دانراوه له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام به‌گاوركردن مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسییه و له‌ژێر په‌رده‌ی ئاییندا جێبه‌جێ ده‌كرێت. (كه‌نیسه‌ی ئینجیلی) مه‌سیحی نین، جووله‌كه له پشتیانه‌وه‌یه. ئاماده‌كردنی: سه‌لاح سالار فۆتۆ: زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵڵا ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ماوه‌یه‌كه پرۆسه‌ی "به‌گاوركردن" له كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵداوه و مه‌سیحییه ڕه‌سه‌نه‌كانی كوردستانیش دژی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ن. به پێویستمان زانی له‌گه‌ڵ قه‌شه‌ی كه‌نیسه‌كانی سلێمانی دیمانه‌یه‌ك ساز بده‌ین و له نزیكه‌وه ڕای ئه‌وان بزانین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پاش سێ جار سه‌ردانیكردنی كه‌نیسه‌ی ماریوسف توانیمان قه‌شه (دنحا حه‌ننا تۆما) بریكاری پاتریه‌ركی كلدانی له سلێمانی بدوێنین. ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیارده‌ی حه‌زه‌ر و خۆپاراستنی له پرسیاره‌كانی لێ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام هه‌رچۆن بوو ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌مان ساز دا و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێكه‌وتین كه من دوایی وشه عه‌ره‌بییه‌كان به كوردی دابڕێژمه‌وه. + ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا خۆتان بناسێنن به خوێنه‌ران. - من قه‌شه دحنا حه‌ننا تۆما، بریكاری پاتریه‌ركی كه‌لدان له سلێمانی. ئێمه له سلێمانی دوو كه‌نیسه‌مان هه‌یه، ئه‌مه‌یان كه‌نیسه‌ی ماریوسف، ه‌ی كلدانی كاسۆلیك، هه‌روه‌ها كه‌نیسه‌یه‌كی تر له سابوونكه‌ران كه ئه‌وه‌یان كۆنتره كه (مه‌ریه‌می عه‌زرا)ی پێ ده‌ڵێن له ساڵی (١٥٦٢)دا دروست كراوه. كه‌نیسه‌ی ماریوسف له ساڵی (٢٠٠٣)دا دروست كراوه؛ هه‌موو تائیفه‌كانی كلدان، كاسۆلیك، غه‌یری كاسۆلیك لێره ته‌نها ئه‌م كه‌نیسه‌یه‌مان هه‌یه. واته بۆ كاسۆلیك، ئه‌رمه‌ن، پرۆتستانت، ئاشووری، بۆ هه‌موومان. + هه‌ڵوێستی ئێوه چییه له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ی" به‌گاوركردن"ه‌ی له كوردستان ده‌ستی پێ كردووه؟ - ئێمه به‌ڕاستی دژی ئه‌و ڕه‌وته‌ین، دژی ئه‌و هێڵه‌ین. خۆی خودا كه دروستی كردووین، ئه‌وه خێزانێكی موسڵمانه، ئه‌وه‌یان خێزانێكی مه‌سیحییه، ئه‌وه‌یان جووله‌كه‌یه؛ هه‌ركه‌سه و ئه‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات. من له خانه‌واده‌یه‌كی مه‌سیحی له‌دایك بووم، شانازی پێوه ده‌كه‌م، ئیتر بۆ ئایینی خۆم بگۆڕم، یانی چی؟ یان برا ئیسلامه‌كان بۆچی ئایینی خۆیان بگۆڕن، له‌به‌ر چی؟ من وه‌كوو ڕای خۆم وا تێ ده‌گه‌م كه ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی له پشته، بۆ پاره یان بۆ سیاسه‌تێكه و قه‌زیه‌یه‌كی سیاسییه. + یانی ئێوه‌ی مه‌سیحیی كوردستان دژی ئه‌و پرۆسه‌ی "به‌گاوركردن"ه‌ن؟ - به‌ڵێ به‌ته‌ئكید ئێمه دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وانین. + ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له پشته، یان مه‌سیحییه‌كانی ناوخۆی كوردستان پێی هه‌ڵساون؟ - ئه‌وه كه‌نیسه‌ی ئیجیلی پێی هه‌ڵساوه. پێشتر ئه‌مه نه‌بوو، ئێستا ڕێگه‌ی عێراق كراوه‌یه، هه‌موو كه‌س دێت و كاری تێدا ده‌كات. ئه‌وه‌ش قه‌زیه‌یه‌كی ساسییه و له‌ژێر په‌رده‌ی ئاییندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؛ مه‌به‌ستێكی سیاسی له پشته‌وه‌یه. ئێمه هه‌موو مه‌سیحیی كاسۆلیك دژی ئه‌و شته‌ین. + باشه ئه‌وانه دژایه‌تی ئێوه ده‌كه‌ن؟ - به‌ڵێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه دژی ئێمه‌شن؟! + چۆن ئه‌وانه دروشمی مه‌سیحییه‌تی هه‌ڵده‌گرن و دژی ئێوه‌شن؟ - من وتم ئه‌وه ده‌ستی له پشته‌وه‌یه، ده‌ستی ده‌ره‌كی، ئیتر نازانم ده‌ستی جووله‌كه‌یه یان ئه‌مریكایه یان كێیه. ڕۆم ئه‌بێت ڕۆم بێت، كاسۆلیك ده‌بێت مه‌ركه‌زییه‌تی هه‌بێت. ئه‌م كه‌نیسه‌ی ئینجیلییه مه‌ركه‌زییه‌تیان نییه. ئێمه هه‌مانه. پاپا له ئیتالیا مه‌ركه‌زییه‌تی ئێمه‌یه. ئه‌وان بڕوایان به غه‌یب نییه، بڕوایان به مه‌ریه‌می عه‌زرا نییه، به مه‌سیحی یه‌سووع بڕوا ناكه‌ن. + یانی به زمانی ئێمه‌ی موسڵمان، ئێوه عه‌قائیدتان جودایه؟ - به‌ڵێ، به‌ڵێ، عه‌قائیدمان جیایه. چۆن ئێوه حه‌نبه‌لی و شافیعی و حه‌نه‌فی و سوننه و شیعه‌تان هه‌یه، ئێمه‌ش هه‌روا مه‌زهه‌بمان جیایه.، به‌ڵام (ئینجیلییه‌كان) باوه‌ڕ به هه‌ندێك به‌شی ئینجیل ناكه‌ن! ئه‌و شته عه‌قائیدییانه ئێمه له ئه‌سحابی یه‌سووع مه‌سیح و پاپای ڕۆما بۆمان هاتووه. چونكه یه‌سووع مه‌سیح سوڵته‌ی دا به مارپه‌ترۆس كه یه‌كێ له ئه‌سحابه‌كانی بوو، ئه‌ویش به پاپا، پاپاش به په‌تریه‌ر‌ك، په‌تریه‌ر‌كیش به مه‌تران، كاتۆلیك ئاوا مه‌ركه‌زییه‌تی هه‌یه، هه‌موویان كۆ ده‌كاته‌وه. نابێت هه‌ركه‌س هات و بڵێ من قه‌شه‌م. + به درێژاییی مێژوو مه‌سیحییه‌كان لێره ژیاون، له وڵاتی موسڵمانان. ئایا هه‌رگیز موسڵمانان ئازاریان داون یان دژایه‌تی ئێوه‌یان كردووه كه له ساڵی (١٥٦٢)ه‌وه كه‌نیسه‌تان هه‌یه؟ خراپ نه‌بوون له‌گه‌ڵتان؟ - نا، نا، ئێمه ڕێزمان هه‌یه بۆ برا موسڵمانه‌كانمان، به‌تایبه‌تی سلێمانی، كه زیاتر كراوه بوون. له مێژوودا خوێندوومانه، لێره مرۆڤی موسڵمان و مه‌سیحی وه‌ك برا وا بوون. تا ده‌گاته ئێسته‌ش له خۆشی و ناخۆشیماندا ئێوه به‌شداریتان كردووه، ئێمه‌ش له ه‌ی ئێوه‌دا به‌شداریمان كردووه. ته‌نانه‌ت حكوومه‌تیش، وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی ئێره و ئه‌ولاش و مام جه‌لال و سه‌ركرده‌كان ڕێزی مه‌سیحییه‌كانیان گرتووه، جیاوازی نه‌خراوه له نێوانماندا. + له ڕۆژنامه‌ی (میدیا)دا قه‌شه‌یه‌ك ده‌ڵێت من ئه‌و كاسێته‌م برد بۆ سه‌رۆك بوش (كه مه‌به‌ستی چالاكییه‌كانی "به‌گاوركردن"ه له كورستاندا)، سوپاسی كردم، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه ده‌ستێكی نێوده‌وڵه‌تی له پشته‌وه‌یه؟ - وا هه‌ست ئه‌كه‌م، پێشتر ئه‌وه نه‌بوو، باشه بۆ ئێسته ئه‌و شته ڕوو ده‌دات؟! + باشه جۆرج بوش كه‌سێكی بڕوادار (مؤمن)ی مه‌سیحی نییه؟ - مه‌سیحییه، به‌ڵام كاسۆلیك نییه، پرۆتستانته. + پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، مه‌به‌ستێكی تریشی له‌گه‌ڵ نه‌بوو؟ كه پرۆسه‌ی (ته‌بشیری) و (به‌گاوركردنه)؟ - (به پێكه‌نینه‌وه) ناتوانم هیچ بڵێم، شتێكی سیاسییه، بۆ من باشتره قسه نه‌كه‌م. + تۆ وتت: ئێمه دژی ئه‌وه‌ین كه موسڵمانه‌كان له ئایینی خۆیان هه‌ڵگه‌ڕێنینه‌وه و بیانكه‌ین به مه‌سیحی، ئه‌گه‌ر وایه بۆ به‌یاننامه‌یه‌كی ڕه‌سمیتان دژی ئه‌و كاره ده‌رنه‌كردووه؟ - برا موسڵمانه‌كان خۆیان ده‌زانن كه ئێمه دژی ئه‌و شته‌ین، نامانه‌وێت یه‌ك كه‌س له ئیسلامه‌وه ببێت به مه‌سیحی، پاتریه‌رك (مار عه‌مانوئیل الثالث دلی) كه باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ئایینی مه‌سیحییه له ناو كلدانه‌كانی عێراق و جیهان، كه له به‌غدایه، ئه‌و به‌یانی داوه به هه‌موو كه‌نیسه‌كانی عێراق و كوردستان. له سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ و ئه‌و ناوچانه. خۆی له‌گه‌ڵ مه‌ترانه‌كان كۆ بۆوه و وتی: "ده‌بێت ئێمه دژی ئه‌و پرۆسه‌ی ئینجیلییه ڕابوه‌ستین." + ده‌نگۆ هه‌یه كه هه‌ركه‌س ده‌بێ به مه‌سیحی، مانگی (٢٠٠) دۆلار وه‌رده‌گرێت، یان حكوومه‌تی هه‌رێم زه‌وییان ده‌داتێ، ئێوه ئاگادارن له‌و شتانه؟ - ئێسته له تۆی ده‌بیستم. + ئه‌گه‌ر وابوو حكوومه‌تی هه‌رێم شتی وای كرد، ئێوه دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌بن یان په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن؟ - (پاش كه‌مێك بێده‌نگی) ئه‌و پرسیاره‌ش سیاسییه نابێت قسه بكه‌م، من ناتوانم هیچ بڵێم. + ئه‌و پرۆسه‌ی ته‌بشیرییه كه له كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه، مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه یان نوێیه؟ - نا، تازه‌یه. وه‌ك وتم: ده‌رگای عێراق كراوه‌یه، هه‌موو دێنه ژووره‌وه و جانتاكانیان ده‌كه‌نه‌وه، چی‌یان بوێت ده‌یكه‌ن. + ده‌كرێت وردتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی پێشوو بپرسینه‌وه، كه ئێوه ده‌ڵێن: دژی ئه‌وه‌ین موسڵمان بكرێته مه‌سیحی، ئایا ئه‌وه سیاسه‌تێكی مه‌سیحییه‌كانه بۆ خۆپاراستن، له‌به‌ر موسڵمانه‌كان وا ده‌ڵێن؟ - ئه‌وه قسه‌ی ناو قه‌لبمانه (دڵمانه)، له ناخدا ڕامان وایه و دژی ئه‌و پرۆ‌سه‌یه‌ین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتمان نییه. + ئه‌و كه‌نیسه ئینجیلییه‌ی به‌و كاره هه‌ستاوه مه‌سیحین یان جووله‌كه ده‌یانجووڵێنێت و مه‌سیحی نین؟ - نه‌خێر، نه‌خێر، ئه‌وانه مه‌سیحی نین. به خوا وا بزانم جووله‌كه له پشتی ئه‌و كاره‌وه‌یه. بۆ ئێستا كێ ئه‌مریكا به‌ڕێوه ئه‌بات، جووله‌كه نییه، كۆنگرێس چه‌ند جووله‌كه‌ی تێدایه؟ هه‌موو ئه‌وان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سه‌رچاوه: http://www.komalnews.net/ku/k-views/qasha1.pdf