له‌پێناو ژیانێكی هاوسه‌ریی باشتر و به‌خته‌وه‌ردا سايه فارس بێ گومان هاوسه‌رگیری پرۆسه‌یه‌كی گرنگ و پیرۆزه و بنچینه‌ی پێكهێنانی خێزان و هه‌رئه‌ویش بنچینه‌ی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ش ده‌بێته هۆی پێكهاتنی وڵاتێكی گه‌وره‌ی خاوه‌ن سنوور و ده‌ستووری تایبه‌ت به خۆی. ئه‌مه‌ش ڕۆڵێكی گرنگی هاوسه‌رگیری ده‌رده‌خات له هێنانه‌دیی ژیانێكی ئاوێزان له به‌خته‌وه‌ری و كێشه و ناسۆرییه‌كان. ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه ئه‌وه‌یه خێزانه‌كانمان به‌ئاگا بهێنینه‌وه له‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی كه پێیانبه‌خشراوه له ژیاندا و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردن و هه‌ڵسوكه‌وتكردن چ له‌نێوان هاوسه‌راندا یان هاوسه‌ران و منداڵه‌كانیان یاخود هاوسه‌ران و كه‌سوكار و ده‌ورووبه‌ر و كۆمه‌ڵگه. بۆیه سه‌ره‌تا پێویسته بنچینه‌كه‌مان پته‌و بكه‌ین و بنیاتی بنێین، بۆئه‌وه‌ی دوور بێت له داڕمان و هه‌ره‌سهێنان. هه‌روه‌ها بێهێز نه‌بێت له به‌رگریكردن به‌رامبه‌ر گۆڕانكارییه‌كان. زۆرێك له گه‌نجانمان تووشی فۆبیای هاوسه‌رگیری بوون و نا‌وێرن خۆیان له قه‌ره‌ی هاوسه‌رگیری و ژیانی نوێ بده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی جیابوونه‌وه یان خیانه‌ت یان ترسان له‌به‌رپرسیارێتی، كه له ده‌وروبه‌ر یان ئەو خێزانه‌ی كه خۆی لێی په‌روه‌رده بووه و سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئه‌مانه‌ش هه‌موو هۆكاری وه‌همین و ده‌توانرێت به‌ئاسانی وه‌لابنرێن. بۆئه‌وه‌ی لاوان ببنه ڕاگری كۆڵه‌كه‌ی خێزانێكی سه‌ركه‌وتوو و به‌خته‌وه‌ر و تووشی شۆك نه‌بن كاتێك ده‌بنه ده‌ستپێكه‌ری ئه‌و پرۆسه گرنگه، پێویسته پێشوه‌خت ڕێنمایی بكرێن چ له‌لایه‌ن باوانه‌وه بێت یان مامۆستایان و كه‌سانی شاره‌زا. - كه‌واته پێویسته سه‌ره‌تا بزانرێت كێ ده‌كاته هاوسه‌ری خۆی؟ -ئه‌و هۆكارانه چین كه پێویسته لاوانمان بیگرنه به‌رچاو بۆ هێنانه‌دیی ژیانێكی هاوسه‌ریی خۆش و ئاسووده و لێوان‌لێو له ڕێز وخۆشه‌ویستی؟ ئه‌مه‌ش پێویستی به هۆشیاریی لاوان هه‌یه له هه‌ڵبژاردنی هاوبه‌شی ژیانیاندا؛ ئه‌و هۆكاره سه‌ركییانه‌ش: ١- ڕه‌وشتی جوان ٢- ئیمانێكی پاك و ڕاست ودروست و دوور له ڕیایی ٣- ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی نزیك له‌یه‌كتر ٤- ته‌مه‌نی گونجاوی هه‌ردوو لا به‌ڵام چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ هه‌ن كه زۆر پێویسته لاوان به‌هه‌ند وه‌ریگرن و پشتگوێی نه‌خه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له داهاتوودا تووشی شۆك نه‌بن و پاشانیش په‌شیمانی و دواتریش كاره‌ساتی تری به‌دواوه نه‌بێت، ئه‌وانیش: ١- هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی ٢- قوربانیدان ٣- قبووڵكردنی كه‌سی به‌رامبه‌ر به‌ڕاستی هه‌رگیز هاوسه‌رگیرییه‌كی به‌خته‌وه‌ر به‌رده‌وام نابێت، ئه‌گه‌ر دوور بوو له‌و سێ ته‌وه‌ره‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كی كتوپڕ له ژیانی هاوسه‌راندا ڕوو ده‌دات، هه‌ر بۆیه پێویسته پێشوه‌خت لاوان ئاماده بن بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه له ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌یییه‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ دایكان و باوان ده‌گێڕمه‌وه به‌وه‌ی كه به‌رپرسی سه‌رەكیی داهاتووی منداڵه‌كان و ڕۆڵیانن له ژیانی هاوسه‌ریدا تا بتوانن به‌هه‌شتێكی دونیایی پێكبهێنن، بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌شتی ئاخیره‌تیشیان له‌ده‌ست نه‌چێت. به هیوای ژیانێكی ئاوێزان و لێوان‌لێو له ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری!