سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا چاندنی پرچ و موی لاشە دروستە.؟
پرسیار: ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر قژیان ئەڕوێنن یان قژی دەستکرد دائەنێن، یاخود برۆی خۆیان لا ئەبەن و برۆی تر دائەنێن، ئایە ئەمە ڕێگە پێدراوە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3772


ئایا چاندنی پرچ و موی لاشە دروستە.؟!

پرسیار: ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر قژیان ئەڕوێنن یان قژی دەستکرد دائەنێن، یاخود برۆی خۆیان لا ئەبەن و برۆی تر دائەنێن، ئایە ئەمە ڕێگە پێدراوە؟

وەڵام: لە وەڵامی ئەم پرسیارە پێم خۆشە تیشک بخەمە سەر دوو بابەتی پەیوەست و گرنگ کە هەردووکیان پەیوەندیان بە پرچ و قژەوە هەیە بەڵام لە ڕوی حوکمی شەرعیەوە جیاوازن، یەکەم: چاندنی پرچ. دووەم: دانانی پرچی دەستکرد(الباروكة).

یەکەم: چاندنی پرچ:
هەرکات مرۆڤ قژی هەڵوەری یاخود هەر لە بنەڕەتدا پرچی نەبوو بە هەر هۆکارێک بێت، ئەوە بۆی دروستە چاندنەوەی بۆ بکات و وەک چارەسەرێکی نەخۆشی تەماشای ئەکرێت چونکە بونی قژ ئەسڵە لە مرۆڤدا و هەرکات نەبوو ئەوە کەم و کورتیە تێیداو ئەتوانێ چارەسەری بکات بە نەشتەرگەری بێت یان هەر ڕێگەیەکی تری پزیشکی، بەڵگەمان لەسەر دروستی ئەم کارە فەرموودەی پێغەمبەرە صلَّى اللهُ علَيهِ وسلَّمَ، کە ئەفەرموێت: "إِنَّ ثَلاَثةً فِي بَنِي إِسْرَائِيلَ، أَبْرَصَ وَأَقْرَعَ وَأَعْمَى أَرَادَ اللهُ أَنْ يَبْتَلِيَهُمْ، فَبَعَثَ إِلَيهِمْ مَلَكًا... فَأَتَى الأَقْرَعَ فَقَالَ: أَيُّ شَيْءٍ أَحَبُّ إِلَيْكَ؟ قَالَ: شَعْرٌ حَسَنٌ، وَيَذْهَبُ عَنِّي هَذَا الذِي قَذِرَنِي النَاسُ، قَالَ: فَمَسَحَهُ فَذَهَبَ عَنْهُ وَأُعْطِيَ شَعْرًا حَسَنًا"رواه البخاري ومسلم.
واتە: سێ کەس لە تیرەی بەنی ئیسرائیل یەکێکیان گەڕ و ئەوی تریان کەچەڵ و سێهەمیان نابینا ئەبێ، خوای گەورە ویستی تاقیان بکاتەوە، فریشتەیەکی بۆ ناردن.... هاتە لای کەچەڵەکەو پێی ووت: چ شتێک لای تۆ خۆشەویستە؟ ووتی: پرچێکی جوان و ئەم کەچەڵیەم لە کۆڵ بێتەوە کە خەڵک بێزم لێ ئەکاتەوە بەهۆیەوە، پاشان فریشتەکە دەستی هێنا بەسەریداو کەچەڵیەکەی لە کۆڵ بویەوەو پرچێکی جوانی پێ بەخشرا.
ئەم فەرمودە پێ ئەڵێ :
١) نەبونی پرچ ناتەواویە لە مرۆڤداو هەمووان پێیان ناخۆشە وابن.
٢) ئەگەر چاندنەوەی پرچ نادروست بوایە ئەو فریشتە پیرۆزە ئەو کارەی نەدەکرد.
٣) ئەگەر دروستی ئەم کارە تایبەت بوایە بە گەلانی پێشوەوە(شرع من قبلنا) ئەوە بە دڵنیایەوە پێغەمبەر صلّى اللّه عليه وسلم ئاماژەی پێ ئەکرد.

دووهەم : پرچی دەستکرد(الباروکە)
دانانی ئەم جۆرە پرچە جگە لەوەی ڕێگرە بۆ تەڕبونی پێست و خەڵەتاندنی خەڵکیشی تێدایە بە شتێک کە خەڵکی بە گشتی هەستی پێ ناکەن، پاشان ئەم جۆرە کارە نادروستەو نابێ پیاو و ئافرەتی موسڵمان پەنای بۆ بەرن، بەڵگەشمان لەسەر نادروستی ئەم دوو فەرمودەیە:
١) لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە پێغەمبەر صلّى اللّه عليه وسلم، فەرمویەتی :" لَعَنَ اللهُ الوَاصِلَةَ وَالمُسْتَوْصِلَةَ". واتە: نەفەرەتی خودا لەو کەسە بێت پرچی دەستکرد دروست ئەکات و ئەیخاتە سەری خەلک و لەو کەسەش بێت بەکاری ئەهێنێ و لەسەری ئەکات.
٢)هەر لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە سەعیدی کوڕی موسەیەب ئەڵێ:" قَدِمَ مُعَاوِيَةُ المدينةَ آخِرَ قَدْمَةٍ قَدِمَهَا، فَخَطَبَنَا فَأَخْرَجَ كُبَّةً مِنَ الشَّعْرِ قَالَ: مَا كُنْتُ أَرَى أَحَدًا يَفْعَلُ هَذَا غَيْرَ اليَهُودِ، إنَّ النَّبي صَلَّى الله عَلَيْهِ وَآلِهِ وَسلَّمَ سَمَّاهُ الزُّورَ، يَعْنِي: الوَاصِلَةَ فِي الشَّعْرِ" واتە: موعاویەی ژوڕی ئەبوو سوفیان هاتەوە بۆ شاری مەدینە کە کۆتا هاتنەوەی بوو، وتارێکی بۆداین و گڵۆڵە پرچێکی دەرهێناو ووتی: بڕوام نەبوو جگە لە یەهود هیچ کەس ئەمە دروست بکات و بەکاری بێنێت، پێغەمبەری خوا ناوی لێ ناوە پرچی درۆ، واتە پرچی دەستکرد کە لەسەر ئەکرێ.

پوختە:
ئەمەی باسم کرد دوو بەش بوو چاندنەوەی پرچ یاخود هەر موویەکی تری لاشە دروستە و هیچ کێشەی شەرعی تێدا نیە، بەڵام دانانی پرچی دەستکرد یان ڕیشی دەستکرد، یاخود برۆی دەستکرد نادروستەو مرۆڤی موسڵمان بە پیاو و ئافرەتەوە ئەبێ خۆیانی لێ بە دور بگرن، خۆ ئەگەر بەکاری هێنا ئەبێ ئەوە بزانێت تەڕ نابن لە کاتی دەستنوێژ و خۆشۆردن.

✍️ وەڵامدانەوەى مامۆستا مەلا شاخەوان سيامەنصورى


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 483

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram