به ناوی خوای بهخشندهی میهرهبان. سوپاس و ستایش بۆ پهروهردگار، دروود و ڕهحمهت له پێغهمبهری ئازیز (صلی اللهعلیه وسلم) و ههروهها له ئال و یارانی. بۆ وهڵامی پرسیارهکهی بهڕێزتان: مەعاویەی کوڕی ئەبوسۆفیان هاوەڵێکە لە هاوەڵانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، لەلای ئەهلی سوننە خۆشەویست و ڕێزدارە، چەندین فەرموودەی دروستی لەبارەوە هاتووە، لەوانە فەرموودەی "اللهم اجعله هاديا مهديا" أخرجە البخاری. واتە؛ ئەی پەروەردگار مەعاویە بگێرە لەو کەسانەی ڕێنیشاندەر و ڕێنمووییکراو دەبن! گومانی تێدا نییە دوعای پێغەمبەرانیش گیرایە، کەواتە چۆن دەکرێت یان دەگونجێت تانە و قسەی ناشایستە بە کەسێک بڵێین هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بێت و دوعاشی لەلایەن پێغەمبەرەوە بۆ کرا بێت!!؟ فەرموودەی "اللهم علم معاوية الحساب و قِهِ العذاب" أخرجە البخاری. واتە؛ ئەی خودایە مەعاویە فێری ئەژماریی بکە و بیپارێزە لە سزای خۆت! هەروەها فەرموودەی " أول جيش من أمتي يغزون البحر قد أوجبوا" أخرجە البخاری. واتە: یەکەمین سوپایەک لە ئوممەتەکەم غەزای دەریا دەکەن بەهەشتیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد! مەبەست پێی ئەوەیە کارێکی وا دەکەن شایەنی ئەوە بن بەهۆیەوە بەهەشتی خوا بەدەست بهێنن! مەعاویە-خوا لێی ڕازی بێت- یەکێک بوو لەوانەی نیگا(الوحی) دەنووسییەوە، شەرعناس(فقیە)ێکی بەتوانا بوو، ئیبن عەباسی ئامۆزای پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) شایەتی ئەوەی بۆ ئەدا، و زۆرێکیش لە زانایانی ئەهلی سوننە و پێشینانمان شایەتی گەورەیی و چاکە و دینداری مەعاویەیان داوە. پرسیاریان لە عەبدوڵڵای کوڕی موبارەک کرد-ڕەحمەتی خوای لێ بێت- دەربارەی مەعاویە و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، فەرمووی: والله إن الغبار الذي دخل في أنف معاوية مع رسول الله صلى الله عليه وسلم أفضل من عمر بألف مرة ، صلَّى معاوية خلف رسول الله صلى الله عليه وسلم ، فقال : سمع الله لمن حمده ، فقال معاوية : ربنا ولك الحمد ، فما بعد هذا ؟ بڕوانە کتێبی" وفيات الأعيان " ی ئیبن خەلەكان(3/33). واتە؛ سوێند بەخوا ئەو تۆزەی چووە بە لووتی مەعاوییەدا کاتێک لە جیهادا بووە لەگەڵ پێغەمبەری خوادا(صلى الله عليه وسلم) باشترە لە هەزار عومەری کوڕی عەبدولعەزیز! مەعاویە نوێژی لە دوای پێغەمبەرەوە کرد و دوای ئەوەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: سمع الله لمن حمده، مەعاویە فەرمووی: ربنا ولك الحمد، ئیتر چی لەوە زیاتر؟! (مەبەستی ئەوەیە پێغەمبەری خوا ئیقراری کرد لەو زیادەیەی مەعاوەیە فەرمووی و هەتا ئێستاش موسوڵمانان لە نوێژەکانیان دەیڵێنەوە.) شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە٠ڕەحمەتی خوای لێ بێت- دەربارەی مەعاویە دەفەرموێت: فإن معاوية ثبت بالتواتر أنه أمَّره النبيُّ صلى الله عليه وسلم كما أمَّر غيره ، وجاهد معه ، وكان أميناً عنده يكتب له الوحي ، وما اتهمه النبيُّ صلى الله عليه وسلم في كتابة الوحي ، وولاَّه عمر بن الخطاب الذي كان من أخبر الناس بالرجال ، وقد ضرب الله الحق على لسانه وقلبه ، ولم يتهمه في ولايته. مجموع الفتاوى(4/472). واتە؛ مەعاویە چەسپاوە لەسەری لە زۆر دەمی ڕاستگۆوە کە ئەو پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) کردوویەتی بە سەرپەرشتیکار و ئەمیر وەکو چۆن کەسانی تری کردووە، جیهادی لەگەڵ کردووە، و دەستپاکیی نیگا و وەحیی بوو، پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) هەرگیز گلەیی و تانەی لێنەکردووە لە نووسینەوەی نیگای خوا(قورئان و فەرموودە)، عومەری کوڕی خەتتابیش-خوا لێی ڕازی بێت- کردییە والی و کاربەدەست لەسەردەمی خەلافەتی خۆیدا لە کاتێکدا ئەو لە هەموو کەس چاکتر پیاوانی دەناسی!! خوای گەورەش لەسەر زمان و دڵی مەعاویە هەقی هێناوە و کەسیش دەربارەی ئەرکی کارگێڕیی و کاربەدەستییەکەی تۆمەتباری نەکردووە! دەربارەی خیلاف و ناکۆکیشی لەگەڵ عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب-خوا لێێ ڕازی بێت- لەسەر دەستەڵات نەبووە بەوەی حەز بکات خۆی ببێتە خەلیفە! بەڵکو تەنها ناکۆکی لەوە هەبووە کە پێویستە بکوژانی گەورەمان عوسمان-خوا لێی ڕازی بێت- بەزوویی تۆڵەیان لێبکرێتەوە، ئیمامی عەلییش پێی وابوو پەلە نەکرێت و با جارێ خەلاف و وڵات جێگیر بکرێت. بکوژانی گەورەمان عوسمان لەناو بەرەی عەلی بوون، دواتریش زانیان حاڵیان مەترسیدارە شەڕەکەیان هەڵگیرساند، هەر ئەوانیش بوون ئیمامی عەلی جیهدای لەگەڵ کردن و لێی دان! پێغەمبەری خواش(صلى الله عليه وسلم) باس لەو دوو سوپایە دەکات و هیچیان بە ناهەق و ستەمکار ناونابات، بەڵکو هەردوولایان بە باوەڕدار وەسف دەکات، بەڵام ئیشارەت بۆ ئەوە دەکات عەلی زیاتر لە هەق و ڕاستییەوە نزیک بوو.. لە دوای شەهیدکردنی ئیمامی عەلی-خوا لێێ ڕازی بێت- مەعاویە کاتێک هەواڵەکە دەبیستێ، دەگرێیت، خێزانی پێی دەڵێت بۆچی دەگری لە کاتێکدا تۆ بەشەڕ هاتبووی لەگەڵی؟! ئەویش دەفەرموێ: خەڵکی نازانن چ پیاوێکیان لە عیلم و فیقە و چاکەدا لە دەستچووە! دوابەدوای ئەوەش کاتێک حەسەنی کوڕی عەلی کرایە خەلیفە، خۆی لێی هاتە خوارێ و دایە دەستی مەعاویە لەبەر بەرژەوەندی موسوڵمانان، هەموو لە هاوەڵانیش بەیعەتیان دایە مەعاویە و کەس نەبوو دژی ئەوە بۆستێتەوە، کەواتە ئەوی لێرە و لەوێ دەبیسترێت زیادە و بوختانە و بۆ ناشیرنکردنی پیاوانی خوا و مێژووی ئیسلامە. یەزیدی کوڕی مەعاوییەش سێ بچوونی دەربارە هەیە، هەندێک کافریان کردووە و قین و بوغزی بەرامبەر دەردەبڕن، هەندێکیش خۆشیان دەوێ و بە پیاوچاک ناوی دەبەن، کۆمەڵی سێیەمیش خۆشیان ناوێت و نەفرین و بوغزاندنیشی ناکەن، کۆمەڵی سێیەم باشرین و پەسەندترین بۆچوونیان هەیە بەلای ئێمەوە و ئەوەش بە بۆچوونی ئەهلی سوننە و جەماعە دەبینین. درۆی ئەوەش گوایە بە فەرمانی ئەو گەورەمان حوسێنی کوڕی عەلی کوژرا بێت یانخود داوای سەری کردووە و سووکایەتی پێکردووە، بوختانە و دوورە لەڕاستییەوە، ئەوەی کردی والی و کاربەدەستی عێراق بوو و بەبێ ئاگاداری یەزید. ئەوەش بۆچوونی ئیبن تەیمییەیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت. پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی "..أول جيش من أمتي يغزون مدينة قيصر مغفور لهم.." أخرجە البخاری، واتە؛ یەکەمیش سوپایەک لە ئوممەتەکەم غەزای شاری قەیسەر دەکەن، لە لێخۆشبووەکانن. خوای گەورە لێیان دەبوورێت.. ئەو سوپایەش بە سەرۆکایەتی یەزید خۆی بوو و هاوەڵ ئەبوئەیبون ئەنساریی-خوا لێی ڕازی بێت-شی تێدا بووە. کە دەڵێین خۆشمان ناوێت لەبەرئەوەیە شتی لەسەر هەیە، بەڵام پێشینانمان ئەوانەی کافر و مەلعونیان نەکردووە، دیارە بە فاسقیان بینیوە، کەسی فاسقییش مۆڵەتی لێخۆشبوون و چوونە بەهەشتی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر کارێکی گەورە ئەنجام بدات بۆ ئیسلام و موسوڵمانان!! بڕوانە ئەم فەتوایەش هەڵوێستمان دەربارەی یەزیدی کوڕی مەعاویە . خوای گهورهش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنهی وهڵامدانهوهی پرسیاره شهرعییهکان/ دهنگی ئیسلام.