ئایا بەرهەمەكانی شیری گوێدرێژ دروستە بەکار بهێنرێت؟
گەر بمانەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بزانین ئەبێ پێشتر قسە لە بابەتی ئەوە بکەین ئایە خواردنی گۆشتی گوێدرێژ حەڵاڵە یان حەرامە؟ چونکە لە ئیسلامدا شیری هەموو ئاژەڵێک پەیوەستە بە ئاژەڵەکەوە گەر خواردنی حەڵاڵ بێت شیرەکەشی هەمان حوکمی هەیە. سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین لە سەرەتای هاتنی ئیسلامدا گوێدرێژی ماڵی خواردنی حەڵاڵ بوو بەبێ خیلاف لە نێوان زانایان، پاشان بە پێی فەرموودە حوکمی گۆڕاوە، هەر بۆیە زانایان دوو بۆچونیان سەبارەت بە خواردنی گۆشتی گوێدرێژ هەیە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە : یەکەم : خواردنی گۆشتی گوێدرێژ ناپەسەندە یاخود دروستە. ئەمە ڕیوایەتێکە لە ئیمامی مالیکەوە، دیارە سێ بۆچونی ئیمامی مالیک لەم باسەدا هەیە (ناپەسەندە، درووستە، حەرامە)، وە عیکریمەو بیشری میرسیش هەمان بۆچونیان هەیە. بەڵگەکانیان: ١) دایکە عائیشەو عبداللەی کوڕی عەباس کاریان بەم ئایەتە ئەکردو پێیان وابوو کە خواردنی کێشەنیە، {قل لا أجد في مآ أوحي اليّ محرما على طاعم يطعمه إلا أن يكون ميّتة} الانعام: ١٤٥. ٢) لای بوخاری و موسلیم هاتوە کە عبداللەی کوڕی عەباس وتویەتی" نازانم ئایە قەدەغەکردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ گۆشتی گوێدرێژ لەبەر ئەوە بو کە وڵاخی بار نامێنێت، یاخود قەدەغەکردنی یەکجاری بوو لە ڕۆژی خەیبەردا. ٣) کەسێک پرسیاری لە پێغەمبەری ئیسلام کرد (صلى الله عليه وسلم) دەربارەی خواردنی گۆشتی گوێدرێژ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ، فەرمووی"ئایە لە لەوەڕگا نالەوەڕێ و گەڵای دار ناخوات؟" وتی: بەڵێ. فەرمووی" گۆشتی بخۆ کەواتە". اخرجه الطبراني، بەڵام ئیمامی ابن حجر لە فەتحدا ئەڵێ: لە سەندیدا کێشەی تێدایە گەر کێشەش نەبێ ئەگونجێ پێش حەرام کردنی بێت. الفتح : ٩/ ٨١٢. ٤) لە ڕۆژی خەیبەردا هاوەڵان برسێتی زۆری بۆ هێنان و ئەوانێیش گوێدرێژیان سەر بڕی و لەت و پەتیان کردو کردیانە مەنجەڵەوە بۆ لێنان، تا هاوەڵێک هاواری کردو وتی: گۆشتی گوێدرێژ بە هیچ جۆرێ مەخۆن" هاوەڵان وتیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی قەدەغە کردین لەبەر ئەوەی یەشتا بەش نەکرابوو لە دەستکەوتی جەنگ بوو، بەشێکی تری هاوەڵان وتیان بە یەکجاری لێی قەدەغە کردین. متفق عليه. ٥)کابرایەک هاتە خزمەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتی: توشی هەژاری بوین بە جۆرێک هیچمان نیە بیخۆین جگە لە گۆشتی گوێدرێژێکی قەڵەو نەبێ و تۆش حەرامت کردوە؟ فەرمووی" ماڵ و منداڵ تێر بکە لە گۆشتی گوێدرێژە قەڵەوەکەت، من کە حەرامم کردوە تەنها لەبەر ئەوە حەرامم کرد کە شتی پیس دەخوات". رواه أبو داود وهو ضعيف. ٦) خاوەنی ئەم بۆچونە ئەڵێن سەرتا حەڵاڵ بوە خواردنی گۆشتی گوێدرێژ، بەڵام پاشان بەهۆی هۆکارێکەوە کە کەم بونەوەی گوێدرێژ بوە بۆ بار بە کاتی حەرام کراوەو پاشان حوکمەکەی وەک پێشوی لێ هاتۆتەوە کە ئەو ترسە نەما، وەک لە فەرمودەی ئەنسدا هاتوە(... أُفنيت الحمر...). دووە: خواردنی گۆشتی گوێدرێژ حەرامە. زۆربەی زانایان لەسەر ئەم بۆچونەن و ئیمامی مالیکیش بۆچانێکی وای لێوە ڕیوایەت کراوە، کە گۆشت و شیرەکەشی حەرامە، ئیمامی ابن حزم لە کتێبی (المحلى: ٧/ ٤٠٦)دا ئەڵێ: نۆ هاوەڵی بەڕێز بە موتەواتری لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) حەرامیان گێڕاوەتەوە. بەڵگەکانیان: ١) لە سەحیحی ئیمامی بوخاری و موسلم هەر یەک لەم هاوەڵە بەڕێزانەوە ( علي بن أبي طالب، عبدالله بن عمر، جابر بن عبدالله، براء بن العازب، سلمة بن الأكوع، ثعلبة الخشني، أنس بن مالك، زاهر الأسلمي) ڕیوایەت کراوە بە جیاوازیەکی کەم لە مەتنی فەرمودەکەدا کە " نهى رسول الله (صلى الله عليه وسلم) عن أكل لحوم الحمر الأهلية" یان" نهى عن متعة النساء وعن لحوم الحمر الأهلية". ٢) لای ئیمامی دارەقوتنی لە میقدادەوە ڕیوایەت کراوە کە" حرم رسول الله (صلى الله عليه وسلم) أشياء يوم خيبر، منها الحمار الأهلي". بۆیە ئەتوانین بڵێن بەڵگەی ئەو زانایانەی ئەڵێن حەرام بەهێزەو هیچ گومان لە سەریحی و سەحیحیاندا نیە، هەر بۆیە ئیمامی نەوەی لە کتێبی (المجموع: ٩ / ٦-٨)ئەڵێ: قال بتحريم الحمر الأهلية أكثر العلماء من الصحابة فمن بعدهم، ولم نجد عن أحد من الصحابة خلافا إلا عن ابن عباس". پاشان دەربارەی بەکار هێنانی شیری گوێدرێژ لە کاتێکدا تێکەڵ شتی تر ئەکرێت و سیفەتە سەرەکیەکەی خۆی لە دەست ئەدات و وەک عیلاجێک بەکار دێت بۆ هەندێ پێست، ئەڵێن: لای ئەو زانایانەی پێیان وایە حەرام نیە گۆشتەکەی شیرەکەشی هەمان حوکمی هەیە، پاشان دێینە سەر ئەوەی بۆ عیلاج بەکار بێت، زانایان بۆ کاتی پێویستی ڕێگەیان داوە شتی پیس جگە لە مەی(الخمر) بەکار بێت بە پێی پێویست، وەک لە کتێبی( مغني المختاج :٥/ ٥١٨) باس لەو بابەتە کراوە. ئەوە لە کاتێکدا خودی شتە پیسەکە بەکار بێت، بەڵام خۆ ئەگەر تێکەڵی شتی تر بکرێت و سیفەتی ئەسڵی خۆی لە دەست بدات ئەوە لە پێشترە کە دروستە. وە لە فیقهی مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفە و ئیمامی مالیکدا باس لەوە ئەکرێت ئەگەر شتە پیسەکە گۆڕا بۆ شتێکی تری پاک و سیفەتی پیسی لە دەستدا وەک شیری گوێدرێژ کە ئەکرێتە سابوون یان مەڵحەم یاخود کرێم، ئەوکات حوکمی پاکی بەسەردا ئەدرێت و ئەو کردارە لە شەرعدا پێی ئەوترێ( الاستحالة). بۆ شارەزابونی زیاتر لەم بابەتە تەماشای ئەم لێکۆڵینەوە بکەن ( الاستحالة في الفقه الإسلامي وتطبيقاتها المعاصرة) د. فضل الرحيم بصيرت، زانکۆی کابوڵ. هەر بۆیە ئیمامی کەمال ئیبنولهەمامی حەنەفی لە کتێبی( فتح القدير: ١/ ٢٠٠) دا ئەڵێ:" أن الشرع رتب وصف النجاسة على تلك الحقيقة، وتنتفي الحقيقة بانتفاء بعض أجزاء مفهومها فكيف بالكل، ونظيره في الشرع النطفة نجسة وتصير علقة، وهي نجسة، وتصير مضغة فتطهر، والعصير طاهر فيصير خمراً فينجس، ويصير خلاً فيطهر، فعرفنا أن استحالة العين تستتبع زوال الوصف المرتب عليها". پوختەی قسە: ئەوەی لە پێشودا باسمان کرد و ڕوونمان کردەوە باسی خواردنی گۆشتی گوێدرێژ بوو کە قسەی ڕاست و دروست ئەوەیە حەرامەو شیرەکەشی هەمان حوکمی هەیە، بەڵام دەربارەی بەکارهێنان و تێکەڵ کردنی شیرەکەی لەگەڵ شتی تردا بە جۆرێک سیفەتی خۆی لە دەست بدات و بۆ چارەسەر بێت دروستە بەکار بێت، چونکە سیفەتی شیری خۆی لە دەست ئەدات و ئەبێتە شتێکی تر، ئەم کردارەش باسمان کرد لە شەرعدا پێی ئەوترێ( الاستحالة)وە بەو هۆیەوە دروستە بەکار هێنانی شیری گوێدرێژ لەبەر دوو هۆکار، یەکەم بۆ دەرمانە، دووەم سیفەتی ئەسڵی خۆی لە دەستداوە و تێکەڵ شتی تری پاک کراوە. ✍️وەڵامدانەوەی د.شاخوان سيامنصوري. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.