دانراوه له‌لایه‌ن: شيخ موحسین دوانزه مانگی ته‌مه‌نمان به ڕۆژێك ده‌ستی پێ كردوو هێدی هێدی به‌دووی یه‌كدا هاتنو پێچرانه‌وه، مانگه‌كانیش بهگرمۆڵهیی قه‌تاره‌یان به‌ستو زۆر به‌په‌له‌و به‌بێ چرپه ماڵئاواییان لێ كردین‌و به‌م شێوازه ساڵ كۆتایی هاتو سێبه‌ری ساڵێكی نوێ كه‌وته سه‌رمان. كاتێكیش به‌سه‌ر روداوه‌كانی ئه‌م ساڵه‌دا ده‌چه‌مینه‌وه كه‌له شێوه‌ی شه‌پۆلێ ئاژاوه‌ی ئاڵۆزدا خۆیان دهنواندو ده‌هاتن به‌یه‌كدا، شتێك نابینین كه له هه‌گبه‌ی رۆژه‌كانیدا ههڵمانگرتبێت جگه له‌و كردهوانهمان كه ئێستاكه وه‌ك زنجیرێكی رهشو تاریك سه‌رله‌نوێ گرێمان ده‌ده‌نه‌وه به‌و ته‌مه‌نه له ده‌ست چووه‌ی كه تیایدا چاك‌و خراپمان تێكه‌ڵ به یه‌كدی دهكردو، روكه‌شی پرشنگداری ئه‌م دنیایه‌ش مهستو بێئاگای ده‌كردین، له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و رازاندنه‌وه‌ی كۆشكی دنیا بێزار‌و ماندوو نه‌ده‌بووین، هه‌روه‌ك له ژێر ئاوه‌وه بۆ ڕاستییه‌كان بڕوانین هه‌موو شتێكمان لێڵ‌و وێڵ دهبینیو بوارێكمان نه‌هێشتبۆوه تا لێوه‌ی چاكه‌كان به‌رونی ببینین‌و خراپه‌كانیش توڕ بده‌ین. له به‌رچاومان ئه‌و هه‌موو ناشه‌رعییه ده‌كرا و سنووره‌كان دهشكێنران، كه‌چی گرژی و بێتاقه‌تی ڕوی تێنهدهكردین، بەڵاَم هه‌ركاتێك به‌شێك له‌و ژیانه‌ی دنیامان به‌ره‌و كه‌می و لاوازی ده‌ڕۆیشت هاوارمان لێههڵدهستا و خۆمان گرژ و تووڕه ده‌كرد. زۆرێك له بازرگانه‌كان ته‌نها چاویان له‌و سوود و قازانجه بڕیبوو كه ده‌كه‌وته ده‌ستیان، ئیتر گرنگ نه‌بوو چۆن و به چی په‌یدا ده‌بوو!! به‌شێكیش له كارمه‌ندان له‌كاتی گه‌ڕان له‌دووی نازونیعمهتهكانی ژیانیان عه‌له‌میان له به‌ده‌ندا نه‌ده‌ما، بهڵاَم بۆ نوێژ و ڕۆژوو و كاری چاكه ته‌ممه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل ده‌هاتنه پێش چاوان!! هه‌ندێكیش له ئافره‌تان به نێوی مه‌ده‌نییه‌ت و پێشكه‌وتنه‌وه خۆیان ئاوێته‌ی تاوان ده‌كرد و به‌شێكی زۆر له‌و به‌رگه حهشم و حهیایهیان واز لێدێنا!! زۆر له جحێلاَنیش دڵه‌كانیان ژه‌نگاوی و چنگیان هاوده‌می تاوان و چاوانیشیان تۆزی غه‌فڵه‌تی گرتبوو!! كه‌واته به‌گشتی زوربه‌ی خێزانه‌كان غهمهكانیان ببووه دنیا و چۆنیه‌تی فه‌راهه‌م هێنانی ژینێكی خۆشگوزه‌ران، ئیدی غه‌می ئیسلام‌و پاشه ڕۆژ له دڵه‌كاندا هه‌ڵكه‌نرابوو. ئێستاش دوا ئه‌و هه‌موو لادان‌و بێئاگاییه ده‌مانه‌وێت غه‌می جیابوونه‌وه‌و ماڵئاوایی له‌نێو ئاهه‌نگێكی سه‌ری ساڵدا ونكهینو خه‌نده‌یه‌كی درۆ‌و بزه‌یه‌كی گێلانه بخه‌ینه سه‌ر لێوانو ماندوویی رۆژه جه‌نجاڵه‌كانی له به‌ده‌نمان وه‌ده‌رنێین؟ به به‌رچاومانه‌وه ڕۆژانه هه‌زاره‌ها مۆمی خۆزگه و ئاوات بهكوژاوهیی ده‌چوونه خانه‌ی بیره‌وه‌ری، چونكه نه‌وه‌یه‌ك ده‌هات و خه‌ڵكانێكیش ماڵئاوایییان له‌م دنیا جه‌نجاڵه ده‌كرد، ئه‌وه‌ی بۆ ته‌نها ڕۆژێك بێكار نه‌بوو كفندرووهكان و ئه‌و شوێنه‌ش میوانی لێنه‌بڕا گۆڕستانه‌كان بوون. چه‌نده‌ها كه‌سی بێئاگامان له‌م ساڵه‌دا بینی كه دوا چركه‌كانی ژیانیان له گۆشه‌ی مه‌یخانه‌یه‌ك یان له‌نێو ئاهه‌نگێكی سه‌ما و گۆرانیدا به‌سه‌ر برد و بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن له پڕ مردن بووه میوانیان و مه‌جالی نه‌دان له ده‌رگای ساڵی نوێ بده‌ن و به‌و حاڵه‌ته‌وه ڕۆحیان ماڵئاوایی له‌و لاشه شهكهتهیان كرد. دیاره به چی حاڵه‌تێكیش ڕۆحیان باڵه‌فڕه بوو هه‌ر به‌و حاڵه‌ش زیندوو ده‌كرێنه‌وه:(يبعث كل عبد على مامات عليه.) رواه مسلم. جا بۆ ئه‌وه‌ی كۆتا ساته‌كانی ژیانمان خۆشه‌ویستی دنیا‌و هه‌واو ئاره‌زوو ڕێی پێ نهگرێتو له نێو بازنه‌ی وهرعێكی درۆینه‌و له نێو خیتابی به‌خۆدا ههڵگوتندا مه‌ست نهبینو ناوه‌خنی كه‌لاوه‌ی وێرانهمان به روكه‌شێكی موسڵمانانه نیشان نه‌ده‌ین پێویسته شاشه‌ی ناخمان له‌و كرده‌وه گهندهلاَنه بژار كه‌ین، چونكه به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر تاوان چه‌نده‌ش بچوك بێت دڵه‌كان ره‌ش ده‌كاته‌وه، ته‌مه‌نیش هه‌رچه‌ند درێژ بێت گه‌ر كرده‌وه‌ی باشی تیا ئه‌نجام نه‌درێت بێ سوده‌و ته‌نها كۆكردنه‌وه‌و كه‌ڵه‌كه كردنی تاوانه. واشنهزانین خۆشبه‌ختی بریتییه له بوونی موڵك‌و سامان‌و هێزو دهسهلاَت، چونكه ئه‌مانه هیچ كامیان ڕازی نابێ دۆستی بهردهوامو هاوڕێی گۆڕستانمان بێت. ئه‌وه رۆژه‌كانی ئه‌م ساڵه بوو كه وه‌ك ده‌نكه‌كانی ته‌زبیحێك له یه‌ك دهچوونو بێئهوی نرخ بۆ ئه‌و كاته زێڕینه دانێین وه‌ك به‌فری زستان توایه‌وه‌و كردهوهكانیشمان تیایدا به چاك‌و خراپیه‌وه تۆماركران و هه‌ڵگیران. دیاره ژیان سه‌فه‌رێكی به‌په‌له‌ی نێوان ره‌حمی دایك‌و گۆڕستانه، دوا ئه‌م سه‌فه‌ره‌ش پێوانه‌كان دهگۆڕێو خۆمان له نێو كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی دیكه‌دا ده‌بینینه‌وه، كه هه‌موو جوڵه‌و چرپه‌و ده‌نگێكمان نرخی تایبه‌تی خۆی دهبێو ته‌رازوی خوایی ده‌بێته پێوه‌ر وَالْوَزْنُ يَوْمَئِذٍ الْحَقُّ فَمَنْ ثَقُلَتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ- وَمَنْ خَفَّتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَئِكَ الَّذِينَ خَسِرُوا أَنْفُسَهُمْ بِمَا كَانُوا بِآياتِنَا يَظْلِمُونَ (لأعراف:٨-٩) ] ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت له ساڵی نوێ‌دا ئاڕاسته‌ی ژیانمان بگۆڕین‌و بزانین كه ئێمه بۆ جۆرێكی دی له ژیان دروست بووین جیاواز له‌وه‌ی گوزارشتمان لێ كرد. كه‌واته با له مه‌ودوا له هه‌وڵی قورسكردنی تای ته‌رازوی چاكه‌كانماندا بین‌و دوركه‌وینه‌وه له‌و شتانه‌ی پێچه‌وانه‌ی شه‌رعی خوا‌و سونه‌تی پێغه‌مبه‌رن (صلى الله عليه وسلم) چونكه كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ رَهِینَهٌ (المدُثر:٣٨) گه‌ر خوانه‌خواسته له ساڵی رابردودا به‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی لاشه‌مان تاوانێكمان كردبێت ئه‌وا له ڕۆژی دوایدا لێمان دێنه گۆو شاهیدیمان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن حَتَّى إِذَا مَا جَاءُوهَا شَهِدَ عَلَيْهِمْ سَمْعُهُمْ وَأَبْصَارُهُمْ وَجُلُودُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ- وَقَالُوا لِجُلُودِهِمْ لِمَ شَهِدْتُمْ عَلَيْنَا قَالُوا أَنْطَقَنَا اللَّهُ الَّذِي أَنْطَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ خَلَقَكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (فصلت:٢٠-٢١) ] جا بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاری رۆژی قیامه‌ت نه‌بین پێویسته به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و، واشنهزانین كه ئه‌م هه‌ڵوێسته ته‌نها بۆ سودی قیامه‌تمانه به‌ڵكو به‌ره‌كه‌ته‌كانی ئه‌م دنیایه‌ش په‌یوه‌سته یه‌و كرده‌وانه‌ی رۆژانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. بۆیه كاتێك ده‌بینین به‌ره‌كه‌تی ئه‌رزو ئاسمان له‌م مشته خه‌ڵكه‌ی سه‌ر ئه‌م خاكه ڕو له‌كه‌م بوونه بێگومان بین كه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ن كه ئه‌نجاممان داون وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ وَلَكِنْ كَذَّبُوا فَأَخَذْنَاهُمْ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (لأعراف:٩٦) ] ئه‌گه‌ر ساڵی رابردومان ئاوا به‌ڕێ كردبێ‌و هێنده به‌لاڕێدا رۆیشتبین، ده‌خوازێت مێژووی ئاینده‌مان ته‌رخان كه‌ین بۆ سڕینه‌وه‌ی كاره ناپه‌سه‌نده‌كانمان كه‌به‌هۆی غه‌فڵه‌ته‌وه كه‌وتبووینه زه‌لكاوی تاوانه‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ژیانی ساده، گه‌ر په‌روه‌ردگارمان لێ رازی بێت زۆر باشتر‌و به‌ره‌كه‌تدارتره له‌و ژیانه‌ی ئێستا ده‌یگوزه‌رێنین، بۆیه گه‌ر گه‌نده‌ڵ نه‌بین ژیانی ساده‌ی رابردومان كه پڕیه‌تی له سهروهریو تێكۆشان‌و به‌ته‌نگه‌وه هاتنی خه‌ڵكی، لا سوك نابێت، هه‌ر كاتێكیش ناوه‌نده‌كانی خزمه‌تكردن‌و ده‌ستگرۆیی هه‌ژاران‌و خه‌باتكردن له تێڕوانینی مرۆڤدا بێبایه‌خ هه‌ڵسه‌نگێنرا ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه جوانكاری‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی دڵه‌كان ره‌ش ده‌كاته‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی سۆز‌و خۆشه‌ویستیش ووشك ده‌كات. كاتێكیش ده‌توانین له كرده‌وه‌كانی ساڵی رابردومان بێ‌باك بین كه چه‌ند ساتێك له خه‌ڵوه‌تی خۆماندا بمێنینه‌وه‌و به‌ووردی له خۆمان بڕوانین‌و ئاهێكی پڕ شه‌رمیش بكه‌ینه‌وه بهگیانمانداو وه‌ك پرسهدارێك ده‌ستمان له‌سه‌ر یه‌ك دانێینو سه‌ركز له‌به‌رده‌م تاوانه‌كانماندا بووهستینو له‌جیاتی به‌شداریمان له ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵدا ئاوڕێك له ساڵی رابردوو بده‌ینه‌وه‌و ریوایه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره كورته به‌رهه‌م بهێنین كه‌تیایدا ده‌ریخات ئه‌و دنیایه‌مان چۆن دیووه‌و چیشمان وه‌ك توێشو له ههگبهماندا هه‌ڵگرتووه. ئاشنابونیشمان به ساڵی نوێ كه تیایدا خۆمان به رێبوارێكی چاو كراوه‌ی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه بزانین‌و زوو له شته‌كان حاڵی بین رۆشناییه‌كی سه‌رله‌نوێیه به‌سه‌ر ئه‌و ژیانه تاریكهماندا هه‌ڵدێت، هێنده‌ش له تاریكی‌دا ماوینه‌ته‌وه ده‌توانین باس له‌و روناكیه نوێیه بكه‌ین‌و جارێكی دیش دڵمان به‌و خۆشیه كورت‌و كه‌م خایه‌نانه خۆشنهكهین كه له ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌بێته میوانمان. كه‌واته با رۆژه‌كانی ساڵی نوێ پڕكه‌ین له هه‌نگاوی جوان‌و پڕ به‌ها تا سه‌ری ساڵی داهاتوو وه‌ك ئه‌مساڵ په‌نجه‌ی په‌شیمانی نهگهزینو تاریكی‌و دڵه راوكێش له نێو دهستهكانماندا نهگوشین. ئه‌وه‌ش بزانین كه‌هه‌ر یه‌كێك له ئێمه دوو ماڵی هه‌یه‌و پێویست ده‌كات خۆی به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یانه‌وه خه‌ریك كات كه په‌شیمانی له دوا نییه‌و به‌سه‌رفرازی بۆ هه‌تا هه‌تایی تیا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌تا عهبدوڵلاَی كوڕی عیزار خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رمووێت ( لابن ا‌دم بيتان: بيت على ظهر الارض، وبيت في بطن الارض، فعمد للذي على ظهر الارض فزخرفه و زينه، وجعل فيه ابوابا للشمال، وابوابا للجنوب، وصنع فيه ما يصلحه لشتائه وصيفه. ثم عمد الى الذي في بطن الارض فاخربه، فاتى عليه ات، فقال: ارايت هذا الذي اراك قد اصلحته، كم تقيم فيه؟ قال: لاادري. قال: فالذي قد اخربته، كم تقيم فيه؟ قال: فيه مقامي، قال: تقر بهذا على نفسك، وانت رجل يعقل؟! )