پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: «إنَّ اللَّه لا يقْبِض العِلْم انْتِزَاعاً ينْتزِعُهُ مِنَ النَّاسِ ، ولكِنْ يقْبِضُ العِلْمَ بِقَبْضِ العُلَماءِ» (متفقٌ عليه عن عنْ عبدِ اللَّه بن عمرو بن العاص رضي اللَّه عَنهُما) . یانی: بێگومان خوای په‌روه‌ردگار زانست و زانیاری هه‌ڵناگرێت به داماڵینی له خه‌ڵك، بگره ئه‌م زانسته به هه‌ڵگرتنی زانایان هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌مه فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحی پێغه‌مبه‌ری ئه‌كڕه‌مه (صلى الله عليه وسلم) كه ویستوویه‌تی ئه‌وه به به‌ر گوێی مسوڵمانان بدات كاتێ كه زانایه‌ك له زانایان وه‌فات ده‌كات چ كاره‌ساتێك له دوای مردنی ئه‌مانه‌وه درووست ده‌بێت.. ئێستاش ده‌بینین كه له سه‌ره‌تای ساڵی 1431ی كۆچی / 2010ی زایینی به نه‌بوونی كۆمه‌ڵێ له گه‌وره زانایان و بانگخوازانی ئیسلامی ده‌ست پێ ده‌كات, له ساڵی پاره‌وه تاكوو ئه‌مڕۆ, به‌رده‌وام ئوممه‌تی ئیسلامی ده‌ستی له گه‌وره زانایان بڕاوه, حه‌یفێ كه ئه‌م چوارشه‌ممه‌ی ڕابردووش گوڵێكی تر له گوڵه بایه‌خداره‌كانی ئوممه‌تی ئیسلامی؛ شێخ (د.عبد العظيم الديب) ماڵ ئاوایی لێكردین و كۆچی دوایی كرد. دكتۆر (د.عبد العظيم الديب) -رحمه الله- ته‌نها به ڕه‌تبوونی شه‌ش ڕۆژ به‌سه‌ر ساڵی 2010 گه‌وره زانای ئیسلامیی؛ توێژه‌ر (د.عبد العظيم الديب) له ده‌وحه دوای ململانێیه‌كی تووند له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو كۆچی دوایی كرد. به‌یانی چوارشه‌ممه له 9/1/2010 عه‌للامه‌ی فه‌قیهـ و توێژه‌ر شێخ (عبد العظيم الديب) له نه‌خۆشخانه‌ی حه‌مه‌د له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕ دوای ململانێی له گه‌ڵ نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد.. ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌م وه‌فاتی زانا حسێب ده‌كرێت له ساڵی نوێی 2010 دا. سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه بكه‌ن: http://www.dangiislam.org/v/content/babet-0/3202 مه‌حموود عید (رحمه الله) له كوێت, شێخی میسڕی (مه‌حموود عید) له ڕۆژی 17/9/2009 له ته‌مه‌نی 93 ساڵی كۆچی دوایی كرد. شێخ (مه‌حموود عید) بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وتاربێژی مزگه‌وتی سه‌لام بوو له ناوچه‌ی ئیستانلی له شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه له میسڕ. له دواییا له هه‌شتاكان ده‌چێته كوێت و هه‌ر له‌وێ ژیان به‌سه‌رده‌بات تا وه‌فاتكردنی. سه‌عید بنوحه‌مه‌د بنوسه‌لمان ئه‌لحارسی (رحمه الله) له عه‌ممان عه‌للامه‌ی فه‌قیهـ؛ (سه‌عید بنوحه‌مه‌د بنوسه‌لمان ئه‌لحارسی) له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه له ته‌مه‌نی 84 ساڵی له 4/5/2009 كۆچی دوایی ده‌كات. حارسی؛ فه‌قیهـ و هۆنه‌ربێژێكی بلیمه‌ت بوو, له‌بواری شیعر‌و په‌خشان ده‌ستی باڵای هه‌بوو, چه‌ندین نووسراوی له بورای فیقهـ و زمانی عه‌ڕه‌بی و هۆنه‌رو مێژوو گه‌شته‌كاندا هه‌بوو. سه‌عید زه‌ییانی (رحمه الله) به كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل له ئیماڕه‌تی (ئه‌بووزه‌بی) له ئیماڕاتی عه‌ڕه‌بی له ڕۆژی 8/10/2009 شێخی پایه‌به‌رز (سه‌عید زه‌ییانی) ماڵ ئاوایی له دونیا ده‌كات، سه‌ره‌تا به قۆناغی گۆرانی و نواندن ته‌مسیل ده‌ست پێ ده‌كات, به‌ڵام به گه‌وره زانای ئیسلامی كۆتایی به ژیانی دێت. سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه بكه‌ن http://www.dangiislam.org/v/content/babet-0/2725 موحه‌مه‌د نوور ئه‌لمه‌ڕاغی (رحمه الله) هه‌مدیس له قه‌ته‌ڕ دكتۆر (موحه‌مه‌د نووڕ ئه‌لمه‌ڕاغی) له ڕۆژی 10/11/2009 له ته‌مه‌نی 63 ساڵی كۆچی دوایی ده‌كات. مه‌ڕاغی ئاڕاسته‌وانێكی شه‌رعی بووه له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده.. هه‌روه‌ها گه‌ڕان وسووڕانی زۆری هه‌بووه له بورای بانگخوازی و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندندا, جگه له‌وه به‌رده‌وام وانه‌ی شه‌رعیی هه‌بووه له مزگه‌وتی ده‌وحه له قه‌ته‌ڕ. فه‌تحی یه‌كه‌ن (رحمه الله) بانگخوازو ئه‌ندازیاری بواری بواری ڕیَِكخستن و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی؛ دكتۆر (فه‌تحی یه‌كه‌ن) سه‌رۆكی به‌ره‌ی كاری ئیسلامی له لوبنان له 13/6/2009 له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا به نه‌خۆشی كۆچی دوایی ده‌كات. شێخ فه‌تحی یه‌كه‌ن له په‌نجاكانه‌وه یه‌كێك بووه له پێشه‌نگانی بواری كاری ئیسلامی.. له دواییا كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی له شه‌سته‌كان درووست ده‌كات, پاشان له ساڵی 1992 دوای سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه په‌ڕله‌مانییه‌كانی لوبنان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتی ده‌ست له كار ده‌كێشێته‌وه.. خوا لێخۆشبێت تا ساڵی 1996 ئه‌ندام په‌ڕله‌مان بووه. له ساڵانی دواییش سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌ی كاری ئیسلامی كردووه, وه یه‌كێك بووه له پاڵپشتانی 8ی ئازاری به‌رهه‌ڵستكار. بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه بكه‌نه‌وه: http://www.dangiislam.org/v/content/babet-0/2313 موحه‌مه‌د ئه‌شقه‌ر (رحمه الله) له ئوردون, عه‌للامه؛ (دكتۆر موحه‌مه‌د ئه‌شقه‌ر) له ڕۆژی 15/11/2009 دوای ته‌مه‌نێكی تووڵانی له بورای زانستی شه‌رعییه‌وه كۆچی دوایی ده‌كات. موحه‌مه‌د ئه‌شقه‌ر یه‌كێكه له زانای مه‌وسوعه‌ییه‌كان له بواری شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه, چه‌ندین كتێب و نووسراوی هه‌یه له بورای ته‌فسیرو و فیقهـ و ئوسووڵ و فه‌رمووده، ته‌سانیف و زمانی عه‌ڕه‌بی. موحه‌مه‌د ئه‌شقه‌ڕ؛ یه‌كێك بووه له سه‌رپه‌رشتیارانی پڕۆژه‌ی زانستی بێ وێنه (الموسوعة الفقهية) له‌ماوه‌ی ژیانیدا له كوێت, كه 25 ساڵی خایاند له ماوه‌ی 1965 تاكوو 1990 . هه‌روه‌ها خاوه‌نی كتێبی ( "زبده التفاسیر)ه كه له‌سه‌ر حسێبی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی كوێتی له چاپ دراوه. سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه بكه‌نه‌وه: http://www.dangiislam.org/v/content/babet-0/2860 موحه‌مه‌د سالم وه‌له‌د عه‌دوود (رحمه الله) له خاكی مۆڕیتانیا دوای به‌ڕێكردنی ده‌یان ساڵ له بواری خزمه‌تكردنی به فیقهـ و به زانستی شه‌رعی, له ته‌مه‌نی 76 ساڵی له 29/4/2009 كۆچی دوایی ده‌كات. خوالێخۆشبێت به یه‌كێك له گه‌وره زاناهاوچه‌رخه‌كانی مۆڕیتانیا ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌به‌ر بلیمه‌تی و توانایی ئه‌و كرایه به ئه‌ندامی كۆڕی فیقهی په‌یوه‌ندی جیهانی ئیسلامی و كۆڕی ئیسلامی وڵاتان و كۆڕی توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی له ئه‌زهه‌ر و ئه‌كادیمییه‌ی مه‌غریبی. له ساڵانی پێش وه‌فاتكردنی موحازیر بووه له قوتابخانه‌ی ته‌قلیدی بۆ فێربوونی قوڕئانی پیرۆز له دێی ئوممولقوڕا. وه‌له‌د بوسه‌یری (رحمه الله) دوای هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر وه‌فاتی وه‌له‌د عه‌دو, موفتی مۆڕیتانیا؛ (وه‌له‌د بووسه‌ری) له ته‌مه‌نی 90 ساڵی وه‌فات ده‌كات. وه‌له‌د بووسه‌ری؛ یه‌كێك بووه له زانا ناوداره‌كانی وڵاتی مۆڕیتانیا.. كه له‌بواری فیقهی ئیسلامیی كارامه‌یه‌كی لێهاتوو بووه, به‌رده‌وام له مزگه‌وته‌كه‌ی خۆی له ناوچه‌ی لوكسه‌ر؛ كۆڕی زانستی هه‌بووه.. خوا لێخۆشبێت له ته‌مه‌نی 90 ساڵی له ڕۆژی 7/5/2009 كۆچی دوایی ده‌كات, به كۆچی دوایی كردنی وه‌له‌د بووسه‌ری و وه‌له‌د عه‌دو كه‌ڵێنێكی گه‌وره كه‌وته ڕێزی زانایانی مۆڕیتانیا, تا لای خه‌ڵك به له ده‌ستدانی ئه‌م دوو كه‌ڵه زانایه ئه‌م هه‌فته‌یه ناونرا به هه‌فته‌ی خه‌مه‌كان له مۆڕیتانیا. ئه‌حمه‌د سالم سیدی وه‌له‌د حین (رحمه الله) دوای دوو مانگ به‌سه‌ر وه‌فاتكردنی شێخ (وه‌له‌د بووسه‌ری و وه‌له‌د عه‌دو)؛ شێخ ئه‌حمه‌د سالم ناسراو به ئه‌سله‌م له ته‌مه‌نی 80 ساڵی له ڕۆژی 13/7/2007 دوای جێهێشتنی ده‌ستوپه‌نجه‌یه‌كی ڕه‌نگین له بواری په‌روه‌رده‌و ئاڕاسته‌ی زانستی شه‌رعی له مۆڕیتانیا كۆچی دوایی ده‌كات. زانای پایه‌به‌رز (وه‌له‌د حین) له ویلایه‌تی (تكانتی) مۆڕیتانی به یه‌كێك له وتاربێژه هه‌ره بلیمه‌ته‌كانی مۆڕیتانیا ناسراو بوو.. وێڕای ئه‌وه به پیاوێكی خواناس و سه‌رڕاست ناسرابوو. موحه‌مه‌د شه‌ریف ته‌قه‌لاوی (رحمه الله) شێخ (موحه‌مه‌د شه‌ریف ته‌قه‌لاوی) یه‌كه‌م سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌نساڕی سوننه‌ی موحه‌مه‌دی سه‌له‌فی بووه له سوودان. خوا لێخۆشبێت له ته‌مه‌نی 70 ساڵی له ڕۆژی 11/3/2009 دوای خزمه‌تێكی زۆر له بواری زانستی شه‌رعی و كاری ئیسلامی كۆچی دوایی ده‌كات و له گۆڕستانی به‌كری له (ئوم دورمان) له نزیك خه‌رتووم به خاك ده‌سپێردێت. حه‌تحووت و قازی (رحمهما الله) مسوڵمانانی ئه‌مریكا له ساڵی 2009 تووشی ڕاچڵه‌كین هاتن, به له‌ده‌ستدانی دوو له پێشه‌نگانی بانگه‌وازی ئیسلامی, كه بریتی بوون له دكتۆر ئه‌حمه‌د قازی؛ (پێشه‌نگی كاری ئیسلامی) له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و زانای پایه به‌رز دكتۆر حه‌سسان حه‌تحوت (خزمه‌تكاری ئیسلام) له ماوه‌ی مانگێكدا! شایه‌نی باسه: دكتۆر ئه‌حمه‌د قازی كه دكتۆری نه‌شته‌رگه‌ری دڵ بوو له ته‌مه‌نی 69 ساڵی له ڕۆژی 11/4/2009 له شاری به‌نه‌ما له فلۆریدا دوای خزمه‌تێكی زۆر به كاری ئیسلامی و كاریگه‌ر له‌سه‌ر كه‌مینه ئیسلامییه‌كانی ئه‌مریكا كۆچی دوایی ده‌كات. دكتۆر ئه‌حمه قازی؛ كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك میسڕی بوو, ماوه‌یه‌كی زۆر له خزمه‌تی ئیسلامدابووه‌و 44 ساڵ له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ژیاوه, كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر مسوڵمانی ئه‌مریكا. دوای دووهه‌فته به‌سه‌ر كۆچی دوایی كردنی دكتۆر ئه‌حمه‌د قازی, زانای پایه‌به‌رز؛ (دكتۆر حه‌سسان حه‌تحوت) له شاری باسادینا له ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا له ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا له 25/4/2009 كۆچی دوایی ده‌كات. شایه‌نی باسه. دكتۆر حه‌تحوت: له شاری (شبینكوم) له پارێزگای مه‌نووفیه له میسڕ له 23/12/1924 له دایك بووه, له ساڵی 1986 به نیازی خزمه‌تكردنی ڕه‌وه‌ندی ئیسلامی چۆته وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها به‌شداربووه له درووست كردنی ڕێكخراوی وڵاتان بۆ زانستی پزیشكی, كه مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانسته پزیشكییه‌كان بووه له ئیسلامدا.. هه‌روه‌ها پشكی له دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی ئایینه‌كان له باشووری كالیفۆڕنیادا هه‌بووه.. هه‌روه‌ها له ساڵی 1999 وته‌بێژی فه‌رمیی بووه له ئاهه‌نگه‌كانی مسوڵمانان و مه‌سیحییه‌كان له كۆشكی سپی. موحه‌مه‌د ئه‌لعومله (رحمه الله) ئیمامی مزگه‌وتی ئه‌قسا؛ (شێخ موحه‌مه‌د ئه‌لعومله) ناسراو به (ئه‌بووسائید) له ته‌مه‌نی 52 ساڵی له ڕۆژی 30/1/2009 كۆچی دوایی ده‌كات. شایه‌نی باسه موحه‌مه‌د ئه‌لعومله به ده‌نگخۆش و جوانخوێندنی قوڕئانی پیرۆز ناسراو بوو, له هه‌فتاكان خۆبه‌خشانه پێشنوێژی مزگه‌وتی ئه‌قسا بووه, له ساڵی 2000 به ئیمامی یارمه‌تیده‌ر بۆ نوێژی ته‌ڕاویح و نوێژه جه‌هرییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێت. وێڕای ئه‌مه‌ش كاری وتاربێژی و به‌رنوێژی بۆ هه‌ندێ له مزگه‌وته‌كانی قودسی داگیركراو له ئه‌ستۆ بووه. موقته‌دا حه‌سه‌ن (رحمه الله) له هیند مسوڵمانان له ڕۆژی 30/10/2009 سه‌رۆكی زانكۆی سه‌له‌فی, دكتۆر (موقته‌دا حه‌سه‌نی ئه‌زهه‌ری) له‌ده‌ست ده‌ده‌ن كه یه‌كێكبووه له زانا به ناوبانگه‌كانی مسوڵمانان له هیند, (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) له ساڵی 1963 تاكوو ساڵی 1969 خوێندوویه‌تی, دوای ته‌واوكردنی له‌وێ به‌ڕێِوه‌ربوونی زانكۆی سه‌له‌فی بووه له شاری بنارس. ئه‌زهه‌ری زیاتر له 30 كتێبی به زمانی عه‌ڕه‌بی و ئوردو نووسیوه, هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی وڵات له لایه‌ن سه‌رۆكی هیندوستان له ساڵی 1992 به هۆی خزمه‌تكردنی به زمانی عه‌ڕه‌بی پێ به‌خشراوه. موحه‌مه‌د بن‌و موسلیم ئه‌لعوسه‌یمین (رحمه الله) له وڵاتی حه‌ڕه‌مه‌ین, عه‌للامه‌ی ته‌مه‌ن بایه‌خدار (موحه‌مه‌د بنوموسلیم ئه‌لعوسێمین)؛ قازی شاری (ڕه‌نیه) له ڕٍۆژی 30/11/2009 له ته‌مه‌نی 130 ساڵی كۆچی دوایی ده‌كات. شێخ عوسه‌یمین له ته‌مه‌نیدا چه‌ندین پله‌ی پێ به‌خشراوه, له‌وانه پۆستی قازیه‌تی له شاری به‌دع و شاری سامیسه‌و شاری ڕه‌نیه پێ سپێردراوه. وێڕای ئه‌مانه به‌رنوێژو وتاربێژ‌و مه‌ڕجه‌عێكی فه‌توادان بووه بۆ ئه‌هلی ڕه‌نیه‌و ده‌روبه‌ری.. هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌كێك بووه له بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی لیژنه‌ی ئه‌مر به‌چاكه‌و ڕێگرتن له خراپه, كه له وتارێكی هه‌ینی دا ئاڕاسته‌ی مه‌لیك عه‌بدولعه‌زیز ده‌كات له زه‌رووری درووست بوونی ئه‌م لیژنه‌یه, ئه‌مه‌و مه‌لیكیش دوا به‌دوای ئه‌وه فه‌رمان ده‌دات به درووست كردنی ئه‌م لیژنه‌یه. ئیبنوجیبرین (رحمه الله) له‌و كاته‌ی كه مۆڕیتانییه‌كان ماڵئاوییان له شێخ (وه‌له‌د حید) ده‌كرد, له‌هه‌مان ڕۆژ له 13/7/2009 عه‌للامه‌ی پایه‌به‌رزو بوێری مه‌یدانی ململانێكان؛ شێخ عه‌بدوڵڵا بن‌و جیبرین (ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گه‌وره‌زانایانی)ی پێشوو كۆچی دوایی ده‌كات. ئیبنوجیبرین یه‌كێك بووه له موفتییه هاوچه‌رخه‌كان, كه ناسراو بووه به ده‌به‌رێك ڕاچووه‌كانی له پێناو به‌رگری كردن له ئه‌هلی سوننه‌ت.. هه‌ر ئه‌ویش بوو كه زۆر به گه‌رمی داوای نوسڕه‌تی عێڕٍاقی ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه وه‌حشیگه‌رانه‌ی كه له لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ئێران ده‌كرایه سه‌ر ئه‌هلی سوننه, وه یه‌كێكیش بووه له‌وانه‌ی كه زۆر به‌گه‌رمی داوای نوسڕه‌تی ئه‌هلی غه‌ززه‌ی ده‌كرد. بۆ زیاتر ئاشنابوون سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه بكه‌ن: http://www.dangiislam.org/v/content/babet-0/2353 دكتۆر فه‌ریدولئه‌نساری (رحمه الله) هه‌ر له نزیك مۆڕیتانیا, زانا‌و بانگخوازو فه‌قیهی مه‌غریب, (دكتۆر فه‌ریدولئه‌نساڕی)؛ پێشه‌نگی پڕۆژه‌ی كۆڕه‌كانی قوڕئان له ته‌مه‌نی 49 ساڵی له ڕۆژی 5/11/2009 كۆچی دوایی ده‌كات.