به‌شداریکردنی موسڵمانان له حوکومه‌تی بێباوه‌ڕاندا..؟ ئايه به‌شدارى ئسلاميهكان له حكومه‌تى كوردستان بێچه‌وانه‌ی بيروباوه‌ڕى ئيسلام نيه به‌تايبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی (الولا‌ء والبراء) ئه‌گه‌ر وايه بۆ به‌شدارى ده‌كه‌ن ؟ به‌ناوی خوای به‌شنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: به‌شداریکردنی موسوڵمان له په‌رله‌مانی کوفر و حکومه‌تی عه‌لمانیدا، زانایان خیلافیان هه‌یه له‌سه‌ری.. هه‌یانه به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ی کردووه و هه‌شیانه به‌ته‌واوی ڕێگه‌ی پێداوه، هه‌ندێکیشیان ڕێگه‌ی پێداوه به‌ڵام به‌کۆمه‌ڵێک مه‌رج.. له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی زیاتر نزیک بینه‌وه له ڕای پێکراو(الصواب) پێمان باشه که چه‌ند وته‌یه‌کی شێخی ئیسلام ئیبن ته‌یمییه بخه‌ینه‌ڕوو .. ئه‌و ده‌فه‌رموێت: "يجب أن يعلم أن ولاية الناس من أعظم واجبات الدين بل لا قيام للدين ولا الدنيا إلا بها ..إلى أن قال: فالواجب اتخاذ الإمارة دينا وقربة يتقرب بها إلى الله". واته/ پێویسته بزانرێت که سه‌روکاریی خه‌ڵکی له‌گه‌وره‌ترین ئه‌رکه واجبه‌کانی ئیسلامه، به‌ڵكو دین و دونیاش هه‌ڵناسوڕێت مه‌گه‌ر به‌هۆیه‌وه نه‌بێت، که‌واته پێویسته وه‌رگرتنی به‌ڕێوه‌بردنی خه‌ڵکی به‌نییه‌تی دینداری و نزیکبوونه‌وه له‌خوا. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: "فالواجب على المسلم أن يجتهد في ذلك حسب الوسع فمن وُليِّ ولاية يقصد بها طاعة الله وإقامة ما يمكنه من دينه ومصالح المسلمين وأقام فيها ما يمكنه من الواجبات واجتناب ما يمكنه من المحرمات لا يؤاخذ بما يعجز عنه، فإن تولية الأبرار خير للأمة من تولية الفجار، ومن كان عاجزاً عن إقامة الدين بالسلطان والجهاد ففعل ما يقدر عليه من الخير لم يكلف ما يعجز عنه فإن قوام الدين بالكتاب الهادي والحديد الناصر" انتهى كلامه. انظر مجموع الفتاوى ج٢٨ ص ٣٩٠-٣٩٦." واته/ پێویسته له‌سه‌ر موسوڵمان کۆشش بکات له‌وباره‌یه‌وه به‌پێی بواری، وه هه‌رکه‌سێک کاروبرێکی پێ‌سپێردرا و مه‌به‌ستی پێ گوێڕایه‌ڵی و عیباده‌تی خوا بوو هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که بتوانێت چه‌ندێک له دینه‌که‌ی ڕاپه‌ڕێنێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی موسوڵـمانان و ڕاپه‌ڕاندنی واجبه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه له قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان به‌پێی توانای، ئه‌وه ئیتر لێی ناگیرێت له‌وانه‌ی که توانای به‌سه‌ردا ناشکێت.. چونکه وه‌رگرتنی کاروباری موسوڵمانان له‌لایان پیاوچاکانی ئیماندارانه‌وه باشتره له خراپه‌کاران.. وه هه‌رکه‌سێکیش بێده‌سته‌ڵات بوو له‌ڕاپه‌ڕاندنی دینه‌که‌ی به‌ده‌سته‌ڵات و جیهادکردن و ئه‌وه‌شی کرد که له‌توانای هه‌یه له‌خێر، ئیتر ناکه‌وێته ئهستؤی ئه‌وه‌ی که ده‌ستی به‌سه‌ردا ناشکێت، چونکه ڕاپه‌ڕاندنی دین به کتێبی ڕێنیشانده‌ر و ئاسنی سه‌رخه‌ر ده‌بێت..(مه‌به‌ستی له‌وه‌یه که ده‌سته‌ڵات نه‌بوو ئیتر موسوڵمان ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره که توانای به‌سه‌ردا ده‌شکێت). دکتۆر (ناصر سليمان العمر) ده‌فه‌رموێت: "ئه‌گه‌ر سیسته‌می حوکم له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی بێباوه‌ڕی(علمانی؛ کفري) بوو ئه‌وه ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه که جائیز نییه به‌شداری بکرێت له‌و په‌رله‌مانانه له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌سادی به‌رچاوی زۆر تێدایه. به‌ڵام له‌به‌ر جیاوازی باری وڵاته‌کان و جیاوازی پێویستی موسوڵمانه‌کان که به‌سترابێته‌وه به‌و دهستورانهوه، هه‌روه‌ها دهستپێکرنێک له‌بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی گه‌وره‌ی ئیسلام له به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و به‌رگرتن له فهسادییهکان، هه‌روه‌ها بهبهڵگهگرتنی به‌شداری یوسف پێغه‌مبه‌ر( سه‌لامی خوای لێبێت) له ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی پاشای میسر ئه‌وه له‌لای من به‌باشی ده‌زانم به‌شداری بکرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵبه‌ندییانه‌ی تێدا بێته دی: ١/ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شداریکردنه نه‌بێته هۆی دانپیاهێنان به کوفر و کارکردن پێی. ٢/ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و به‌شداربوونه ئاشکرا و دیاربن نه‌وه‌ک شارراوه و خه‌یاڵ. ٣/ له‌و به‌شداریکردنه زیانی گه‌وره‌تر په‌یدا نه‌بێت له ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که مه‌به‌ست له هاتنه ئه‌نجامیان و ئه‌و زیانانه‌ی که بۆ به‌رگرتن لێیان به‌شداری کرابوو." هه‌روه‌ها له‌درێژه باسه‌که‌یدا له‌و باره‌یه‌وه ده‌فه‌رموێت که پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و موسوڵمانانه‌ی به‌شداری له‌کارێکی وادا ده‌که‌ن ئاشکرایی ئه‌وه بکه‌ن که ده‌بێت چاوگی یاسادانان ته‌نها له وه‌حی خواوه بێت(ئیسلام) و که‌سیش بۆی نییه ئه‌و مافه داگیربکات بۆ شتێکی تر، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت پێویسته بنه‌مای(الولا‌ء والبراء) له‌و مهیدانانهشدا هه‌ر بمێنێت و بناغه بێت له‌کاره‌کانیان تێیدا. هه‌روه‌ها هه‌میشه بزانن و باوه‌ڕیان وابێت که ئه‌و په‌رله‌مان و پێکه‌وه‌ییه له‌گه‌ڵ کوفر به‌دیلێک نییه له‌باتی به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی و لابردنی ئه‌و واقیعه کوفرییه، به‌ڵكو ئه‌و بهشداریکردنهشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه. به‌ڵگه‌یه‌ک له‌وانه‌ی که ده‌هێنرێته‌وه بۆ جائیزبوونی به‌شداری له‌گه‌ڵ کوفردا له ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا به‌شداریکردنی گه‌وره‌مان یوسفه سه‌لامی خوای لێبێت.. ئه‌و کاتێک زانی که له‌خۆی باشتر نییه بۆ ئه‌و کاره داوای کرد و قه‌بووڵیشی کرد، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا سیسته‌می پاشای میسریی کوفریی بوو! واته حوکومه‌تێکی کوفریی بوو. (مناع القطان)یش فه‌توایه‌کی شێخ ئیبن باز ڕه‌حمه‌تی خوایان لێبێت ده‌هێنێته‌وه له کتێبی (معوقات تطبيق الشريعة الإسلامیة) له‌کاتێکدا پرسیارێکی له‌و باره‌یه‌وه لێکراوه.. ده‌فه‌رموێت ئیبن باز ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت: "" إنما الأعمال بالنيات وإنما لكل امرئ ما نوى" فلا حرج في الالتحاق بمجلس الشعب ( البرلمان) إذا كان المقصود من ذلك تأييد الحق وعدم الموافقة على الباطل لما في ذلك من نصر الحق والانضمام إلى الدعاة إلى الله" واته/ هه‌موو کرده‌وه‌کان به‌نییه‌ته و هه‌موو که‌سێکیش ئه‌وه‌ی بۆ هه‌یه که نییه‌تی لێهێناوه. بۆیه هیجی تێدا نییه په‌یوه‌ندی کردن به دانیشتگای میلله‌ته‌وه(په‌رله‌مان) ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌وه پشتگیری کردن بێت له حه‌ق و ناڕه‌زایی به به‌تاڵ(الباطل) و که‌ئه‌مه‌ش سه‌رکه‌وتنی بۆ حه‌ق تێدایه و په‌یوه‌ندی کردنه به بانگهوازان بۆلای خوا. له کۆتایی ده‌ڵێین؛ مه‌سه‌له‌ی به‌شداریکردن له‌گه‌ڵ کوفردا له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت باسێکه که به‌ڵگه‌یه‌کی بنبه‌ستی له‌سه‌ر نه‌هاتووه له به‌شداریکردن تێیدا یان به‌شداری نه‌کردن، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌کوێته به‌ر ئیجتیهاد و به‌رژه‌وه‌ندی و زیانی موسوڵمانان و ئیسلام له کات و شوێنێکی تایبه‌ت، ڕه‌نگه له شوێنێک بۆ ئیسلام و موسوڵمانان باش بێت به‌شداری بکرێت و له شوێنێکی تر به‌پێجه‌وانه‌وه.. ئه‌وه‌ی که ئێمه‌ش له‌لامان په‌سه‌نده: ١/ به‌شداری نه‌کردنه ئه‌گه‌ر بۆ موسوڵمانان و ئیسلام ناچاری نه‌بێت یاخود پێویستییان پێ نه‌بێت. ٢/ ئه‌گه‌ر به‌شداریکردن ببێته مایه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی زیانێکی گه‌وره(وه‌ک که‌وتنه مه‌ترسی گه‌وره‌وه له‌سه‌ر موسوڵمانان یاخود ڕابوونه‌که‌یان، بۆ نمونه په‌رله‌مان به‌جێبهێڵرێت بۆ بێباوه‌ڕان و دژایه‌تی دینی خوای تێدا بکه‌ن!) یان ده‌ستخستنی ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره وه‌کو ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئیسلام بکرێته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه بۆ یاساکانی ده‌وڵه‌ت، یاخود یاسایه‌ک بچه‌سپێنن پاراستنی پیرۆزییه‌کانی ئیسلام بکات، یان نه‌هێڵرێت یاسایه‌ک ده‌ربچێت پێچه‌وانه‌ی ئیسلام بێت! له‌م حاڵه‌تانه به‌شداریکردن جائیزه به‌ڵكو پێویست ده‌بێت له‌سه‌ر موسوڵمانان، به‌ڵام به‌و مه‌رجانه‌ی پێشتر باسکران، هه‌روه‌ها پاراستنی بنه‌ماکانی بیڕوباوڕی خۆیان، شایه‌نی باسیشه بڕیاری به‌شداریکردن یان نه‌کردنی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن و ئه‌و باسه هاوچهرخییانه، زانایانی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، چونکه بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و باسانه به‌ستراوه به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به مه‌به‌سته‌کان و دوورخستنه‌وه‌ی زیانه‌کان. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. ----------------------------------------------------------------- لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.