سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  توندوتیژى له‌ خێزان و توندوتیژى له‌ شه‌قام
گۆڕینی فۆنت

زانا رۆستایى
توندوتیژى سروشتێكه‌ ڕه‌گى به‌قووڵى داكوتاوه‌ له‌ ناخى هه‌ندێك له‌ مرۆڤه‌كاندا و پێویستى به‌ ڕاهێنان و ڕامكردنێكى زۆر هه‌یه‌ تاوه‌كوو كۆنترۆڵ بكرێت. ئه‌و بابه‌ته‌ توێژینه‌وه ‌و باسى زۆرى له‌سه‌ر كراوه ‌و زۆرى تریش هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایین كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ مرۆڤ وه‌كوو بوونه‌وه‌رێكى شارستانى به‌رز ڕه‌فتار بكات و سروشتى نه‌رمونیانى زاڵ بكات به‌سه‌ر شه‌ڕخوازى و توندوتیژى له‌ ڕه‌فتاردا. 

وڵاتانى دونیا به‌ شێوازى جیاجیا هه‌وڵى بنه‌بڕكردنى ئه‌م دیارده‌یه‌یان داوه‌ كه‌ دیارترینیان یاساكانن به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا نه‌یانتوانیوه‌ ڕێببگرن له‌ هانده‌ره‌كانى توندوتیژى كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ ماڵ، له‌ شه‌قام، له‌ قوتابخانه،‌ له‌ بازاڕ، له‌ شاره‌كانى یارى، له‌ڕێگاى میدیاكان و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و فیلمه‌ سینه‌مایییه‌كان و ڕووداوه‌ سیاسییه‌كانى وڵاتان و ڕه‌فتارى داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان خه‌ریكه‌ مرۆڤى سه‌رده‌مى جیهانگیرى له‌سه‌ر گۆش ده‌كرێت. 

له‌لایه‌ك بانگه‌شه‌ ده‌كرێت بۆ نه‌هێشتنى تووندوتیژى له‌لایه‌كى تر ره‌واجى پىَ ده‌درێت , ئه‌م دوو فاقیه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌كى وا مه‌ترسیدار سه‌ره‌نجام به‌ قازانجى به‌ره‌ى شه‌ڕخوازى تووندوتیژى كۆتایى دێت , چونكه‌ ژینگه‌ى گه‌شه‌كردن و سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و زیاتر له‌باره‌ . 
پێشتر ره‌نگه‌ كۆمه‌ڵگه‌ رۆژهه‌لاَتیه‌ مسوڵمان نشینه‌كان و ولاَته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌كان زیاتر ئه‌و وه‌سفه‌یان به‌سه‌ر دابڕابێت گوایه‌ زۆرترین تووند وتیژیان تیا روو ده‌دات له‌سه‌ر ئاستى تاك و خێزان و ولاَتدا , به‌لاَم رووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى شانشینى یه‌كگرتوو له‌ ناو جه‌رگه‌ى له‌نده‌نى پایته‌خت و شاره‌كانى تر, ئه‌و راستیه‌ى سه‌راوژوور كرده‌وه‌ كاتىَ تالاَن و دزى و شكاندن و سوتاندنى موڵك و ماڵى هاولاَتیان به‌ رۆژى رووناك هه‌موومانى تاساند , ئاى... خۆ ئه‌مه‌ ئه‌و ولاَته‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك لێیان فێرى سیسته‌م و ریز گرتن و ناتوند وتیژى خێزانى ده‌بوو ؟! 
به‌ریتانیا چه‌ندین ساڵه‌ به‌ رێگاى قوتابخانه‌و یاساكان به‌ حساب ناتووندوتیژى كردۆته‌ كه‌لتوور و كه‌س له‌ ناو ماڵى خۆشى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌شى ناتوانێت ره‌فتارى نیمچه‌ تووندوتیژ بنوێنێت , به‌لاَم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ها به‌رزه‌كان له‌و ولاَتانه‌ باریان كردوه‌ و مرۆڤایه‌تى زیاتر به‌دواى غه‌ریزه‌ و هه‌سته‌كان سه‌رگه‌ردانه‌و ئاژه‌ڵگه‌رایى و خۆپه‌رستى و تاك گه‌رایى (الفردية‌) كه‌ به‌روبوومى سه‌رمایه‌دارین بوونه‌ته‌ به‌ها و كه‌لتوور, وێڕاى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان و وێڵ بوون به‌ دواى مادده‌ سه‌رخۆشكه‌ر و بێهۆشكه‌ره‌كان هه‌روه‌ها كزبوونى كاریگه‌رى ئایندارى به‌سه‌ر تاكه‌كانى ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ , له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ یاسا به‌ته‌نها ناتوانێت مرۆڤه‌كان رابێنێت له‌سه‌ر نه‌رم و نیانى . 
له‌ هه‌رێمى كوردستانیش یاساى (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتیژى خێزانى ) ده‌ركراوه‌ و سه‌رۆكى هه‌رێمیش گوێى نه‌دا به‌ داواكارى یه‌كیه‌تى زانایانى ئیسلامى و رێگرى لىَ نه‌كرد , ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌ بۆته‌ مۆدیلێك له‌ دونیاى پێشكه‌وتوو به‌بىَ ئه‌وه‌ى دیراسه‌یه‌كى وورد كرابێت كه‌ ئایا له‌ هه‌رێمى كوردستان چ پێویستیه‌كى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌كى له‌م جۆره‌ ؟ ئایا تووند وتیژى خێزانى بۆته‌ دیارده‌یه‌كى وا مه‌ترسیدار كه‌ پێویست به‌ یاسایه‌كى كۆپى كراو بكات له‌سه‌رى جێبه‌جىَ بكرێت ؟ بێگومان توندوتیژى خێزانى ده‌بىَ چاره‌سه‌ر بكرێت , به‌لاَم پێناسه‌ى ئه‌و توندوتیژیه‌ ده‌بىَ چۆن بكرێت له‌ ولاَتى ئێمه‌ ؟و میكانیزمه‌كانى چاره‌سه‌ریه‌كه‌ى چۆنن؟ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاساكه‌یان كێشه‌ى لىَ بكه‌وێته‌وه‌ . 
لایه‌نى فه‌رمى له‌به‌رامبه‌ر شه‌قام وخۆپیشانده‌ران و داواكارنى چاكسازى له‌ هه‌رێم په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر تووندوتیژى و كوشتن و برینداركردن و لێدان و تۆقاندن وئازاردانى جه‌سته‌یى و نان بڕین و فشارى سیاسى و ئه‌منى و ئابوورى و به‌ ره‌واشى ده‌زانن و لێپرسینه‌وه‌ى یاساییشیان له‌گه‌ڵ ناكرێت , به‌لاَم ئه‌گه‌ر مناڵێكت زیانى به‌ ماڵه‌ دراوسێیه‌كت گه‌یاند یان لاساریه‌كى كرد باوك بۆى نیه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردن خۆى لىَ زوویر بكات یان زلله‌یه‌كى په‌روه‌رده‌كاریانه‌ى لێبدات له‌و كاته‌ش روبه‌روى غه‌رامه‌و حه‌بس ده‌بێته‌وه‌ , ئیتر رێزى دایك و باوك و به‌رپرسیارێتى هاوبه‌شى ژن و مێرد و سه‌قامگیرى خێزان به‌هۆى ئه‌م یاسایه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى راسته‌قینه‌.

 1291

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram