دانراوه له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام ٢٩- يه‌كه‌مین كۆچكه‌ران له هاوه‌ڵه‌كان ئه‌شكه‌نجه و ئازار له سه‌ر باوه‌ڕداران هێنده توندوتیژ بوو تا وای لێ هاتبوو مه‌ككه ببووه دۆزه‌خێكی ڕاسته‌قینه و توانای ژیانیان نه‌مابوو تێدایدا، توانا‌و ته‌حه‌ممولیان له‌به‌ر بڕا، ئیتر پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ڕێگه‌ی پێدان كۆچ بكه‌ن بۆ مه‌دینه تاكو بتوانن خۆیان بپارێزن، دروشمه‌كانیان به باشی و بێ‌ترس به‌جێ بێنن، له ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری ده‌روونی و لاشه‌یی قوڕه‌یش ڕزگاریان بێت، ئیماندارانیش هه‌موو هاتن به پیر فه‌رمانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه‌و ده‌ستیان به كۆچ كردن كرد، تێداندا بوو كه له سه‌ره‌تاوه كۆچی كرد‌و به‌ره‌و مه‌دینه كه‌تبووه رێ؟ ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێ له‌م بابه‌ته‌ماندا بیخه‌ینه پێش. موسای كوڕی عه‌قه‌به و ئیبن ئیسحاق كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌باسه‌له‌مه كوڕی عبد الأسد یه‌كه‌م كه‌سێك بوو كه له مه‌ككه‌وه به‌ره‌و مه‌دینه كۆچی كرد، پاش ئه‌وه‌ی له حه‌به‌شه گه‌ڕایه‌وه قوڕه‌یش ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارێكی زۆریان دا، ئیتر پێش په‌یمانی عه‌قه‌به به ساڵێك به‌ره‌و مه‌دینه كه‌وته ڕێ. هه‌روه‌ها موسعه‌بی كوڕی عومه‌یرو ئیبن مه‌كتوم له سه‌ره‌تای هاوه‌ڵان بوون كه كۆچیان كرد بۆ مه‌دینه‌و له‌وێ قورئانیان فێری خه‌ڵكی ده‌كرد. پاشان كۆچكه‌ران یه‌ك له دوای یه‌ك هاتن و گه‌یشتنه مه‌دینه، بیلالی كوڕی ڕه‌باح و سه‌عدی كوڕی ئه‌بی وه‌قاص و عه‌مماری كوڕی یاسر و پاشان عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب له‌گه‌ڵ بیست له هاوه‌ڵاندا كۆچیان كرد. قوڕه‌یش به هه‌رڕێگه‌و هۆكارێك بوو ده‌یویست ئه‌م كۆچكردنه په‌ك بخه‌ن و گرێ و قۆرت و به‌ربه‌ستی بخه‌نه پێش، گرفت و كێشه‌یان بۆ كۆچكه‌ران ده‌نایه‌وه، جارێك به ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ماڵه‌كانیان و قه‌ده‌غه‌كردنیان تاكو له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن، جارێكی دیكه‌ش به گرتن و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی خێزان و منداڵه‌كانیان، وه سێیه‌میش فرت و فێڵ لێكردنیان به هه‌رجۆرێك بێ تا بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ مه‌ككه، به‌ڵام هیچ شێتك له‌مانه كاروانی كۆچكه‌رانی په‌ك نه‌خست و ویست و هیممه‌تیانی لاواز نه‌كرد، كۆچكه‌ران له‌وپه‌ڕی خۆ ئاماده‌ییدا بوون بۆ وازهێنان و داماڵینیان له ماڵ و منداڵ و هه‌رچی سامان و ماڵی دنیایان هه‌یه له پێناو به‌پیره‌وه‌هاتنی بانگه‌وازی عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕیان. ئه‌وان به ته‌واوی خۆیان به خوا فرۆشتبوو، بۆیه هه‌موو شتێكی دیكه‌یان له‌به‌رامبه‌ر ڕازه‌مه‌ندی په‌روه‌ردگار لا بچووك بوبۆوه‌و ماڵ و منداڵ و وڵات و زێدی خۆیان له‌به‌ر خوا به‌جێ هێشت و داستانێكیان له مێژوودا تۆمار كرد تا ئێسته‌ش وێنه‌ی نه‌بووه‌و نییه. دایكی ئیمانداران ئوم سه‌له‌مه به‌شێك له‌به‌سه‌رهاتی كۆچكردنه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌لێت: كاتێك كه ئه‌بو سه‌له‌مه خۆی كۆكرده‌وه به‌ره‌و مه‌دینه بڕوات، حوشتره‌كه‌ی هێناو منی خسته سه‌ری و سه‌له‌مه‌ی كوڕیشی خسته باوه‌شمه‌وه، پاشان ڕه‌شمه‌ی حوشتره‌كه‌ی گرت و لێی ده‌خوڕی، كاتێك پیاوانی نه‌وه‌ی موغیره‌ی كوڕی عبدالله‌ی كوڕی عه‌مری كوڕی مه‌خزووم بینیان بۆی هه‌ڵسان و وتیان: ئه‌وه كه ناتوانین به‌ر له خۆت بگرین،پێت وایه ده‌هێڵین ژن و منداڵه‌كه‌شت له‌گه‌ڵ خۆت به‌ریت؟ ده‌ڵێت: ڕه‌شمه‌ی حوشتره‌كه‌یان لێ وه‌رگرت و منیان لێ جیاكرده‌وه، ده‌ڵێت: ئیتر نه‌وه‌ی عبداالأسد كه خزم و پاڵپشتی ئه‌بو سه‌له‌مه بوون توڕه بوون، وتیان: نه‌خێر، سونێد به‌خوا، ئێمه‌ش ناهێڵین كوڕه‌كه‌مان لای بمێنێته‌وه ماده‌م دایكیتان له هاوه‌ڵه‌كه‌مان سانده‌وه، ده‌ڵێت: ئیتر سه‌له‌می كوڕمیان هێناو برد له ناوخۆیانداو ڕایان ده‌كێشا تاكو په‌لیان كێشا، ئیتر نه‌وه‌ی عبداالأسد بۆ خۆیان بردیان و نه‌وه‌ی مه‌خزومیش منیان لای خۆیان گیردا، ئه‌بو سه‌له‌مه‌ی هاوسه‌ریشم به‌ره‌و مه‌دینه كه‌وته ڕێ، ده‌ڵێت: به‌و جۆره من و مێرده‌كه‌م و منداڵه‌كه‌میان له یه‌كتر كرد‌و په‌رته‌وازه‌یان كردین، ئیتر هه‌موو به‌یانییه‌ك ئاهاتمه ده‌ره‌وه‌و ده‌ستم ئه‌كرده گریان هه‌تا ئێواره داده‌هات، نزیكه‌ی ساڵێك به‌و شێوه‌یه مامه‌وه تاكو ڕۆژێك پیاوێك له كوڕانی مامم له نه‌وه‌ی موغیره، بینمیمی كه له چی حاڵێكدام و به‌زه‌یی پێم‌دا هاته‌وه، به نه‌وه‌ی موغیره‌ی وت: ئه‌وه بۆ ئه‌م داماوه ئازاد ناكه‌ن خۆی و منداڵه‌كه‌ی و مێرده‌كه‌یتان له یه‌كتر جیاكردۆته‌وه به‌م شێوه‌یه، ده‌ڵێت: ئیتر پێیان وتم: خۆت بگه‌یه‌نه‌ره مێرده‌كه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت و نه‌وه‌ی عبدالأسدیش كوڕه‌كه‌یان پێ دامه‌وه. دایكی سه‌له‌مه ده‌ڵێت: خۆم و كوڕه‌كه‌م له باوه‌شمدا سواری حوشتره‌كه‌م بوین و به‌ره‌و مه‌دینه كه‌وتینه ڕێ، هیچ كه‌سێكم له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، كاتێك گه‌یشتنمه (ته‌نعیم) به عوسمانی كوڕی ته‌لحه‌ی كوڕی ئه‌بی ته‌لحه‌ی برای نه‌وه‌ی عبدالدار گه‌یشتم، وتی: بۆ كۆێ ئه‌چیت ئه‌ی كچی باوكی ئومه‌ییه؟ ده‌ڵێت: وتم: ئه‌ڕۆم به‌ره‌و مه‌دینه بۆ لای مێرده‌كه‌م، وتی: ئه‌ی كه‌ست له‌گه‌ڵدایه؟ وتم: نه‌خێر، ته‌نها خوا‌و پاشان ئه‌م كوڕه‌م نه‌بێت، وتی: سوێند به‌خوا به‌جێیت ناهێڵم، ئیتر ڕه‌شمه‌ی حوشتره‌كه‌ی گرت و پێشم كه‌وت، سوێند به خوا هاوه‌ڵێتی هیچ پیاوێكم نه‌كردووه له عه‌ره‌ب و بینیبێتم له‌و به‌ڕێزتر بێت، كاتێ بگه‌شتایه‌ته شوێنێك حوشتره‌كه‌ی ده‌خست، پاشان خۆی دوور ده‌كه‌وته‌وه، ئیتر پاشان كه داده‌به‌زیم، حوشتره‌كه‌ی ده‌بردو به شوێنێكه‌وه ده‌یبه‌سته‌وه، ئیتر ده‌چووه سێبه‌ری دارێك و پشووی ده‌دا، كه كاتی ڕۆشتنیش ده‌هات حوشتره‌كه‌ی دێنا‌و دووباره دوور ده‌كه‌وته‌وه تا سوار ده‌بوین، ئه‌وجا ده‌هاته‌وه‌و ڕه‌شمه‌ی حوشتره‌كه‌ی ده‌گرته‌وه‌و پێشمان ده‌كه‌وت، ئیتر به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵمان بوو یارمه‌تی داین تا گه‌یاندینیه مه‌دینه، كاتێك له (قوبا‌ء) گوندی نه‌وه‌ی عه‌مری كوڕی عه‌وفمان چاو پێ كه‌وت وتی: مێرده‌كه‌ت له‌و گونده‌دایه- كه ئه‌بو سه‌له‌مه له‌وێدا لایدابوو مابۆوه- له‌سه‌ر به‌ره‌كه‌تی خوا بڕۆ‌و وا منیش ده‌گه‌ڕێمه‌وه، ئیتر پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌ككه، ئوم سه‌له‌مه ده‌یگوت: سوێند به خوا ماڵێك نازانم له ئیسلامدا وه‌ك ماڵی ئه‌بو سه‌له‌مه‌ی به‌سه‌ر هاتبێ، وه‌هیچ هاوه‌ڵێكم نه‌دیوه به ڕێزتر بێت له عوسمانی كوڕی ته‌لحه). به‌م شێوه‌یه زۆرێك له هاوه‌ڵه‌كان له كاتی كۆچكردنیاندا تووشی ڕێگری و به‌ربه‌ست هاتوون و به جۆره‌ها شێواز ئه‌شكه‌نجه‌یان خواردووه، هه‌ندێكیان ماڵ و سامانیان له ده‌ست داوه و له پێناوی خوادا سه‌ریان هه‌ڵگرتووه‌و دوا ڕۆژیان پارسه‌نگ كردووه به‌سه‌ر دنیادا، نموونه‌یان زۆره‌و هه‌ر یه‌ك داستانێكی تۆمار كردووه له ئازایه‌تی و جوامێری و بۆێری و له خۆبوردووییدا، بۆیه‌ش خوای گه‌وره فه‌زڵ و گه‌وره‌یی پێ به‌خشین و بونه سه‌رقافڵه‌ی كاروانی خواناسی و داده‌په‌روه‌ری له دنیادا. به‌م شێوه‌یه پێشه‌نگ و سه‌ره‌تاكانی كۆچ گه‌یشتنه مه‌دینه‌ی پیرۆز، ئیمان و هێمنی و ئاسایشیان دییه‌وه له‌وێ، برایه‌تییه‌كی ڕاستگۆیانه‌و بێ وێنه له لایه‌ن پشتیوانه‌كانه‌وه بۆیان، داڵده‌یان دان و كردیاننه برای خۆیان و نه‌یانهێشت نامۆی و دووری و بێكه‌سیان پێوه دیار بێت، له‌وێ ئیتر دروشمه‌كانی ئایینه‌كه‌یان دوور له ترس و بیمی قوڕه‌یش به‌جێ هێناو بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی ئیسلامیان داڕشت و ئاسۆیه‌كی نۆێ ڕوو به جیهان پرشنگی دایه‌وه.