ ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ باوكی نییه‌ هه‌ر له‌ نه‌وه‌ی (ئیبراهیم)ه‌؟ چۆن ئه‌بێته‌ یه‌كێك له‌ نه‌وه‌ی ئیبراهیم كه‌ ده‌فه‌رموێت: وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ كُلًّا هَدَيْنَا وَنُوحًا هَدَيْنَا مِنْ قَبْلُ وَمِنْ ذُرِّيَّتِهِ دَاوُدَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ * وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ [الأنعام:٨٤-٨٥]؟! ده‌ڵێین: هیچ گرفت و كێشه‌یه‌ك له‌مه‌دا نییه‌؛ چونكه‌ عیسا كوڕی (مه‌ریه‌م)ه‌، وه‌ (مه‌ریه‌م)یش كچی (عیمران)ه‌، وه‌ (عیمران)ی باوكیشی له‌ نه‌وه‌ی (ئیسرائیل)ه‌، وه‌ هه‌موو له‌ ماڵی (یه‌عقوبی كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیم)ن، سه‌لامی لێ بێت، جا هیچ گرفتێك له‌وه‌ نییه‌ كه‌ عیسا له‌ نه‌وه‌ی (ئیسرائیل)ه‌وه‌ له‌ پشت و وه‌چه‌ی (ئیبراهیم)ه‌ سه‌لامی لێ بێت. 

- دژواری و پێچه‌وانه‌یی نه‌سرانیه‌كان له‌ پشت و نه‌سه‌بی عیسادا سه‌لامی لێ بێت. 
بیروباوه‌ڕی ئاشكراو بڵاوی نه‌سرانیه‌كانی له‌ جیهاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌: عیسا سه‌لامی لێ بێت كوڕی خوایه‌-خوا به‌رزو بانتره‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یڵێن- جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ جێگیر بو و سه‌لمێنرا، ئیتر حه‌وجێی ئه‌وه‌ نییه‌ بدرێته‌ پاڵ هیچ كه‌س، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وتیشیان گریمان له‌ ڕووی دایكیشه‌وه‌ بێت؛ بێ گومان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ سه‌لمێنرا، ئه‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی بدرێته‌ پاڵ دایك یان باوك، به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌مه‌ وازیان نه‌هێنا؛ ئه‌وه‌ته‌ دوو ئینجیل–ئینجیلی مه‌تتاو ئینجیلی لۆقا-‌ له‌و چوار ئینجیله‌ دان پیانراوانه‌یان باسیان له‌ مه‌سه‌له‌ی پشت و نه‌سه‌بی مه‌سیح كردووه‌، نه‌سه‌بی مه‌سیحیان داوه‌ته‌ پاڵ یوسفی دارتاش (یوسف النجار)، یوسفی دارتاش ده‌زگیرانی مه‌ریه‌م بوو‌، ماره‌ی كرد‌ به‌ڵام نه‌چۆته‌ لای، جا كاتێك فریشته‌ هات بۆ لای مه‌ریه‌م و فوی پێدا كردو سكی به‌ عیساوه‌ پڕ بوو، یوسف كه‌وته‌ گومان و دوودڵییه‌وه‌، له‌ خه‌ودا فریشته‌كه‌‌ هاته‌‌ خه‌وی پێی وت: له‌ خێر به‌ولاوه‌ هیچ گومانێكی ترت نه‌بێ، چونكه‌ ئه‌و به‌ ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ سكی پڕ بووه‌‌، وه‌ له‌ هیچ كه‌سێكی تر سكی پڕ نییه‌، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ له‌ قورئاندا ئه‌مه‌ باس ده‌كات: قَالَتْ أَنَّى يَكُونُ لِي غُلامٌ وَلَمْ يَمْسَسْنِي بَشَرٌ وَلَمْ أَكُ بَغِيًّا [مريم:٢٠] 
مه‌ریه‌م نه‌ سه‌ربه‌ده‌ره‌وه‌و داوێن پیس بووه‌ نه‌ مێردیشی هه‌بووه‌، ده‌ی چۆن ئه‌مانه‌ پشت و نه‌سه‌بی عیسا ئه‌ده‌نه‌ پاڵ ئه‌م (یوسف)ه‌؟! باشه‌ ئه‌گه‌ڕ كوڕی (یوسف)ه‌، ئه‌و كات ڕاسته‌و دروسته‌ بڵێیت كه‌ كوڕی خوایه‌؟! جا دژایه‌تی و پێچه‌وانه‌ییان سه‌باره‌ت به‌ عیسا هه‌ر له‌م سنووره‌دا نه‌وه‌ستاوه‌و به‌س، به‌ڵكوو ئه‌بینین كه‌ ئه‌و نه‌سه‌به‌ی له‌ ئینجیلی (مه‌تتادا) هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئینجیلی (لۆقا)دایه‌، باوك و باپیران لێره‌ جگه‌ باوك و باپیرانی ئه‌ولان، ناشكرێ و ناگونجێ بوترێ مه‌سه‌له‌كه‌ خیلافیه‌وه‌ جیاوازی بیروڕای تێدایه‌؛ ئه‌م مه‌سه‌له‌ بواری ڕاجودایی تێدا نییه‌، چونكه‌‌ نه‌سرانیه‌كان لافی ئه‌وه‌ لێ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م ئینجیلانه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌ هاتونه‌ خوارێ و وته‌ی خوان و بێ هه‌ڵه‌ن و دژایه‌تی یه‌كتر ناكه‌ن...! 

ئه‌وه‌ش كه‌ زیاتر یارمه‌تیمان ده‌دات له‌ ناسینی درۆو به‌تاڵ و بوختانیان له‌سه‌ر خوا: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئینجلی مه‌تتادا له‌ نێوان عیساو داوودا (40) پشته‌، به‌ڵام له‌ ئینجیلی لۆقادا ئه‌م پشتانه‌ ده‌بنه‌ (٢٥)‌، جیاوازییه‌كه‌ ته‌نها له‌ كۆ‌ڵه‌كه‌و ژماره‌ی پشته‌كاندا(١٥) پشته ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جیاوازی كه‌سه‌كان! ده‌ڵێین: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ مێژوو نووسان ڕووی بدایه‌، ده‌بووه‌ پاڵنه‌رێك بۆ گومان و دوودڵی له‌ قسه‌و نووسینه‌كانیان! ده‌ی چۆنه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی ئاوا زه‌ق بدرێته‌ پاڵ خوا؟! ئا به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌زانین كه‌ چه‌ندێ ئه‌وانه‌ بوختانچین و درۆ به‌ ده‌م خواوه‌ ده‌كه‌ن. 

- ئه‌هلی عیلم لێره‌دا سوودێكی زانستییان وه‌رگرتووه‌: مه‌به‌ستم له گێڕانی عیسا له‌ پشت و وه‌چه‌ی ئیبراهیم؛ زانایان وتویانه‌: ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی تێدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵی كچ له‌ منداڵی پیاو ده‌ژمێردرێن، واته‌: ئه‌گه‌ر پشت و نه‌سه‌بی یه‌كێكمان هێنایه‌ به‌ر باس و خواس، ئه‌وه‌ منداڵانی كچه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئه‌و نه‌سه‌به‌، وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ابن أبي حاتم –وه‌ك الحافظ ئیبن كه‌سیر ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت باسی ده‌كات- ڕیوایه‌تی كردووه‌ كه‌ (حه‌ججاج) بۆ (یه‌حیای كوڕی یه‌عمه‌ر)ی نووسیوه‌ ده‌ڵێت: "تۆ لافی ئه‌وه‌ت لێ داوه‌ كه‌ حه‌سه‌ن و حوسه‌ین له‌ وه‌چه‌ی پێغه‌مبه‌رن (صلی الله علیه وسلم)، وه‌ وتوته‌ ئه‌وه‌ش له‌ كتێبی خوادا هه‌یه‌، جا ئه‌مه‌ت له‌ كۆێ هێنا، من ئه‌وه‌ی له‌ دووتۆێی قورئاندایه‌ خوێندومه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌م نه‌دیوه‌ته‌وه‌؟" یه‌حیاش ئه‌م ئایه‌ته‌ی له‌ سووره‌تی (الانعام) بۆ ده‌نووسێت كه‌ ده‌فه‌رموێت: وَمِنْ ذُرِّيَّتِهِ دَاوُدَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ * وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ [الأنعام:٨٤-٨٥] ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ته‌ خوای گه‌وره‌ (عیسا)ی گێڕاوه‌ به‌ وه‌چه‌و نه‌وه‌ی ئیبراهیم، كه‌ ئه‌ویش ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی (مه‌ریه‌م)وه‌ بووه، چونكه‌ عیسا باوكی نییه‌، جا كاتێك نووسراوه‌كه‌ گه‌یشته‌ (حه‌ججاج) باوه‌ڕی پێی كردو بێده‌نگ بوو، جا له‌مه‌دا –وه‌ك زانایان ده‌ڵێن- به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ منداڵانی كچ (كچه‌زاو به‌ره‌و خوار)له‌ منداڵی پیاو ده‌ژمێردرێن و ده‌درێنه‌ پاڵ ئه‌و. 

وه‌ لێره‌دا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌ن په‌یوه‌ستن به‌مه‌وه‌، له‌وانه: ئه‌گه‌ر پیاوێك وه‌سێتی كرد به‌ شێتك یان شتێكی وه‌قف كردو وتی: ئه‌مه‌ بۆ منداڵانی فڵانه‌ كه‌س، ئایا منداڵانی كچ ده‌چێنه‌ ژێر ئه‌م وه‌سێته‌وه‌؟ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ كتێبی فه‌قیهه‌كاندا هه‌یه‌ و باس كراوه‌، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵی كچ پاڵ ئه‌درێته‌ لای باپیره‌ی و به‌ نه‌وه‌و وه‌چه‌ی ئه‌و ده‌ژمێررێت، هه‌روه‌ك له‌و فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت‌: ‌{إن ابني هذا سيد، وسيصلح الله به بين فئتين عظيمتين من المسلمين }.(٥) [ئه‌م كوڕه‌ی من (حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی) سه‌ییده‌، وه‌ خوا (له‌ داهاتودا) چاكسازی پێ له‌ نێوان دوو كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی موسڵماناندا ده‌كات] 

- عه‌ره‌به‌كانی سه‌رده‌می نه‌فامی، دانیان به‌مه‌دا نه‌ده‌نان و نه‌یانده‌سه‌لماند، كچیان به‌ دوور ده‌داناو له‌ نه‌وه‌و پشتی پیاو حسابیان نه‌ده‌كرد، هه‌روه‌ك حاڵی تیره‌و هۆزه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌مان، كه‌ منداڵی كچ له‌ منداڵانی خۆیان ناژمێرن، عه‌ره‌بیش له‌مه‌دا دێڕێ شیعری به‌ناوبانگیان هه‌یه‌ ده‌ڵێت: 

"بنونا بنو أبنائنا وبناتنـا ....... بنوهن أبناء الرجال الأباعد" 

ده‌یانگوت: منداڵی كچه‌كانمان: منداڵی كه‌سانی ترن، پاڵ نادرێنه‌ لای ئێمه‌؛ وه‌ نه‌وه‌و منداڵانی ئێمه‌: ته‌نها منداڵی كوڕه‌كانمانن و به‌س، ئه‌مه‌ بوو ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌رده‌می نه‌فامیدا له‌سه‌ری بوون و حوكمیان پێ ده‌كرد، به‌ڵام له‌ ئایینی ئیسلامدا، ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ حه‌سه‌ن و حوسه‌ین خوا لێیان ڕازی بێت پێیان ده‌وترێت: كوڕانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی ا لله علیه وسلم). 

وه‌ پوخته‌كه‌ی: كچ وه‌ك كوڕه‌، هه‌ردووكیان پاڵ ئه‌درێنه‌ پاڵ پیاو و ده‌بنه‌ وه‌چه‌و نه‌وه‌ی ئه‌و، وه‌ هه‌ردووك هه‌ق و مافی میراتگرییان هه‌یه‌، وه‌ منداڵه‌كانیشان ئه‌درێنه‌ پاڵ باپیره‌یان كه‌ باوكی كوڕو كچه‌كه‌یه‌. 


2. نه‌وه‌ی ئیبراهیم پێشه‌وایانێكن له‌سه‌ر فه‌رمانی خوا هیدایه‌ت وه‌رده‌گرن. 
موسه‌ننیف ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێت: "ومنها: أنه سبحانه جعلهم أئمة يهدون بأمره إلى يوم القيامة" 
خوای گه‌وره‌ ئه‌م ماڵه‌ پاڵفتگه‌كراو و هه‌ڵبژێرراوه‌-ماڵی ئیبراهیم و نه‌وه‌كه‌ی سه‌لامی خوای لێ بێت-ی گێڕاوه‌ به‌ پێشه‌واو پێشڕه‌و هه‌تا ڕۆژی هه‌ڵسانه‌وه‌و قیامه‌ت. 

پاشان ده‌فه‌رموێت: "فكل من دخل الجنة من أولياء الله بعدهم، فإنما دخل من طريقهم وبدعوتهم، ومنها: أنه سبحانه اتخذ منهم الخليلين، كما تقدم ذكره." 

"ومنها: أنه جعل صاحب هذا البيت إماماً للناس، قال تعالى: إِنِّي جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامًا قَالَ وَمِنْ ذُرِّيَّتِي قَالَ لا يَنَالُ عَهْدِي الظَّالِمِينَ" [البقرة:١٢٤]. 
"ومنها: أنه أجرى على يديه بناء بيته الذي جعله قياماً للناس، ومثابة للناس وأمناً، وجعله قبلة لهم وحجاً،" 
نه‌سرانییه‌كان حه‌جیان ڕوو به‌ به‌یتولمقه‌دیس بوو كه‌ مه‌سیحی لێ ڕه‌وانه‌كرا، وه‌ كاتێك كه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له‌وێ بوون، به‌ڵام كاتێك شیرك و هاوه‌ڵگیری كه‌وته‌ ناویانه‌وه‌، وایان لێ هات ئاڕاسته‌ی حه‌جیان ڕوو به‌ نزرگه‌و گۆڕی ئه‌حبارو ڕوهبان و پێغه‌مبه‌رانیان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ئێسته‌ لای گۆڕه‌كه‌ی به‌تره‌س ڕووی داوه‌و وایه‌، كه‌ ڕۆما كه‌نیسه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌-له‌سه‌ر گومان و لافلێدانی ئه‌وان، ئه‌نا به‌تره‌س نه‌گه‌یشتۆته‌ ڕۆما- له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی به‌تره‌س دروست كراوه‌و حه‌ج بۆ لای گۆڕو نزرگه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ن، هه‌زاران له‌ خه‌ڵكی ده‌چنه‌ سه‌ری و ده‌سوڕێنه‌وه‌ به‌ ده‌وریداو حه‌جیان بۆ ئه‌وێیه‌، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵانێك له‌ ڕافزییه‌كان و سۆفییه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ شوێنیان كه‌وتن و جێ پێیان هه‌ڵگرتن، حه‌جیان به‌ جۆرێك لێ كرد كه‌ ڕوو به‌ ئه‌و شوێنه‌ بێت گۆڕو نزرگه‌ی پێشه‌واكانیانی لێیه‌، هه‌ر هه‌مان ته‌واف به‌ ده‌وریان ئه‌واندا ده‌كه‌ن و هه‌مان مه‌به‌ستیان هه‌یه‌. 

وه‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر هاتو چووه‌ ئه‌و شوێنانه‌و له‌و گۆڕو نزرگانه‌ گریان و پاڕایه‌وه و به‌ ده‌وریاندا سوڕایه‌وه‌‌، یا ئه‌وه‌ته‌ ئیتر نایه‌ته‌ ماڵی خوا –بیت الحرام- به‌ ئێجگاری و وازی لێ دێنێ، یان دێت به‌ڵام به‌شێك له‌ به‌ندایه‌تی و خواپه‌رستی لاداوه‌ بۆ ئه‌وانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش شیرك و هاوه‌ڵگیرییه، ‌ چونكه‌ شیرك: یان ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕه‌هایی جگه‌ له‌ خوا بپه‌رسترێت، وه‌ یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا بپه‌رسترێت و جگه‌ له‌ویش له‌ گه‌ڵیدا بپه‌رسترێت. 

ڕافزییه‌كانیش له‌م كاره‌دا شیركیان زۆر گه‌وره‌ترو به‌ناوبانگترو به‌رچاوتره‌ له‌وه‌ی باس بكرێت، ته‌نانه‌ت گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و سنووره‌كه‌ی كه‌ ڕیوایه‌تێكی درۆیان له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ (صلی الله علیه وسلیم) هێناوه‌ كه‌ گوتویه‌تی: حه‌ج كردن بۆ خۆڵ و مه‌زاری حوسه‌ین حه‌فتا جار خێری زیاتره‌ له‌ حه‌ج بۆ مه‌ككه‌، به‌ڵكوو گڵ و خۆڵی كه‌ربه‌لا به‌ پیرۆزترو پاكتر ده‌زانن له‌ گڵی مه‌ككه‌. 

ده‌ڵێن: "ومن حديث كربلا والكعبة ...... لكربلا بان علو الرتبة" 

پاشان ئیتر له‌و تایه‌فه‌و كۆمه‌ڵه‌ سۆفییانه‌ش كه‌سانێك شوێنیان كه‌وتن و وه‌ك ئه‌وانیان كرد، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ موریدو ته‌ریقه‌دارانی ته‌ریقه‌ی قادری –دوای هاتنه‌وه‌ له‌ حه‌ج و زیاره‌تی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌رو گه‌ڕانه‌وه‌یان- ده‌ڕۆن بۆ به‌غداد بۆ زیاره‌تی شێخ عبدالقادری گه‌یلانی و وا ده‌زانن كه به‌ بێ ئه‌و سه‌ردانه‌ حه‌جه‌كه‌یان به‌ ته‌واوی وه‌رناگیرێت، ئیتر سه‌رسام ده‌بیت له‌و شیرك و هاوه‌ڵگیرییه‌ی له‌وێدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، لا حول و لا قوة الا بالله. 

ده‌بوو هه‌موو ئوممه‌ت و نه‌ته‌وه‌كان دژایه‌تی و به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌م شیركه‌ بكه‌ن.. جووله‌كه‌و نه‌سرانییه‌كان و موسلمانه‌كان دژایه‌تی بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی خۆوه‌پاڵدان بۆ لای ئیبراهیم ده‌كه‌ن سه‌لامی لێ بێت، شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت به‌ سوننه‌ت و ڕێڕه‌وی ئه‌ودا هه‌نگاو بنێن و یه‌كه‌مین كارێكیان قه‌ڵاچۆكردن و نه‌هێشتنی شیرك و دیارده‌كانی شیرك بێت، ئیبراهیم پێشه‌وای خه‌ڵكییه‌ له‌ ته‌وحیدو یه‌كخواناسیدا، وه‌ هه‌ر ئه‌و بوو به‌ فه‌رمانی خوا ئه‌م ماڵه‌ی دروست كرد تا ببێته‌ شوێنی هێمنی و جێی حه‌وانه‌وه‌ی خه‌ڵكی، جێی هه‌ڵسان و به‌جێهێنانی دروشمه‌كان، جا هه‌ر كه‌سێك ته‌واف بكات و به‌ ده‌وری ماڵێكی تردا بسوڕێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ خوا له‌ كن ئه‌م ماڵه‌ دایناوه‌؛ ئه‌وه‌ به‌ دڵنییاوه‌ ته‌وحیده‌كه‌ی خۆی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و ئه‌م بنه‌ما گه‌وره‌یه‌ی ئیبراهیمی له‌سه‌ر بووه‌ ڕووخاندویه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌بینین كه‌ جووله‌كه‌ خوا ڕووزه‌ردیان بكات كردیان، وه‌ نه‌سرانییه‌كان كردیان، وه‌ دوای ئه‌وانیش ئه‌وه‌ی له‌م ئوممه‌ته‌دا شوێنیان كه‌وتن ئه‌وانیش كردیان. 

ئه‌هلی كتابیش هه‌رچی فه‌زڵ و ڕێزدارییه‌ خوا داویه‌تی به‌ ئیبراهیم و نه‌وه‌كه‌ی ته‌نها له‌ (ئیسحاق)دا كورتیان كردۆته‌وه‌ سه‌لامی لێ بێت، وه‌ هه‌رچی له‌و نه‌بوو ئینكاری ده‌كه‌ن و نایسه‌لمێنن. 

پاشان موسه‌ننیف ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌ڵێت: ["فكان ظهور هذا البيت من أهل هذا البيت الأكرمين"] ، ئه‌وانه‌ به‌رێزترینی خه‌ڵكین له‌ پشت و نه‌سه‌ب و ڕێزداریدا؛ هه‌روه‌ك له‌و فه‌رمووده‌ی باسمان كرد: {الكريم بن الكريم بن الكريم بن الكريم: يوسف بن يعقوب بن إسحاق بن إبراهيم}(٤) [به‌ڕێزی كوڕی به‌ڕێزی كوڕی به‌ڕێزی كوڕی به‌ڕێز: (یوسف)ی كوڕی (یه‌عقوب)ی كوڕی (ئیسحاق)ی كوڕی ئیبراهیم] 

- سه‌ڵاوات دان له‌سه‌ر ئالی ئیبراهیم 
ده‌فه‌رموێت: "ومنها: أنه أمر عباده أن يصلوا على أهل هذا البيت" له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م ماڵه‌: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا –سبحانه‌وتعالی- فه‌رمانی به‌ خه‌ڵكی داوه‌ كه‌ سڵاوات له‌سه‌ر ئه‌هلی ئه‌م ماڵه‌ بده‌ن، خه‌ڵكی هه‌موو به‌ گشتی خوا په‌رستی ده‌كه‌ن به‌ سڵاوات دانیان له‌سه‌ر ئالی ئیبراهیم، وه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ به‌نده‌كانی خوا كه‌ نوێژ ده‌كات، به‌ندایه‌تی ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ له‌ نوێژه‌كانیدا سه‌ڵاوات له‌سه‌ر ئه‌م ماڵه‌ پاك و بێگه‌رده‌ ده‌دات، له‌مه‌شدا فه‌زڵ و گه‌وره‌یی و جیاكارییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ بۆ هیچ ماڵێكی تری ئه‌م جیهان نییه‌، هیچ به‌نده‌یه‌كی چاكسازی خوای گه‌وره‌ نییه‌ نوێژ بۆ خوا بكات مه‌گه‌ر فه‌رمانپێدراوه‌ كه‌ سه‌ڵاوات له‌سه‌ر ئه‌هلی ئه‌م ماڵه‌ پاكه‌ بدات، ماڵی ئیبراهیم سه‌لامی لێ بێت، وه‌ ماڵی موحه‌ممه‌د (صلی الله علیه وسلم)، وه‌ له‌مه‌شدا فه‌زڵ و ڕێزدارییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ هه‌یه‌، یاداوه‌رییه‌كه‌ بۆ هه‌موو نوێژخوێنێك كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ماڵه‌ له‌سه‌ری بوون، وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئیبراهیم بانگه‌وازی بۆ كردووه‌ سه‌لامی لێ بێت، وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ موحه‌ممه‌د بانگه‌وازی بۆ ده‌كات له‌ ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی، وه‌ به‌ تاكگرتنی خوای گه‌وره‌ به‌ به‌ندایه‌تی، وه‌ فه‌رمانبه‌رداری، خۆبه‌ ده‌سته‌وه‌ دان و ملكه‌چ بوون، هه‌روه‌ك هه‌ردوو خه‌لیل (ئیبراهیم و موحه‌ممه‌د) به‌ ته‌واوی ملكه‌چ بوون، هیچ هاوه‌ڵێكیان بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار نه‌دا، وه‌ ناو دڵیاندا هیچ شتێكی دیكه‌ی تێدا نه‌بوو جێگه‌ی خۆشه‌ویستی خوا بگرێته‌وه‌و موزاحه‌مه‌ی بكات، كه‌ هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بوو هه‌ردووك بوونه‌ دوو خه‌لیلی خوای گه‌وره‌. 

جگه‌ له‌ زۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ كه‌ چه‌نده‌ها تایبه‌تمه‌ندی زۆرو گه‌وره‌ن، به‌سه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ باسمان لێوه‌ كرد و قسه‌مان له‌سه‌ر كرد. 
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 
(١) [لا أزال أحب بنى تميم من ثلاث سمعتهن من رسول الله صلى الله عليه وسلم سمعت رسول الله صلى الله عليه وسلم يقول ثم هم أشد أمتي على الدجال قال وجاءت صدقاتهم فقال النبي صلى الله عليه وسلم هذه صدقات قومنا قال وكانت سبية منهم عند عائشة فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم أعتقيها فإنها من ولد إسماعيل] البخاري (٢٤٠٥)، مسلم (٢٥٢٥) عن أبي هريرة. 
(٢) رواه مسلم (٢٢٧٦)، الترمذي (٣٦١٢)، أحمد (٤/١٠٧) عن واثلة بن الأسقع. 
(٣) رواه البخاري (٣٣٦٤)، وأحمد (٢/٣٧٣، ٤١٦) عن أبي هريرة. 
(٤) البخاري (٣٢٠٢، ٣٢١٠، ٤٤١١) عن ابن عمر. 
(٥) رواه البخاري (٣/١٣٢٨، ١٣٦٩) (٣٤٣٠، ٣٥٣٦)، وأحمد (٥/٣٧، ٤٩)، والترمذي (٥/٦٥٨) (٣٧٧٣)، وأبو داود (٤/٢١٦) (٤٦٦٢)، والنسائي (٣/١٠٧) عن أبي بكر الصديق.

 

 

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram