ڕونكردنەوەیەك لەسەر گۆڕەكانی پێغەمبەر! جهاد خاوەری .............................................. ئەوەی لێرەو لەوێ دەیبینین كۆمەڵێ خەڵك وەكو چۆن لوقمەقازی دەبەخشێتەوە، وەها گۆرێك بڵاو دەكاتەوە و دەنوسێ: ئەمە گۆڕی پێغەمبەری ئیسلامە و ئەوەی موسڵمانە و بە كوێرایی چاوی دوژمنان سەڵاواتێك بنێرە، یان چەند لایك بۆ گۆڕی پێغەمبەر، یان لایكبارانی گۆری پێغەمبەر بكەن، ئەمانە و سەدان ناونیشان كە لێرە و لەوێ بینیومانە و هەر دوبارەش دەبێتەوە.. منیش چەند ساڵێ لەمەوبەر سێرچێكم كرد بۆ ئەو گۆڕانە چونكە ڕاستی من لەگەڵ كۆمەڵێ برادەردا ئەتڵەسێكی ژیانی پێغەمبەرمان كرد بەڵام هیچ گۆرێكی پێغەمبەرمان دەست نەكەوت و پێشیان وتین كەس تا ئێستا وێنەی نەگرتووە هەربۆیە ئەمە ببویە ئەوەی كە بگەرێم كە سەرچاوەی ئەم گۆڕانە چیە؟! پاش سەروژێركردنی چەند سایت و بابەتێك لە كۆتایدا گەیشتمە ئەوەی كە ئەو گۆڕانە خۆیان لە گۆڕی سێ كەسدا دەبیننەوە كە بە هیچ جۆرێ ناكەونە شاری مەككەشەوە و گۆڕی پێغەمبەر محمد صلی الله علیه واله وسلم نین بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە وێنەكان زۆر جار دەستكاری كراون و رەشوسپی و تۆخ و كاڵ كراونەتەوە كە لە ئەساسدا هەر ئەو سیانەن كە ئێستا لێرەدا رونیان دەكەمەوە: گۆڕی یەكەم: گۆڕی پێغەمبەر ئەیوبە لە شانشینی عوممان كە ئەمە وێنەكەیەتی: گۆڕی دووەم: گۆڕی مەولانا جەلالەدینی رۆمیە كە خاوەنی مەسنەوی و فیهی مافیهیە و گۆڕەكەی لە ناوچەی قونیەی توركیایە. ئەمەش وێنەی گۆرەكەیەتی گۆڕی سێهەم: گۆڕی عوسمان ئورتغرولی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانیە كەلەساڵی 1299ز توانی دەوڵەتی عوسمانی دابمەزرێنێ و ئێستاش گۆڕەكەی لە شاری ئیستەنبوڵی توركیایە ئەمەش وێنەی گۆرەكەیەتی لە كۆتایدا هیوام وایە گەڕانەكەم بێ هودە نەبوبێت و باشتر وایە لەمەولا بە سوننەت زیندوكردنەوەى پێغەمبەر سەلاوات كۆ بكەینەوە نەك بە وێنە و شتی چەواشەكارانە، چونكە لەم ماوە چومە تەوێڵە و سەردانێكی مەرقەدی خانەقای تەوێڵەم كرد بینیم لە دوو شوێن وێنەی قەبری سوڵتان عوسمانی كوری ئورتغرولیان داناوە و نوسیویانە قبری پێغەمبەر بەو هیوایەم پێداچونەوەیەك بەخۆماندا بكەین و بە شێوازێكی زانستی و به بەدواداچون بگەینە ئەنجامی بیركردنەوەكانمان نەك بە قسەی ئەم و ئەو . اللهم صل علی محمد وعلی اله وسلم