سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمی بە كرێدانی بڕوانامە!
حوكمی بە كرێدانی بڕوانامە!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3745


حوكمی بە كرێدانی بڕوانامە!

لە وڵاتی خۆمان و لە زۆر وڵاتە عەرەبییەكانیشدا ئەوەندەی من بزانم دیاردەیەك هەیە، ئەویش بریتییە لە بەكرێدانی بڕوانامە و بەتایبەتی بروانامەی دەرمانسازی، هەروەها بڕوانامەی ئەندازیاری و پزیشكیی بەیتەری ( ڤێرتەرنەری) یان هەر بڕوانامەیەكی تر بە پێی ئەو وڵاتەی كە هەندێ بڕوانامە لە هەندێكی تر بە بەهاترە و یان گونجاوترە بۆ بەكرێدان، ئەم پرسە لە سەردەمانی كۆندا بوونی نەبووە، بۆیە زانایانی پێش ئەم سەردەمەی خۆمان بە ڕوونی و بە ڕاشكاوی باسیان لێ نەكردووە و بۆ حوكمی ئەم جۆرە مەسەلانە كە پێیان دەوترێت: (النوازل) یان (القضایا المعاصرة) دەبێت بگەرێینەوە زانایانی ئەم سەردەمە كە بۆ زانینی حوكمی ئەم جۆرە پرسانە، بەوە ناسراون هەمیشە بۆ دەقەكانی  قورئان و سوننەت و ئیجماعی ئوممەت دەگەڕێنەوە.
شێوازی بە كرێدانەكە ئەوەیە، كەسێك كە خاوەنی بڕوانامەی بۆ نموونە دەرمانسازییە، بڕوانامەكەی دەداتە كەسێكی تر كە ئەو بڕوانامەی نییە، ئەویش بە هۆیەوە دەرمانخانەیەكی پێ دادەنێت و بڕوانامەكەی هەڵدەواسێت بێ ئەوەی خاوەنی بڕوانامەكە هیچ ئامادەبوون و ڕۆڵێكی لەو دەرمانخایەدا هەبێت، بەڵكو تەنها كرێیەكی مانگانە لەسەر ئەو بڕوانامەی وەردەگرێت، پرسیارەكەش ئەوەیە: ئایا ئەو پارەی بەرانبەر ئەو بەكرێدانە وەریدەگرێت حەڵاڵە و درووستە لە ڕووی شەرعەوە وەریبگرێت؟  یان حەرامە و دروست نییە وەریبگرێت؟
ئەم پرسە یەكێكە لەو مەسەلەانەی لە شەرعدا پێی دەوترێت (عمت به البلوی) واتە تەشەنەی كردووە و زۆر بەربڵاوە بەبێ ئەوەی ئەو كەسەی ئەم كارە دەكات وردبێتەوە لە حوكمە شەرعییەكەی یان پرسیار بكات لە كەسێك كە زانستی لە شەرعی ئیسلامدا بە بەڵگەی كیتاب و سوننەت هەبێت.

منیش لێرەدا بە كورتی ئەوەی كە پێی گەیشتووم دەیخەمە ڕوو:

1- پاش بەدواداچوونێكی زۆر بۆ تێڕوانینی زانایانی هاوچەرخ بۆ ئەم بابەتە، بۆم دەركەوت بە كرێدانی بڕوانامە چی بڕوانامەی دەرمانسازی بە پلەی یەكەم و بڕوانامەكانی تر وەكو ئەندازیاری و ڤێرتەرنەری ...هتد. بەلای زۆربەی زۆری زانا هاوچەرخەكانەوە  حەرامە و لە ڕووی شەرعەوە  بە نا درووست و نا پەسەند وێنایان كردووە،  حەرامبوونەكەشی زیاتر بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێننەوە، وەكو:
* بە كرێدانی شەهادە بەو شێوازە درۆی تێدایە، چونكە هەڵواسینی ئەو بڕوانامە لەو دەرمانخانەیەدا، بە واتای ئەوە دێت خاوەنی ئەو بڕوانامەیە خاوەن و سەرپەرشتیاری ئەو دەرمانخانەیە و واش نیە، بەڵكو ئەو هەر ئاگای لێ نییە لەو دەرمانخانەیە چی دەگوزەرێت و تەنها سەری مانگ پارەی خۆی وەردەگرێت! الله تعالی فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ) التوبة/ 119. پەیدا كردنی ڕزق و ڕۆزی موسوڵمان هەرگیز نابێت سەرچاوەكەی دلار و ناراستی تێدا بێت.
* بە كرێدانی بڕوانامە بەو شێوەیە فێڵ و غەشی تێدایە، چونكە نەخۆش بەو بڕوانامە متمانە دەكات لە كاتێكدا بڕوانامەكە وەرەقەیەكە و هەڵواسراوە بێ ئەوەی پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ و كاریگەری بە ئیش و كاری ئەو دەرمانخانەیەوە هەبێت! پێغەمبەر صلی الله فەرمووویەتی: (من غشنا فليس منا) رواه مسلم. واتە: ئەوەی فێڵمان لێ بكات لە ئێمە نییە.
* بە كرێدانی بڕوانامە و بەتایبەتی بڕوانامەی دەرمانسازی، جۆرێكە لە دەستبڕینی خەڵكی و قازانج كردنی ناشەرعی و ماڵ خواردنیان بە هۆی ئەو بڕوانامەیەوە، بە ڕوونی جۆرێك لە چاوبەستنەوەی تێدایە لەوەی كە لە شەرعدا پێی دەوترێت احتیال.
* بە كرێدانی شەهادە و بەتایبەتی شەهادەی دەرمانسازی (صیدلة) مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی درووست دەكات و لە پێناو پارە پەیدا كردن جۆرێك لە سەركێشی بە تەندروستی و ژیانی خەڵكییەوە درووست دەبێت! هەندێ جار یەك هەڵە دەبێتە مایەی مردن یان زیانی گەورە بە تەندرووستی نەخۆشەكان.
2- مصطفی العدوي كە زانا و فەرموودەناسێكی بەتوانایە، لەم بارەوە دەلێت: بە كرێدانی بڕوانامەی دەرمانسازی حەرامە و نا درووستە،  چونكە پیشەی دەرمانسازی بابەتێكی زانستییە و پێویستی بە شارەزایی لە هەندێ پێكهاتەكان و دیاریكردنی بڕی ماددەی دەرمانەكان هەیە، تەنها كەسی دەرمانساز لێی شارەزایە، جا ئەگەر ئەو تەنها بڕوانامەكەی بەكرێ بدات و خۆی لەماڵەوە دابنیشێت و تەنها كرێكەی وەربگرێت ئەمە فێڵە و كارێكە نا جائیزە.
3- عبدالله المصلح ئەلێت: مرۆڤ تەلاری پەروەردگارە لەسەر زەویدا! هەركێ بە شێوەیەك لە شێوەكان ببیتە هۆكاری مردنی مرۆڤ یان تێكدانی تەندرووستی، تەلاری پەروەردگاری ڕماندووە، بۆیە بەكرێدانی بڕوانامەی دەرمانسازی بە هیچ شێوەیەك درووست نییە، كە ئاگای لە ئیشەكە نەبێت و تەنها كرێی بروانامەكەی وەربگرێت.
4- شیخ عبدالرحمن عبدالخالق لەم بارەوە دەڵێت: بە كرێدانی بروانامە درۆو دەلەسەیە و كارێكی حەرامە، ئەو و  چەندین زانای تر وەكو علي السالوس 
 و كەسانی تر وتوویانە ئەو پارەی خاوەن بروانامە لە بەكرێدانی بڕوانامەكەی بەو شێوە دەستی دەكەوێت حەرامە، چونكە بڕوانامە بەواتای كاغەزێك نییە و تەواو، بەڵكو ئەو بڕوانامەیە شایەتیدان و پشتگیری لایەنێكی زانستی ئەكادیمی باوەڕ پێكراوە بۆ هەڵگری ئەم بڕوانامەیە كە خاوەنی زانست و شارەزایی و ئەزموونە لەو بوارەدا، كە مەسەلەكەش بوو بە تەنها بروانامەیەك و هەڵبواسرێت بێ هەبوونی زانست و ئەزموونەكە، ئەوە حەرامە.
5- ئينجا - وەكو فەرموودەناس ماهر یاسین الفحل دەڵێت - هەموو شتێك ناگونجێت و شیاو نییە بۆ بەكرێدان، یەكێكیش لەو شتانەی كە درووست نییە بەكرێ بدرێت بڕوانامەیە، ئەمەی لە وەڵامی پرسیارێكدا وت سەبارەت بەوەی تا چەند شەرعییە كەسێك بڕوانامەی دەرمانسازی (الصیدلة) بە كرێ بدات؟
6 - سەرەڕای یەكدەنگییان لەسەر حەرامی بە كرێدانی بڕوانامە، ڕوانگەكانیان هەندی جار جیاوازە، یان هەندێكیان هۆكاری زیاتر دەخەنە رو، بۆ نموونە، بە پوێی بنەمای ( لا أجرة إلا علی عمل) واتە كرێی لەبەرانبەر كاردایە نەك بە خۆڕایی كرێ وەرگریت! ئەمەیان كردووەتە بنەمایەكی تر بۆ حەرامبوونی ئەو پرسە، چونكە لە ڕاستیدا خاوەن بڕوانامەكە نە هیچ ئەكات و نە ئاگای لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئیشەكان هەیە، تەنها ئەو وەرەقەی پێیان داوە و سەری مانگ كرێیەك بەبی بەرانبەر وەردەگرێت.
7- لە بەرانبەردا، هەر ئەوانەی بە ڕاشكاوی ئەو شیوازە بەكرێدانەی بروانامەیان بە حەرام زانیوە، ڕێگەی شەرعییان خستووەتە {وو بۆ ئەوەی خاوەن بڕوانامەكە بە رێگەیەكی حەڵاڵەوە بتوانێت سوود لە بڕوانامەكەی وەربگرێت، بۆ نموونە: خاوەن بڕوانامە دەتوانێت بەرپرسیارێتی ئەو شوێنە یان ئەو شوێنانە هەڵگرێت كە سوود لە بڕوانامەكەی دەبینن، واتە خۆیشی لەوێ بێت و ئاگاداری ئیشەكان بێت، یان هیچ نەبێت سەردانی بۆ لایان هەبێت و لە نزیكەوە بزانێت كارەكانیان چۆن بەڕێوە دەچێت، چۆن بڕوانامەكەیان هەڵواسیوە بەو شێوە سەرپەرشتیشی بۆ كارەكەیان قبوڵ بكەن و ئەویش هەڵسێت بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زانستی خۆی بەرانبەر ئەو دەرمانانەی كە لەوێ دەفرۆشرێیت و دەدرێت بەنەخۆشەكان، بەو شێوە واتە ئەگەر خۆی لەناو كارەكە بوو، ئەگەرچی بەبەردەوامیش لەوێ نەبێت، پارە وەرگرتنی بەرانبەر شەهادەكەی دەبێتە كارێكی درووست چونكە مافی ئەدات و ئاگای لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئیشەكان هەیە، زانستەكەی نەك تەنها بروانامەكەی بەكار دەهێنێت.
8 - واتە وەكو هەندێ لە دەستەی شارەزایانی شەرعی و فەتوادان لەم بارەوە خستوویانەتە ڕوو، بەرانبەر ئەم شێوازە حەرامە لە بەكرێدانی بڕوانامە، بەدیلێكی شەرعی هەیە ئەویش ئەوەیە خاوەن بڕوانامە خۆی وەكو بەڕێوەبەر یان سەرپەرشتیار و ئاگدار لە ئیشەكەدا بوون و حوزوری هەبێت ئەوكاتە ئەو پارەی وەریدەگرێت حەڵاڵە چونكە لەبەرانبەر كارێكدا وەریدەگرێت.
كورتەی باسەكە ئەوەیە زانایانی ئەم سەردەمە - كە ناوی هەندێكیانم خستە ڕوو -  تا ڕاددەیەك یەكدەنگن لەسەر ئەوەی بەكرێدانی بڕوانامە درووست نییە و حەرامە، بەتایبەتی ئەو بڕوانامەی كە پەیوەندی بە تەندرووستی و ژیانی مرۆڤەكانەوە هەیە و بەكرێدانی باوە، وەكو بڕوانامەی دەرمانسازی، بەدیلی شەرعیشی بۆ ئەوەی كارەكە حەرام نەبێت ئەوەیە، خاوەن بڕوانامەكە خۆی لەو شوێنە كار بكات، یان سەرپەرشتی بكات ئەگەر بەبەردەوامیش لەو شوێنە نەبێت، بەڵام ئاگاداری ئیشەكانیان بێت و بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، ئەو كاتە ئەوەی كە لە بڕوانامەكەی دەستی دەكەوێت دەسكەوتێكی حەڵاڵە، بە پێچەوانەی ئەوەی بڕوانامەكەی بەكرێ بدات و هیچ ئاگایەكی لێیان نەبێت و تەنها ئەوە نەبێت مانگی جارێك كرێی بڕوانامەكەی وەربگرێت.

إحسان برهان الدین
28 ذو الحجة 1442
7 آب 2021



  ژمارەی بینین 540

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram