سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  د. نظام الدين عبد الحميد كێيە.؟
پوختەیەك لە ژیاننامەی مامۆستای پرۆفیسۆر نظام الدين عبد الحميد. رحمە اللە.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3834


پوختەیەك لە ژیاننامەی مامۆستای پرۆفیسۆر نظام الدين عبد الحميد. رحمە اللە.

ناوی تەواوى: نظام الدين، كوڕى مەلا عبد الحميد، كوڕى مەلا ئەحمەدى شێخ بزێنى. لە دەوروبەرى ساڵى (1922ز) لە شارى کەرکوک ـ لە خێزانێکى زانستپەروەر ـ لەدایک بووە. بە گەنجى باوکى کۆچی دوایی کردووەو ئەرکى بژێوى خێزانەکەى کەوتووە بەسەریدا، بۆیە ناچار بووە خۆی فێرى سەعاتسازیی بکات.
لە ساڵانی سییەكانی سەدەی پێشوودا خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى و دواناوەندیی لە شارى کەرکوک تەواو کردووە، دواتر ساڵی (1942ز) چووەتە بەغداو لە کۆلیژى (دار العلوم)ى زانکۆى بەغدا وەرگیراوەو لەوێ ئاشنا بووە بە زاناکانى بەغداو ناوەندە زانستیی و فیکرییەکان.
هەر لە زانکۆى بەغدا بڕوانامەى ماستەرى لە فیقهى ئیسلامیدا وەرگرتووەو کتێبە نایابەکەى بە ناونیشانى (جنایة القتل العمد) ماستەرنامەکەیەتى.
مامۆستا نظام الدين لاى چەند زانایەکى ناودار بەهرەى زانستیی وەرگرتووە، لەوانە: مەلا عبد الحمیدى باوکى، مەلا شێخ مستەفاى نەقشبەندى، مەلا مەعصومى خەرپانەیی. هەر لە تەمەنی لاوێتیشەوە دەستی داوەتە نووسینی بابەتی بانگخوازیی و لە گۆڤاری ئەزهەری ئەو كاتەدا وتاری نووسیو، دواتر لە گۆڤاری (التربیة الإسلامیة)دا چەندین وتاری بڵاو بوونەتەوە.
ساڵێ (1946ز) چووەتە شاری سلێمانی و بووەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاماری ئەو شارەو بۆ یەكەم جار بانگەوازی برایانی بە چەند زانایەكی ئەو شارە گەیاندووە.
لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا بووەتە بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگای نەینەواو خزمەتێكی زۆری بە مزگەوت و زانایان و خوێندنگە شەرعییەكانی ئەو پارێزگایە كردووەو زۆربەی مەوقوفاتی ئەو شارەی زیندوو كردووەتەوە، بە جۆرێك كە (300) بەرابەر داهاتی وەقفەكانی موسڵ گەشەیان كردووەو بەرز بووەتەوە..!
لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا لە دیوانى چاودێریی دارایی دامەزراوە،
لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا خانەنشین كراوە، دوای ئەوە چووە بۆ وڵاتی سودان و لە زانكۆكانی ئەوێ تەدریسی كردووە.
كاتێك لە زانكۆی بەغدا بووە ساڵی (1945ز) پەیوەندی کردووە بە کۆمەڵى برایانەوە، بۆیە یەکێک لە ئەندامانى یەکەم ئوسرەى پەروەردەیی برایان بووە لە شارى بەغدا، کە لە لایەن ئەندازیارى میصریی بەناوبانگ (د. حوسەین کمال الدین)وە بەڕێوە براوە، کە ئەویش لە لایەن (حسن البنا)وە ڕاسپێرراوە بۆ ئەوەی لە عیراقدا ڕێکخستن دەست پێبکات.
مامۆستا ڕۆژی (19-ذي الحجة-1443ک/ 18-7-2022ز) لە تەمەنی (100) ساڵیدا، له شاری (برتسل)ی وڵاتی بەریتانیا، کۆچی دوایی کرد. پێش کۆچکردنی بە چەند کاتژمێرێک وەصیەتی کردبوو کە تەرمەکەی لەوێ بەخاک بسپێردرێ و لە مزگەوتەکەی باوکیان (مزگەوتی عبد الحمید شێخ بزێنی) لە گەڕەکی (پێنجی حەسارۆک)ی هەولێر، نوێژی مردووی غایبی لەسەر بکرێت.
مامۆستا نظام الدین بانگخوازێکی دێرین و بیرمەندو نووسەرێکی بەتوانا بوو، زیاد لە حەفتا ساڵ خزمەتی بە فیکری ئیسلامیی و بانگەوازو زانكۆکان و زانست کرد.
لە بەرهەمە چاپکراوەکانی:
1- تەفسیری گوڵشەن، بە كوردی.
2- بەرەو ڕووناكی، وەرگێڕانی نامیلكەی (نحو النور)ی حەسەن بەننا، بۆ كوردی.
3- بۆ گەنجان، وەرگێڕانی نامیلكەی (إلی الشباب)ی حەسەن بەننا، بۆ كوردی.
4- العبادة وآثارها النفسیة والاجتماعية.
5- مفهوم الفقە الإسلامي وتطوره وٲصالته.
6- جناية القتل العمد في الشريعة الإسلامیة.
7- دراسات وٲبحاث في العقیدة والتفسير والفقه المقارن وٲصوله.
8- ٲحکام الأسرة في الفقە الإسلامي.

اللە تعالی لێی خۆش ببێت.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 660

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram