حوكمی چوون بۆ لای عەڕاف یاخود بۆ لای کاهین و باوەڕپێکردنیان یاخود پرسیارلێکردنیان چییە؟ پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم چی لەوبارەیەوە فەرمووە ؟ حوکمی باوەڕ پێکردن بەعەڕاف یاخود بەکاهن کوفری گەورەیە و ئەوەی موسڵمان بێت پێی لە ئیسلام دەرئەچێت و ئەوەشی تەنها پرسیار لە عەڕاف یاخود لە کاهن بکات ئەگەر باوەڕیش بەوە نەکات ئەیڵێت ، ئەوە چل رۆژ نوێژی لێوەرناگیرێت ، پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی : " من اتی عرافا او كاهنا فصدقه بما یقول فقد كفر بما انزل علی محمد " . [صحیح الجامع ٥۹۳۹] ئەوەی بڕوات بۆ لای جووکییەک یاخود بۆ لای کاهینێک ، جا باوەڕ بکات بەوەی ئەیڵێت ، ئەوە کافر بووە بەوەی بۆ محمد دابەزێنراوە . وفي حدیث آخر : " من اتی كاهنا او عرافا فسأله لم تقبل له صلاة اربعین یوما " . لێرەدا فەرمویەتی : .... پرسیاری لێبکات چل رۆژ نوێژی لێوەرناگیرێت . ئەمە ئەگەر تەنها پرسیاری لێبکات ئەگەرچی باوەڕیش نەکات بەوەی ئەیڵێت . بۆچی...؟ چوون عەڕافە و کەهانە جۆرێکە لە ئیدیعاکردنی علمی غەیب و ئیدیعاکردنی علمی غەیبیش لە شرکی گەورەیە ، قال تعالی " ( قل لا یعلم من في السموات والارض الغیب الا الله وما یشعرون ایان یبعثون )[النمل : ٦٥] ، وە باوەڕکردنیش پێیان کوفری گەورەیە و هەرکەسێک بڕوات بۆ لای هەرکامێکیان و باوەڕ بەوە بکات ئەیڵێت کافر بووە بەوەی بۆ پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دابەزێنراوە ، بۆیە ئەبێ تەوبە بکات و کوفریان پێبکات و بگەڕێتەوە بۆ ئیسلام و ئیمان و شەهادەت بهێنێتەوە . وە بەهەمان شێوە چوون بۆ لای نجومگەر و قاوەگرەوە و بەختگرەوە و ئەوانەشی بورج و ناولەپ دەخوێننەوە و هاوشێوەکانیان هەمان حوکمیان هەیە . وە دیسان ساحر و جادووگەریش کافرە ، چوون سحر و جادوو کوفری گەورەیە و ئەوەشی داوای سحر و جادوو بکات ، با بزانێت داوای کوفری کردووە و پێی رازی بووە ، و داواکردنی کوفر و رازیبوون بەکوفر کوفرە و خاوەنەکەی بەوە لە ئیسلام دەرئەچێت ، بەڵام بەداخەوە زۆر کەس گوێ بەوە نادات و مێشێک میوانی نییە !! وەڵامدانەوەو نووسینی: مامۆستا مەلا موستەفا محمد جعفر