بۆ نوێژی جەنازە لەسەر پێغەمبەر بە جەماعەت نەکرا؟ برایەکی بەڕێز ئەم پرسیارەی کردو پێی خۆش بوو لێرەو بۆی ڕوون بکەمەوە، دیارە پێغەمبەری ئازیز درودی خوای لەسەر بێت کاتێک وەفات ئەکات هەموو کەس بەجیا نوێژیان لەسەر جەنازەی پیرۆزی کرد، هاوەڵی بەڕێز ئەبی عەسیب بۆمان ئەگێڕێتەوە کە ئامادەی نوێژەکە بوە ئەفەرمووێ " قَالُوا : كَيْفَ نُصَلِّي عَلَيْهِ ؟ قَالَ : ادْخُلُوا أَرْسَالًا أَرْسَالًا . قَالَ : فَكَانُوا يَدْخُلُونَ مِنْ هَذَا الْبَابِ فَيُصَلُّونَ عَلَيْهِ ، ثُمَّ يَخْرُجُونَ مِنَ الْبَابِ الْآخَرِ ". رواه أحمد واسناده صحيح. واتە: کاتێک پێغەمبەری ئیسلام وەفاتی کرد، پرسیان چۆن نوێژی لەسەر بکەین؟ وتیان کۆمەڵ کۆمەڵ بچنە ژورەوە، ئەفەرموێت: لە دەرگایەکەوە ئەچونە ژورەوە نوێژیان لەسەری ئەکردو لە دەرگایەکی ترەوە ئەهاتنە دەرەوە. ئیمامی ابن كثير لە کتێبی(البداية والنهاية: ٥/ ٢٧٨ ) دا ئەفەرموێت:" ئەم نوێژ کردنە لەسەر لاشەی پیرۆزی پێغەمبەری ئیسلام کە هەر کەسەو بەتەنها کردویەتی و کەس ئیمامیان نەبوە، هیچ ڕاجیایەکی زانایانی لەسەر نیە کە بەو شێوە بوە. پاشان دەربارەی هۆکارەکەی کە ئایە بۆچی بە کۆمەڵ نوێژی لەسەر نەکراوە قسەی زۆر کراوەو هەر زانایەک قسەیەک یاخوود چەند قسەیەکی کردوە، کە گرنگترینی هۆکارەکان ئەمانەن: #یەکەم: بۆ ئەوەی هەموو هاوەڵان بە پیاو ژن و کۆیلەوە بتوانن نوێژی لەسەر بکەن، چونکە گەر بەیەکجار بوایە هەندێک بەهۆی کارەوە بێ بەش ئەبوو لەو ڕێزە، هەر بۆیە مەراسیمی نوێژ کردنەکە نزیکی(٣٦)کاتژمێری پێچوەو زیاتر لە (٢٠)هەزار هاوەڵ بەشدار بوون. #دووەم: بۆ ئەوەی هەموو هاوەڵان فەزلی نزیکیان بەرکەوێت لە لاشەی پیرۆزێوە. #سێهەم: لەبەر هەیبەت و شکۆی ئازیزمان هاوەڵان نەیان ئەتوانی هیچیان ببنە ئیمام و لەوانەیە بەهۆی ناڕەحەتیشەوە ئەو پێش نوێژیەی بۆ نەکرایە. #چوارەم: پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت خۆی وەسێتی کردبوو کە بە تاک تاک نوێژی لەسەر بکەن، هەرچەندە ئەم وسێتە لە فەرمودەی سەحیحدا نەچەسپاوە، هەموو فەرمودەکان لاوازن. #پێنجەم: ئەشگونجێ بەشێک هاوەڵان حەزیان کردبێ ئەو پێشنوێژیە بەوان ببەخشرێ و بۆ دروست نەبوونی جیاوازی نوێژە بە کۆمەڵەکە نەکرابێ. #شەشەم: ئەشگونجێ مەبەستێکی تەشریعی لە پشت بێت، کە نوێژی جەنازە بە کۆمەڵ کردن واجب نیە و دروستیشە بەتەنها بکرێ. ئەمە چەند قسەیەک بوو کە بەپێوستم زانی ئاماژەیان پێ بکەم لە هۆکارەکە ئەگەر نا قسەی تریش کراوە لەم بارەوە. ✍️ وەڵامدانەوەى: دكتۆر شاخوان سيامنصورى.