سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا لاشەى پێغەمبەران و شەهيدان دەڕزێت.؟
ئوستاز سلام علیکم، ئایا هیچ دەقێکی حەدیث یان ئەسەرێ هەیە پشتگیری ئەوە بکات جەستەی کەسی شهید بوو وەک خۆی لە زەویدا بمێنێتەوە ؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2612



الحمدلله/

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە، پرسیارێكی تر لەهەمان بابەتدا لەوە گرنگتر هەیە كە ئەوەیش ئەوەیە: ئایا پێغەمبەران علیهم السلام لاشەیان لەناو خاكدا دەمێنێتەوە یان جەستەی ئەوانیش دەرزێت؟ بۆیە یەكەم جار لەمەیانەوە دەست پێ دەكەم و ئینجا دەچمە سەر وەڵامی پرسیارەكەت.

زۆرێك لە زانایانی دێرین و هاوچەرخ لەسەر ئەوەن كە زەوی جەستەی پێغەمبەران ناڕزێنێت و لەناوی نابات، ئەو بیروباوەڕەش لەسەر فەرموودەیەك دامەزراوە كە كۆمەڵێك لە فەرموودەناسان بە فەرموودەیەكی سەحیحیان زانیوە بۆیە فەرموویانە جەستەی پێغەمبەران لە پاش مردنیان هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوەو ناڕزێت، ئەمەش بەشی جێگای مەبەستە لە دەقی فەرموودەكە: (...إنّ الله حرّم على الأرض أن تأكل أجساد الأنبياء) واتە: الله تعالی قەدەغەی كردووە لەسەر خاك لاشەی پێغەمبەران علیهم السلام لەناوببات وبیڕزێنێت.
ئەم فەرموودە ئەهلی سونەن ڕیوایەتیان كردووە و ئەبو داود بێ دەنگە بووە لەسەری و الحاكم تصحیح ی كردووە و الذهبي تصحیح ەكەی ئەوی پەسەند كردووە، هەروەها ابن حجر العسقلاني لە ئاستی لاواز بەرزتر تەماشای كردووە و بە فەرموودەیەكەی حەسەنی داناوە، لە هاوچەرخەكانیشدا ئەلبانی وزانای تر تصحیح یان كردووە.

بەڵام لە بەرانبەردا لە كۆن و نوێدا زۆرێك لە زانایان ئەو فەرموودەیان بە ضعیف زانیوە و بەهۆی كەسێك كە لە زنجیرەی سەنەكەیدایە بەناوی (عبدالرحمن بن یزید) هاتووە و نازانرێت ئایا ناوی باپیرەی ئەو كەسە تەمیمە كە ئەگەر ئەو بێت كەسێكی نەناسراو ومەجهولەو كەس نایناسێت، یان جابیرە كە ئەگەر ئەو بێت جێگەی متمانە بووە!

بۆیە ئەو زانایانە قسەیان لەسەر ئەو فەرموودە كردووە و تانەیان لێ داوە، لە زانا گەورەكان بۆ نموونە: پێشەوا بوخاری و أبو حاتم الرازي و لە هاوچەرخەكانیش ابن باز باسی ئەوەی كردووە كە ئەم فەرموودە خیلافی لەسەرەو زانایان قسەیان لەسەر سەنەدەكەی كردووە دواجاربش وەریگرتووە، هەروەها زانای فەرموودەناس مصطفی العدوي بە ڕوون و ئاشكرا ڕەخنەی لە سەنەدی ئەو فەرموودە گرتووە و وتوویەتی نەك هەر لاوازە بەڵكو فەرموودەو بەڵگە هەیە پێچەوانەی ئەو فەرموودەیە و سەحیحیشن، وتوویەتی ئەو فەرموودە كۆمەلێك دژ و (معارضات ) ی هەیە، لەوانە:

1- الله تعالی فەرموویەتی: (قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ) ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم جەستەی وەكو جەستەی مرۆڤەكانی ترە، چونكە ئایەتەكە ئاماژەی بە هیچ جیاوازییەكی جەستەیی پێغەمبەران نەكردووە لە گەل ئادەمیزادەكانی تردا.
2- فەرموودەی (کل ابن آدم یبلی ویأکله التراب الا عجب الذنب ...) واتا هەموو ئادەمیزادێك جەستەی لەناو ئەچێت و خۆڵ دەیخوات جگە لە (عجب الذنب) نەبێت، بەهەمان شێوە ئەم فەرموودەش پێغەمبەرانی علیهم السلام جیانەكردووەتەوە.
3- فەرموودەی (.....فاحتفروا، فاستخرجوا عظام يوسف..) پوختەی واتاكەی ئەوەیە كاتیك موسا علیه السلام لەگەڵ بەنی ئیسرائیل لە میسر دەرچوون پێیان وت یوسف علیه السلام پەیمانی لێوەرگرتووین هەركاتێك دەرچین ئێسك و پروسكەكەی لەگەل خۆمان ببەین، ئیتر ئەوانیش گەڕاون و لە ڕێگەی پیرەژنێكەوە گۆڕەكەیان دۆزیوەتەوە و ئێسك و پروسكەكەیان دەركرد ووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یوسف علیه السلام پێغەمبەر بووە و بە پێی ئەو فەرموودەیە زەویش جەستەكەی لەناوبردووە، بەڵام هەندێ لەزانایان وەڵامیان داوەتەوە و وتوویان وشەی عظام بە واتای هەموو لاشەكە دێت نەك تەنها ئێسك و پروسكەكەی.

بۆیە بە پێی وتەی فەرموودەناس مصطفی العدوي لەم بارەوە قەولێكی قەتعی و بڕاوە نییە پشتی پێ ببەسترێت كە پێغەمبەران جەستەكانیان هیچی پێ نایەت و هەمیشە وەكو خۆی بەپارێزراوی دەمێنێتەوە، جگە لەو فەرموودە نەبێت كە خیلاف لەسەر ڕاستی سەنەدەكەی هەیە، كەواتە ئەمە مەسەلەیەكی خیلافییە ئایا زەوی جەستەی پێغەمبەران لەدوای مردنیان دەڕزێنێت یان هەر وەكو خۆیان دەمێننەوە، زۆرێك لە زانایان بەهۆی تصحیح كردنی فەرموودەكە پشتگیری دەكەن ئەوانەش كە فەرموودەكەیان بەلاواز داناوە وتوویانە پێغەمبەرانیش جەستەیان وەكو جەستەی مرۆڤەكانی ترە لەبەر نەبوونی بەڵگەی كیتاب و سونەت.

بەڵام سەبارەت بە جەستەی شەهید و پیاو چاكان، هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستماندا نییە ئاماژە بۆ ئەوە بكات كە قەدەغەیە لەسەر زەوی جەستەكانیان بخوات، بەڵكو ئەوان حاڵیان حاڵی هەر مرۆڤێكی ترە، بۆیە ئەسڵ وایە ئەوان هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ مرۆڤەكانی ترا نییە و لە گەڵ كاتدا لاشەكانیان دەڕزێت و لەناو دەچێت، سەبارەت بەوەش كە هەندێ لە گۆڕی هاوەڵان بەهۆی لافاوێكەوە ئاوبردوونی ولاشەكانیان كەوتووەتە دەر و بینراون كە وەكو خۆیان ماونەتەوە، یان لەم سەردەمەشدا حاڵەتی وا بووە، زانایان ئەوەیان بە جۆرێك لە ڕێزگرتنی الله تعالی لەو كەسانە زانیوەو وتوویانە ئەوە ڕەنگە كەرامەتێك بێت بۆ ئەو كەسانە و مەرج نییە هەموو هاوەڵ و پیاو چاك و شەهیدیك بەو شێوە بێت، لەوانەشە هەندێ جار سروشتی خاكەكە وابێت یان هۆكاری جیاوازی تری لە پشتەوە بێت، چونكە بۆ جیگیر كردن وسەلماندنی حاڵەتی وا پێویستە تەنها بەڵگەی سەریحی ئایەت و سەحیحی سوننەت ئەوە یەكلا بكاتەوە..والله أعلم.

تێبینی: جگە لە قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هەندێك لە ئەهلی عیلم وتوویانە قەبری ئیبراهیم یش علیه السلام ، جێگای قەبری هیچ پێغەمبەرێكی تر دیار نییە، ئەوەشی كە دەوترێت لەو بارەوە بانگەشەی بێ بەڵگەیە و قەبری هیچ پێغەمبەرێك بەیەقین جگە لە محمد صلی الله علیه و سلم شوێنەكەی دیار نییە.

إحسان برهان الدین
16 - رمضان - 1441
9 - 5 - 2020



  ژمارەی بینین 833

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram