دانراوه له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام ٣٠- چه‌ند موعجیزه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕێگه‌ی كۆچدا خوای گه‌وره پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی به ئایینی حه‌ق و هیدایه‌ت ناردووه، واده‌ی سه‌ركه‌وتن و نێشته‌جێبوون و ته‌مكینی پێ داوه. پاڵپشتی خوای گه‌وره‌ش بۆی به چه‌نده‌ها شێواز و جۆر بووه؛ له‌وانه موعجیزات و شتانێك كه له عادات و خووی مرۆڤ به‌ده‌ر بوون. پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) جگه له‌وه‌ی له قورئان موعجیزه‌ی هه‌ره‌گه‌وره‌ی بووه، چه‌نده‌ها موعجیزه و سه‌راسیمه و شتانی له-عاده‌ت-به‌ده‌ری لێ ڕوو داوه. هه‌یانبووه پێش كۆچكردن و له‌میانه‌ی كۆچكردن و دوای كۆچكردنیشی. له‌م بابه‌ته‌دا یه‌ك دوو موعجیزه و سه‌راسیمه كه له كاتی كۆچی‌دا خوا (سبحانه وتعالی) بۆی هێناوه‌ته جێ، ده‌یخه‌ینه ڕوو إن شا‌ء الله. ئه‌بووبه‌كری سدیق -خوا لێی ڕازی بێت- به‌م شێوه باس له ڕووداوێكی كۆچ ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و شه‌وه ڕۆشتین تاكو چێشته‌نگاو، سه‌یریمان كرد ڕێگه چۆڵه‌و كه‌س دیار نییه، به‌ردێكی درێژمان تووش هات كه تا ئه‌و كاته خۆر نهیگرتبۆوهو سێبه‌ره‌كه‌ی مابوو، لای به‌رده‌كه لامانداو هاتم شوێنێكم پاك كردووه تاكو پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) لێی بخه‌وێت، پاشان راخهرێكم دانا‌و وتم: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) بخه‌وه، من ئاگام له‌ملاو لا ده‌بێ و ئه‌ویش خه‌وت." پاشان ئه‌بووبه‌كر باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن شوانێك به لایاندا تێپه‌ڕیوه و ئه‌میش داوای شیری لێ كردووه و له‌و كاته‌دا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) خه‌به‌ری بۆته‌وه و لێی خواردۆته‌وه و ئه‌وجا فه‌رموویه‌تی: (ئایا كاتی ڕۆیشتن نه‌هاتووه؟) ده‌ڵێ: وتم: به‌ڵێ. ده‌ڵێت: ئیتر كاتێك ڕۆژ به‌رز بۆوه و ڕۆیشتین و به‌ڕێ كه‌وتین تاكوو بینیمان وا سوراقه‌ی كوڕی مالیك شوێنمان كه‌وتووه. موعجیزه‌یه‌ك له ده‌واری ئوممهعبهددا له كتێبه‌كانی فه‌رمووده و ژیاننامه‌دا ڕووداوێك به‌ناوبانگه كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) و هاوه‌ڵه‌كانی له ده‌واری ئوممهعبهد لایانداوه و داوای خواردنیان كردووه، به‌ڵام ئه‌م به‌سه‌رهاته هه‌موو ڕێگاكانی لاواز و ناڕاستن، ته‌نها یه‌ك ڕێگه نه‌بێت كه هاوه‌ڵی به‌رێز قه‌یسی كوڕی نوعمانی سكوتی ده‌یگێڕێته‌وه كه به‌م شێوه‌یه: "كاتێك پێغه‌مبه‌ر و ئه‌بووبه‌كر به‌ڕێ كه‌وتن، به‌شاراوه‌یی ویستیان له لای ئهبوومهعبهد لابده‌ن (شتێك بخۆن). وتی: سوێند به خوا هیچ مه‌ڕێكمان نییه، مهڕهكهمان سكپڕه و هیچ شیری تێدا نییه. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمووی: ئه‌و مه‌ڕه كامه‌یه؟ هێنای و پێغه‌مبه‌ریش دوعای كرد فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌تی تێ بكه‌وێت، پاشان شیری تێ كه‌وت و دۆشیان و لێیان خواردوه. پاشان وتی: تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه قوره‌یش پێت ده‌ڵێن له دینی باوك و باپیرانی وازی هێناوه؟ فه‌رمووی: به‌ڵێ، ئه‌وان وا ده‌ڵێن. وتی: گه‌واهی ده‌ده‌م كه ئه‌وه‌ی پێی هاتوویت حه‌ق و ڕاسته. پاشان وتی: شوێنت ده‌كه‌وم و موسڵمان ده‌بم. فه‌رمووی: نه‌ئـ، تاكوو ده‌بیستی ئێمه ده‌ركه‌وتووین و ناومان بڵاو بۆته‌وه. پاشان له‌دواییدا شوێنی كه‌وت." ئه‌م هه‌واڵه سه‌راسیمه‌یه‌كی به‌رچاو و به‌رجه‌سته‌ی تێدا بوو، كه ئهبوومهعبهد خۆی بینی و باوه‌ڕی پێ هێنا. چیرۆكی سوراقه‌ی كوڕی مالیك به‌سه‌رهاتی سوراقه‌ش یه‌كێكه له‌و موعجیزه گه‌ورانه‌ی ڕێگه‌ی كۆچ كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی سوراقه له دوژمنێكی هه‌لپه‌رسته‌وه ببێته شوێنكه‌وته‌یه‌كی گۆێڕایه‌ڵ. سوراقه ده‌ڵێت: "كاتێك پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) له مه‌ككه ده‌رچوو و به‌ره‌و مه‌دینه كۆچی كرد، قوره‌یش سه‌د حوشتریان كرده دیاری ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یگرێت و بۆیان ده‌گێڕێته‌وه. ده‌ڵێت: كاتێك من له‌ناو یانه و شوێنی دانیشتنی تیره و هۆزه‌كه‌ی خۆمدا دانیشتبووم، یه‌كێكمان هات و وتی: سوێند به خوا سێ سوارم بینی به‌لامدا تێپه‌ڕ بوون ئێسته؛ من وا ئه‌زانم ئه‌وه موحه‌ممه‌د و هاوه‌ڵه‌كه‌ی بوون. ده‌ڵێت: به چاو ئاماژه‌م بۆ كرد كه بێده‌نگ بێت. پاشان وتم: ئه‌وه تیره‌ی فڵان بوون شتێكیان لێ ون بووه و بۆی ده‌گه‌ڕێن. وتی: ڕه‌نگه وا بێت. پاشان بێده‌نگ بوو." پاشان سوراقه باس له‌وه ده‌كات كه شوێنیان ده‌كه‌وێت و ده‌یه‌وێت بیانداته‌وه به قوره‌یش، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده لێیان نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌سپه‌كه سم ده‌دات و هه‌ڵی ده‌دات. پاشان ده‌زانێت كه ئه‌مه كارێكی ئاسایی نییه و داوای دوعا ده‌كات له پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم). له‌پێشدا بۆ ئه‌وه هاتبوو كه بیانگرێت و بیانداته‌وه ده‌ستی قوره‌یش، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك دڵی ئارام ده‌بێت و ئه‌و داوای لێبوردن و ئه‌مان له پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) ده‌كات. پاشان ئه‌وان داوای لێ ده‌كه‌ن كه هه‌واڵیان له قوره‌یش ون بكات و كه‌س ئاگادار نه‌كات به بینینیان و ئه‌ویش په‌یمانیان پێ ده‌دات و لای هیچكه‌س باسی ناكات. ئه‌م هه‌واڵه‌ش دوای فه‌تحی مه‌ككه و موسڵمانبوونی سوراقه ده‌گێڕێته‌وه. ئیتر به‌م شێوه‌یه له سه‌ره‌تادا سوراقه به دڵێكی پر-له-قین و هیوای سه‌د حوشتره‌وه به‌ره‌و ڕوویان ڕۆیشت، ته‌نانه‌ت كه‌سی له هۆزه‌كه‌ی خۆشی ئاگادار نه‌كرده‌وه تا ده‌سكه‌وته‌كه هه‌مووی بۆ خۆی بێت. به‌ڵام له‌بریتی ئه‌وه ده‌سكه‌وتی دنیا و قیامه‌تی بۆ خۆی پچڕی و ئیمانی هێنا. بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی سوراقه سه‌یری ئێره بكه: http://dangiislam.org/v/content/besh/ziatr/page/0/targetid/1489-130-128.html/ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه له‌ڕێگه‌ی كۆچی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا بۆ مه‌دینه چه‌ند موعجیزه و سهراسیمهیهك ڕوویان دا و خوای گه‌وره پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی پاراست له ده‌ستی بێباوه‌ڕان و به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشته مه‌دینه‌ی پیرۆز. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سه‌رچاوه: (الشبكة الإسلامية).