سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نه‌خۆشی مایەسیری چییە.؟
نه‌خۆشی مایەسیری چییە ؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 1374



مایەسیری چییە ؟


مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێن لە كۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە و ڕێكەدا، ئەم بەشە بە بەشێكی دەوڵەمەند بە بۆری خوێن دە‌ناسرێت، ئەو بۆرییانەش پاڵپشتی ماسولكەكان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و كردنەوەی كۆم.

خوێن کە ھەڵگری ئۆکسجین و خوراکە لە رێگەی خوێنبەرەوە دەگاتە کۆم‌ و لەرێگەی خوێن ھێنەرەوە دەگەرێتەوە بۆ دڵ، ئەگەر بەربەستێک دروست بێت بۆ خوێن ھێنەرەکان لەکۆما بۆ گەڕانەوەیان بۆ دڵ، ئەوا پەستان لەسەر خوێن ھێنەرەکانی کۆم دروست دەبێت و دەبێتە ھۆی گەورەبوون‌ و ئاوسان‌ و پێچاوپێچی خوێن ھێنەرەکان لەناوچەی کۆمدا کە پێی ئەوترێ مایەسیری

هەردوو ڕەگەز تووشی مایەسیری دەبن بەڵام ڕەگەزی مێینە ئەگەری توشبوونیان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان، لە (%٥٠) پێگەیشتوان نیشانەکانی مەیەسیریان تیا دەردەکەوێت لە تەمەنی (٥٠) ساڵیدا. مایەسیری گرفتێكی ترسناك و كوشندە نییە، بەڵام دەبێتەهۆی بێزاركردن و درووستكردنی ئازار ، بۆیە پێویستە لە کاتی هەستکردن و هاتنە دەرەوەی خوێنێکی سوری کاڵ لە کۆمەوە، یان بینینی خوێن بە جلی ژێرەوە، سەردانی پزیشکی پسپۆر بەو بوارە بکرێت.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چیین ؟

خوێنبەربوونێکی بێ ئازار لەکاتی دەرچوونی پیسایی، یان بوونی خوێنێکی سوری کاڵ بە جلی ژێرەوە
ئەستووربوون، خوران و کزانەوە لە دەوروبەری دەرچەی کۆم
گرێیەکی بە ئازار لە دەوروبەری دەرچەی پیسایی
ئازارو ناڕەحەتی
لێچوونی پیسایی لە کۆمەوە بێ ویستی خۆت
نیشانەکانی مایسیری دەوەستێتە سەر جێگای مایەسیریکە، لەوانەیە مایەسیریەکە لە ڕووی ناوەوەی کۆم بێت کە نا دەتوانرێت ببینرێت و ،وە زۆر بە کەمی ناڕەحەتیت بۆ دروست دەکات. بەڵام زەخت کردنی زۆرلە کاتی قەبزیدا و پەستان خستنە سەر ڕوی مایەسیریەکە وادەکات خوێنی لێ بێت. ئەگەر مایەسیریەکە لە ژێر پێستدا و لەڕووی دەرەوەی کۆم بێت، کاتێک پەستانی دەچێتە سەر لە کاتی دەرچوونی پیسایی ئەگەری هەیە تووشی خوران و خوێن بەربون بێت.

هۆکارەکانی دروست بوونی مایەسیری:

زەخت کردن لە کاتی دەرچوونی پیسایی
دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژ لە توالێت
سکچوون یاخود قەبزییەکی درێژخایەن
قەڵەوی
دووگیانی
جووتبوون لە ڕێگەی دەرچەی پیسایی
هەبوونی پێشینەی خێزانی.

خۆ پاراستن لێی:

باشترین ڕێگە بۆخۆ پاراستن لە مایەسیری بریتییە لە هەوڵدان بۆنەرم کردنی پیسایی کە وادەکات پەستان نەخرێتە سەر گرێ مایەسیریەکە ئەمەش بەم ڕێگەیانەی خوارەوە:
خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشال (فایبەر) بخۆ لەوانە: سەوزەو میوە، بەرهەمەکانی دانەوێڵە.
خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو : پێویستە ڕۆژانە شەش بۆ هەشت پەرداخ ئاویان شلەکانی تر بخورێتەوە بەڵام ئەلکهول نا.
وەرگرتنی ڕیشال وەک چارەسەر: زۆرینەی نەخۆش ناتوانن بڕی پێویست لە ڕیشال وەرگرن لە ڕێگەی خواردنەوە لەم کاتەدا دەتوانرێت بڕی پێویست لە ڕیشال بە شێوەی حەب وەرگیرێت کە زۆرینەی نیشانەکانی نەخۆشیەکە چارەسەر دەکات. ئەگەر ڕیشاڵی پێویست بە شیوەی چارەسەر وەرگیرا پێویستە بەلایەنی کەمەوە (٨) پەرداخ ئاو یان جۆرەکانی تری شلە بخورێتەوە، ئەگەر نا ڕەنگە حاڵەتەکە خراپتر بکات وە یاخود ببێتە هۆی قەبز بوون .
پێویستە لە کاتی پیسایی کردن زۆر زەخت نەکرێت و ئەگەر پیسایی هەبوو بە زووترین کات پێویستە پیساییەکە بکرێت و هەڵنەگیرێت بۆ ماوەیەکی درێژ .
وەرزش کردن بە پێویست دادەنرێت بۆ ڕێگری کردن لە دانیشتن یان وەستان بۆ ماوەیەکی درێژ ، هەروەها یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات کە هۆکارێکی توشبوونە بە مایەسیری .
m.facebook.com/islamquransunah

پشکنین لەلایەن پزیشکەوە:

پزیشک تەنها بە سەیرکردنی دەوروبەری کۆم دەتوانێت پشکنین بۆ نەخۆشەکە بکات و بۆ زیاتر دڵنیا بوون دەکرێت پزیشک پشکنینی ناوەکی بۆ کۆم بکات کە بە پەنجە بەشێوەیەكی هێواش دەست بە چواردەوری دەرەوەی كۆمدا دەهێنێت، پاشان پەنجەی دەباتە ناو كۆمی نەخۆشەكەوە و لەم ساتەدا پێویستە نەخۆش زۆر هێمن و ئارام بێت. ئەگەر پزیشک بەم پشکنینە هەر شتێکی نائاسایی هەست پێ کرد پێشنیاری پشکنینێکی تر بۆ نەخۆش دەکات کە ئەویش ناوبینی ڕیخۆڵە ئەستورەیە -سیگمۆیدۆسکۆپی.

چارەسەری مایەسیری:

چارەسەر لە ماڵەوە: دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاتی ناڕەحەتی و ئازارەکانی ئەم نەخۆشیە کەم بکرێتەوە لەڕێگەی.
خاوێن کردنەوە و شووشتنی ڕۆژانە، پێستی دەوروبەری دەرچەی پیسایی بە ئاوی گەرم و پێویست بە صابون ناکات.
پەڕۆیەکی سار یاخود بەفر بخرێتە سەر گرێکە بۆ کەم کردنەوەی ئەستووربوونەکە.
ئازار شکێن بەکار دێت وەک پڕۆفین بەشێوەیەکی کاتی بۆ کەم کردنەوەی ئازار.
بەکار‌هێنانی چارەسەرەکانی وەک (کرێم و مەڵحەم، شاف وە یان دەرمانی سڕککەر ).
ئەم پێوەرانە تەنھا بۆ کەم کردنەوی نیشانە بێزارکەرەکانی نەخۆشیەکەیە، ئەمانە نابنە ھۆی چارەسەری نەخۆشیەکە، بۆیە پێویستە سەردانیپزیشک بکرێت ئەگەر ئازارەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەم نەڕۆیشت. یاخود خوێنبەربوونەکە سەخت بوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت.
چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە: ئەگەر چارەسەر کردن لە ماڵەوە سەرکەوتوو نەبوو دەگونجێت پزیشک لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە چارەسەری مایەسیریەکە بکات
#چرای_رووناکی #زانیاری_پزشکی_چرای_رووناکی 26

ئامادەکردنی/ د. پەرژین بەختیار حسن
SHARE THIS ARTICLE
Avatar
Parzhin Hassan



  ژمارەی بینین 1580

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram