سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمی چاندنەوەی مووی سەر.؟
حوكمی چاندنەوەی مووی سەر.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3738


حوكمی چاندنەوەی مووی سەر.؟

چاندنی قژی سەر یەكێكە لەو نەشتەرگییە جوانكارییانەی كە لە سەردەمانی پێشووی ئیسلامدا نەبووە و یەكێكە لە دیاردەكانی پێشكەوتنی بواری پزیشكی و جوانكاری بە شێوەیەكی تایبەت، بۆیە زانای سەردەمانی دێرین قسەیان لەسەری نەكردووە و خستنەڕووی حوكمەكەی ڕووی لە زانایانی ئەم سەردەمە كردووە.
یەكێك لەو زانایانەی ئەم سەردەمە كە قسەیان لەسەر حوكمی چاندنی قژ كردووە شێخ محمد بن عثيمين بووە، ئەو دەڵێت:
نەشتەرگەری چاندنی مووی سەر درووستە و هیچ كێشەیەكی شەرعی نییە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو نەشتەرگەرییە لە بواری لابردنی عەیبدا پۆلێن دەكرێت نەك لە بواری تەجمیل و جوانكاری. بۆیە ناچێتە بابەتی گۆڕینی درووستكراوی الله تعالی، بەڵكو لابردنی عەیب و نوقسانییەكە لە مرۆڤدا كە بریتییە لە كەچەڵی، بەڵگەشی بەو سێ كەسە هێناوەتەوە كە لە فەرموودەكەی بوخاریدا باسیان هاتوە كاتێك مەلائیكەتەكە پێی وت چیت دەوێت وتی قژێكی جوانم ئەوێت ئەویش دەستی هێنا بەسەریدا و كەچەڵییەكەی نەما و قژێكی جوانی لەجێگەدا بۆ ڕوا.
ئەگەر ئەو كارە حەرام بوایە ئەو مەلائیكەتە ئەو كارەی بۆ نەدەكرد. ئەگەر لە شەرعی ئیسلامیشدا ئەو كارە دروست نەبوایە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئاگاداری دەكردینەوە. هەروەها فەرموودەی تریش دەهێننەوە وەكو بەڵگە بۆ درووستی چاندنی قژ وەكو فەرموودەی عرفجة بن أسعد كە لەسەردەمی جاهیلییەتدا لووتی لێدانی بەركەوت و بە زیو بۆی چاككرایەوە و دواتر لەسەردەمی ئیسلامدا تێكچوو، ئیتر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمانی پێكرد لە ئاڵتوون خراپبوونەكەی لووتی بۆ درووست بكرێتەوە.
زانای تریش لەم سەردەمە بەهەمان شێوە وتوویانە مادام ڕووتانەوەی قژی سەر دەبێتە جۆرێك لە ئازاری دەروونی بۆ خاوەنەكەی لەو حاڵەتەدا چاندنەكە چارەسەرە و ناچێتە بواری (وصل الشعر) كە لە شەرعدا حەرامە. كەچەڵی یان بە هۆكاری نەخۆشییەكی جەستەیی یان دەروونی درووست دەبێت، ئیسلامیش بۆ بەختەوەری تاكەكان هاتووە نەك بۆ ئازاردان و نارەحەت كردنیان.
ئینجا كۆڕبەند و مەجامیعی فیقهی بەهەمان شێوە كە بە توێژینەوەو لێوردبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە زانا و شارەزایانەوە فەتوا دەدرێت، ڕایان لەسەر ئەوەیە كە چاندنی قژ درووستە و هیچ كێشەیەكی شەرعی نییە، بۆ نموونە لە بڕیاری مجمع الفقه الإسلامي دا هاتووە:
درووستە نەشتەرگەری جوانكاری پێویست بكرێت، كە مەبەست لێی گێڕانەوەی ئەندامەكانی لاشەیە بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆیان چونكە الله تعالی فەرموویەتی: (لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ ){التين:4}. یەكێكش لەو حاڵەتانەی كە ناویان بردووە و درووستە نەشتگەری بۆ بكرێت چاندنی قژی سەرە.
لە ڕووی خستنە رووی هەموو بیروڕاكانەوە لەم بارەوە، پێویستە ئەوەش بوترێت كە هەندێ لە زانایانی هاوچەرخ پێیان وایە مەسەلەی چاندنی قژ حەرامە و دەچێتە بواری ئەو فەرموودەوە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی:( لَعَنَ اللَّهُ الْوَاصِلَةَ وَالْمُسْتَوْصِلَةَ ، وَالْوَاشِمَةَ وَالْمُسْتَوْشِمَةَ ) و وتوویانە كەچەڵی هیچ نوقسانی و عەیبەیەك نییە بۆ پیاوان و تەنانەت جگە لە ئەبوبەكر هەموو خەلیفە راشیدینەكان كەچەڵ بوونە، رضي الله عنهم، بەڵام وەكو مەعلومە وەسڵ كە كارێكی حەرامە بریتییە لە لكاندن وگەیاندنی هەندێك قژ بە قژی ئەو كەسە و بۆی زیاد دەكرێت، وەكو بەستنەوەی قژی دەستكرد بە قژی كەسەكەوە یان لەسەر كردنی باروكە، ئەمەش الله ألعم بۆچوونێكی لاوازە و پەسەند نییە، بەپێچەوانەی چاندن كە نەشتەرگەریییە و شێوازی پزیشكی خۆی هەیە و مووەكانیش لە خودی كەسەكە خۆیەوە دەگوازرێتەوە بۆ خۆی و بۆ لابردنی نوقسانی یان عەیبێك ئەجام دەدرێت، تەنانەت ئەگەر جوانكاریش بێت بۆ مەبەستێكی پێویستە ، نەك وەكو جوانكارییەكی زیادە.
تێبینی/ شايانى باسە مەسەلەی باروكە لەسەر كردن بۆ ئافرەتان، لە نێوان زانا هاوچەرخەكان و زانایانی ڕێڕەوە فیقهییەكاندا قسەو باسی زۆر لەسەرە، بە پێی ئەو وردەكاری و مەرج و حالەتانەی كە باسیان كردووە، حوكمەكەی لە نێوان حەرام بوون و ڕێگەپێدان و كەراهەتدایە، كە ئێرە جێگەی باسی نییە.

إحسان برهان الدین
24 ذو الحجة 1442
3 ئاب 2021


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 561

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram