سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  كێ ئیمام حوسەینی شەهید كرد.؟
كێ ئیمام حوسەینی شەهید كرد.؟ كارەساتی شەهیدكردنی ئیمام حوسەین (رێحانەكەی پێغەمبەری خودا) ﷺ. شیكارییەكی مێژوویی سەبارەت بە شەهیدكردن و ئەوانەی دەستیان لەو كارەساتەدا هەبووە.. وە دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم كارەساتە.!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3946

كێ ئیمام حوسەینی شەهید كرد.؟

كارەساتی شەهیدكردنی ئیمام حوسەین (رێحانەكەی پێغەمبەری خودا) ﷺ.

شیكارییەكی مێژوویی سەبارەت بە شەهیدكردن و ئەوانەی دەستیان لەو كارەساتەدا هەبووە.. 

وە دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم كارەساتە.!

پێشەكییەكی پێویست.!

كاره‌ساتی‌ شه‌هیدكردنی‌ ئیمام حوسه‌ین (دروودی خوای لەسەر) له‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كانه‌ كه‌ دوچاری مێژووی‌ موسوڵمانان بووە، چونكه‌ له‌و كاته‌دا بێجگه‌ له‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین له‌سه‌ر ڕووی‌ زه‌ویدا كوڕی كچی پێغه‌مبه‌رێكی‌ دیكە بوونی‌ نه‌بوو، وه‌ به‌راستی‌ به‌ مه‌زڵومی‌ شه‌هید كراو كوشتنه‌كه‌شی به‌ نیسبه‌ت موسوڵمانانی‌ هه‌مووی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ كاره‌سات بوو، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت خودی ئیمام حوسه‌ینه‌وه‌، پله‌ی‌ شه‌هاده‌ت و پله‌وپایه‌و ناوو شۆره‌تی‌ لای خودا وه‌رگرتووه‌، چونكه‌ بێگومان خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌م رێحانه‌ جوانه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ نازداری‌ بۆ ئه‌و دونیا هه‌ڵگرتووه‌و له‌م دونیا پڕ له‌ نه‌هامه‌تیی و ناخۆشیه‌ ڕزگاری‌ كردووه‌.
مێژووی‌ شه‌هیدكردنی‌ ئیمام حوسه‌ین (دروودی خوای لەسەر) كارەساتێكی ئێجگار جەرگبڕو لەسەر دڵان بە ئازارە‌.. چونكە به‌ غه‌درو خیانه‌ت شه‌هید كرا، بۆیە ئێمەش لە پەیجی شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود وه‌ك پاراستنی‌ ڕاستی مێژویی و هه‌روه‌ها گه‌یاندنی‌ حه‌قیقه‌تی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ خوێناوییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌هلی‌ سووننه‌و جه‌ماعه‌ له‌سه‌ری‌ یه‌ك ده‌نگن، وەك وەفایه‌ك بۆ ئه‌و ئیمامه‌ به‌رێزه‌ كه‌ كچه‌زاو ئامۆزازای پێغه‌مبه‌ری‌ نازدارو خۆشه‌ویستمانه‌ "درودو سڵاوی‌ خوایان له‌سه‌ر" .ئه‌م ڕاپۆرتە شیكارییە پێشكەش بە موسوڵمانان دەكەین.

له‌داییكبوونی‌ ئیمام حوسه‌ین و پلەو پایەی لای ئەهلی سوننەو جەماعە :

حوسه‌ینی‌ كوڕی عه‌لی‌ كوڕی ئه‌بی تالیب له‌ رۆژی 3 ی‌ شه‌عبانی‌ ساڵی‌ 4 ی‌ كۆچیی له‌ مه‌دینه‌ی‌ پیرۆزدا له‌ داییكبووه‌، وه‌ هه‌ر خودی پێغه‌مبه‌ری خودا ﷺ ناوی‌ لێناوه‌و زۆر زۆری‌ خۆشویستووه‌، بۆیه‌ ده‌یفه‌رموو: (اللَّهُمَّ إنِّي أُحِبُّهُما فأحِبَّهُما) رواه البخاری. واته‌: خودایه‌ من حه‌سه‌ن و حوسه‌ینم خۆش ده‌وێن تۆش خۆشت بوێن. وه‌ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: (إن الحسن والحسین هُما رَيْحَانَتَايَ مِنَ الدُّنْيَا) رواه البخاری. واته‌: به‌راستی‌ حه‌سه‌ن و حوسه‌ین دوو چڵه‌ رێحانه‌كەی‌ منن له‌ دونیادا. زۆرجار پێغه‌مبه‌ر ﷺ به‌ فاتیمه‌ی‌ كچی‌ ده‌وت: ئه‌و دوو كوڕه‌ی‌ خۆمم بۆ بێنن، پاشان بۆنی‌ پێوه‌ ده‌كردن و ده‌یگوشین به‌خۆیه‌وه‌، وه‌ ئه‌نه‌سی كوڕی‌ مالیك ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێ‌: بینیم پێغه‌مبه‌ری‌ خودا ماچی ده‌می‌ حه‌سه‌ن و حوسه‌ینی‌ ده‌كرد، وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌یفه‌رموو: (الحسَنُ والحُسَيْنُ سيِّدا شبابِ أهلِ الجنَّةِ) واتە: حەسەن و حوسەین لە سەییدو گەورانی ئەهلی بەهەشتن. وه‌ ده‌یفه‌رموو: (حُسينٌ منِّي ، وأنا منه ، أحبَّ اللهُ مَن أحبَّ حُسينًا). واتە: حوسەین لە منەو منیش لە حوسەینم، خودا ئەوكەسەی خۆش بوێت كە حوسەینی خۆش دەوێت.
هه‌ردوو ئه‌م فه‌رمووده‌ ئیمامی‌ تیرمیزی‌ ڕیوایه‌تی‌ كردووه‌و شێخ ئه‌لبانیش به‌ره‌حمه‌ت بێت به‌ سه‌حیحی داناون.

به‌یعه‌تدان به‌ یه‌زیدی‌ كوڕی موعاویه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌یعه‌ته‌ له‌لایه‌ن ئیمام حوسه‌ینه‌وه‌:

له‌ ساڵی‌ 60 ی‌ كۆچیدا به‌یعه‌ت درا به‌ یه‌زیدی‌ كوری‌ موعاویه‌، له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی‌ یه‌زید 34 ساڵ بوو، به‌ڵام له‌ ناو شاری‌ مه‌دینه‌دا هه‌ردوو ئیمامی‌ حوسه‌ین و عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی زوبه‌یر ئه‌و به‌یعه‌ته‌یان ڕه‌تكرده‌وه‌، كاتێك كه‌ داوای‌ به‌یعه‌تیان لێكرا، بێدەنگ بوون تا شەو داهات و هه‌ردوو بەڕێزان به‌ره‌و مه‌ككه‌ ده‌رچوون.

سەرەتای فیتنەو ئاڵۆزییەكە..
خەڵكی عێراق زیاتر لە 500 نامە بۆ ئیمام حسێن دەنێرن:


كاتێك خه‌ڵكی‌ عێراق ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ بوون كه‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین به‌یعه‌تی‌ نه‌داوه‌ته‌ یه‌زید، دڵخۆشبوون به‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئیمام حوسه‌ین، چونكه‌ ئه‌مانیش یه‌زیدی‌ كوڕی‌ موعاویه‌یان نه‌ ده‌ویست، ته‌نانه‌ت ئیمامی‌ موعاویه‌شیان خۆش نه‌ده‌ویست، ته‌نهاو ته‌نها ئیمامی‌ عه‌لیی و مناڵه‌كانی‌ ئه‌ویان ده‌ویست، ڕه‌زاو ره‌حمه‌تی‌ خوایان لێبێت.. بۆیه‌ هه‌موو هۆزو كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌ستیان دایه‌ نامه‌ نووسین بۆ ئیمام حوسه‌ین و هه‌موویان به‌ڵێنیان دایه‌ كه‌ ئێمه‌ ته‌نها به‌یعه‌ت به‌ تۆ ده‌ده‌ین، وه‌ ئێمه‌ بێجگه‌ له‌ تۆ به‌یعه‌ت به‌كه‌سی تر ناده‌ین و یه‌زید به‌ خه‌لیفه‌و جێنشین نازانین، ئه‌م نامه‌ ناردن و هه‌ڵویستانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق رۆژ به‌ رۆژ زیادی‌ ده‌كرد، بۆیه‌ مێژوونووسان ده‌ڵێن ژماره‌ی‌ نامه‌كان له‌ ئه‌هلی‌ كوفه‌وه‌ گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 500 نامه‌.!

ده‌رچوونی‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین بۆ شاری‌ كوفه‌:

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئیمام حوسه‌ین له‌لایه‌ن موسلیمی‌ كوڕی عه‌قیله‌وه‌ دڵنیاكرایه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌هلی‌ كوفه‌ چاوه‌رێی ئه‌و ده‌كه‌ن و هه‌موو به‌یعه‌ت به‌و ده‌ده‌ن، موسلیم نامه‌یه‌كی‌ نارد بۆ ئیمام حوسه‌ین و بۆی نووسی كه‌ كاروباری‌ كوفه‌ ته‌واوه‌و هه‌موو شتێك ئاماده‌یه‌، بۆیه‌ ئیمام حوسه‌ینیش "ڕه‌زاو ره‌حمه‌تی‌ خوای‌ له‌سه‌ر" له‌ رۆژی "ته‌رویه‌دا" به‌ره‌و كوفه‌ به‌رێدەكه‌وێت.

ناڕه‌زایی هاوه‌ڵانی‌ پێغه‌مبه‌ر "درودو سڵاوی‌ خوایان له‌سه‌ر" سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی‌ ئیمام حوسه‌ین بۆ كوفه‌:

زۆرێك له‌ هاوه‌ڵانی‌ پێغه‌مبه‌ر "درودو سڵاوی‌ خوایان له‌سه‌ر" هه‌وڵی‌ زۆریاندا رێگری‌ بكه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ ئیمام حوسه‌ین مه‌ككه‌ به‌جێ بهێڵێت و به‌ره‌و كوفه‌ به‌ ڕێ ‌بكەوێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئیمام حوسه‌ین له‌سه‌ر بۆچوونی خۆی سوور بوو..
له‌و هاوه‌ڵانه‌ی كە ناڕازیبوون: (عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی عومه‌ر، عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی عه‌باس، عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی عه‌مری‌ كوڕی عاص، ئه‌بو سه‌عیدی‌ خودری‌، عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی زوبه‌یر).

وتەی چەند هاوەڵێكی بەرێز سەبارەت بە دەرچوونی "ئیمام" لەكاتی دەرچوونی بۆ عێراق:

1- عه‌بدوڵڵای‌ كوڕی زوبه‌یر:
ڕووی‌ كرده‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین و پێی وت: بۆ كوێ ده‌ڕۆی.؟ ده‌ڕۆی بۆلای‌ قه‌ومێك كه‌ باوكتیان كوشت و تانه‌و ته‌شه‌ریان له‌ براكه‌تدا.؟ دوباره‌ی‌ كرده‌وه‌و وتی‌ مه‌ڕۆ.! به‌ڵام ئیمام حوسه‌ین هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر رۆشتنه‌كه‌ی‌.!
2- ئه‌بو سه‌عیدی‌ خودری‌:
ڕووی‌ كرده‌ ئیمام حوسه‌ین و پێی وت: ئه‌ی‌ باوكی‌ عه‌بدوڵڵا من له‌ ئامۆژگاریكارانم بۆت، وه‌ من دڵسۆزو خه‌مخۆری تۆم، ئاگادارم كه‌ ئه‌هلی‌ عێراق نامه‌یان بۆ ناردوویی و داوات لێ ده‌كه‌ن بچیت بۆلایان، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم مه‌ڕۆ، چونكه‌ له‌ باوكتم بیستووه‌ "واته‌: ئیمامی‌ عه‌لی‌ ڕەزای خوای لەسەر" سه‌باره‌ت به‌ ئه‌هلی‌ كوفه‌ فەرموویه‌تی‌: سوێند به‌خوا ئه‌هلی‌ كوفه‌ ماندووم كردن و وه‌ ڕقیشم لێیان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان منیان ماندوو كردو ڕقیشیان له‌ من ده‌بێته‌وه‌، وه‌ هه‌رگیز وه‌فا له‌وان ناوه‌شێته‌وه‌.

شه‌هیدبوونی‌ ئیمام حسێن له‌ ڕووداوه‌كه‌ی‌ "ته‌ف" له‌ ساڵی‌ (61)ی‌ كۆچیی:

له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی هه‌ینیی رۆژی 10 ی‌ موحه‌ڕه‌می‌ ساڵی 61ی‌ كۆچیی له‌ خاكی‌ كه‌ربه‌لای‌ عێراق، جه‌نگ له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌كه‌دا هه‌ڵگیرسا، یارانی‌ ئیمام حوسه‌ین ده‌یانزانی‌ كه‌ له‌ توانایاندا نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و سوپایه‌ی‌ عوبه‌یدوڵڵا بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها ئاره‌زوویان ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌ستی‌ ئیمام حوسه‌یندا بكوژرێن و هه‌رواش بوو، یه‌ك به‌ یه‌ك له‌به‌ر ده‌ستی‌ ئیمام دا شه‌هید ده‌كران.!!
 وه‌ هیچ كه‌س نه‌مایه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ ئیمام حوسه‌ین خۆیی و كوڕه‌ شیرینه‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ "عه‌لیه‌ بچوك" كه‌ ئه‌ویش نه‌خۆش بوو.
ئه‌و رۆژه‌ تا ئێواره‌كه‌ی‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین به‌و شێوه‌یه‌ مایه‌وه‌و كه‌س جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ده‌كرد كه‌ ده‌ستی‌ خوێناوی‌ بكات به‌ كوشتنی‌ كچه‌زاكه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا ﷺ، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ "شه‌مری‌ كوڕی زیلجه‌وشه‌ن" هاواری‌ كردو وتی‌: هاوار بۆ ئێوه‌، دایكتان رۆڵه‌ ڕۆتان بۆ بكات، چوار ده‌وری‌ بگرن و بیكوژن، بۆیه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئیمام حوسه‌ین و ئابڵوقه‌یان دا، ئیمامیش وه‌ك شێر ئاسا به‌ شمشێره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌هات و ده‌چوو، وه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ له‌ سوپای‌ غه‌دری‌ كوفه‌ كوشت، به‌ڵام ئازایه‌تی‌ له‌به‌رامبه‌ر زۆری‌ ژماره‌وه‌ هیچ ڕۆڵێك نابینێ‌.!
دووباره‌ "شه‌مر" هاواری‌ كرده‌وه‌و وتی‌: هاوار بۆ ئێوه‌! چاوه‌ڕوانی‌ چی‌ ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌سه‌ختی‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئیمام و شه‌هیدیان كرد، (ڕه‌زاو ڕەحمەتی خوای‌ له‌سه‌ر بێت). وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ راسته‌وخۆ به‌شداری‌ له‌ كوشتنی‌ ئیمام حوسه‌یندا كرد "سینانی‌ كوڕی ئه‌نه‌سی نه‌خه‌عی‌" بوو، وه‌ سه‌ری‌ ئیمامی‌ له‌لاشه‌ی‌ كرده‌وه‌و سه‌ره‌كه‌یان برده‌وه‌ بۆ كوفه‌ بۆلای‌ عوبه‌یدوڵڵای‌ كوڕی زیاد.

ئێستا دەپرسین كێبوون ئەوانەی كە ئیمامیان شەهید كرد.؟

سەرچاوە مێژووییە باوەڕپێكراوەكانی شیعە دەڵێن:

1- شێخ (موحسینی حوسەینی ئەلعامیلی) لە كتێبی (في رِحابِ أَئِمةِ أهلِ البیت) بەگی (1) لاپەڕە (9)دا دەڵێ: شیمری كوڕی جەوشەن و محمدی كوڕی ئەشعەس كە دەستی سەرەكییان هەبووە لە فیتنەو كارەساتی شەهیدكردنی ئیمام حوسەیندا، پێشتر ئەم دوو خوێنڕێژە لە جەنگی (صفین) لە ژێر ئاڵای ئیمامی عەلیدا جەنگاون و پشتگیری ئیمامی عەلییان كردووە (ڕەزاو ڕەحمەتی خودا لە ئیمامی عەلی بێت). دواترئەم دووكەسە (شیمرو محمد) بەشداری بەرچاوو سەرەكییان هەبووە لە فیتنەو جەنگ و كوشتاری ئالی بەیت دا لە (كەربەلا).
2- شێخ (مەجلیسی) كە زانایەكی بەناوبانگی شیعەیەو خاوەنی مەوسوعەیەكی زانستی گەورەیە دەڵێ: شیمری كوڕی جەوشەن كە بەدەستی ناپاكی خۆی سەری ئیمام حوسەینی لێكردۆتەوە، پێشتر پیاوێكی شێعی ئازاو بەجەرگ بووە، لە جەنگی (صفین) بە هاوشانی ئیمامی عەلی جەنگاوە و خۆی بە شیعەی ئیمامی عەلی زانیوە. سەرچاوە: سَفِینَةُ البِحار بەرگی (1) لاپەرە (714).
3- شێخ موفید لە كتێبی (الارشاد)دا، بەرگی (2) لاپەڕە (95) دەڵێ: شیعەی كوفە بەیعەتیان دایە ئیمامی حسێن و دواتر بە غەدرو خیانەت لێی هەڵگەڕانەوەو شەهيديان كرد.
4- شێخ (مورتەزای موتەهیری) كە زانایەكە موعتەبەری شیعەیە لە كتێبی (المَلحَمَةُ الحُسَینِیة) بەرگی (1) لاپەرە (129) دەڵێ: ئەوانەی كە شیعەی ئیمامی عەلی بوون، هەر ئەوانە بوون كە ئیمامی حوسەینیان لە كەربەلا شەهید كرد.

كەوابوو بۆمان دەردەكەوێت كە شیعەی كوفەو ئەوانەی خۆیان بە پاڵپشت و لایەنگری ئیمامی عەلی دەزانی هەر ئەوانە بوون كە دەستی سەرەكییان هەبووە لە كوشتنی ئیمام حوسەیندا (ڕەزاو ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت).

عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد.. والی كوفە كێیە.؟

عوبەیدوڵڵا والی كوفە بووەو دەستێكی سەرەكی هەبووە لە درووستكردنی فیتنەی كوشتنی ئیمامی حوسەینداو یەكێك بووە لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كارەساتە..
زیادی كوڕی ئەبو سوفیان كە دەكاتە باوكی عوبەیدوڵڵا والی خوراسان بووەو یەكێك بووە لە باوەڕپێكراوانی ئیمامی عەلی لەو ناوچەیە.
دایكی (زیادی كوڕی ئەبو سوفیان)یش ناوی مەرجانە بووە، وە لەسەرچاوە باوەڕپێكراوەكاندا باسی مەرجانە كراوەو دەڵێن: مەرجانە ناوی (میهربانوو) كچی (هورموز)ـە، خوشكی فەیروزی ئەبولوئلوئەیە كە ئیمامی عومەری شەهید كردووە.. وە مێردی مەرجانەش ناوی (شیرەوەیه) بووەو یەكێك بووە لەسەركردە سەربازییەكانی ئەو سەردەمەو لە ناوچەی (نەهاوەند) كوژراوەو لە بنەماڵەی كیسرا بووە.
ئێستا بۆمان دەردەكەوێت كە (مەرجانەو فەیروزو شیرەوەیە) لە بنەماڵەی كیسرا بوون.

سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن: مەرجانە (میهربانو) كاتێك كە زانیویەتی محمد و بنەماڵەكەیی و یارویاوەرانی هۆكاری سەرەكی بوون لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی كە سەدان ساڵ حوكمڕانییان كردووەو زوڵمیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە كردووە.
بۆیە كوڕەكەیان (عوبەیدوڵڵا)ی والی كوفە لەسەر ئەو ڕق و كینە پەروەردە كردووە تا كارگەیشتە شەهیدكردنی ئیمامی حوسەین ڕێحانەكەی پێغەمبەری خودا ﷺ.

بۆیە عوبەیدوڵڵای كوڕی زیادی والی كوفە، لای مێژوونووسان چ شیعە یان سوننە، وە لای پێشەوایانی موعتەبەری فەرموودەو فوقەها، بە (الفاسق الفاجر) بەناوبانگە.

كەوابوو بۆمان ڕوون بوویەوە كە سێ دەستە گوناه و تاوانی كوشتنی ئیمام حوسەینیان لە ئەستۆدایە:

1- عەرەبە دەشتەكییەكانی كوفە / كە بەڵێنی بەیعەتیان دایە ئیمامی حوسەین و بەڵام بێ وەفاو غەدرو خیانەتیان لە ئیمام كرد، هاوشێوەی (شیمری كوڕی جەوشەن و ئیبن ئەشعەس) كە بێگومان هەر ئەمانەش بوون كە دەستیان هەبوو لە فیتنەو كوشتنی ئیمامی عوسمان و خۆیان خزاندە نێو سوپاكەی ئیمامی عەلی بەتایبەت لە جەنگی (صفین)دا.
2- والی كوفە عوبەیدوڵڵای كوڕی زیاد / كە ناسراوبوو بە ئیبن مەرجانە.
3- (یەزیدی كوڕی موعاویە) خەلیفەی ئەو سەردەمە / لێپرسراوە لە بەشێكی زۆری ئەم ڕووداوە، بەتایبەت دوای ڕووداوەكە دەبوو عوبەیدوڵڵای دادگایی بكردایەو بە سزای خۆی بگەیاندایە.

لە كۆتاییدا دەڵێین: 

1- ئەم كارەساتە جەرگبڕە 1384 ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوەو نابێت ئەم كارەساتە بكرێتە هۆكاری دوو بەرەكی و جیاوازی و فیتنە لە نێو موسوڵماناندا، چونكە قورئان دەفەرموێت: (تِلْكَ أُمَّةٌ قَدْ خَلَتْ ۖ لَهَا مَا كَسَبَتْ وَلَكُم مَّا كَسَبْتُمْ ۖ وَلَا تُسْـَٔلُونَ عَمَّا كَانُواْ يَعْمَلُونَ). واتە: ئەوان ئوممەت و کۆمەڵێک بوون و مردن، وە بە خۆیان و کارو کردەیانەوە چوون و تێپەرین و، هەر شتێکیشیان کردبێ پاداشەکەى بۆ خۆیانە، ئێوەش هەر شتێکتان کردبێ هەر بۆ خۆتانە، وە لە هیچ کارووکردەیەکی ئەوانیش بەر پرس نابن.
ئەم ئایەتە قورئانییە جوانترین و قەشەنگترین یاسایە كە دەبێت مرۆی موسوڵمانی ژیرو هوشیار بۆ هەرجۆرە ڕووداوێك لەم جۆرە ڕووداوانە بكرێتە یاساو جێبەجێ بكرێت.

2- سەیرو نامۆیە كە هۆزو نەتەوەیەك یان دەستەو تاقمێك هەستن بە كوشتنی ئیمامانێكی بەرێزو ڕێزداری وەك ئیمامی عومەرو ئیمامی عوسمان و ئیمامی عەلی و پاشان ئیمام حوسەینی رێحانەی پێغەمبەری خودا ﷺ و پاشان ئەو دەستەو تاقمه هەستن بە شین و شەپۆڕو خۆیان بكەن بە دۆست و بەرگریكار لە كۆژراو.؟!

 3- ئەو خوێنانەی كە لە نێوان موسوڵماناندا ڕژاون، دەبێت وەك چۆن الله تعالی دەستمانی لێپاراستووه، هەر ئاواش زمانمانی لێ بپارێزین.

4- خوێنی ئیمام حوسەین لە گەردنی گەلانی پێشووی ناوچەی شامدایە، بەتایبەت شیعەی كوفە، بۆیە ئیبن تەیمییە (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێ: هەركەس حوسەینی كوشتووە، یان هاوكار بووە لە كوشتنیدا، یان بێدەنگ و ڕازی بووە بەو كارەساتە، لەعنەتی خوداو فریشتەكان و هەموو خەڵكی گۆی زەوی لەسەر بێت.

5- كارەساتی كوشتنی ئیمام حوسەین لە كارەساتی كوشتنی ئیمامی عومەرو ئیمامی عوسمان و ئیمامی عەلی زیاتر نەبووە، كە ئەوانیش بە غەدرو خیانەت شەهید كران.!

6- لەگەڵ ئیمامی حوسەیندا لە كەربەلا نزیكەی 18 كه‌س له‌ ئال و به‌یتی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا ﷺ شه‌هیدبوون، بەتایبەت لە كوڕانی ئیمامی عەلی (درووی خوایان لەسەر) لە دوای ئیمامی‌ حوسه‌ین، (جه‌عفه‌ر، عەباس، ئه‌بوبكر، محه‌ممه‌د، عوسمان) ئەم پیاوە گەورانەی دیكەش شەهید بوون، باشە بۆ ناوێكی ئەم بەڕێزانە ناهێنرێت.؟

7- لای موسوڵمانان بە گشتی ئیمامی حوسەین (دروودی خوای لەسەر بێت) بە غەدرو خیانەت شەهید كراوەو هیچ بەرگرییەك لە بكوژانی ناكەین و لەبەرامبەریشدا ئەو یادكردنەوانەی كە ئەمرۆ بەناوی ئیمامەوە دەكرێ لە لاواندنەوە و جوڵاندنی هەستی شیعەگەراییی بەرامبەر بە ئەهلی سوننەو جنێودان بە هاوەڵان و تەنانەت قڕكردن و كوشتنی ئەهلی سوننە لە ژێر هەرناوێكدا بە ناڕەواو نا شەرعی دەزانین و دوورە لە مەنهەج و ڕێڕەوی ئال و بەیتی پێغەمبەری خودا ﷺ.

ئامادەو نووسینی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

  ژمارەی بینین 106

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram