سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  موحەممەد سديق مینشاوى کێیە.؟
موحەممەد سديق مینشاوى کێیە ؟ قوڕئانخوێنى ڕابوونى ئيسلامى موحەممەد سديق مینشاوى بناسن.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3942

موحەممەد سديق مینشاوى کێیە ؟

 قوڕئانخوێنى ڕابوونى ئيسلامى موحەممەد سديق مینشاوى. 
دوو سەدە لەمەو پێش كەسيێك بەناوى شێخ (ثابت المنشاوي) لەناوچەى (صعيد)ى ميسردا پەیدا دەبێت و دەبێتە بەناوبانگترين قوڕئان خوێن لەميسردا، خواى گەورە دەنگێکی شيرين و خوێندنێكى بەسۆزى پێدەبەخشێ لەبۆنە ئايینى و کۆمەڵایەتیەکاندا ئامادە دەبێت و بەدەنگە خۆشەکەی سەرنجى ئامادەبوان ڕادەکێشێت، هەر لەو كاتەوە بنەماڵەى شێخ (ثابت المنشاوي) لەبەركردنى قوڕئانى پیرۆزو جوانخوێندنەوەی نەوە لەدواى نەوە بۆيان دەمێنێتەوە.
شێخ (ثابت)يش قوڕئان بەكوڕە تەمەن نۆ ساڵەکەی (سيد المنشاوي) لەبەر دەكات، پاشان ئەويش وەك باوكى شۆرەت پەيدا دەكات و دەبێتە قوڕئان خوێنێكى بەناوبانگ، ئەميش (صديق)ى كوڕى (باوكى محمد صديق مینشاوى) لەتەمەنی نۆ ساڵيدا دەبێت قوڕئانى بەتەجویدەوە پێ لەبەردەکات و  وەک باوك و باپيرى شۆرەت پەيدا دەكات، دواتر صديق مەنشاوى ماڵى خۆى دەباتە قاهيرە و لەوێ زانستى (قراءات)يش دەخوێنێت و، ئەويش بڕيادەدات قوڕئانى پیرۆز بەهەرچوار كوڕەکەى: (محمد و محمود و أحمد و حامد) لەبەربکات، یەکەم و دووەمیان دەبنە دوو قوڕئان خوێنى بەناوبانگ و سێيەميان بەمناڵى دەمرێت و چوارەميان ئێستە مامۆستايە لەزانكۆى ئەزهەر.
لێرەدا پێم خۆش بوو چەند پەڕەیەک لەژیانی یەکێک لە كوڕەكانى ئەم پیاوە (کە بەناوبانگترینی بنەماڵەکەیانە) هەڵبدەینەوەو لەچەند وێستگەیەک لەوێستگەکانی ژیانیدا هەڵوێستەیەک بکەین.
ناوى تەواوى : (محمد)ى كوڕى (صديق)ى كوڕى (سيّد)ى كوڕى (ثابت)ی مەنشاویە.
لەدايكبوونى:لەساڵی (1338ك -1920ز) لەدێی (المنشأة)ی سەر بە پارێزگای (سوهاج) لەوڵاتی (مصر) لەدایکبووە، ئەم لادێیە لە سەردەمی فیرعەونەکاندا پێی وتراوە (منشات)، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ (المنشأة).

مەنشاوی لەمناڵیدا:
لەتەمەنی چوار ساڵیدا باوکی دەینێرێتە لای مەلای دێکەیان (محمد النمكي)، ئەم مامۆستايەش زيرەكى و خێرا لەبەركردن و دەنگ خۆشى لەم مناڵەدا بەديدەكات، هەر بۆیە گرنگیەکی زۆرى پێدەدات و هەميشە هانى دەدات و چاودێرى دەكات، تا لەتەمەنی ( ساڵيدا هەموو قوڕئان لەبەردەكات.
ئينجا لەگەڵ باوكيدا لەقاهيرە نيشتەجێدەبێت و هەر لەوێ لەتەمەنی دوازدە ساڵيدا لاى چەند مامؤستايەكى شارەزا زانستى (قراءات) دەخوێنێت و لەگەڵ باوكيدا دەست بەگەڕاندەكات و بە دەنگە زوڵاڵەکەی بۆنەکان دەڕازێنێتەوە.
بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاكو لەتەمەنی پازدە ساڵيدا كەسايەتيەكى سەربەخۆ بۆ خۆی دروستدەکات، پاشان دەێتە قوڕئانخوێنی ئێزگەو، پاشان وەزارەتی ئەوقاف لەمزگەوتی (الزمالك) دایدەمەزرێنێت و، هەر لەوێ دەمێنێتەوە کۆچی دوایی دەکات.

ژنهێنانی:
مەنشاوی خوا لێی خۆشبێت لەساڵی  (١٩٣٨) کچێکی مامی دەخوازێت و شەش منداڵی لێدەبێت: چوار کوڕو دوو کچ، پاش تێپەڕبوونی چڵ ساڵ لەتەمەنی ژنێکی تر دەخوازێت لەویش نۆ منداڵی دەبێت: پێنج کوڕو چوار کچ، هەردوو خێزانەکەشی پێکەوە لەیەک خانوودا خۆشەویستی و بەزەیی پێکەوە کۆیاندەکاتەوە، خێزانی دووەمی لەکاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا (ساڵێک پێش مەنشاوی) کۆچی دوایی دەکات.

مناڵەكانى:
خوای گەورە پازدە مناڵی بەخشیوە بەمەنشاوی نۆ کوڕو شەش کچ، لەوانە: موحەمەد سعودي خەريكى كارى بازرگانیە، موحەمەد شافیعي ئەندازيارى بيناسازيە لەعەرەبستانى سعوديە، موحەمەد نور ئەفسەرە لەسوپای ميسری، دكتۆر عومەر مامۆستایە لەکۆلێژی زانست لەزانکۆی ئەزهەر، سەلاح ژمێریارە لەکۆمپانیایەک، تاریق ئەندازيارە لەعەرەبستانی سعوديە.
کچەکانیشی بەناوى: فیردەوس وفەتحیيە وفريال وفاتیمەو فايزە و ... هەموويان ژنی ماڵن و، فیردەوس وفەتحيیەو فریال و هەموو قوڕئان لەبەردەکەن و لەژيانى باوكياندا مێرد دەکەن و، كچەكانى تريش دواى كۆچكردنى باوكيان باپیریان قوڕئانيان پێ لەبەر دەكات. 

ڕەوشت و ئاكارى:

1-بێ فيزى و خۆبەکەمزانينى:
  - مەنشاوى پیاوێکی خاكى و بێ فیزبوو، زۆر جار جبەو مێزەرەکەی دادەناو کڵاو دشداشەیەکی لەبەردەکردو لەبەر دەرگای شوقەکەی خۆیاندا دادەنیشت، خەڵکی وایاندەزانی دەرگاوانە، بەتایبەت پێستیشی گەنم ڕەنگیبوو، بۆیە جارێکیان پیاوێک کەهەر لەو شوقەیەدا نیشتەجێبوو لێی نزیکدەبێتەوەو نایناسێتەوە! پێی دەڵێت: مامە بێزەحمەت  شێخ موحوممەد سددیق مەنشاوی لەشوقەكەيدايە يان نا ؟ مەنشاويش سەيرێكى پياوەكە دەكات و دەڵێت: باشە كوڕم چاوەڕێکە ئێستە هەواڵێكت بۆ دەزانم. ئينجا مەنشاوى دەچێتەوە بۆ شوقەكەى و بەجبە و مێزەرو عەینەکەکەیەوە دێتەوە بۆلاى پياوەكەو سەلامى لێدەكات و پێویستیەکەی بۆ جێبەجێدەکات بێئەوەى ئاگادارى بكاتەوە کەپیاوەکەی پێشووش هەرخۆى بووە.
- لەسالَى (1955) بۆيەكەمين جار ئۆتۆمبيل دەكڕێت و لەكاتى زۆر پێويستدا نەبوايە بەكارى نەدەهێنا.  
2- بێدەنگی و كەم قسەكردنى:
يەكێك لەهاوڕێ قوڕئانخوێنەكانى دەڵێت: كاتێك لەگەڵ هاوڕێ قوڕئانخوێنەكانماندا دادەنيشتين مەنشاوى لەهەموومان بێدەنگتربوو، بەلَكو زۆر بەكەمى قسەى دەكرد.
3- خۆشەويستى بۆهەژاران:
يەكێك لە كوڕەكانى دەڵێت: باوكم فەقيرو هەژارى گەڕەک و ناوچەکەی زور خۆشدەويست، هەميشە پةيوەندى بتەوى لەگەڵياندا هەبوو، جارێكيان پێی وتين: لەسەر خوانى چەند دەوڵەمەندێک دەمەوێت ئێوارە خوانێك سازكەم و خەڵکى بۆبانگهێشتكەم، بۆیە ئێمەش ئەوەی پێويستبوو ئامادەمانكرد، بەڵام ئەوەی سەرسامى كردين ميوانەكان بوون كەهەموويان نەدارو هەژارى گەڕەك و ناوچەکە بوون.
4-چاك پەروەردەكردنى مناڵەكانى: 
موحەممەد سعودي دەڵێت : لەتەمەنی پێننج ساڵيماندا باوكم زۆر جەختى لەسەر ئەوە دەكردەوە كەدەست بكەين بەلەبەركردنى قوڕئانى پيرۆز.
موحوممەد شافیعيش دەڵێ: باوكم سووربوو لەسەر ئەوەى كەفەرزەكان جێبەجێ بكەين و زۆر جاريش دەيبردين بۆ ئەو مزگەوتانەى كەقوڕئانى تێدا دەخوێند، هەروەها لەهەڵبژاردنى هاوڕێكانيشماندا چاودێرى دەكردين و دەيوت دەبێت هاوڕێكانتان لەوخێزانانەبن کەپاپەندن بەئایینی ئيسلامەوە، هەروەها لەفێربوونى وانەكانى قوتابخانەشدا هاوكارى دەكردين و لەپشووى هاوينانيشدا لەگەڵمان دەهاتە دەرەوە و لەمەلەوانیدا بەشدارى لەگەڵدەكردين و، شەوانەش بەپێی تەمەنى خۆمان کتێبی بەدەخوێندينەوە تاوەكو ڕایدەهێناین، دواتر كتێبى بۆدەهێناين و هانى دەداين كەبيانخوێنينەوە، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر قوڕئان لەبەركردنبوو كە خۆى پێی لەبەردەكردين تەنانەت ئەو مناڵانەشى كەبە بچووكى بەجێى هێشتن وەسيەتى كرد بۆ باوكى سدديق مەنشاوى كەئەوكارەى بۆ ڕاپەرێنێ، ئەويش دوایی وەسیەتەکەی بۆ بەجێگەیاند.
5- بوێريى لەحەقبێژیدا: 
يەكێك لەوەزيرەكان بانگهێشتى دەكا بۆ ئاهەنگێكى سەرۆك جەمال عەبدولناسیرو پێی دەڵێت: ڕێزدارو گەورە دەبيت بەبەشداریكردنت لەئاهەنگێكى سەرۆك عەبدولناسیردا!
مەنشاويش دەڵێت: ئەى بۆ عەبدولناسیر ڕێزدار نابێت بەوەى كە گوێ لە قوڕئان بگرێت بەدەنگى موحەممەد سدديق مەنشاوى؟! 
بۆيە ناچێت بەدەم بانگهێشتەكەوەو بەوەزیرەکە دەڵێت: بەڕاستى عەبدولناسیر هەڵەیكرد كاتێك خراپترين نێرراوى خۆى بۆ ناردم. 
هەوڵدان بۆ کوشتنی
موحەممەد سعودی کوڕی دەڵێت: جارێکیان لەماڵەوە هەمومان پێکەوە دانیشتبوین باوکم ئەم ڕووداوەی بۆ باپیرم دەگێڕایەوە، ئەگەر لەکەسێکیترم ببیستایە باوەڕم نەدەکرد، ڕووداوەکەش بەم شێوەیە بووە:
لەشەوێک لەشەوەکانی ساڵی ١٩٦٣مەنشاوی بانگهێشتی بۆنەیەک دەکرێ ودواتر خاوەنی ئاهانگەکە پاش تکایەکی زۆر دەیباتەوە ماڵەوە بۆ نانخواردن، لەوێ خزمەتکاری ماڵەکە لەکاتێکدا هەموو گیانی لەترسانا دەلەرزی بەنهێنیەوە بەمەنشاوی وت: شێخ کارێکی ترسناک هەیە دەمەوێ پێتی ڕاگەیەنم بەڵام تکا دەکەم ناوم مەهێنە تاوەکو نانبڕاو نەبم!
مەنشاویش دەڵێ چیە؟
دەڵێت: کەسێک ڕایسپاردووم کەژەهر بکەمە ناو ئەو خواردنەیەی پێشکەشی تۆ دەکرێ، بەڵام خاوەنی ئاهانگەکە لەدڵسۆزیدا ئەم خواردنەی بۆ تۆ ئامادەکردووەو و ئاگای لەم مەسەلەیە نیە بەڵکو فڵان ... (مەنشاوی ناوی ناهێنێ) بڕێک پارەی پێدام تاوەکو ئەم کارەی بۆ بکەم، بەڵام ویژدانم خەبەری بوویەوەو نەمتوانی ئەم کارە ئەنجامدەم، لەبەر ئەوە هەرچۆنێکت کردووە نابێ لەو خواردنە بخۆی!
کاتێک خواردنەکە دادەنرێ مەنشاوی لەبەردەم خاوەن ماڵەکەدا خۆی دەکات بەنەخۆش و ئەویش سوێند دەخواو دەڵێت: هەردەبێ شتێک بخۆی، ئەویش پارچەیەک نان هەڵدەگرێ و دەڵێ: لەبەر سوێندەکەت ئەمە دەخۆم، پاشان دەڕوات. 
دروستکردنی پڕوپاگەندە
هەروەها محەممەد سعودی دەڵێت: شەوێکیان مەنشاوی و قوڕئانخوێنێکی تر بانگهێشتی ئاهانگێک دەکرێن لەشاری (المینا)، زیاتر لە (١٠٠٠٠) کەس ئامادەی دەبێت و هەمووی تینوی قوڕئانن بەدەنگی مەنشاوی، کاتێک قوڕئانخوێنەکەی هاوڕێی هەست بەمە دەکات دەچێتە لای ڕێکخەری ئاهەنگەکەو پێی دەڵێ: سیناریۆیەک دروستکەو بەخەڵکەکە بڵێ گرفتی هونەریمان هەیە مایکرۆفۆنەکە ئیشناکات وچاککردنەوەی مەحاڵە!
ئینجا ئەو قوڕئانخوێنە دەستدەکات بەبڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بەناو جەماوەرەکەی مەنشاوی داو دەڵێ: مەنشاوی دەنگی ئێجگار نزمەو بەبێ مایکرۆفۆن ناتوانێ قوڕئان بخوێنێت!
مەنشاویش هەست بەپیلانەکە دەکات و دەزانێت ئەمە بۆ لەکەدارکردنی ئەوە لەبەردەم ئەم جەماوەرە زۆرەیدا، بۆیە بەبێ مایکرۆفۆن دەست بەقوڕئانخوێندن دەکات و بەپێی خۆی بەناو خەڵکەکەدا دەگەرێت و دڵخۆشیان دەکات، ئیتر پیلانی قوڕئانخوێنەکەی هاوڕێی پوچەڵدەبێتەوەو بەناچاری ئاهەنگەکەی بۆ بەجێ دێڵێ!
مەنشاویش تاوەکو دڕەنگانێکی شەو بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.
کوڕەکەی دەڵێت: لەباوکمان پرسی: ئەو قوڕئانخوێنە ناوی چیبوو؟
ئەویش وتی: خوای گەورە داپۆشەری عەیبەکانە.

گەشتەكانى: 

لەساڵى 1955 بەهاوەڵايەتى عەبدولباسیت عەبدولسەمەد سەردانى وڵاتى ئەندەنوسيا دەكات ئەويش بەبانگهێشتێكى فەڕمى لەلايەن (أحمد سوكارنو)ى سەرۆكى وڵاتى ناوبراوەوە، مەنشاوى هەر لەوێوە نامەيەك دەنێرێتەوە بۆ موحەممەد سعودي كوڕى تێیدا دەڵێت: 
( لم أر استقبالاً لأهل القرآن أعظم من استقبال الشعب الأندونيسي الذي يعشق القرآن، بل ويستمع إليه في إنصات شديد، ويظل هذا الشعب واقفاً يبكي طوال قراءة القرآن؛ مما أبكاني من هذا الإجلال الحقيقي من الشعب الأندونيسي المسلم وتبجيله لكتاب الله.)
واتە: تائێستە پێشوازيم نەبينيوە لە ئەهلى قوڕئان بكرێت وەك ئةو پێشوازيەى گەلى ئەندەنوسى تامەزرۆى قوڕئان لەئێمەیانكرد، زۆر بەباشى گوێيان لە قوڕئان دەگرت، ئەم میللەتە بەردەوام بەپێوە وەستابون و دەگريان تا خوێندنەكەم تەواو كرد، بەڕاستى ئەم ڕێزگرتنە ڕاستەقينەى گەلى ئەندەنوسى و بەرز ڕاگرتنيان بۆ قوڕئان منيشى خستە گریانەوە. 
ساڵى دواتريش وڵاتى سوريا بانگهێشتى دەكات، پاشان وڵاتە ئيسلاميەكانى تريش پێشبڕكێيان دەكرد لە بانگهێشكردنيدا بۆ قوڕئانخوێندن بەتایبەت لەمانگى پیرۆزى ڕەمەزاندا، بۆیە سەفەر دەكات بۆ هەر يەك لەوڵاتانى: ئەردەن و جەزائيرو عێراق وكوەيت و ليبياو سودان، چەند جارێكيش لەمەوسيمى حەجدا بۆ قوڕئانخوێندن سەفەر دەكات بۆ عەرەبستانى سعوديە. 
ئەو قوڕئان خوێنانەى كاريگەرييان هەبوو لەسەر مەنشاوى:
ئەوقوڕئان خوێنەى كاريگەرى لەسەر مەنشاوى هەبوو شێخ ( محمد رفعت)بوو، زۆرى خۆش دەويست و بەردەوام گوێي لەخوێندنى دەگرت، هەروەها مەنشاوى گوێیى لەدەنگى قوڕئان خوێنە گەورەكانى سەردەمى خۆيشى دەگرت وەك: (عبد الفتاح الشعشاعي) و (أبو العينين شعيشع) و (محمود علي البنا).

بەرهەمە تۆماركراوەكانى: 
زياتر لە (150) بەرهەمى لەئێزگە ئيسلاميەكاندا تۆماركردووە، دوو جاريش بەريوايەتى (حفص) قوڕئانى پیرۆزی بەتەواوى تۆمار كردووە، يەكێكيان بەشێوەى (التدوير) كەبە (الترتيل) ناسراوە، ئەوی تريشيان بەشێوەى (التحقيق) كەبە (المجوّد) ناسراوە.
هەروەها خەتمێكى ترى قوڕئانى پيرۆزى لەگەڵ شیخ (فؤاد العروسي)دا بەريوايەتى (الدوري) تؤماركردووە، بەڵام زۆر بەداخەوە تاوەکو ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە!
لەكاتى تۆماركردنى خەتمەكاني لە ئێزگەدا هەريەك لە: (عبد الباسط عبد الصمد، و مصطفى إسماعيل، و محمود خليل الحصري) لەگەڵى ئامادە دەبوون - ڕەحمەتى خوا لەهەموويان بێت-.
ئەم تۆماركردنەش لەژێر چاودێرى كەسانى پسپۆڕو شارەزا لەبوارى (تجويد) و (قراءة)دا تۆماردەكرا وەك: شێخ (إبراهيم شحاتة السمنودي) و شێخ (عامر) رەحمەتى خوايان لێبێت.
پياهەڵدانى زانايان لەبارەيەوە:
- زاناى گەورەى ميسر شێخ (محي الدين الطعمي) خەوێك لەمامۆستاکەیەوە (محمد أبو بطانية) -خوا لێي خۆشبێت- دەگێڕێتەوە دەڵێ: خەوێكم پێوە بيني دلسۆزى و چاكى ئەوى دەگەیاند.   
- موحەدديسى گەوره شێخ (أبو إسحاق الحويني)يش دەڵێت: ڕۆشتم بۆماڵى باوكى موحوممەد سدديق مەنشاوى بۆ هەواڵپرسينى سەرەڕای پرسياركردنێكى زۆر لەخەڵكى ئەو دەوروبەرە خێرو چاکە نەبێت هيچى كەم نەبيست لەبارەيةوە.
ئەو مەدالياو خەڵاتانەى بەدەستى هێناوە:
مەدالياى ڕێزلێنانى پلە يەكى لەلايەن (أحمد سوكارنو)ى سەرۆكى ئەندەنوسياوە پێدەبەخشرێت، هەروەها مەدالياى شايستەى (استحقاق) پلە دوو لەسوريا بەدەست دەهێنێ، بەڵام لەلایەن وڵاتەکەى خۆيەوە هيچ جۆرە مەداليايەكى پێنادرێت! هەرچەندە مەدالياى شايستەى پلە دووى داوە بە سدديق مەنشاوى باوكى ئەويش پاش كۆچكردنى لەساڵى(1985).

کۆچی دوایی:  
مەنشاوى خوا لیي خۆشبێت لەساڵى (1966) تووشى نەخۆشى دەوالى سورێنچك دەبێت و پزيشكەكان توانيان بە ئارامبەخش (مسكن) بۆماوەیەك نەخؤشيەکەى ڕابگرن و، ئامۆژگاری دەکەن كەجەستەى تووشى هيچ جۆرە ماندووبوونێك نەكات بە تايبەت گەرووى، بەڵام لەقوڕئانخوێندنى خۆى بەدەنگى بەرز بەردەوام دەبێت، هەتا لەدوا ساڵى تەمەنيدا بەردەوام بەدەنگى بەرز قوڕئانى دەخوێندو خەڵكى لەو مزگەوتەى كەوتبووە ژێر ماڵەكەيانەوە كۆدەبوونەوە بێئەوەى خۆى بزانێت گوێيان لەدەنگى دەگرت، كاتێكيش نەخۆشيەكەى زۆرى بۆ دێنێت دەيگەيەننە نەخۆشخانەى (المعادي)، دەوڵەتيش بەمەدەزانێت و لەسەر خەرجى خۆى بڕیارى ناردنى دەدات بۆ لەندەن بۆچارەسەركردنى، بەڵام مردن پێشى سەفەرەكەى دەكەوێت و، لەڕۆژى هەينى 20/6/1969دا كۆچى دوايي دەكات هێشتا (50) ساڵى تەواو نەكردبوو .
ڕەحمەتى خوا لەمەنشاوى پارەو ماڵى لەدواى خۆى بەجێ نەهێشت بەڵكو خوێندنێكى زۆر جوان و دەنگێكى بەسۆزى بەجێهێشت كەدڵەكان ديل دەكات وبەرەو جيهانێكى ڕۆحیيان دەبات.
خوا لێى خۆشبێت ژيانى خۆى بەخشى بەقوڕئانخوێندن و لەگەڵ قوڕئاندا ژياو لەگەڵ قوڕئانيشدا كۆچى دوايى كرد.

لەكۆتاييدا دەڵێم: خوايە قوڕئان بكەيتە بەهارى دڵمان ونورى سنگمان و لابەرى خەم و پەژارەمان، آمين. 

نووسین و ئامادەكردنی: م. سیروان حامد.

                                                                                                                                                                                                                             
سەرچاوەکان
- أرشيف ملتقى أهل الحديث، ( ج 1 /1664)
- موسوعة البحوث والمقالات العلمية.
- مقابلة مع الحاج محمد سعودي.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.

  ژمارەی بینین 293

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram