سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  به‌گاوركردنی جیهان له‌ كۆریای باشووره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات
گۆڕینی فۆنت

دانراوه له‌لایه‌ن: باوکی موحه‌ممه‌د



"جیهانی ئیسلامی به‌ره‌یه‌كی نۆییه‌ بۆ ته‌بشیر و پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ین تاكوو موسڵمانه‌كان له‌ ئایینی خۆیان هه‌ڵگێڕینه‌وه ‌و به‌ره‌و مه‌سیحییه‌تیان ببه‌ین." كه‌نیسه‌ مه‌سیحییه‌كانی كۆریای باشوور. بی‌بی‌سی له‌ (٦/٥/٢٠٠٤). 

["ده‌ستگیركردنی ٢٣ مژده‌ده‌ری نه‌سرانی له‌ سه‌ر ده‌ستی تالیبان، له‌ مانگی ئابی ساڵی ڕابوردووه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانی ١٢٠٠ به‌گاوركه‌ری كۆرییان ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیان كردۆته‌وه‌، له‌ ساڵی ٢٠٠٤دا هه‌شت به‌گاروكه‌ری كۆریایی له‌ عێراقدا بۆ چه‌ند ڕۆژێك ڕفێنران و پاشان ئازاد كران، له‌ هه‌مان ساڵدا مژده‌ده‌رێكی تر ڕفێنرا به‌ڵام له‌ پاشاندا به‌سه‌ربڕاوی دۆزرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ مه‌سیحییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ چواریه‌كی دانیشتوانی كۆریان به‌ڵام دووه‌م ده‌وڵه‌تی دنیایه‌ دوای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (٤٦ هه‌زار مژده‌ده‌ر) كه‌ به‌گاوركه‌ران ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ كردنی خه‌ڵكی به‌ مه‌سیحی، ١٧ هه‌زار به‌گاوركه‌ری كۆریایی له‌ ١٧٣ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیاو ئاسیادا به‌ مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌كردنی بۆ نه‌سرانییه‌ت بڵاو بونه‌ته‌وه‌، كه‌نیسه‌ی "كنوري" خاوه‌نی زۆرترینی ژماره‌ی نێره‌رانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ (به‌غداد)ی پایته‌ختی عێراقیشدا كه‌نیسه‌یه‌كیان بۆو مه‌به‌سته‌ هه‌یه‌، كۆریای خواروو بۆته‌ بنكه‌ی یه‌كه‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌سرانییه‌ت له‌ كیشوه‌ری ئاسیادا"] 

ئه‌مانه‌و زۆرێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ وڵاتێكی وه‌ك كۆریای باشوور ڕه‌نگه‌ ببێته‌ بنكه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌و بیعساتی به‌گاوركردنی وڵاتانی ئاسیاو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا. 

فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپۆرته‌ی (ئیسلام ئۆنلاین) كه‌ سه‌باره‌ت به‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌ماده‌ كراوه‌. 

ڕووداوی ڕفاندن و به‌ بارمته‌گرتنی ٢٣ مژده‌ده‌ری مه‌سیحی كۆریای باشوور له‌ ئه‌فغانستاندا بگره‌و بێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌رفراوانی ناوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی كۆمه‌ڵه‌ ته‌بشیرییه‌كان بۆ ناوچه‌ گه‌رم و ته‌وژماویه‌كانی جیهان و جیهانی ئیسلامی، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتێكدا ناردنییان بۆ ئه‌م شوێنانه‌ی جیهانی ئیسلامی به‌ پاڵنه‌رو هه‌وڵی به‌گاوركردنی موسڵمانان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحییه‌ته‌ له‌ نێویاندا. 

ئه‌م ڕووداوه‌ وای له‌ حكومه‌تی كۆریا كرد كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ٢٧-٠٧-٢٠٠٧ بڕیارێك ده‌ربكات و رێ له‌ هاووڵاتیانی خۆی بگرێت كه‌ گه‌شت بكه‌ن بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌فغانستان و عێراق و سۆماڵ و سزای هه‌ر هاووڵاتیه‌ك بدات ئه‌گه‌ر به‌ بێ مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌ت سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ بكات. 
هه‌روه‌ك ده‌قی بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌ له‌و وڵاتانه‌ ماونه‌ته‌وه‌ به‌ زوترین كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان. 

له‌ لایه‌نی خۆیانه‌وه‌، ڕۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كان داوایان له‌ هه‌ردوو كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی و پرۆتستانتی له‌و وڵاته‌دا كردووه‌ كه‌ به‌ سیاسه‌تی خۆیاندا بچنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی بیعسه‌ ته‌بشیرییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان، ئێسته‌ هه‌زاران به‌گاوركه‌ری مه‌سیحی له‌ كۆریایی باشووره‌وه‌ به‌ره‌و زۆرێك له‌ وڵاته‌كانی جیهانی ده‌ڕۆن، به‌پێی هه‌واڵگریی ڕۆیته‌رز به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی گه‌رم و ته‌وژماوین بڵاو بونه‌ته‌وه‌. 

كه‌نیسه‌ی "سايمول" كه‌ كه‌وتۆته‌ گه‌ڕه‌كێكی (سۆل)ی پایته‌ختی كۆریای باشوور و به‌رپرسی ناردنی ئه‌و "مژده‌ده‌رانه‌"یه‌ كه‌ ئێسته‌ له‌ ئه‌فغانستاندا ده‌ستبه‌سه‌رن، یه‌كه‌م كه‌نیسه‌ بوو به‌ پیرۆ ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هات و هه‌ستا به‌ ڕاكێشانه‌وه‌ی ٤٢ مژده‌ده‌ری دیكه‌ كه‌ له‌ ئه‌فغانستاندا كاریان ده‌كرد. 

بزوتنه‌وه‌ی تالیبانی ئه‌فغانی له‌ ١٩-٠٧-٢٠٠٧ به‌رپرسیاری خۆی له‌ ڕفاندن و بارمته‌گرتنی ٢٣ به‌گاوركه‌ری كۆریای باشوور ڕاگه‌یاند، كاتێك پاسه‌كه‌یانی له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی غه‌زنێ ڕاگرت و هه‌موویانیان ڕاپێچ كرد. 


ڕه‌خنه‌ی ناوخۆیی 
هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌ به‌رچاوه‌كانی كۆریای باشوور ئه‌و پرسیاره‌یان وروژاندا كه‌ ئایا به‌رژه‌وه‌ندی كه‌نیسه‌ی "سايمول" چییه‌ له‌ پشتگوێخستنی هۆشداری و وریاییه‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی ئه‌و كێشه‌و ململانێه‌ی ئێسته‌ له‌گه‌ڵ تالیباندا هه‌یه و داوایان كرد كه‌ كه‌نیسه‌ چاوێك به‌ ستراتیژیه‌تی خۆیدا بخشێنێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناردنی مژده‌ده‌ره‌ مه‌سیحییه‌كانی بۆو ناوچانه‌ی كێشه‌و ململانێی گه‌رمیان تێدایه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیدا. 

وه‌ ده‌زگاكانی ڕاگایاندنی ناوخۆیی كۆریای باشوور ره‌خنه‌یان له‌ هه‌ندێ له‌ پیاوانی مه‌سیحی گرت له‌ ناردنی بیعسه‌ مه‌سیحییه‌كان بۆ شوێنه‌ ته‌وژماوییه‌كانی جیهانی ئیسلامی و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و كه‌نیسانه‌ی ئه‌و مژده‌ده‌رانه‌ ده‌نێرنه‌ ده‌رێ له‌ هه‌ندێ جاردا تێڕوانینێكی ڕووكه‌شیان بۆ بارودۆخه‌كه‌ هه‌یه‌و ئاگایان له‌ رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی ناوخۆیی ئه‌و وڵاتانه‌ نییه‌. 

شایه‌نی باسه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانستان له‌ مانگی ئابی ساڵی ڕابوردووه‌و تا ئه‌مڕۆ ١٢٠٠ مژده‌ده‌ری مه‌سیحی كۆریای باشووریان له‌‌و وڵاته‌ به‌ هۆی مه‌ترسی له‌ سه‌ر ژیانیان ڕه‌وانه‌ی وڵاتی خۆیان كردونه‌ته‌وه‌‌. 

باس ده‌كرێت كه‌ كوریای باشوور ٢٠٠ سه‌ربازی هه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێر ئاڵای هێزی نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات كار ده‌كه‌ن له‌ ئه‌فغانستاندا، به‌ڵام هه‌موویان له‌ چینی ئه‌ندازیارو پزیشكن نه‌ك له‌ شه‌ڕكه‌ران. 

به‌ره‌یه‌كی نوێ 
ڕۆڵی به‌گاوركردنی كه‌نیسه‌ی كۆریای باشوور له‌ جیهانی ئیسلامیدا له‌ ساڵی ٢٠٠٤وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، كاتێك بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك ٨ مژده‌ده‌ری كۆریای باشوور له‌ عێراق ڕفێنران و پاشان به‌ردران، وه‌ له‌ پاش ماوه‌یه‌كی تر مژده‌ده‌رێكی تر ڕفێنراو به‌ڵام له‌ سه‌ر ده‌ستی ڕفێنراوه‌كان به‌سه‌ربڕاوی دۆزرایه‌وه‌. 

ئیتر له‌و كاته‌دا كه‌نیسه‌كانی كۆریای باكوور به‌وه‌ وه‌سفی جیهانی ئیسلامییان كرد كه‌: "به‌ره‌یه‌كی تازه‌یه‌ بۆ ته‌بشیر و پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت تا موسڵمانه‌كان له‌ ئایینه‌كه‌یان هه‌ڵگه‌ڕێنرێنه‌وه‌و ببن به‌ مه‌سیحی" به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی ده‌ستیه‌ی ئیزاعه‌ی به‌ریتانی بی بی سی له‌ رۆژی ٦-٥-٢٠٠٤ بڵاو كرابۆوه‌. 

وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ مه‌سیحییه‌كانی كۆریای باشوور له‌ چاره‌كێكی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ زیاتر پێك ناهێنن، به‌ڵام بۆته‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی دنیا له‌ ڕێژه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌گاوركه‌ران بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دوای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ ٤٦ هه‌زار موبه‌شیری هه‌یه‌،‌ نزیكه‌ی ١٧ هه‌زار مژده‌ده‌ری كۆریایی خواروو له‌ ١٧٣ وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیاو ئاسیادا كار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت ده‌كه‌ن. 

ئه‌م موبه‌شیرانه‌ش له‌و وڵاتانه‌ی تێیدان له‌ ژێر په‌رده‌ی یارمه‌تی مرۆیی و ده‌سگیرۆیی هه‌ژاران و خزمه‌تگوزاری پزیشكی و خۆبه‌خشی ته‌بشیر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ هه‌زارانیان له‌ وڵاتانی ئیسلامی كار ده‌كه‌ن كه‌ تێدایدا بانگه‌شه‌ی به‌ مه‌سحیكردن تێیدا قه‌ده‌غه‌یه‌. 


كه‌نیسه‌ی "كنوري" پرۆتستانتی كۆریای خواروو، خاوه‌ن ژماره‌ی هه‌ره‌زۆره‌ له‌ ناردنی به‌گاوركه‌ران بۆ ده‌ره‌وه‌، ئه‌م كه‌نیسه‌یه‌ش له‌ به‌غدادی پایته‌ختی عێراق دا كه‌نیسه‌یه‌كی كردۆته‌وه‌و وه‌ك لق و پاشكۆیه‌كی ئه‌و كه‌نیسه‌یه‌ كارو چالاكییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. 

یه‌كێك له‌ لێكۆڵه‌ره‌وان له‌ په‌یمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆریای باشوور بۆ گرنگییه‌ ته‌بشیرییه‌كان ده‌ڵێت: "له‌به‌ر قورسی و ناڕه‌حه‌تی به‌ده‌ستخستنی ڤیزه‌ی ئایینی بۆ وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست،‌ مژده‌ده‌ره‌كانی كۆریای باشوور په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ڤیزه‌ی قوتابی و پیشه‌ییه‌كانی تر تا بچنه‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌گاروكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت له‌ ناویاندا كاری خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن " 
وه‌ ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ به‌ "حيكمه‌ت و هێمنییه‌وه‌" كار بۆو ئه‌ركه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێیان سپێردراوه‌. 

بنكه‌یه‌ك بۆ به‌ ته‌بشیر 
مه‌سیحییه‌ت له‌ ڕێی كۆمه‌ڵێك به‌گاوركه‌ری سه‌ر به‌ كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی ڕۆمانی له‌ فاتیكان له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا هاتۆته‌ ناو كۆریایی باشووره‌وه‌، دوای ئه‌ویش به‌ نیو سه‌ده‌ ئیتر بیعسه‌ پرۆتستانتییه‌كان له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ به‌ مه‌به‌ستی ته‌نسیر به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ به‌ خه‌ستی ڕێیان گرتۆته‌ به‌ر. 

له‌ ئه‌نجامی نسكۆهێنانی بیعسه‌ ته‌بشیرییه‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ یابان و چین دا كه‌ وه‌ك به‌كریگرته‌یه‌كی وڵاتانی ئیمبریالی ڕۆژئاوایی لێیان ده‌ڕوانن، ئێسته‌ كۆریای باشوور بۆته‌ بنكه‌یه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت له‌ ئاسیادا، له‌ كاتێكدا خه‌ڵكانی كۆریای باشوور وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ری ئه‌مریكا دژی ئیستیعماری یابانی بۆ وڵاته‌كه‌یان سه‌یریان ده‌كه‌ن.

بڵاو بوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت له‌ كۆریای باشووردا له‌ ساڵانی شه‌ڕی هه‌ردوو كۆریادا ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ بازدانێكی ته‌واوی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی، كاتێك دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ مه‌سیحییه‌تیان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی خوێندنی نوێ و باشكردنی لایه‌نی گوزه‌ران و ژیانیانی سه‌یر ده‌كرد. 

وه‌ كۆریایی باشوور ئێسته‌ به‌ زۆرترین وڵاتانی ئاسایی ده‌ژمێردرێت‌ له‌ وه‌رگرتن وباوه‌ڕ بوونیان به‌ ئایینی مه‌سیحییه‌ت، به‌ جۆرێك كه‌ ٢٦.٣% له‌ كۆی ژماره‌ی دانیشتوانیان كه‌ ده‌گاته‌ ٤٩ ملیۆن كه‌س مه‌سیحین، وه‌ زۆربه‌ی ئه‌م مه‌سیحیانه‌شه‌ پرۆتستانتن كه‌ ڕێژه‌ی ١٩.٧% مه‌سیحییه‌كان پێك دێنێت، پاشان كاسۆلیك ٦.٦%. 

هه‌روه‌ك له‌ كۆریادا ئایینی تریش هه‌ن وه‌ك بوزی كه‌(٢٣%) پێك دێنن، كۆمه‌ڵێكی ئایینی نه‌ناسراوی دیكه‌ش كه‌ ڕێژه‌یان(١.٣%) هه‌ن‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا به‌پێی سه‌رژمێری حكومه‌ت بێ دینه‌كان زۆربه‌ی دانیشتوان ئه‌و وڵاته‌ پێك دێنن و ڕێژه‌یان ده‌گاته‌ ٤٩.٣%. 

ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌بشیر 
كۆریای باشوور له‌ میانه‌ی ئه‌م دوو عه‌قده‌ی دواییدا له‌ ده‌وڵه‌تێكی پێشوازیكه‌ری مژده‌ده‌ره‌ ڕۆژئاواییه‌كانه‌وه‌‌ بۆته‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ مژده‌دران ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ زۆرێك له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی جیهان. 

به‌ پێی په‌یمانگه‌ی كۆریی بۆ گرنگییه‌ ته‌بشیرییه‌كان، (سۆل) له‌ ساڵی ١٩٧٣دا جگه‌ له‌ ٩٣ مژده‌ده‌ر خاوه‌نی هیچی تر نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ ١٧ هه‌زار مژده‌ده‌ر له‌ ئێسته‌دا، ئه‌مه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و به‌ره‌و پێشچوونی ئابووری وڵات و لابردنی ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی بۆ گه‌شت و گوزارو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانرابوون. 

وه‌ ته‌نها كه‌نیسه‌ی "كنوری" پرۆتستانتی، خاوه‌نی ٥٠٠ بیعسه‌ی ته‌بشیرییه‌ له‌ ٥٣ وڵاتی جیهاندا كه‌ گرنگه‌كان چین و ئه‌ندونیسیاو هیندستانه‌. 

هه‌ریه‌ك له‌ كه‌نیسه‌ی پرۆتستانتی و كاسۆلیكی كۆریای باشوور ململانێی یه‌كتری ده‌كه‌ن له‌ نێو خۆیاندا له‌وه‌ی كێیان بیعسه‌ی ته‌بشیری زیاتر ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش ئه‌مریكاش بده‌نه‌وه‌و كۆریای باشوور ببێته‌ یه‌كه‌م وڵاتی دنیا له‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ مه‌سیحیه‌ت و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌گاوركه‌ران. 

پرۆتستانیتیش له‌م لایه‌نه‌وه‌ زیاتر زاڵ و سه‌ركه‌وتوون، چونكه‌ زۆرینه‌ی مه‌سیحییه‌كانی كۆریای باشوور پرۆتستانتن و ڕێژه‌یان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ١٠ ملیۆن و هه‌زاران ڕه‌گه‌زی چالاك له‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌بشیردا. 
وه‌ بیعساته‌ پرۆتستانتییه‌كان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان له‌ ئاسیادا به‌ده‌ست هێناوه‌، وه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ش (سامۆئیل موفیه) كه‌ مژده‌ده‌رێكی ئه‌مریكاییه‌و له‌ كۆریای باشوور نیشته‌جێیه‌ ده‌ڵێت: "سه‌ركه‌وتنی بیعساته‌ پرۆتستانتییه‌كان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن جۆرێك له‌ هاوڕایی(توافق) و پێكه‌وه‌بوون له‌ نێوان پرۆتستانت و ئایینه‌ ته‌قلیدییه‌كانی وه‌ك كۆنفۆشیۆسی و بوزی دروست بكه‌ن". 

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ تایه‌فه‌ی كاسۆلیكی،‌ به‌پێی سه‌رژمێریی كۆمه‌ڵه‌ی بیعسه‌ ته‌بشیرییه‌ بیانییه‌كان كه‌ بنكه‌كه‌ی له‌ (پاریس)ی پایته‌ختی فه‌ره‌نسایه‌ ١٧٢ ئه‌سقه‌ف و ١٢١ یاریده‌ده‌ری كۆریای باشوور له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كار ده‌كه‌ن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحییه‌ت. 

كۆمه‌ڵه‌كه‌ش ده‌ڵێت كه‌ ژماره‌ی پیاوانی ئایینی كاسۆلیكی له‌ كۆریای باشووردا له‌ زیادبوونێكی به‌رده‌وامدایه‌؛ كه‌ ئه‌مه‌ش وا له‌و وڵاته‌ ده‌كات كه‌ ببێته‌ بنكه‌یه‌كی ناوچه‌یی ئاسایی بۆ چالاكی ته‌بشیری كاسۆلیكی.

 

 1239

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram