ئیمامی مالیك كێیە.؟ کورتەیەک لە ژیاننامەی ئیمامی مالیك (رحمه الله) ناوی: حوججەی ئوممەت ئیمامی دارول هیجرە ناوی مالیكی كوڕی ئەنەسی كوڕی مالیكی كوڕی ئەبو عامیر (نافیع)ی كوڕی عەمری كوڕی حاریسە. لە دایکبووونی: لەسەر ڕاستترین بۆچوون مالیكی كوڕی ئەنەس (ڕەحمەتی خوای لێ بێ) لە ساڵی نەوەت و سێ (93)ى كۆچی لە دایك بووە! شكڵ و شێوەی: ئیمامی مالیك پیاوێكی باڵابەرزی چوارشانەی زۆر سپی سوورباوی شێوە زۆر جوانی چاوشین بوو. وەرگرتن و بەخشینی زانستی: ئیمامی مالیك ئەو كاتەی دەستی بە وەرگرتنی زانست كردووە تەمەنی دە ساڵ بەسەرەوە بووە، ئەو كاتەی بۆتە شایستەی فەتوادان تەمەنی بیست و یەك ساڵ بووە، لە كاتێكدا گەنجێكی تازەپێگەیشتوو بووە، لەوپەڕی سنوورى دەوڵەتد ئیسلامی قوتابییانی زانست ڕێیان كوتاوەتەوە بۆ خزمەتی و خەڵك بە شەپۆل دەڕژانە كۆڕ و مەجلیسەكانی، ئیمامد مالیک زانستی لە زانایانی مەدینە وەرگرتووە، حەوت ساڵ لە خزمەتی ئیبنو هورموز ماوەتەوە، زۆر چۆتە خزمەتی جەعفەری صادق، هەروەها گەورە زانایانی دیكەش، ئیمامی مالیك عادەتی وا بووە چەند ڕۆژێكی تەرخان كردبوو بۆ گێڕانەوەی فەرموودە، چەند ڕۆژێكیش بۆ فەتوا و بابەت و پرسیاری فیقهی. دەربارەی ڕێزگرتنی لە پێغەمبەری خوا ﷺ ئیمامی مالیك ئەوەندە ڕێزی لە فەخری كائینات و نووری چاومان گرتووە، بە ئەندازەیەك لە مەدینە سواری وڵاخ نەدەبوو، حەزی نەكردووە بە وڵاخەكەی پێ لە خۆڵی ئەو خاكە بنێ كە پێغەمبەری خوا ﷺ لەسەری ژیاوە و تێیدا نێژراوە! كاتێک فەرموودەی دەگێڕایەوە گاڵتە و پێكەنینی نەدەما و مرۆڤ هەیبەت و سامی لێ دەكرد! كــار و كەســـابەتی: ئیمامی مالیك بۆ ماوەیەكی كورت زیندوور بووە (واتە: زینی وڵاخی دووریوە و چاكی كردووە)، بەڵام دواتر بازرگانی قوماشی كردووە لەگەڵ براكەی كە ناوی (نضر) بووە، لە ژیانیدا خاوەنی خانووی خۆی نەبووە، بەڵكو لە خانووێكی كرێدا نیشتەجێ بوو. مـــنداڵــــەكانی: ئیمامی مالیك چوار منداڵی هەبووە بە ناوەكانی: یەحیا و موحەممەد و حەمماد و فاتیمە. كۆچی دوایی ئیمامی مالیك: دوای ئەوەی بیست و دوو ڕۆژ نەخۆش دەكەوێت، لە ساڵی (197)ی كۆچی لە تەمەنی (87) ساڵی چاوە جوانەكانی لێكدەنێ و كۆچی دوایی دەكات، ئیمامی شافیعی دەڵێ: لە مەككە بووین پورم گوتی: ئەمشەو شتێكی سەیرم بینی، منیش گوتم: شتەكە چییە؟ گوتی: خەونم بینی كەسێك گوتی: ئەمشەو زاناترینی خەڵكی سەر زەوی كۆچی دوایی كرد، ئیمامی شافیعی دەڵێ: جا ڕۆژەكەمان دیاری كرد (دواتر هەواڵی كۆچی دوایی ئیمامی مالیك گەیشت) جا هەمان ڕۆژ بوو كە خەونەكەی تێدا بینرابوو!
مەدح و ستاییشی هەندێک زانایان دەربارەی ئیمام مالیک: ➖ ئیمامی شافیعی گوتوویەتی: ئەگەر باسی فەرموودە هاتە گۆڕێ ئەوە مالیك ئەستێرەكەیە، مالیكی كوڕی ئەنەس مامۆستای منە و كەس نییە منەتی زیاتری بەسەر منەوە هەبێت لە مالیك. ➖ عەبدوڵڵای كوڕی موبارەك گوتوویەتی: ئەگەر پێم بگوترێت پێشەوایەك بۆ ئوممەت هەڵبژێرە، ئەوە مالیكی بۆ هەڵدەبژێرم. ➖ ئیمامی ئەحمەد گوتوویەتی: دڵ بە فەرموودە و فەتواكانی مالیك ئۆقرە دەگرێ، وە شاییستەشە ئۆقرەی پێ بگرێ، مالیك لەلای ئێمە حوججەیە، چونكە زۆر بەتوندی شوێنكەوتەی ئەو فەرموودانەیە كە لەلای ئەو صەحیحن. ➖ ئیمامی نەسائی گوتوویەتی: لەلای من دوای تابیعین كەس نییە گەورەتر و جێی متمانەتر بێت لە مالیك. ➖ ئیمامی ئەبو داود گوتوویەتی: ڕەحمەتی خوا لە مالیك بەڕاستی ئیمام بووە. ➖ ئیبنو شیهابی زوهری بە ئیمامی مالیكی گوتووە: تۆ یەكێكی لە خەزنە و هەڵگرانی زانست و چاكترین شوێنی هەڵگرتنی زانستی. ➖ ئیمامی زەهەبی دەڵێ: لە مەدینە لەدوای تابعین كەس نەبووە لە مالیك بچێت لە زانست و فیقهو گەورایەتی و لەبەركردن. ➖ ئیمامی ئەوزاعی دەربارەی دەیوت: زانای هەموو زانایان و زانای زانایانی مەدینە. سەرچاوە/ پەیجی شارستانییەتی ئیسلامی. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.