سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا ياری دۆمینە حەرامە؟
ئایا ياری دۆمینە حەرامە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3769


ئایا ياری دۆمینە حەرامە؟

دیارە یاری دۆمینە یەکێکە لەو یاریانەی کە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلّى اللّه عليه وسلم) بونی نەبوە، بەڵکو مێژوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی(١١٢٠)ی زاینی لە لایەن سینیەکانەوە، یاخود ئەڵێن مێژوی ئەم یاریە ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی (١٨) لە وڵاتی ئیتاڵیا و وشەکەش فەڕەنسیەو بە واتای کڵاوێک دێت کە ڕەنگی ڕەش و سپی بێت.
ئەم یاریەش پێک دێت لە (٢٨) پارچە کە پێی ئەوترێ(پوڵ) و هەرکات بە چوار کەسی یاریەکە بکرێ هەر یەکەو (٧)پوڵ هەڵئەگرن، وەهەرکات بە سێ کەسی یاریەکە بکرێ هەر یەکە و (٩) پوڵ هەڵئەگرن یان هەر بە(٧)پوڵی یاری دەکەن، وەگەر بە دوو کەسی بکرێ ئەو یاریەکرا هەر یەکەو (٧) هەڵئەگرن و ئەوانی تر لە سەر زەوی بە هەڵاوگێڕی دائەنرێ کاتێ پێویستیان بوو هەڵی ئەگرن.
وەسەبارەت بە دروستی و نادروستی ئەم یاریە هیچ دەقێکمان لەبەر دەست نیە چونکە مێژوەکەی تازەیە، بەڵام زانایانی هاوچەرخ دوو بۆچونیان لەم بارەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەردولایان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی هەرکات ئەم یاریە لەسەر پارە یاخود هەرشتێکی تری بە نرخ بوو، یان بوە هۆی دروست بونی دوژمنایەتی و جنێو دان، یاخود زیانی ئەدا لە پەرستشە واجبەکان ئەو نادروستە. کورتەی هەردوو بۆچونەکان بەم شێوەیە:
یەکەم: دروست نیە یاری کردن بە دۆمینە.

بەڵگەکانیان:
خاوەنی ئەم بۆچونە زیاتر قیاسی دۆمینە لەسەر شەترەنج و زار ئەکەن، کە شەترەنج پێغەمبەر دەربارەی ئەفەرموێت( ملعون من لعب بالشطرنج والناظر إليها كالآكل لحم الخنزير)أخرجه الديلمي. بەڵام ئیمامی نەوەی و ئیمامی شەوکانی ئەڵێن شتی وا بە سەحیحی لە پێغەمبەرەوە نەهاتوە. شێخی ئەلبانیش ئەڵێ ئەمە درۆیە بە دەم پێغەمبەرەوە کراوە.
یاخود ئەڵێن ئیمامی عەلی کاتێک ئەدات بەلای کەسانێکا یاری شەترەنج ئەکەن فەرمویەتی( ما هذه التماثيل التي أنتم لها عاكفون) رواه البيهقي في الكبرى. لەگەڵ ئەوەی ئیمامی ابن حزم و شێخی ابن تەیمیە و ابن الجوزی ئەڵێن سەحیحە، بەڵام ئەلبانی ئەڵێ لاوازە.
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە بەڵێ زار دەقی سەحیحی لەسەرە و لە سەحیحی موسلمدا هاتوە، بەڵام خۆ شەترەنج دەقی سەحیحی و بێ کێشەی لەسەر نەهاتوە هەربۆیە ئیمامی بەیهەقی لە کتێبی (السنن الكبرى) دا ئەیگێڕێتەوە کە ئیمامی شەعبی کردویەتی و ئیمامی ابن کەسیریش ئەفەرموێت( والأحاديث المروية فيه لا يصح منها شئ) پاشان لە مەزهەبی ئیمامی شافعیشدا ڕێگە پێدراوە، وە قسەو باسێکی زۆری لەسەرە ئیمە لێرەدا باسی لێوە ناکەین.

دووەم: ڕێگە پێدراوەو هیچ کێشە لە کردنی نیە بە مەرجێ خاڵی بێت لە حەرامەکانی تر.

بەڵگەکانیان:
ئەم زانا بەڕێزانە ئەڵێن یاری کردن بە دۆمینە جگە لەوەی هیچ دەقێکی لە سەر نیە ئەچێتە باسی عاداتەوە، عاداتیش ئەسڵ تێیدا دروستیەو کەس نابێ لە خۆیەوە قیاسی بکات لەسەر کاری تر، چونکە لە خودی خۆیدا ڕەوایەو مەگەر بە هۆی شتی ترەوە کێشەی لەسەر دروستبێت.
بەڵام ئەم زانا بەڕێزانە چەند مەرجێکیان داناوە بۆ دروستی ئەم یاریە کە ئەمانەن:
١- نابێ ببێتە هۆی سستی و دواکەتنی پەرستشەکان.
٢- نابێ کاتی زۆرت لێ بگرێ.
٣- نابێ لەسەر پارەو هیچ بەرانبەرێک بێت.
٤- نابێ سوێندی درۆ یاخود دڵشکاندن و تێکدانی برایەتی تێدا بێت.
٥- ناکرێ لە مزگەتدا ئەنجام بدرێ، چونکە مزگەوت بۆ ئەمە دروست نەکراوە.

پوختەی قسە:

من پێم وایە ئەوەی دەقی سەحیحی لە سەرە لەم جۆرە یاریانە تەنها زارە کە نادروستە، پاشان ئەوەی دۆمینەیە یان وەک دۆمینەیە جگە لەوەی بۆ بەهێز بوونی مێشک باشە کێشەی نادروستی نیە، بەڵام بەو مورجانەی کە باسمان کرد، وە ئەو مەرجانە لە بەکارهێنانی فیس بوکیشدا بێت هەر حەرامە بۆ کەسەکەو ناتواندرێ بوترێ بەکارهێنانی فیس بوک حەرامە بۆ گشت خەڵکی.
بۆیە دۆمینە لە خودی خۆیدا حەرام نیە و قورسترین بڕیار بۆی ئەوەیە بڵێن ناپەسەندە(المكروه) ، بەڵام بە هۆی شکاندنی سنورەکانی شەرعەوە حەرام ئەبێت و هەرکات سنورەکان نەبەزێندرێن و بۆ ئارام کردنەوە مێشک بێت ناتواندرێ بوترێ حەرامە، بەڵام مرۆڤ تا بۆی بکرێ خۆی لێ بپارێزێ باشە نەبادا نەتوانێ هەموو مەرجەکان جێبەجێ بکات.

✍️ وەڵامدانەوەی مامۆستا مەلا شاخەوان سيامنصورى

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 544

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram