سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوکمی گرێبه‌سته‌ مسۆگه‌رییه‌کان(الضمان و التأمین) چیە.؟
سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێبێت به‌رێزه‌کانم. مامۆستایانی به‌ڕێز ئایا(تأمین)ی سه‌یاره ، خانوو ، ئیشکردن ، هی ژیانی خۆت ،... به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام چۆنه؟ ئایا حه‌رامه یان حه‌ڵاڵه؟ مامۆستا گیان ئه‌گه‌ر حه‌رامه بۆمان ڕوونکه‌ره، وه بۆ حه‌رامه؟ خوای گه‌وره پاداشتی خێرتان باته‌وه.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 728


به ‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له‌ ‌پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه‌ وسلم) و هه‌روه‌ها له‌ ئال و یارانی. 

بۆ‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: 
سیسته‌می مسۆگه‌رکردن(التأمین) به‌هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه که‌ئێستا باوه‌، داهێنراوێکی سیسته‌می ماددی ڕۆژئاوایه‌، له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رمایه‌دار و ده‌زگایانه‌وه‌ هاتۆته‌دی که‌ نیازیان داگیرکردن و زه‌وتکردنی ماڵی خه‌ڵكییه‌ به‌ناهه‌ق به‌ناو و له‌ژێر په‌رده‌ی سه‌لامه‌تی ژیان و موڵک و ماڵ...تاد. 
ئیسلام ئه‌و گرێبه‌ست‌(العقد) و مامه‌ڵانه‌ی هه‌موو به‌حه‌رام ڕاگرتووه‌، چونکه‌: 
١/ ‌زه‌وتکردنی ماڵی خه‌ڵكی تێدایه‌، ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌دات ڕه‌نگه‌ له‌به‌رامبه‌ری ئه‌وه‌ بۆ(١٠) ساڵیش تووشی کاره‌ساتێکی وه‌ها نه‌بێت به‌قه‌ده‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی خۆی قه‌ره‌بووی بۆ بکرێته‌وه‌! که‌واته‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی له‌خه‌ڵكی کۆده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ساڵانه‌ یه‌ک به‌شی ملیۆنی ئه‌وه‌ی په‌یدای ده‌که‌ن سه‌رف نه‌کرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی.. چونکه‌ به‌ ملیۆن خه‌ڵك هه‌ن مانگانه‌ پاره‌ ده‌ده‌ن بۆ خۆیان و ماڵ و سه‌یاره‌ و.... 

٢/ ئه‌وه‌ی ده‌درێت، ئه‌وه‌ وه‌رناگیرێته‌وه‌، یان زیاتر ده‌بێت یان که‌متر یاخوود هه‌ر هیچ وه‌رناگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ک قومار وایه‌ و حه‌رامه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت   يا أيها الذين آمنوا إنما الخمر والميسر والأنصاب والأزلام رجس من عمل الشيطان فاجتنبوه لعلكم تفلحون[المائدة:٩٠]. 

٣/ بێگومانه‌ که‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ مه‌رجی سوو(ڕیبا)شیان له‌گه‌ڵه‌، که‌ ئه‌گه‌ر له‌کاتی خۆی پاره‌که‌ نه‌درێت و دواخرا ئه‌وا ڕێژه‌یه‌ک له‌ سووی ده‌چێته‌ سه‌ر، بێغومان ئه‌وه‌س حه‌رامه‌. 

٤/ پاشان زیانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیمان به‌ قه‌ده‌ر و بڕیاری خوا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی به‌نده‌کانی، که‌سێک که‌ هه‌موو شتێکی خۆی ته‌ئمین کردووه‌، دڵی له‌گه‌ڵ قه‌ده‌ری خوا ناڕوات، پشتبه‌ستنی به‌خوا که‌م ده‌بێته‌وه‌، هه‌ست به‌تاموچێژی ئیمان که‌م ده‌بێته‌وه‌ و به‌ڵکو له‌خواش دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ بیر له‌ڕووداو ناکاته‌وه‌، باکی نییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر تووشی کاره‌ساتێکیش بێت، ئه‌وا دائیره‌ی ته‌ئمین مسۆگه‌ری کردووه‌ ئیتر بۆ دوعا بکات؟! بۆ پشت به‌خوا ببه‌ستێت؟! بۆچی چاوی له‌ ڕه‌حم و چاودێری خوای خۆی بێت؟! هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌م و زۆر دروست ده‌بن له‌دڵی ئه‌وانه‌دا. 

٥/ پاشان به‌هۆی ئه‌م مسۆگه‌رییه‌وه‌، چه‌نده‌ها فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ له‌نێوانی خه‌ڵکه‌که‌ و ده‌زگاکاندا دروست بووه‌، چه‌ندین که‌س خۆیان تووشی کاره‌سات کردووه‌ هه‌تا پاره‌ وه‌ربگرن، ئۆتۆمۆبیلیان سه‌قه‌ت کردووه‌ هه‌تا بۆیان بگۆڕن و قه‌ره‌وه‌بووی وه‌ربگرنه‌وه‌، بگره‌ له‌وڵاتانی ئه‌وروپا که‌سانێک هه‌بوون کوڕی خۆیان یان بابی خۆیان کوشتووه له‌پێناوی پاره‌ی ته‌ئمین..‌ ئه‌وانه‌ش حه‌رامن و هه‌رشتێکیش ببێته‌ سه‌رهه‌ڵدانیان هه‌ر حه‌رامه‌، بنه‌مایه‌کی شه‌رعی ده‌ڵێت"کل ما جر الی حرام فهو حرام." واته‌/ هه‌ر شتێک سه‌ربکێشێت بۆ حه‌رام، خۆیشی حه‌رام ده‌بێت. 

لێره‌وه‌؛ هه‌موو جۆره‌ ته‌ئمینێک حه‌رامه‌، بۆ جه‌سته‌ی خۆت یان خانوو، ماڵ و بازرگانی و ئۆتۆمۆبیل و ..تاد. 
به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌ به‌زۆرکردنی تێدا بوو و ئه‌و که‌سه‌ش ناتوانێت ئه‌وێ به‌جێ بهێڵێت، ئه‌وا له‌به‌ر به‌زۆریکردنه‌که‌ی بۆی ڕه‌وایه‌ بیکات چونکه‌ ناچاری هه‌یه‌، به‌ڵام ناچاریش وه‌ک وتراوه‌ به‌پێی پێویستییه‌که‌ی دیاری ده‌کرێت، مه‌رج نییه‌ هه‌موو ناچارییه‌ک پاساوی هه‌بێت له‌ئیسلامدا، بۆ نمونه‌ که‌سێک له‌ کارگه‌یه‌ک ئیش ده‌کات و له‌وێ به‌زۆره‌ملێ ده‌بێت گرێبه‌ستی ته‌ئمین بکات، ئه‌وه‌ پێی ناوترێت ناچاری، چونکه‌ ده‌توانێت ئیشه‌که‌ی بگۆڕێت و کارێکی تر بکات که‌ ئه‌و ناچارییه‌ی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام سه‌یاره‌ ته‌ئمین کردن که‌له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپادا جۆرێکیان به‌زۆره‌(ته‌ئمینی کاره‌ساتی ناو جاده: تڕافیک‌) ئه‌وه‌ زانایان به‌ ڕه‌وایان دانا‌وه‌، چونکه‌ به‌زۆره‌ و سه‌یاره‌ش له‌ پێویستییه‌ گرنگه‌کانی مرۆڤه‌. 

ئه‌وه‌ی ماوه‌؛ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌زۆره‌ملێی بوو، ئه‌وا له‌کاتی تووشبوون به‌ کاره‌ساتێک جائیز نییه‌ هه‌موو ئه‌و زیانه‌ قه‌ره‌بووی وه‌ربگریته‌وه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌بڕی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی تاکو ئه‌و کاره‌ساته‌ داوته‌ به‌ ده‌زگایه‌، واته‌ ته‌نها پاره‌که‌ی خۆتیان لێ وه‌ربگریته‌وه‌. 

خاڵیکی تر؛ جۆره‌ ته‌ئمینێک هه‌یه‌ جائیزه‌، ئه‌ویش ته‌ئمینی هه‌ره‌وه‌زی(التأمین التعاوني) ، ئه‌وه‌ش بریتییه‌ له‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک له‌خه‌ڵکی له‌نێوان خۆیان مانگانه‌ هه‌ریه‌که‌یان بڕێکی دیاریکراو بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێکیان تووشی کاره‌ساتێک بوو، یارمه‌تی بدرێت و به‌و پاره‌یه‌ هاوکاری بکرێت، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێری لیژنه‌یه‌کی دادپه‌روه‌ر و پاکدا. 

خوای گه‌وره‌ش زاناتره ‌(جل وعلا).‌ 
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. 
---------------------------------------------------------------- 
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌ شه‌رعییه‌کان/‌ ده‌نگی ئیسلام. 

  ژمارەی بینین 451

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus