سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  به‌گوێره‌ی كتێبی پیرۆز ته‌نها عیسای مه‌سیح كوڕی خودا نییه‌
گۆڕینی فۆنت


دانراوه له‌لایه‌ن: كامه‌ران ده‌روێش


به‌گوێره‌ی كتێبی پیرۆز ته‌نها عیسای مه‌سیح كوڕی خودا نییه‌

مه‌سیحییه‌كان هه‌ندێك ده‌قی ئینجیل و ته‌ورات ده‌هێنن و گوایا عیسا خۆی ده‌ڵێت من كوڕی خوام، وه‌ك ئه‌م ده‌قانه‌ی خواره‌وه!!

مه‌تتا ٢٧ – ٤٣: پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت، چونكه‌ وتی: "من كوڕی خودام." 

یۆحه‌ننا ٥ – ١٩: بۆیه‌ عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: "ڕاستی ڕاستیتان پێده‌ڵێم. كوڕه‌كه ناتوانێت‌ له‌خۆیه‌وه‌ شـتێك بكات، ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوكی ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، كوڕه‌كه‌ش ئه‌م شتانه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌كات." 

یۆحه‌ننا ٥ – ٢٦: چونكه‌ وه‌ك باوكه‌كه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌، به‌ كوڕه‌كه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌بێت. 

یۆحه‌ننا ١٠ – ٣٦: چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوكه‌كه‌ پیرۆزی كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن "كفر ده‌كات"، چونكه‌ وتم كوڕی خودام؟ 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، عیسای مه‌سیح وه‌كوو گوزارشتێكی مه‌جازی وشه‌ی كوڕی به‌كار هێناوه،‌ نه‌ك به‌ مانایه‌كی ڕاسته‌قینه‌. واتا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و به‌ شێوه‌ی باوك و كوڕایه‌تی كوڕی خودا بووبێت، به‌ڵكوو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و مرۆڤێكی چاكه‌ویست بووه و‌ زۆریش له‌ خوا نزیك بووه‌!! ئه‌ی باشه‌ چی له‌م ده‌قانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین كه‌ عیسا خودی خۆی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ كوڕی خودا داده‌نێت كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاشتی له‌سه‌ر زه‌وی به‌رقه‌ر بكه‌ن، هه‌روه‌ك له‌ ئینجیلی مه‌تتا و له‌ به‌شی ٥ و ئایه‌تی ٩ هاتووه:‌ (خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌ ئاشتیسازان چونكه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناو ده‌برێن.)؟! یانیش له‌م ئایه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ : 

ئینجیلی لۆقا به‌شی شه‌شه‌م ئایه‌تی ٣٥: به‌ڵام دوژمنه‌كانتان خۆش بوێت، چاكه‌ بكه‌ن و قه‌رز بده‌ن، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ش مه‌كه‌ن، به‌مه‌ پاداشتان گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سپڵه ‌و به‌دكاران نه‌رمونیانه‌. 

دیسان ئینجیلی لۆقا و به‌شی سێهه‌م و ئایه‌تی ٣٨، كە له‌م ده‌قه‌یان لۆقا باسی بنه‌چه‌ی مه‌سیح ده‌كات و ناوی باب و باپیرانی ده‌نووسێت تا ده‌گاته‌ ئێره‌: كوڕی ئه‌نۆش، كوڕی شیت، كوڕی ئاده‌م، كوڕی خودا. 

هه‌ر ئینجیلی لۆقا و به‌شی بیسته‌م و ئایه‌تی ٣٦: ئیتر ناتوانن بمرن، چونكه‌ وه‌ك فریشته‌ن و كوڕی خودان كه‌ كوڕی هه‌ڵستانه‌وه‌ن. 

ئینجیلی یۆحه‌ننا به‌شی بیسته‌م ئایه‌تی ١٧: عیسا پێیفه‌رموو: "ده‌ستم لێمه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوك به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیانبڵێ من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خودام و خوداتان." 

ئینجیلی مه‌تتا به‌شی پێنجه‌م ئایه‌تی ٤٨: بۆیه‌ ئێوه‌ ته‌واو بن، وه‌ك باوكی ئاسمانیتان ته‌واوه‌. 

ده‌رباره‌ی دانانی خودای گه‌وره‌ش به ‌باوك له‌لایه‌ن عیسای مه‌سیحه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌م گوزارشته‌ش هه‌ر مه‌جازی بووه ‌و واتا مه‌به‌ستی باوكی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌م ئایه‌تانه‌ باسی كردووه‌: 
ئینجیلی مه‌تتا به‌شی حه‌وته‌م ئایه‌تی ٢١: نه‌ك هه‌ركه‌سێك پێمبڵێت: خوداوه‌ند.. خوداوه‌ند، ده‌چێته‌ ناو شانشینیی ناو ئاسمان، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم ده‌كات كه‌ له‌ ئاسمانه}. 

ئینجیلی لۆقا به‌شی ٢٣ و ئایه‌تی ٣٤: عیساش وتی: "باوكه‌ لێیانخۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن." ئینجا به‌ تیروپشك كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد. 

دیسان ئینجیلی لۆقا و به‌شی ٢٣ و ئایه‌تی ٤٦: عیسا به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: "باوكه‌، ڕۆحی خۆم به‌ تۆ ده‌سپێرم." ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕۆحی سپارد. 

به‌ڵام ئه‌گه‌رسه‌یرێكی په‌یمانی كۆن (ته‌ورات) بكه‌ین، كه‌ مه‌سیحییه‌كان به ‌بڕوای ته‌واوه‌وە بڕوایان پێی هه‌یه،‌ ئه‌وا ده‌بینین له‌وێش نموونه‌ی وا هه‌ن كه‌ خودا خۆی ده‌ڵێت من بوومه‌ باوكی ئیسرائیل یانیش داود بانگی خوا ده‌كات به‌ باوكه،‌ وه‌ك له‌م ئایه‌تانه‌ی ته‌ورات ده‌رده‌كه‌وێت: 

سفری ته‌كوین یان به‌ كوردییه‌كه‌ی په‌یدابوون، به‌شی شه‌شه‌م ئایه‌ته‌كانی یه‌ك و دوو: كاتێك مرۆڤ ده‌ستیان كرد به‌ زۆربوون له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی و كچانیان بۆ له‌دایك بوو، كوڕانی خودا بینییان كچانی مرۆڤ جوانن، جا له ‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیانبژاردن ژنیان بۆ خۆیان هێنا. 

سفری ده‌رچوون، به‌شی چوار ئایه‌تی ٢٢: به‌ فیرعه‌ون ده‌ڵێیت: "خوداوه‌ند ئاوا ده‌فه‌رموێت: ئیسرائیل كوڕه‌ نۆبه‌ره‌مه. 

سیفری ئیرمیا، به‌شی ٣١ ئایه‌تی نۆ كاتێك گوایه‌ خوا ده‌فه‌رموێت: به‌گریانه‌وه‌ دێن و به‌پاڕانه‌وه‌وه‌، منیش ڕێبه‌رییان ده‌كه‌م، به‌لای ڕووباره‌ ئاوه‌كاندا ده‌یانبه‌م به‌ ڕێگایه‌كی ڕاست، تێیدا ساتمه‌ ناكه‌ن، چونكه‌ بۆ ئیسرائیل ده‌بمه‌ باوك و ئه‌فرایم نۆبه‌ره‌مه‌.

سفری ئیشایا، به‌شی ٦٤ و ئایه‌تی ٨: ئێستاش ئه‌ی خوداوه‌ند، تۆ باوكی ئێمه‌یت، ئێمه‌ قوڕین و تۆ شێوه‌كێشمانیت و ئێمه‌ هه‌موو ده‌ستكردی تۆین. 

ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر له‌ خودی ئینجیله‌ ده‌سكاریكراوه‌كاندا عیسای مه‌سیح خۆی خودا به‌ باوكی ئه‌و كه‌سانه‌ داده‌نێت، كه‌ دوای ئه‌و ده‌كه‌ون، وه‌ك له‌م ئایه‌تانه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت: 

ئینجیلی یۆحه‌ننا به‌شی ٢٠ ئایه‌تی ١٧: عیسا پێیفه‌رموو: "ده‌ستم لێمه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوكم به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیانبڵێ: من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خودام و خوداتان." 

ئینجیلی لۆقا به‌شی ٦ و ئایه‌تی ٣٦: به‌به‌زه‌یی بن، هه‌روه‌ك باوكتان به‌به‌زه‌ییه! 

ئینجیلی مه‌تتا به‌شی ٥ ئایه‌ته‌كانی ٤٥ و ٤٨: تاكوو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه‌ له‌ ئاسمانه‌، ئه‌و خۆرەی خۆی به‌سه‌ر چاك و خراپدا هه‌ڵدێنێت و باران به‌سه‌ر پیاوچاك و زۆرداریشدا ده‌بارێنێت. بۆیه‌ ئێوه‌ ته‌واو بن، وه‌ك باوكی ئاسمانیتان ته‌واوه‌. 


لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌گوێره‌ی ته‌ورات و ئینجیل واته‌ په‌یمانی كۆن و نوێ، كه ‌هه‌ردووكیان كتێبی پیرۆزی مه‌سیحییه‌كانن، هه‌ر ته‌نها عیسای مه‌سیح كوڕی خودا نییه‌ (نعوذ بالله)، به‌ڵكوو چه‌نده‌ها كه‌سی دیكه‌ كوڕی خودان!!! ئه‌ی باشه‌ بۆ مه‌سیحییه‌كان ته‌نها و ته‌نها عیسای مه‌سیح به‌ كوڕی خودا دادە‌نێن؟! پێویسته‌ ئه‌م پرسیاره‌ ئاراسته‌ی ئه‌وان بكرێت. 

ئێستا ته‌واو ڕۆشنه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی باوك و كوڕێتیی خودا و عیسا بێجگه‌ له‌ گاڵته‌كردن به‌ عه‌قڵ و خۆله‌گێلیدان هیچی تر نییه‌ و بگره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر حاڵینه‌بوون و تێنه‌گه‌یشتن له‌ ده‌قه‌كانی ئینجیل و ته‌ورات هیچی تر نییه. 

والحمدلله علی نعمة العقل. 
____________________ 
سه‌رچاوه‌كان: 
قضايا جديدة في المسيحية والاسلام ج ١ و ٢، جمال الدين شرقاوي 
التوحيد في الاناجيل الاربعة ورسائل القديسين بولس ويوحنا، سعد رستم 
ده‌قه‌كانی ئینجیلیشم له‌ سایتی كتێبی پیرۆز وه‌رگرتووه‌

 1472

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram