دانراوه له‌لایه‌ن: د. ئاراس موحه‌ممه‌د ساڵح كۆچى پێغه‌مبه‌ر ڕێگایه‌ك بوو بۆ ده‌ربازبوون لــه توندوتیژى هاتن و دابه‌زینى په‌یامى ئیسلام له‌ناو گه‌لێكى خاوه‌ن سیستمى خێڵایه‌تى و ته‌واو ماندوو به‌ده‌ست توندوتیژیى سایكۆلۆجیه‌تى بیابانه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه جگه له لۆژیكى توندتیژى و شمشێر خاوه‌نى هیچ ئه‌لته‌رناتیڤ و لۆژیكێكى تر نییه، هه‌موو كاتێك سیستمى خێڵ هه‌موو شته تازه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خۆى ره‌ت ده‌كاته‌وه و له نزیكترین كاتدا ده‌ست بۆ هێزى چه‌ك ده‌بات، هه‌ر شتێك له ده‌ره‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌و بوو، بێگومان ئه‌وه شتێكى وه‌رنه‌گیراو و خراپه و ده‌بێت به‌ره‌نگارى بێت و به لۆژیكى ئه‌وان ده‌بێت هه‌موو كات به‌رامبه‌ره‌كان بسڕدرێنه‌وه، هیچ جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى بازنه‌ى داخراوى ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى ئه‌وان و، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنى موقه‌ده‌ساتى خێڵه. كاتێك ئیسلام دێت و داواى گۆڕانێكى ڕیشه‌یى ده‌كات له سه‌راپاى سیستمى ژیانى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات تووشى توندترین كاردانه‌وه بێت، كاردانه‌وه نه‌ك به مانا مه‌ده‌نییه‌كه‌ى بێت له رێگه‌ى لۆژیكى هه‌ڤپه‌یڤین و لێكتێگه‌یشتنه‌وه، چونكه ئه‌وه به‌شێك نییه له نه‌ریتى ئه‌وان، به‌ڵكوو كاردانه‌وه له رێگه‌ى هێزه‌وه، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو سیستمى تیره و خێڵ و له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م بیركردنه‌وه‌وه شتێكى تر نییه، به‌ڵام پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله عليه وسلم) به درێژایى سیانزه ساڵ په‌ناى بۆ دانبه‌خۆداگرتن و ئارامگرتن برد و به كرده‌وه به ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى وت كه له ده‌ره‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى ئێوه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كى تریش هه‌یه و، له ده‌ره‌وه‌ى لۆژیكى چه‌ك لۆژیكێكى تریش هه‌یه، كه بتوانین له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانمان گفتوگۆ بكه‌ین و بتوانین ئێمه‌ش و ئه‌وانیش پێكه‌وه بژین، زه‌ویى خوا فراوانه و جێگاى هه‌موو فكر و ئایدیایه‌كى تێدا ده‌بێته‌وه وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً...، به‌ڵام سیانزه ساڵ لۆژیكى خێڵایه‌تى ناتوانێت ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بسه‌لمێنێت و تێگه‌یشتنێكى مرۆڤانه‌ى هه‌بێت بۆى، بۆیه به‌رده‌وام په‌ناى بۆ هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌ك بردووه بۆ سڕینه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ى وه‌ك ئه‌وان بیر ناكه‌نه‌وه. پێغه‌مبه‌ریش(صلى الله عليه وسلم) به درێژایى ئه‌و ماوه‌یه‌ى له مه‌ككه‌دا بووه به دوو رێگه هه‌وڵى داوه به‌ر له توندوتیژى و به‌ریه‌ككه‌وتن بگرێت: یه‌كه‌م لۆژیكى عه‌قڵ و گفتوگۆ و پێكه‌وه دانیشتن و لێكترحاڵیبوون. دووه‌م: په‌نابردن بۆ كۆچ و دووركه‌وتنه‌وه له‌و ژینگه پڕ له توندوتیژییه، كه هه‌موو ساتێك ئاماده‌ى ته‌قینه‌وه بوو. پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له ژیانیدا چه‌ند جارێك هه‌وڵى كۆچى داوه هه‌تا بتوانێت به‌ر به ته‌قینه‌وه‌ى رق و قینى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى بگرێت و له هه‌مان كاتدا گیانى هاوه‌ڵه‌كانى و په‌یامه‌كه‌ى بپارێزێت، له هه‌نگاوێكدا كۆمه‌ڵێك له هاوه‌ڵه‌كانى ره‌وانه‌ى وڵاتى حه‌به‌شه ده‌كات و پێان ده‌ڵێت له‌و وڵاته‌دا كاربه‌ده‌ستێك هه‌یه كه‌س له سایه‌یداسته‌مى لىَ ناكرێت، به زاراوه‌ى ئه‌مڕۆ واته مافى هاووڵاتیبوون تێیدا پارێزراوه، ئیسلام به دواى ژینگه‌ى ئارام و دوور له توندوتیژى و میزاجیه‌تدا ده‌گه‌ڕێت، با له ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى ئیسلامیشدا بێت، به واتایه‌كى تر.. واته ئێمه له ده‌ست سته‌م كۆچ ده‌كه‌ین، سته‌مى سیستمێكى پڕ له توندوتیژى كه له ده‌ره‌وه‌ى خۆى تواناى قه‌بووڵكردنى كه‌سى تر‌ى نییه، كه ئه‌مه‌ش لوتكه‌ى توندوتیژى و سڕینه‌وه‌ى ده‌ره‌وه‌ى خۆته، جارێكى تر هه‌وڵى كۆچكردن بۆ تائیف ده‌دات، كه بێگومان ژینگه‌ى تائیفیش هه‌مان ژینگه‌ى خێڵایه‌تیى پڕ له توندوتیژییه و هیچ جیاوازییه‌كى له‌گه‌ڵ مه‌ككه‌دا نییه، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر سووره له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ژینگه‌یه‌كى ئارام و دوور له توندوتیژى، ده‌یه‌وێت پانتاییه‌ك بدۆزێته‌وه دوور له لۆژیكى كوشتن و بڕین، به‌ڵام لێره‌شدا ناتوانێت ئه‌و جێگه ده‌سته‌به‌ر بكات و، تووشى هه‌مان بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى مه‌ككه ده‌بێت. له قۆناغى سێهه‌مدا پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله عليه وسلم) شارى مه‌دینه هه‌ڵده‌بژێرێت هه‌تا كۆچى بۆ بكات و بیكاته وێستگه‌یه‌كى نوىَ بۆ راگه‌یاندنى په‌یامه‌كه‌ى، ره‌نگه گرنگترین هۆكار كه واى كردبێت پێغه‌مبه‌ر له شارى مه‌ككه‌وه كۆچ بكات بۆ شارى مه‌دینه، بریتى بێت له خۆده‌ربازكردن له توندوتیژى و به‌رگرتن له شه‌ڕ و به‌ریه‌ككه‌وتنى خوێناوى، كاتێك پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) له شارى مه‌ككه‌ى زێدى خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌رده‌چێت و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه ڕوو ده‌كاته شارى مه‌ككه و كه‌عبه‌ى پیرۆز و ده‌فه‌رموێت: (ئه‌ى شارى مه‌ككه! سوێند بێت به خوا خۆشم ده‌وێیت، ئه‌گه‌ر خزمه‌كانم به زۆر ده‌ریان نه‌كردمایه، هه‌رگیز به‌جێم نه‌ده‌هێشتى). دیارترین هێماى ناو ئه‌م فه‌رمووده‌یه ئه‌وه‌یه كه پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) له رێگه‌ى توندوتیژییه‌وه له ماڵى خۆى ده‌ركراوه و نایه‌وێت كارى توندوتیژى بكات، ئه‌گه‌رنا كاردانه‌وه‌ى ده‌بوو په‌ناى بۆ هه‌مان كردارى ئه‌وان ده‌برد، به‌ڵام نه‌خێر لێره‌دا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)به‌سه‌رانى مه‌ككه و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تى ده‌ڵێت كه له ده‌ره‌وه‌ى لۆژیكى كاردانه‌وه‌ى هاوشێوه لۆژیكێكى تر هه‌یه، كه ئه‌ویش لۆژیكى كۆچكردن و دۆزینه‌وه‌ى جێگه‌یه‌كى تره، ئه‌گه‌ر زانیت به‌رامبه‌ره‌كه‌ت تواناى تێگه‌یشتنى نییه و ناتوانن پێكه‌وه بژین. كۆچكردنى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مه‌دینه، له كات و ساتى خۆیدا ره‌نگه دیارترین هۆكارى ئه‌وه بووبێت كه سه‌رانى مه‌ككه له به‌رامبه‌ر زۆربوونى قه‌باره‌ى موسڵماناندا ته‌واو بێزار بووبوون رۆژ به رۆژ كاردانه‌وه‌ى توندیان ده‌نواند و له به‌رامبه‌ریشدا هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) جامى ئارامگرتنیان ته‌واو پڕ بووبوو له‌وه‌دا بوو سه‌رڕێژ بكات و كار بگاته ته‌قینه‌وه، پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك هه‌ست به‌وه ده‌كات ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه كۆنترۆڵى وه‌زعه‌كه‌ى له ده‌ست ده‌رچێت سه‌رى له توندوتیژییه‌وه ده‌ربچێت، باشترین ڕێگاش بۆ ده‌رچوون له‌م حاڵه‌ته، كۆچكردن و دۆزینه‌وه‌ى جێگایه‌كى تره، چونكه نایه‌وێت هه‌مان مێژووى پێشوو دووباره بكاته‌وه، ده‌یه‌وێت ڕووى مێژوو بگۆڕێت و لۆژیكى (هه‌موو كارێك كاردانه‌وه‌ى هه‌یه) و (له بڕدا یه‌كسانیه‌تى له ئاراسته‌دا پێچه‌وانه) بگۆڕێت، مه‌رج نییه هه‌موو كات وا بێت، ده‌كرێت هه‌ندێك كات ئاراسته‌كه‌ى به رێگه‌یه‌كى عه‌قڵانى دیارى بكرێت و به‌دواى ئاراسته‌یه‌كى باشتر و پڕ به‌رهه‌متردا بگه‌ڕێین و ئاراسته ته‌قلیدییه‌كان واز لێ بهێنین، مه‌رج نییه هه‌ر له‌ناو هه‌مان بازنه‌ى داخراودا شته كۆنه‌كان دووباره بكه‌ینه‌وه و نه‌توانین گۆڕانكارى بكه‌ین. پێغه‌مبه‌رى خوا (صلى الله عليه وسلم) له یه‌ك كاتدا كه له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانیدا گفتوگۆ ده‌كات و ده‌یه‌وێت بگه‌نه ئه‌نجامێك له یه‌كتر تێبگه‌ن و بتوانن هه‌ردوولا پێكه‌وه بژین، له هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێت هاوه‌ڵه‌كانیشى له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كى تر په‌روه‌رده بكات، كه هه‌تا ئێستا به‌شێك نییه له كه‌لتور و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان، ده‌بێت مێژوویه‌كى نوىَ دروست بكه‌ن، هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) زۆر له به‌رامبه‌ر توندوتیژیى سه‌رانى قوڕه‌یش بێزار بوون و پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) رێگه‌ى نه‌ئه‌دان كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت و ده‌بێت له به‌رامبه‌ردا هه‌ر ئارام بگرن، بۆیه كاتێك یه‌كێك له هاوه‌ڵانى دێت بێزاریى خۆى ده‌رده‌بڕێت له ده‌ست سته‌م و توندوتیژیى قوڕه‌یش، ڕوو ده‌كاته پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)كه له په‌ناى كه‌عبه‌ى پیرۆزدا شانى دادابوو، وتى: "ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا هه‌تا كه‌ى داواى سه‌ركه‌وتنمان بۆ ناكه‌ى؟ تا كه‌ى ئارامگرتن؟" له‌و كاته‌دا پێغه‌مبه‌رى خوا ڕووى تێ ده‌كات و ده‌فه‌رموێت: (له‌پێش ئێوه‌دا كه‌سانێك هه‌بوون له‌ناو زه‌ویدا چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندوون به مشار دووله‌ت كراون، ئارامیان گرتووه و له دینه‌كه‌یان پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه، خواى گه‌وره ئه‌م دینه سه‌ر ده‌خات، به‌ڵام ئێوه گه‌لێكى به‌په‌له‌ن و ئارامگرتنتان كه‌مه). ئاماژه‌ى ناو فه‌رمووده‌كه ئه‌وه‌یه كه هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و كه‌لتووره‌ى له‌سه‌رى گه‌وره بوون حه‌زیان له كاردانه‌وه‌ى به‌په‌له بووه و ویستوویانه هه‌مان مێژووى پێشووى گه‌له‌كه‌یان دووباره بكه‌نه‌وه و پێغه‌مبه‌ریش ئه‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكى تر په‌روه‌رده‌یان بكات، ئه‌گه‌رنا چۆن بتوانن گۆڕانكارى بكه‌ن؟ پێغه‌مبه‌رى خوا له كاتى كۆچكردن و له‌ماڵ ده‌رچوونیدا هه‌موو وره‌ده‌كارییه‌كى كردووه له‌پێناوى ئه‌وه‌دا تووشى كارى توندوتیژى و شه‌ڕ و پێكدادان نه‌بێت و بتوانێت میژوویه‌كى نوێ دروست بكات. ڕه‌نگه زۆرێك بڵێن پێغه‌مبه‌ر و موسڵمانان له‌به‌ر لاوازى و كه‌متوانایى په‌نایان بۆ كارى نهێنى و په‌نامه‌كى بردووه، به‌ڵام ئه‌وه لێره‌دا ڕاست نییه، چونكه موسڵمانان له كاتى كۆچدا ژماره‌یان زۆر بووه و تواناى به‌ره‌نگاریى سه‌رانى مه‌ككه‌یان هه‌بووه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه له‌ماڵده‌رچوونى (عومه‌رى كوڕى خه‌تاب) بوو به‌ئاشكرا و نه‌شتوانرا ڕێگه‌ى لێ بگرن. لێره‌دا هه‌نگاوه‌كانى پێغه‌مبه‌ر (تشریع)ه و په‌یڕه‌وكردنى پێویسته نه‌ك هه‌ڵوێستى (عومه‌ر)، په‌یڕه‌وكردنى خۆلادن له شه‌ڕ و دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژى له‌وانه‌یه به‌و خۆده‌ربازكردنه بتوانى مێژوویه‌ك دروست بكه‌یت، هه‌ڵبژاردنى لۆژیكى هێز و كاردانه‌وه هه‌موو كات ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى نییه. كۆچكردنى پێغه‌مبه‌ر و چۆڵكردنى مه‌ككه به‌ڵگه‌ى كۆتاییهاتنى گوتار و ئیفلاسى فكرى نییه بۆ موسڵمانان، به‌ڵكوو بریتییه له كه‌لله‌شه‌قیى لایه‌نى به‌رامبه‌ر و ئاماده‌نه‌بوونى بۆ هیچ گوێگرتن و گۆڕانكارییه‌ك، بێگومان حیوار له‌گه‌ڵ كه‌سانى وادا بریتییه له ئاسنى سارد كوتان و به‌فیڕۆدانى كات و سه‌پانیكردنى پووش، كارێكى لۆژیكى نییه سووربوون له‌سه‌ر كارێك كه هیچ سوود و كه‌ڵكێكى نه‌بێت. له یه‌كه‌م هه‌نگاوى بڕیارى كۆچكردنى پێغه‌مبه‌ردا و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌فدى مه‌دینه‌دا، وه‌فده‌كه مه‌سه‌له‌ى هه‌وڵى ئاشته‌وایى و بنبڕكرنى شه‌ڕ و كوشتن بۆ پێغه‌مبه‌ر پێشنیار ده‌كه‌ن و مژده‌ى ده‌ده‌نىَ ئه‌گه‌ر بتوانێت ئه‌و كاره بكات ئه‌وه سه‌ركه‌تنى گه‌وره به‌ده‌ست ده‌هێنێت، پێى ده‌ڵێن: ("إنا قد تركنا قومنا و لا قوم بينهم من عداوة والشر مابينهم، فعسى الله أن يجمعهم بك، فإن يجمعهم الله عليك فلا رجل أعز من‌ك"). به واتایه‌كى تر گه‌له‌كه‌ى ئێمه به‌ده‌ست شه‌ڕ و كوشتوبڕه‌وه ته‌واو ماندوو بووه و زۆر تینووى ئاشتى و ژیانى ئارامین، ئه‌گه‌ر تۆ بتوانیت ئاشتییان بۆ به‌رقه‌رار بكه‌یت و له كوشت و كوشتار رزگاریان بكه‌یت، ئه‌وه بێگومان شوێنى خۆت و دینه‌كه‌ت ده‌كه‌ون. هه‌ر واش بوو پێغه‌مبه‌ر توانى له‌جیاتى دوژمنایه‌تى، برایه‌تى بخاته ناو خێڵه ناحه‌زه‌كانى مه‌دینه‌وه و هه‌ر له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه توانى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره مسۆگه‌ر بكات، به واتایه‌كى تر ئیسلام له رێگه‌ى په‌یامى ئاشتییه‌وه توانى سه‌ر بكه‌وێت و گه‌لانى جیاواز باوه‌شى بۆ بكه‌نه‌وه، نه‌ك له رێگه‌ى ئه‌و شمشێره‌وه كه كراوه به ره‌مز بۆ ئیسلام!؟ پێغه‌مبه‌رى خوا كه ده‌گاته شارى مه‌دینه بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر له كارى توندوتیژى بگرێت، چونكه ئه‌و شاره كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ى جیاوازى تێدا بوو پێویستیان به قانوون و ده‌ستورێك هه‌بوو كه هه‌موو كه‌س ئه‌رك و مافه‌كانى دیاریكراو بێت كه‌س سنوورى كه‌س نه‌به‌زێنێت، بۆیه رێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى مه‌دینه كه به (صحیفه المدینة) ناسراوه، كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م ده‌ستوورى نووسراوه له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا و له‌ناو ئه‌و ده‌ستووره‌دا هاتووه، ئه‌وه‌ى بۆ موسڵمان هه‌یه بۆ غه‌یرى موسڵمانیش هه‌یه، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته له‌سه‌ر غه‌یرى موسڵمانیش پێویسته و هه‌مووان له ئه‌رك و ماف‌دا یه‌كسانن و نابێت كه‌س مافی كه‌س پێشێل بكات. نووسینه‌وه‌ى ده‌ستورى مه‌دینه گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ى به‌مه‌ده‌نیبوونى كۆمه‌ڵگه و سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى ژیانى شاره و، ژیانى شارستانى له ده‌ره‌وه‌ى ژیانى بیابان و گوند ناتوانرێت به بىَ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و قانوون به‌ڕێ بكرێت، لێره‌وه سه‌ره‌تاى به‌مه‌ده‌نیبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامى ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى قانوون و مه‌ده‌نیه‌ت، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م خاڵى وه‌رچه‌رخانى مێژووى عه‌ره‌به له بیابانه‌وه بۆ شارستانى و له گیانى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ى خێڵه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى ده‌ستوورى، له سیستمى خێڵایه‌تییه‌وه بۆ به‌سیاسیكردنى ژیانى مه‌ده‌نى، هه‌ر لێره‌شه‌وه ژیانى ئارام و به‌رقه‌راربوونى ئاشتى و كۆتاییهاتنى توندوتیژى ده‌ستپێده‌كات. دروستكردنى مزگه‌وت وه‌ك یه‌كه‌م كارى پێغه‌مبه‌ر له شارى مه‌دینه‌دا، هێمایه بۆ جێگیربوونى موسڵمانان له‌ناو شارى مه‌دینه‌دا و، كۆتاییهاتنى ژیانى ده‌وارنشینى بیابانه و به زمانى حاڵ پێمان ده‌ڵێت ئێمه هاتووین ژیانى شار فراوان بكه‌ین، سه‌ر زه‌وى ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه و ئیسلام له هیچ گۆشه و كه‌نارێكى زه‌ویدا كۆچه‌ر و غه‌ریب نییه و هه‌موو كه‌ناره‌كانى زه‌وى ماڵى ره‌سه‌نى ئیسلامه و كۆمه‌ڵگه ناتوانێت به بێ دامه‌زراوه خزمه‌تگوزارییه‌كان ژیانى به‌ڕێ بكات، له مزگه‌وتى پێغه‌مبه‌ردا له كات و سه‌رده‌مى خۆیدا زۆربه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كانى پێشكه‌ش كراوه. گه‌وره‌ترین ڕاستیى مێژوویى كه كه‌س ناتوانێت نكولیى لێ بكات، ئیسلام ئه‌وه‌نده‌ى له رێگه‌ى ئاشتییه‌وه سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه له رێگه‌ى هێزه‌وه به‌ده‌ستى نه‌هێناوه، ئه‌وه‌نده‌ى ئیسلام له توندوتیژى زیانى گه‌وره‌ى كرده‌وه، له رێگه‌ى ئاشتییه‌وه ئه‌و زیانه‌ى نه‌كردووه. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ یه‌كگرتوو .ژ. 624