سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمی دانانی منداڵی بلوری.؟
حوكمی دانانی منداڵی بلوری.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3962


حوكمی دانانی منداڵی بلوری.؟

♦️ پرسیارەکە ( مامۆستا ئێمە منداڵمان نابێت بە سروشتی و کێشەش لە خێزانمە، ئایا درووستە دانانی منداڵی بلوری کە دکتۆرەکان باسی دەکەن؟)
دیارە منداڵی بلوری ئەوەیە (ئاوی پیاو بە ئامێری تایبەت لە ڕەحمی ئافرەتدا یان لە دەرەوەی ڕەحمدا دەچێنرێت)، بە ئومێدی دروست بوونی منداڵ. 
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامەکە دەبێت ئەوە بزانین کە هەر نەخۆشیەک ڕوو لە مرۆڤ دەکات جائیزە یان هەندێ کات واجبە چارەسەری بکرێت، کە هەندێ جار نەبوونی منداڵیش بەشێکە لەم جۆرە نەخۆشیانەو دەبێ خانەوادەکەی بە دوای چارەسەریدا بگەڕێ. 
پاشان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی پێشکەوتنی بەرچاوی زانستەوە چەندین جۆر لە منداڵی بلوری پەیدا بووەو هەندێکیان دروستە و هەندێکی تریان نادرووستە، کە من لێرەدا ئاماژە بە هەموو جۆرەکان دەکەم بە پێی ئەوەی پەی پێ دەبەم :
♦️ یەکەم : ڕێگە درووستەکانی منداڵی بلوری، واتە لەم دوو شێوەدا منداڵی بلوری دروستە ئەنجام بدرێ:
١) کاتێک ئاوی پیاو وەربگیرێت و بە ئامێر لە ڕەحمی خێزانیدا دابنرێت، ئەم کارە تەواو درووستە و هەر منداڵێکیش لەم ڕێگەوە درووست ببێت هیچ کێشەی شەرعی تێدا نیە. 
٢) هێلکەی ئافرەت وەربگیرێت و لەگەڵ ئاوی هاوسەریدا لە دەرەوەی ڕەحم بپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ئافرەتەکەدا جێگیر بکرێتەوە، کە ئەمڕۆ پێی ئەوترێ منداڵی بلوری. 
لەم کاتەدا گەر تەنها ئاوی پیاو وە هێلکەی خێزانەکەی بێت دروستە. 
♦️ دووەم : ڕێگە نادرووستەکانی منداڵی بلوری، دیارە لە چەند حاڵەتێکدا ئەم کارە نادرووستەو موسوڵمان ئەبێ لێی بە دوور بێت، کە بە کورتی ئەم حاڵەتانەن:
١) ئافرەت هەیە هێلکەی خۆی توانای درووستبوونی منداڵی نیە، لەبەر ئەم هۆکارە دێن هێلکەی ئافرەتێکی دی ( کە بەداخەوە ئێستە فرۆشتنی هێلکەی ژنان کارێکی بەربڵاوە) لە ڕەحمی ئەم ئافرەتە دائەنرێت و پاشان کە ئاوی پیاوی پێ ئەگات منداڵ درووست دەبێت، ئەم کارە حەرامە. 
٢) لەم کاتەدا ئافرەت هیچ کێشەیەکی نیە بەڵکو کێشە لە پیاودایە، یان هەر ئاوی نیە، یاخود ئاوی هەیە بەڵام ناگونجێ بۆ پیتاندن، بۆیە دێن ئاوی پیاوێکی دی دەر دەهێنن و لە ڕێگەی ئامێرەوە لە ڕەحمی ژندا جێگیر دەکرێ و بەو شێوە منداڵ دروست ئەبێت! 
هەر منداڵێ بەم جۆرە دروست ببێت لە ڕوی شەرعەوە منداڵی زینایەو تێکەڵبوونی وەچەیە. 
٣) لەم کاتەدا کێشە لە ژنەکەدایە بەڵام جیاوازە لەوەی پێشوو باسمان کرد، ئاوی پیاو وەردەگیرێت لەگەڵ هێلکەی ئافرەتێکدا ئەپیتێنرێت لە ڕێگەی ئامێرەوە، وە کاتێک ئەپیتێنرێت ئەگێڕدرێتەوە بۆ ڕەحمی ژنی خاوەن ئاوەکە کە مێردێتی! پاشان منداڵەکە لە ڕەحمیدا دروست دەبێت، ئەم کارەش نادروستە، چونکە لە هێلکەیەک دروستبووە کە خێزانی خۆی نیە لە سەرەتادا. 
٤) جۆری چوارەم کە نادرووستە، ئەوەیە هەندێ پیاو هێلکەی خۆیان کار ناکات و هێلکەی پیاوێکی تریان بۆ دائەنرێت، بە هۆی ئەم هێلکە دانراوەوە منداڵ دروست ئەبێت، واتە لەم کاتەدا وەک ئەوە وایە ئاوی پیاوێکی تر بکرێتە منداڵدانی ژنەکەیەوە، چونکە سپێرمی پیاو لەگەڵ هێلکەی ژندا یەک دەگرن و (٤٦) کرۆمۆسۆم دروست ئەبێت، کە هی پیاو (XY) یەو هی ژن (XX)ە، وە هەرکات ئێکسی پیاو لەگەڵ ئێکسی ژن یەکیان گرت کچ دروست ئەبێت و هەرکات (XY)ی پیاو لەگەڵ (X) ی ژن یەکیان گرت کوڕ درووست ئەبێت.
 کەواتە سپێرمی پیاو هۆکاری دروستبوونی منداڵەکەیەو هەرکات هێلکەی پیاوێک گۆڕا منداڵەکانی لە دوای گۆڕانەکەوە شەرعەن هی خۆی نیە. 
♦️ لە کۆتاییدا پێم خۆشە بڕیارەکانی کۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی کە سەر بە،(منظمة المؤتمر الإسلامي)ە، ئاماژە پێ بکەم کە لەم بارەوە ئەم چەند بڕیارەیان داوەو پێیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ ئەکرێ لەم حەوت جۆرەیە :
١) سپێرمی پیاو لەگەڵ هێلکەی ئافرەتێکی تر کە خێزانی نیە، ئەپیتێنرێت پاشان لە منداڵدانی ژنی خۆیدا جێگیر ئەکرێت. 
٢) هێلکەی ئافرەت لەگەڵ سپێرمی پیاوێکدا کە مێردی نیە، ئەپیتێنرێت و پاشان لە منداڵدانی خێزانیدا جێگیر ئەکرێت. 
٣) ئاوی پیاو و خێزانەکەی ئەپیتێنرێت لە ڕەحمی خێزانیدا پاشان لە ڕەحمی ئافرەتێکی بێگانەدا ئەچێندرێت بە خۆبەخشی ئەم کارەیان بۆ ئەکات. 
٤)  ئاوی پێاوێکی بێگانەو ئافرەتێکی بێگانە ئەپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ئەو ئافرەتە جێگیر ئەکرێت کە ئارەزووی منداڵی هەیە. 
٥) ئاوی ژن و مێردێک لە دەرەوەی ڕەحم ئەپیتێنرێت و پاشان لە ڕەحمی ژنێکی دیکەدا جێگیر ئەکرێت. 
٦) ئاوی پیاو لەگەل هێلکەی ژنی خۆیدا وەرئەگرێت و پاشان بە هۆی ئامێری دەرەکیەوە ئەپیتێنرێت و ئەخرێتەوە ڕەحمی خێزانەکەی. 
٧) ئاوی پیاو بە هۆی ئامێرەوە وەرئەگیرێ، پاشان لە ڕەحمی خێزانیدا یاخودا لە منداڵدانیدا جێگیر ئەکرێت و هەر لەوێدا ئەپیتێنرێت. 
ئەم حەوت جۆرەی کۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی باسیان کردووە پێیان وایە تەنها جۆری شەشەم و حەوتەمی دروست و شەرعیەو ئەو پێنج جۆرەی تر نادروستەو هەر منداڵێکی لێ درووست بێت حەرام و ناپەسەندە، چونکە هۆکارێکە بۆ تێکەڵبوونی وەچە کە ئیسلام بۆ پاراستنی هاتووە. 

♦️ پوختەی قسە:
ئەوەی لە پێشودا باسمان کرد وردەکاری باسەکە بوو کە گرنگە ئەوەی ئەوکارە ئەنجام ئەدات زانیاری دەربارەی هەبێت تا توشی کێشەی شەرعی نەبێت، کە بە کورتی ئەوەیە هەرکات ئاوی پیاو لەگەڵ هێلکەی ژندا کە ژن و مێرد بن لە دەروەی منداڵداندا دروست ببێت هیچ کێشەی شەرعی نیە بە مەرجێ، پاش پیتاندنی نەخرێتە منداڵدانی ئافرەتی نامەحرەمەوە، وە تەنها سپێرمی خودی پیاوەکە بێت لەگەڵ هێلکەی خێزانی، واتە پەنا نەبەن بۆ سپێرمی پیاوی ترو هێلکەی ئافرەتی تر، بۆ ئەم مەبەستە ئەبێ ئەو دكتۆری نەخۆشخانەی بەم كارە هەڵدەستن زۆر جێگەی متمانە بن.
♦️ تێبینی/ ئەگونجێ لە داهاتودا ئامێری پێشكەوتوو تر درووست بكرێت و  هەندێ لەم پشكنینانە گۆڕانكاری بەسەردا بێت بە هۆی پێشكەوتنی زیاترەوە، ئەوكات حوكمەكەشی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

✍️ وەڵامدانەوەی: د. شاخوان سيامنصوري.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

  ژمارەی بینین 815
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

  • Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram