سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  تەڵاق حوکمێکی خوایی یە ، نەك تەزبیحی دەستی پیاوان!
گۆڕینی فۆنت

باوکی ئه‌سمائـ.
لێرەدا من باس لە حوکمی تەڵاق و جۆرەکانی تەڵاق ناکەم ،چونکە زۆرێك لە زانایان و مامۆستایانی کورد زوبان زۆر بەجوانی ڕونیان کردۆتەوە، بەڵکو تیشکێکی کورت دەخەمە سەر خاڵێکی دژوار کە زۆرێك لە پیاوانی کورد یان بێ ئاگان لێی یان گوێ نادەن بە چۆنیەتی ئەم حوکمە شەرعی یە ، بەڕاستی بە داخەوەم تاوەکو ئێستاش زۆرێك لە پیاوان ، لە مانای تەڵاق بەجوانی تێنەگەشتون و ، سوێند خواردن بە تەلاق و تەڵاق خواردن بۆتە بنێشتە خۆشەی سەرزمانیان و هەرکات توڕە بونێکی سادە لەگەڵ خێزانیاندا ڕویدا یان لە دەرەوەی ماڵ بۆ گاڵتەو گەپ یان لەکاتی کڕین و فرۆشتندا زۆریان بۆ هات خێرا سێ بەسێ یەکی پیادا دەکێشن!. 
هەندێکیان بەوەشەوە ناوەستێت بەڵکو سوێند بەتەڵاق دەخوات خوا پەنامان بدات! ،ئەمە لەکاتێکدایە سوێند خواردن بە غەیری خوا دەبێتە هاوەڵ پەیداکردنی بچوك بۆ خوای گەورەو، هێندەی تاوانێکی گەورەی وەك (زینا ، دزی کوشتن، مەشروب …تادێت) سەنگی هەیە، بگرە زیاتریش هەیە لای خوا!. 
برا بەڕێزەکەم حیکمەتی ناردنە خوارەوەی سورەتێك بە ناوی سورەتی(الطلاق) بۆ ئەوە نی یە هەرکات ئارەزوتان کرد لەسەر هەواو نەفسی خۆتان بێ ئەوەی کێشەیەکیشتان لەگەڵ خێزانتاندا هەبێت خێرا تەڵاق بخۆن!. 
بەڵکو حیکمەتی ئەو حوکمە شەرعی یە بۆ جیا بونەوەی ژن و مێردێکە کەوا دوای ئەوەی کە کەسوکاری هەردوولا گەشتنە کۆتا ئەنجام و سەرجەم ڕێگاکانی بەیەك گەیاندن و ئاشت بونەوەیان گرتبۆیە بەرو بێ هیوا ببن لە پێکەوە ژیانی ئەم خێزانەو،وە بەتەواوی هەست بکرێت بەوەی کەوا ئەم ژن و مێردە ناتوانن لەژێر سێبەری یەکدا بحسێنەوەو ژیان بەرنە سەر، ئەوکاتە کۆتا ڕێگە تەڵاق دێتە مەیدان بۆ جیاکردنەوەی ئەم ژن و مێردەو کۆتایی بەژیانی هاوسەریان دێت،نەك هەرکات ویستت لەسەر لەسەر هەواو نەفس تەڵاق بخۆیت و ژیانی خۆشت و خێزانیشت و کۆمەڵێك منداڵی بێ تاوانیش تێك بدەیت!. 
وە ئەگەر خوای گەورەش ئەم ڕێگەیەی دانەنایە ئەوە بەڕاستی کارەسات ڕوی دەدا لەسەر زەوی داو ئەگەر ژن و مێردێك نەگونجانایە پێکەوە دەبوا بە مەجبوری تا مردن هەر پێکەوە بونایە!، بەڵام خوای گەورە ئەم حوکمە شەرعیەی داناوە تاوەکو ئەو ژن و پیاوانەی ناتوانن پێکەوە بژین و، ژیان بەرنە سەر ئەوا ڕێگەی جیا بونەوە بگرنە بەرو ، دواتر ژیانی هاوسەری لەگەڵ کەسانی هاو شان و هاو ڕای خۆیاندا ببەستن!. 
هەر بۆیە دەبینین خوای گەورە ئەم حوکمە شەرعیەی زۆر بەقورسیش خستۆتە سەر شانی پیاوان و لەڕێی پێغەمبەرەکەیەوە (صلی الله علیە وسلم) ئاگاداری کردونەتەوە کەوا هەروا ئاسان نی یە بەکار هێنانی ئەم حوکمە بەزمان بۆیە دەبینین تەڵاق خواردن بە گاڵتەو ڕاستەقینە ، وەك ئەوەیە کە بەڕاستی تەڵاقت خواردبێت و گاڵتەو ڕاستی هەر ڕاستیەو گەر کەسێك بە گاڵتەشەوە خێزانی تەڵاق بدات ئەوە تەڵاقی دەکەوێت لەشەرعدا!. 
کەواتە چاك بزانە تەڵاق تەزبیحی دەستت نییەو حوکمێکی شەرعی یەو تکایە سنوری شەرعی خوا مەترازێنن، چونکە دواتر دەبیتە هۆکاری تێك دان و بچڕاندنی شیرازەی دەیان خێزان و ،سەرەنجامیش دەیان مناڵ لەسۆزی دایك و باوك دووردەخەنەوەو، سەرە ڕای هەموو ئەمانەش کۆمەڵگاش بەرەو داڕوخانی ڕەوشت و هەڵوەشاندنەوە دەچێت!.

 1425

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram