سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  شێخی بانگخواز (سه‌عید زه‌ییانی) ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت بناسە.؟
کۆچی دوایی شێخی بانگخواز(سه‌عید زه‌ییانی) ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 1419


دونیا ڕۆژانێکه‌‌.. دێت و ده‌ڕوا و ته‌واو ده‌بێت.. به‌ڵام له‌ پێش ئه‌و عومری ئێمه‌ کۆتایی دێت.. سه‌رئه‌نجامیش هه‌رچی کراوه‌ و وتراوه‌، نوسراوه‌ و له‌ دوای پێچانه‌وه‌ی ژیان و هاتنی ڕۆژی پاداشت پرسیاریان له‌سه‌ر ده‌کرێ و خه‌ڵات یان سزایان له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرینه‌وه‌!! 

مرۆڤه‌کانیش هه‌ر یه‌که‌یان به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆیان ڕێگایان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌، خوای گه‌وره‌ش ئه‌گه‌رچی پێی خۆشه‌ هه‌موو به‌نده‌کان ئیماندار و موسوڵمان بوونایه‌ به‌ڵام زۆری لێ نه‌کردوون چونکه‌ ئه‌و(پاکی بۆی) باکی نییه‌ له‌ به‌نده‌کانی، ته‌مه‌نێکی پێداون، سه‌رئه‌نجام ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خۆی و حیسابیان له‌گه‌ڵ ده‌کات، ده‌یانکاته‌ دوو پۆل و تاقم، تاقمی به‌هه‌شت و تاقمی دۆزه‌خ، ئه‌وه‌شه‌ کۆتایی چیرۆکی ئه‌م ژیان و دونیایه‌‌فريق في الجنة وفريق في السعير.. 

له‌م ژیانه‌ زۆرێک هه‌بوون له‌گه‌ڵ خودا به‌ینیان نه‌بووه‌، ساڵانێکی زۆریش له‌ ته‌مه‌نیان به‌و‌ ئاڕاسته‌یه‌ بووه‌ که‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێگای هیدایه‌ت بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نیازی خۆیان بگه‌نه‌ به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی و چێژی ئاره‌زووه‌کان.. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له‌ دوای ئه‌و شه‌قاوه‌ت و ماندووبوونه‌‌ به‌ ده‌ستی خاڵی په‌شیمانگه‌ز بوون و هاتوونه‌وه‌ باوه‌شی ڕه‌حمه‌تی ئیسلامه‌تی و ڕێگه‌ی خواویستی چونکه‌ ئارامی و سوکناییان ته‌نها له‌وێدا بینیوه‌ته‌وه‌.. 
یه‌کێک له‌و مرۆڤانه‌ که‌ به‌سه‌رهاتێکی به‌و جۆره‌یان بووه‌ زانا و بانگخوازی ئیسلامی شێخ سه‌عید زه‌ییانه‌-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- که‌ وا چه‌ند ڕۆژێکه‌ مۆمی ته‌مه‌نی دونیای کوژاوه‌ته‌وه‌ و ئێستاش وا‌ قۆناغی یه‌که‌می قیامه‌تی ده‌ست پێکردووه‌.. 
بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌ ژیانی ئه‌م پیاوه‌ شاره‌زا بین، به‌جێی دێڵێن خۆی که‌مێک ده‌رباره‌ی ژیانی بدوێ هه‌تاوه‌کو ببێته‌ په‌ند و ئامۆژگاری بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هێشتا دڵ و چاو و گوێیان نه‌مردووه‌..  
شێخ-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: 
من منداڵ بووم به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ماڵمان له‌ وێستگه‌ی ته‌له‌فیزیۆن و ڕادیۆی شاره‌که‌مانه‌وه‌(له‌ مه‌غریب) نزیک بوو، له‌ولاشه‌وه‌ خاوه‌نی ده‌نگێکی خۆش و توانایه‌ک بووم بۆ به‌شداریکردن له‌ گۆرانی و سروده‌ میلییه‌کان، هاندانی که‌سوکارم و هاوڕێیانیشم هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ ڕێگاخۆشکه‌رێک هه‌تا به‌شداری بکه‌م له‌ جیهانی گۆرانی و هونه‌ری سه‌ر شانۆ و په‌خشی ڕادیۆکان.. درێژه‌ به‌باسی خۆی ده‌دات و ده‌فه‌رموێ: له‌ دوای ئه‌وه‌ی پێم نایه‌ ئه‌و بازاڕه‌وه‌ خه‌ڵکێکی زۆری ناسیاوم هانی زۆریان دام که‌ به‌رده‌وام بم و منیش به‌مه‌ که‌وتمه‌ خولیای ئه‌و جیهانه‌ و به‌ دوای شوهره‌ت و ناوبانگی خۆم ده‌گه‌ڕام، سه‌ره‌تا به‌ سرودی میللی و نیشتمانی و دینی ده‌ستمان پێ کرد به‌ڵام دوایی ڕاکێشرام له‌گه‌ڵ گه‌وره‌کان بۆ به‌شداری له‌ گۆرانییه‌کان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆکان و به‌رنامه‌ ڕادیۆییه‌کان.. 

به‌ حوکمی کاریگه‌ری کۆمه‌ڵگا له‌سه‌رم که‌وتمه‌ ململانێ له‌و مه‌یدانه‌ به‌ راده‌یه‌ک هه‌فتانه‌ له‌ ڕادیۆکان به‌رنامه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کرا به‌و ڕاده‌یه‌ی له‌ هه‌موو گۆڤاره‌کان له‌سه‌رم ده‌نووسرا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رده‌وام بم له‌م بواره‌دا.. 
ته‌مه‌نی شێخ له‌و کاته‌(15) ساڵان بووه‌ و دواتریش به‌شداری له‌ چالاکییه‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌کان کردووه‌ و ئیتر په‌یوه‌ندی ده‌کات به‌ تیپی نیشتیمانییه‌وه‌ وه‌کو ده‌رکه‌وتوویه‌کی که‌م وێنه‌.. 
شێخ ده‌ڵێ: دوای ئه‌وه‌ به‌شداریم هه‌بوو له‌ گۆرانی و چالاکی هونه‌ری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌ به‌ناوبانگه‌کان، نمونه‌ی عه‌بدولوه‌هاب ده‌کالی و عه‌بدولحه‌لیم حافیظ که‌ پاشتر بوونه‌ نزیکترین هاوڕێ و خۆشه‌ویستم.. پاشان بوومه‌ پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌ و به‌رنامه‌کانم له‌ پێشه‌وه‌ی به‌رنامه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان بوون له‌لای جه‌ماوه‌ر.. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش بوومه‌ پێشکه‌شکه‌ری هه‌واڵ و چالاکی ترم وه‌کو نووسین و ئاوازدانان و پێگه‌یاندنی کارمه‌ندی ڕاگه‌یاندن پێ به‌خشرا.. 

شێخ ده‌ڵێت: هه‌مووی ئه‌وه‌ی ده‌مکرد له‌ پێناوی ئه‌وه‌ بوو بگه‌مه‌ لوتکه‌ی خۆشییه‌کان و ئاسووده‌یی دڵه‌کان، به‌ڵام هه‌تا ده‌هات له‌و جیهانه‌دا نقوومی به‌رهه‌ڵستی ده‌روونی و ئازاری ناوه‌کی و بێزاری ده‌بووم، له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌ ناودار و گه‌وره‌کان هاتوچۆم هه‌بوو وه‌کو سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاته‌ی مه‌غریب(ئه‌لموععطی بوعوبه‌یده‌) ده‌توانم بڵێم ڕۆژانه‌ سه‌ردانی یه‌کترمان ده‌کرد، ده‌مویست به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بگه‌مه‌ ئارامی و ئاسووده‌یی دڵ به‌ڵام ده‌مبینی منیش و ئه‌و گه‌وره‌ پیاو و هونه‌رمانه‌دانه‌ش له‌ ژیانی بێزاری و ناڕه‌حه‌تی ڕۆژگارمان به‌سه‌ر ده‌برد، ئه‌گه‌رچی به‌ڕوواڵه‌ت له‌لای خه‌ڵكی وادیار بوو که‌ ئێمه‌ به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤین، به‌ڵام ڕاستی و هه‌قیقه‌ت شتێکی تر بوو!! 

پرسیارم له‌ خۆم ده‌کرد ده‌رباره‌ی به‌خته‌وه‌ری و ئارامی به‌ڵام نه‌مده‌بینییه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و دونیا پان و به‌رینه‌ی له‌ به‌رده‌مم بوو، نه‌مده‌زانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م له‌ کوێ و له‌ چیدا بدۆزمه‌وه‌، به‌رده‌وام بووم له‌ کار و چالاکییه‌کانم، له‌ چاوپێکه‌وتن و به‌رنامه‌کانم، هه‌تا ڕۆژێک له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانێک(بو شوعه‌یب ضه‌بار) ئه‌و پرسیاره‌ی لێکردم که‌ خۆم وێڵی وه‌ڵامه‌که‌ی بووم، ئایا ئه‌و ناوه‌ی هه‌ته‌(سه‌عید) هه‌ڵگری ماناکه‌یشیت!!؟ وه‌ڵامی منیش ئه‌وه‌ بوو: وتم من(سه‌عی؛ هه‌وڵده‌ر)م هێشتا پیتی دال(د)م نووقسانه‌ و به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵێنیش بێ هه‌رکاتێک بینیمه‌وه‌ هه‌واڵت پێ بده‌م.. ئه‌وه‌ش له‌ ساڵی(1974) بوو.. 

به‌وه‌ی نه‌متوانی خۆشی و ئاسووده‌یی ڕاسته‌قینه‌ له‌ مه‌یدانی هونه‌ر و ڕاگه‌یاندن بنۆشم و ببینمه‌وه‌، بۆیه‌ بریارم دا به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ ته‌له‌فیزیۆن دامه‌زرێنم هه‌تا له‌ ڕێیه‌وه‌ بگه‌مه‌ مانا و هه‌قیقه‌تی به‌خته‌وه‌ری.. ڕاوبۆچوونی زۆرم وه‌رگرت له‌ به‌شداربووان، هه‌موو بۆچوونه‌کانیان ئه‌گه‌رچی جیاوازیان تێدا بوو به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌یه‌ک ده‌چوون! هه‌ر بۆیه‌ له‌ کۆتا ئه‌ڵقه‌ی به‌رنامه‌که‌ به‌ بینه‌رانم وت؛ من داوای بۆچوونه‌کانی بینه‌ران و گوێگرانم کرد له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌ری ، ئه‌وانیش باسی هه‌موو شتێکیان بۆ کردم ته‌نها به‌خته‌وه‌ری نه‌بێت!! باسی هه‌ست و خۆشه‌ییه‌کانیان بۆ کردم که‌ بۆ ماوه‌یه‌کی سنووردار مرۆڤه‌کان ئیسراحه‌ت پێ ده‌کات به‌ڵام دوایی ده‌ڕوا و ده‌ڕه‌وێته‌وه‌، پرسیاره‌که‌ش هه‌ر وه‌کو خۆی بێ وه‌ڵام ماوهته‌وه‌‌؛ به‌خته‌وه‌ری چییه‌ و کامانه‌ن به‌خته‌وه‌ران!؟؟؟ 

له‌ دوای ئه‌وه‌ به‌ خۆم ده‌وت: من له‌ پێناوی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌موو جێیه‌ک گه‌ڕام، چوومه‌ ژووره‌وه‌ی هه‌موو ماڵه‌کان له‌ ڕێگه‌ی ئێزگه‌ و ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌، به‌ڵام شتێکم نه‌دییه‌وه‌ ڕێنموویم بکات بۆ ئاسووده‌یی! که‌واته‌ ئاسووده‌یی له‌ مه‌غریب ده‌ست ناکه‌وێت[من ئه‌و کاته‌ بڕوام وابوو ئه‌گینا له‌ مه‌غریبیش زۆرێک له‌ خه‌ڵکی هه‌ن له‌ ئاسووده‌کانن(مه‌به‌ستی پێ ئیماندارانی ڕاسته‌قینه‌ن) که‌ دواتر ناسیمن و پێیان ئاشنا بووم].. له‌به‌رئه‌وه‌ بڕیارم دا بچم بۆ ئه‌وروپا هه‌تا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئارامی دڵم ببینمه‌وه‌، له‌ ساڵی(1977) بوو گه‌شتم کرد بۆ ئه‌وێ به‌ نیازی سۆراخ و وێڵی به‌خته‌وه‌ری به‌ڵام.. به‌دبه‌ختی و نه‌گبه‌تیم زیاتر بوو، چونکه‌ من ناوه‌نده‌که‌م نه‌گۆڕی، له‌ شه‌ڕه‌وه‌ بۆ خێر! به‌ڵکو ته‌نها گواستنه‌وه‌یه‌کی جوغرافی بوو.. بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ مه‌غریب و بۆ مه‌یدانی ئێزگه‌ و ته‌له‌فیزیۆن. 

من له‌ خۆم ڕازی نه‌بووم، هه‌ستم به‌ بێزاری ده‌کرد.. به‌ڵام چارم نه‌بوو ده‌بوو خۆم به‌ شتێکه‌وه‌ خه‌ریک بکه‌م و به‌دیلیشم نه‌بوو!! هه‌ر له‌و ساڵه‌دا عه‌بدولحه‌لیم حافیظ کۆچی دوایی کرد، ئه‌و زۆر دۆستێکی نزیکم بوو، به‌ مردنی کاریگه‌رم بووم به‌تایبه‌تی چونکه‌ ئه‌ویش له‌ دانیشتنه دوو قۆڵییه‌‌کانمان باسی هه‌مان بێزاری و ناڵه‌ی ده‌روون و کێشه‌کانی خۆی بۆ ده‌کردم، منیش به‌ خۆم ده‌ووت: ئه‌ی سه‌عید ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت له‌ گۆرانی و هونه‌ر وا ئه‌وپه‌ڕی ناوبانگ و پله‌و‌پایه‌ت گه‌یشته‌ عه‌بدولحه‌لیم، ئه‌ی باشه‌ خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌خوازی وه‌کو ئه‌و بگه‌یته‌ ئه‌و ژیانتاڵیی و ناڵه‌ی ده‌روونه‌؟؟! 
ده‌مپرسی ئه‌ی سه‌عید: ئه‌گه‌ر وه‌کو ئه‌و به‌ناوبانگانه‌ بگه‌یته‌ هه‌موو ئاواتێکت، سه‌روه‌ت و سامان و شوهره‌ت و ..هتد به‌ڵام هه‌روه‌کو ئه‌وان ناگه‌یته‌ ئاسووده‌یی، چونکه‌ من ئه‌وانم ده‌ناسی، ئاگاداری حاڵیان بووم که‌ هه‌موویان سکاڵایان بوو له‌ ژیانی خۆیان!! من خۆم له‌وان باشتر ده‌بینی چونکه‌ من ده‌متوانی نان بخۆم به‌ڵام ئه‌وان تێیاندا هه‌بوو نه‌یده‌توانی، من ده‌متوانی ژن بخوازم به‌ڵام له‌ ئه‌واندا هه‌بوو نه‌یده‌توانی.. له‌به‌رئه‌وه‌ گومانم نه‌بوو له‌وه‌ی هه‌تاوه‌کو له‌م هونه‌ر و ئاواتانه‌ ڕۆ بچم‌ نه‌گبه‌تی و نه‌خۆشی ده‌روونیم زیاتر ده‌بێ.. 

له‌ کاره‌کانی خۆم به‌رده‌وام بووم(گۆرانی و ئاوازدانان و پێشکه‌شکردنی به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی..) بڕیارم دابوو بمێنمه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌و ساته‌ی به‌دیل ئه‌دۆزمه‌وه‌، درێژه‌م دا له‌و بوارانه‌ هه‌تاوه‌کو(1981)، له‌و ساڵه‌دا هه‌ستم به‌ ته‌سکی و ناله‌بارییه‌کی زۆر کرد، وای لێ کردم جارێکی تر گه‌شتێکی ئه‌وروپا بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌روه‌کو پێشووتر بێ سوود و بێ ئاکام گه‌ڕامه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان له‌ مه‌غریب له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ گۆڕانێک بکه‌م په‌یوه‌ندیم کرد به‌ ئیزگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ شاری طه‌نجه‌ی باکوری مه‌غریب، ئێزگه‌ی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستی نێوده‌وڵه‌تی(میدی 1)، له‌وێش بوومه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌ستێره‌ناوداره‌کانی، به‌شداری گۆرانی و ئاهه‌نگه‌کانی شه‌وانم لێ ده‌کرد.. ناوبانگم زیادی کرد پاره و سامانیش زۆر بوو به‌ڵام نه‌گبه‌تی و ئازاره‌کانی ناخیشم زیاتر و زیاتر ده‌بوون.. 
ئیتر وام لێ هات له‌ خۆم ده‌پرسی: بۆچی به‌رده‌وام بم له‌م ژیانه؟ بۆچی من ئه‌ژیم له‌م دونیایه‌؟ ئایا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ بخۆم و بخۆمه‌وه‌ بخه‌وم و کار بکه‌م هه‌تا ده‌مرم؟! ده‌ی ئه‌گه‌ر مانای ژیان وابێ و کۆتاییه‌که‌شی مردن بێت ئه‌مه‌ چ مانایه‌که‌ بۆ ژیان ؟! 
وه‌ ئه‌گه‌ر من ئه‌ژیم هه‌تا چاوه‌ڕێی مردن بکه‌م و ئه‌م نه‌گبه‌تی و ناجێگرییه‌ی ده‌روونیشم به‌و مردنه‌ سنوورێکی بۆ دائه‌نرێت، که‌واته‌ بۆچی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ بهێڵم؟ بۆچی په‌له‌ به‌ مردن نه‌که‌م و ئێستا نه‌مرم!!(ئه‌مانه‌ هه‌مووی خوتخوته‌ی شه‌یتان بوون، بانگی ئه‌کردم بۆ خۆکوژی که‌ زۆرێک له‌ ناوبانگانی نێو هونه‌ر و دونیا به‌م چاره‌نووسه‌ بردووه‌)، بێگومانیش نه‌مده‌زانی ئه‌وانه‌ی به‌م خۆکوژییه‌ ده‌ڕۆن ڕزگاریان نابێت له‌ ناڕه‌حه‌تییه‌کان به‌ڵكوو ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای نه‌گبه‌تی و ناخۆشییه‌کان ده‌بێت، چونکه‌ دواتر به‌ره‌و دۆزه‌خ و سزای خوای ده‌چن.. 

دایکم-به‌ڕه‌حمه‌ت بێ- زۆری حه‌ز ده‌کرد هیدایه‌ت وه‌ربگرم، زۆریشی هه‌وڵ ئه‌دا، به‌ڵام ئه‌و گوێقوڵاغ و دڵزیندووی نه‌ده‌بینییه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ی لێ وه‌ربگرێ، من له‌لایه‌کی تریش ڕه‌وشت و هه‌ڵوێستی که‌سانێکی موسوڵمانم ده‌بینی چه‌ند ناپه‌سه‌ند بوون، ئه‌وانه‌ش هۆکار بوون گوێ بۆ دین و دینداران نه‌گرم.. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش زۆرێک له‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئیسلام و بانگه‌واز بوون که‌مته‌رخه‌م بوون به‌رامبه‌رمان، له‌باتی ئه‌وه‌ی ڕێنموویمان بکه‌ن ده‌ستخۆشییان له‌ چالاکی و هونه‌ره‌کانمان ده‌کرد!! 

من له‌و حاڵه‌ بووم هه‌تا ئه‌و ساته‌ی کتێبێک به‌ ناوی خۆکوژیی که‌ له‌لایه‌ن‌ نووسه‌رێکی فه‌ڕه‌نسییه‌وه نووسرا بوو‌ که‌وته‌ به‌رده‌ستم، تێیدا به‌ خشته‌ ئاماری خۆکوژه‌کانی جیهانی تێدا تۆمار کردبوو، نووسیبووی که‌وا زۆرترین حاڵه‌تی خۆکۆژی له‌ وڵاتی سویده‌ ئه‌و وڵاته‌ی هه‌موو خزمه‌تگوزاری و پێویستییه‌کانی مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی خۆی ئاماده‌ کردووه‌، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌تا بێت خۆکۆشتن زیاتر و زیاتر ده‌بێت.. 
ته‌نانه‌ت پردێکیان هه‌یه‌ ناویان ناوه‌ پردی خۆکوژیی له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرێک له‌وانه‌ی کۆتایی به‌ ژیانی خۆیان دێنن له‌سه‌ر ئه‌و پرده‌وه‌ خۆیان فڕێ ئه‌ده‌نه‌ خوارێ. 
کاتێک ژیانی هه‌ندێ له‌و خۆکوژانه‌م خوێنده‌وه، بینیم له‌گه‌ڵ من جیاوازییه‌کیان نییه‌! به‌ڵکو زۆریش له‌یه‌ک ده‌چین!! 

من ده‌مزانی خوایه‌ک هه‌یه‌ و ده‌بێت بپه‌رسترێ، به‌ڵام نه‌مده‌زانی له‌ په‌رستنی ئه‌و ژیان و ئارامی و ڕزگاری هه‌یه‌! بێئاگاش بووم ده‌رباره‌ی دوای مردن و ڕۆژی دوایی، له‌ هه‌مان کاتیش ده‌رباره‌ی ژیانی که‌سانێکی ئه‌ورپیشم خوێندبۆوه‌ که‌ چۆن له‌ دوای گه‌ڕان به‌ دوای ڕاستی و وه‌ڵام، موسوڵمان بوون و گه‌یشتوون به‌ ئاسووده‌یی و ژیان.. له‌ دوای ئه‌وه‌ش چۆن وازیان له‌ هه‌موو شوهره‌ت و ناوبانگیانه‌ی خۆیان هێناوه‌ و یه‌کلا بوونه‌ته‌وه‌ بۆ خواپه‌رستی و گه‌یاندنی ئیسلام.. 
یه‌کێک له‌وانه‌ گۆرانیبێژی به‌ریتانی(کات ستیفنس) بوو که‌ دوای موسوڵمانبوونی انوی خۆی نا به‌ (یوسف ئیسلام)، سه‌رم سوڕما کاتێک له‌ یه‌کێک له‌ گۆڤاره‌کان روخساری خۆی گۆڕیبوو، ڕیشی به‌ردابۆوه‌ و به‌رگی ئیسلامی پۆشیبوو.. خه‌ڵکی ته‌نها دیمه‌نی ئه‌ویان ده‌بینی گۆڕابوو، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی ئه‌و له‌ چ خۆشییه‌کی ده‌روونیدایه‌ به‌ ئیمان و خواناسینه‌ی بۆی دروستبووه‌! 

دووه‌م جارم که‌ چوومه‌ ئه‌وروپا، برایه‌کم له‌گه‌ڵم هات، ئه‌و ساڵێک و چوار مانگ له‌ من گه‌وره‌تر بوو، دواتر له‌ هۆڵه‌ندا مایه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، له‌وێ به‌ دیداری هه‌ندێ له‌ بانگخوازانی ڕاسته‌قینه‌ گه‌یشتبوو، ئه‌وانه‌ی کۆڵان و شه‌قام و ماڵه‌کان ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی ڕێنموویی و یادی خواناسی موسوڵمانه‌ سه‌رلێشێواوه‌کان بکه‌نه‌وه‌.. ئه‌ویش له‌گه‌ڵیان په‌یوه‌ندی بۆ دروست بوو، به‌شداری له‌ وانه‌ و کۆبوونه‌وه‌ و هاتوچۆی مزگه‌وته‌کان ده‌کرد، له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ژیانی گۆڕا، هه‌واڵمان پێ گه‌یشته‌وه‌ که‌ براکه‌مان شێت بووه‌ و ڕیشی به‌رداوه‌ته‌وه‌ و ئێستاش له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌کی ئیرهابیی و مه‌ترسیداره‌(ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر موسوڵـمان هه‌موو کات هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌). 
براکه‌م له‌ دوای ئیلتیزامی به‌ ئیسلامه‌وه‌ جارێک گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ڵام به‌ ڕوویه‌کی تر جیاواز له‌و ڕووه‌ی پێشتر هه‌یبوو! ڕه‌وشت و ڕوخسار و ئاکاری هه‌مووی گۆڕا بوو، جوانی به‌دی ده‌کرا له‌ هه‌موویان.. 
منیش له‌ دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێکی زۆری برایه‌که‌م و ئه‌و بانگخوازانه‌ش که‌ کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوو، هه‌روه‌ها هه‌وڵ و دوعای دایکم، خوای گه‌وره‌ دڵی کردمه‌وه‌ بۆ ئیسلام و هیدایه‌ت و بڕیارمدا وازبهێنم له‌ ڕابردووم و ئیتر ئاڕاسته‌ی خۆم بگۆڕم.. په‌شیمان بوومه‌وه‌ له‌ که‌مته‌رخه‌میم له‌ به‌رامبه‌ری مافی خوام، بینیم من له‌ هه‌موو که‌لتور و شارستانییه‌کان زانیارییم هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هیچێک له‌ ئیسلام و دینه‌که‌م شاره‌زا نیم! هیچ نازانم له‌و دینه‌ی مایه‌ی به‌خته‌وه‌ریمه‌، له‌ با‌ره‌ی ئه‌و خوایه‌ی دروستی کردووم و بۆ عیباده‌تی هاتوومه‌ بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ خۆم یه‌کلا کرده‌وه‌ بۆ فێربوون و شاره‌زایی و وه‌رگرتنی زانسته‌ ئیسلامییه‌کان، هه‌روه‌ها بانگکردنی خه‌ڵكی بۆ لای خوا و په‌یامی پڕخێری ئیسلام، ئه‌وه‌ش بووه‌ خۆشی دڵم و گه‌یشتنم به‌ ئاسووده‌یی و ئارامی، هه‌روه‌ها وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانم و ڕزگاربوون له‌ ونبوون و تیاچوون. 
ئێستاش من به‌ ڕاستی سه‌عیدم(به‌خته‌وه‌ر) و سوپاسی خوا ده‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌و هیدایه‌ته‌ و داواشی لێ ده‌که‌م ڕاگیرم بکات له‌سه‌ری هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆلای. له‌ مه‌غریب دوورکه‌وتمه‌وه‌ چووم به‌ دوای فێربوون و شاره‌زابوون، بۆ ماوه‌ی ساڵێک و سێ مانگ له‌ خزمه‌تی زانایانی دڵسۆز و شاره‌زادا فێربووم، به‌ ڕوواڵه‌تێک ده‌رچووم و به‌ ڕوواڵه‌تێکی تر هاتمه‌وه‌.. 
که‌ هاتمه‌وه‌ بینیم گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان له‌سه‌ریان نووسیوم، ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌م هاته‌وه‌ یاد که‌ له‌ پێشی(12) ساڵ کردبووم له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانێک، ئه‌وه‌ی پرسیاری لێ کردبووم که‌ ئایا ناوه‌که‌م له‌گه‌ڵ ناخمدا یه‌ک هاتۆته‌وه‌، منیش وتبووم پێی: من جارێ(سعي)م واته‌ هه‌وڵده‌ر و وێڵم به‌ دوای به‌خته‌وه‌ریدا، هه‌ر کاتێک دۆزیمه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم، په‌یوه‌ندیم کرد به‌ هه‌مان ڕۆژنامه‌وان و نامه‌یه‌کم بۆ نارد، بۆم نووسی وه‌ختی خۆی شتێکی وابووه‌، منیش وه‌ڵامی ئه‌وه‌م دایته‌وه‌ که‌ من جارێ سه‌عیم و دال(د)ه‌که‌م نووقسانه‌، هه‌ر کاتێک دۆزیمه‌وه‌ ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه‌، وا ئێستاش ئه‌و داله‌م دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌خته‌وه‌ری من له‌ دین و ده‌عوه‌دایه‌ و شوکور بۆ خوا ئێستا من سه‌عیدم. 

شایه‌نی باسه‌ شێخی بانگخواز(سه‌عید زه‌ییان) ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌ دایکبووی ساڵی(1952)ه‌، له‌ به‌رواری(2009.09.10) به‌رامبه‌ری(1430.شه‌وال.20 کۆچی) له‌ به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی کاتێک له‌ وڵاتی قه‌ته‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ئیمارت و شاریقه‌ به‌ڕێ ده‌که‌وێت‌ بۆ وتاردانی ڕۆژی هه‌ینی، له‌و ڕێگه‌یه‌(قطر- أبوظبي) به‌ ڕووداوی ئۆتۆمبیل گیانی له‌ ده‌ست ئه‌دا و به‌مه‌ش لاپه‌ڕه‌کانی ژیانی دونیای ده‌پێچرێته‌وه‌ و ڕووی به‌ قۆناغی ژیانی به‌رزه‌خدا شاد ده‌بێت، داوا له‌ خوای به‌زه‌یی و به‌خشنده‌ ده‌که‌ین، له‌ هه‌موو گوناهه‌کانی خۆش بێ و گۆڕه‌که‌ی بکاته‌ باخێک له‌ باخه‌کانی به‌هه‌شت و له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاکان و شه‌هیده‌کان له‌ فیرده‌وسدا جێگیر بکات، ئامین ئامین. 

ئه‌مه‌یه‌ عاقیبه‌ت و چاره‌نووسی خێر، له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و مینبه‌ری ئێزگه‌ و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانه‌وه‌ پشتی له‌ هونه‌ر و گۆرانی و جیهانی ئاره‌زووه‌کان هه‌ڵکرد و ڕووی کرده‌ ڕێگای ئیمان و بانگه‌وازی خوایی له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ئاسووده‌یی دڵه‌کان. 
هیوادارم به‌سه‌رهاتی ئه‌م پیاوه‌، عیبره‌ت و په‌ندیك بێت بۆ ئه‌وانه‌ی حاڵیان وه‌کو ڕابردووی شێخی بانگخواز هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بگه‌نه‌ حوره‌مه‌ت و به‌خته‌وه‌ری و شادی دونیا و قیامه‌ت با بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلای خوای گه‌وره‌ و ئه‌و قورئانه‌ی به‌هاری دڵه‌کان و ئارامی ده‌روونه‌کانه‌.. 

گه‌ڕانی به‌ دوای هیدایه‌ت له‌ زمانی خۆیه‌وه(ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت)‌ http://www.youtube.com/watch?v=fNGUermDsIY&feature=related . 

دیدارێکی شێخ http://www.youtube.com/watch?v=5I5s81A9MRo .‌

  ژمارەی بینین 1121

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram