نهورۆز له ساڵی هیچ میللهتێكی ئهم دونیایه ناچێت.! نهوشیروان مستهفا لە کوردستانی عێراقدا لە بەرامبەر ساڵی زایینیدا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێک دەنووسن، لە ساڵی ھیچ میللەتێکی ئەم دونیایە ناچێت.! گوایە ئەوە ساڵی کوردییە، لە کاتێکدا ئەگەر یەکێک بە ووردی بچێتە بنج و بناوانی مێژووی ئەو ساڵە، نەک ناھێنێت ئەوە بکرێتە ساڵی لەدایکبوونی کورد، بگرە دەبوو مێژوونووسانی کورد خۆیان نەکردایە بە خاوەنی، چونکە ئەوە ساڵێکە وەک مێژووی ناوچەکە دەگێڕدرێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرەو ھۆزی دڕندەو دواکەوتووی ناوچە شاخاوییەکان ھێرشیان کردۆتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووریی و یەکێ لە پێشکەوتووترین شارستانییەتەکانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێک وێران کردووە کە ئیتر ھەڵنەساوەتەوە، سەیر ئەوەیە کورد خۆی بکا بە خاوەنی کارەساتی لەو بابەتەو بیکا بە ساڵی لەدایک بوونی خۆی، کەچی خۆی بە بێگانە بزانێت لە شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیاو زاگرۆس و ئێران.. خۆی بە بێگانە بزانێت لە شارستانییەتی سۆمەری، بابلی، ئەکەدی، خووری، بووتی، لوولوویی...ھتد. لە کاتێکدا تەنھا لە کوردستانی عێراقدا ھەزارەھا خشتی نووسراو دۆزراونەتەوە، سەدان شوێنەواری گرنگ لە ھەولێرو دھۆک و کەرکووک و سلێمانی و ھەورامان و شمشارەو بێتواتەو دەربەندی گاورو بەمۆو پەیکوڵی و پیرەمەگروون و کێلە شین و زاخۆ... دۆزراونەتەوە، ھەزارەھاش لە ژێر خاکدا ماون ھێشتا پشکنینی زانستیان تێدا نەکراوە ئەگەر دەستکردی خەڵکی ناوچەکە نەبووبێت داگیرکەر ھەرگیز نەیتوانیوە تاشە بەردی ئەو شاخانە ھەرگیز ھەڵکۆڵێت و پەیکەریان لەسەر بنەخشێنێت و نووسینی لەسەر تۆمار بکات.. بهدهم رێگاوه گوڵ چنین - كتێبی یهكهم