ناوی (سید عبدالرحیم)ی کوڕی (مه‌لا سه‌عید)ه و له نه‌وه‌ی (مه‌لا یوسف جان)ی کوڕی مه‌لا (أبوبکر مصنفی چوری)یه که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خواناسی به‌ناوبانگ (سید محمد زاهد) که به (پیر خدری شاهۆ) ناوبانگی ده‌رکردووه. له وه‌چه‌ی حه‌زره‌تی (حوسه‌ینی کوڕی ئیمامی عه‌لی کوڕی ئه‌بووتالب)ه -خوایان لێ ڕازی بێت-. نازناوی شیعریشی (مه‌عدوومی) بووه و له‌ناو خه‌ڵک و له کۆڕی ئه‌دیباندا به (مه‌وله‌وی) ناوبانگی ده‌رکردبووه. مه‌وله‌وی له ١٢٢١ی کۆچی له دێی (سه‌رشانه) له ناوچه‌ی (تاوگۆزی)، له به‌شی کوردستانی عێراق له خێزانێکی ئایینپه‌روه‌ری بهحورمهتدا له‌دایك بووه و هه‌ر له سه‌رده‌می مناڵیدا ماڵی باوکی هاتووه بۆ دێی (بیزاوه) له نزیکی (هه‌ڵه‌بجه). له‌وێ لای باوکی قورئانی پیرۆزی ته‌واو کردووه و ورده‌کتێبه سه‌ره‌تایییه‌کانی فارسی و (صرف و نحو)ی خوێندووه. پاشان له‌سه‌ر ئوسوولی فه‌قێکانی کوردستان چووه بۆ خوێندن بۆ (پاوه) له ناوچه‌ی (هه‌ورامانی لهون) و پاش ماوه‌یه‌ك له‌وێوه چووه بۆ (چور) له (مه‌ریوان) و له‌وێیشه‌وه چووه بۆ (سنه) و له مزگه‌وتی (وه‌زیر) دامه‌زراوه. ئینجا چووه بۆ (بانه) و له‌وێیشه‌وه چووه بۆ (سلێمانی) و له (مزگه‌وتی گه‌وره) دامه‌زراوه، که له‌و کاته‌دا هێشتا جه‌نابی (شێخ مه‌عرووفی نۆدێ) مامۆستا بووه تێیدا. ئینجا چووه بۆ (هه‌ڵه‌بجه) و له (مزگه‌وتی جامیعه) لای (مه‌لا سادقی ته‌وێڵه‌یی) که موسته‌عید بووه له خزمه‌تی (شێخ عبدالله خه‌رپانی)دا، خوێندوویه‌تی. ئینجا چووه بۆ (قه‌ڵای جوانرۆ) و له خزمه‌تی (مه‌لا موحه‌ممه‌دی قازی)دا خوێندوویه. له‌وێیشه‌وه بۆ جاری دووه‌م له سه‌رده‌می (ڕه‌زاقولیخانی والی)دا چۆته‌وه بۆ (سنه) و له مزگه‌وتی (دارالإحسان) دامه‌زراوه. ماوه‌یه‌کی زیاتر له جاری پێشوو له‌و؛ ماوه‌ته‌وه، ئینجا دیسانه‌وه هاتووه‌ته‌وه بۆ (سلێمانی) و له خزمه‌تی (مه‌لا عه‌بدولڕحمانی نوتشه‌یی)دا که موفتیی (سلێمانی) و مامۆستای مزگه‌وتی (مه‌ڵکه‌ندی) بووه، خوێندنی ته‌واو کردووه و ئیجازه‌ی ده‌رسوتنه‌وه‌ی وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی که مه‌شهووره گوایه مه‌وله‌وی له زمانی (ڕه‌زاقولی خانی والی)دا له مزگه‌وتی (دارالإحسان)ی سنه له خزمه‌تی حاجی مه‌لا (ئه‌حمه‌دی نوتشه‌یی)دا ئیجازه‌ی وه‌رگرتووه، ڕاست نییه. چونکه حاجی مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌تاوه‌کوو پاش زه‌مانی (فه‌رهاد میرزا) که پاش (غولام شاخان) و (ڕه‌زا قولیخان)ی برای بووه به حوکمرانی (ئه‌رده‌ڵان) و پاش سه‌فه‌ری حه‌جی له‌گه‌ڵ (شێخ بهاالدین) له‌پاش ساڵی ١٢٩٠ی کۆچی بوو، ڕۆیشتووه بۆ (سنه) و له‌و کاته‌دا مه‌وله‌وی ته‌مه‌نی له ٦٠ ساڵ که‌متر نه‌بووه، به‌ڵکو پاش ئه‌وه ته‌نها چه‌ند ساڵێك ژیاوه. که‌واته چۆن ده‌گونجێت له ته‌مه‌نی وادا ئیجازه وه‌ربگرێت؟! هه‌روه‌ها له ساڵی ١٢٧١ی کۆچیدا (شێخ سراج ا‌لدین) مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ حاجی (شێخ عبدالرحمان)ی کوڕی ده‌نیرێت بۆ (سنه) بۆ مه‌سه‌له‌ی ناکۆکیی به‌ینی (غولام شاخان) و مه‌لاکانی (سنه). دیاره ده‌بێت مه‌وله‌وی له‌وکاته‌دا مه‌لایه‌کی پایه‌بڵند بووبێت، ئه‌گینا بۆ ئیشی وا نه‌ده‌نێررا. جگه له‌وه‌ش ڕێی تێ ناچێت مه‌وله‌وی ئیجازه‌ی لای (حاجی مه‌لا ئه‌حمه‌د) وه‌رگرتبێت، چونکه هه‌شت ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بووه. وه‌ك له‌م شیعره فارسییه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که مێژووی له‌دایکبوونی حاجی (مه‌لا ئه‌حمه‌د)ه به (حروف ابجد). هاتفی أز سر الهام بتأریخش گفت: بود أحمد خلف أمجد عبد الرحمن. که ده‌کاته ١٢٢٩ی کۆچی. به‌ڵگه‌یه‌کی تریش هه‌یه بۆ ئیسپاتی ئه‌وه که مه‌وله‌وی له سلێمانی ئیجازه‌ی وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌ش ئه‌و چیرۆکه‌یه که پاشان هه‌ر له‌م کورته‌مێژووه‌ی ژیانیدا ده‌یگێڕینه‌وه له‌باره‌ی چوونیه‌وه بۆ سه‌یران بۆ (سه‌رچنار) له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له میره‌کانی بابان پاش ته‌واوبوونی ئاهه‌نگی ئیجازه‌وه‌رگرتنی. مه‌وله‌وی له سه‌ره‌تای مه‌لایه‌تیدا له دێی (چروستانه) له نزیکی (هه‌ڵه‌بجه) دامه‌زراوه فه‌قێی ڕاگرتووه و ده‌ستی کردووه به ده‌رسوتنه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك هه‌وای (تصوف) ده‌که‌وێته که‌لله‌ی و گرفتاری زه‌وقی (ئه‌هلی مه‌عنا) ده‌بێت و ده‌روات بۆ (ته‌وێڵه) بۆ خزمه‌تی (شێخ عثمان سراج ا‌لدین)ی خه‌لیفه‌ی (مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی)، که یه‌که‌م که‌س بووه ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌ی له کوردستاندا بڵاو کردۆته‌وه. مه‌وله‌وی له (ته‌وێڵه) ده‌بێت به موریدی (شێخی سراج ا‌لدین) و وه‌ختێکی زۆر به سلووکه‌وه ده‌باته سه‌ر. پاش چه‌ند ساڵێک ده‌گوێزێته‌وه بۆ (بیاویڵه) که دێیه‌که له ژووری (هه‌ڵه‌بجه)وه. پاش ماوه‌یه‌کی تریش له‌وێوه بار ده‌کات بۆ (گۆنه) که یه‌کیکه له دێیه‌کانی هۆزی (نه‌وروڵی). پاش چه‌ند ساڵێک ئه‌وێش به‌جێ ده‌هێڵێت و ده‌چێ بۆ (شه‌مێران) که ئه‌و کاته له‌ژێر ئیداره‌ی (شێخ علی عه‌بابه‌یلێ)دا بووه. شێخی ناوبراو زۆر خزمه‌تی مه‌وله‌وی و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی ده‌کات، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك به کاریگه‌ریی (موحه‌ممه‌د پاشای جاف) به‌ڕێوه‌بردنی (شه‌مێران) له ده‌ستی ئه‌و (شێخ علی)یه ده‌سه‌نرێته‌وه و ده‌درێته ده‌ستی (عثمانی خاڵه) که له پیاوماقوولانی هۆزی (یه‌زدانبه‌خشی) بووه. له ئه‌نجامی ئه‌م لابردن و دانانه‌دا مه‌وله‌وی ماڵی له (شه‌مێران) بار ده‌کات و ده‌ڕواته‌وه بۆ (سه‌رشانه) که تێیدا له‌دایك بووه و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه تا کۆچی دوایی ده‌کات. مه‌وله‌وی له دواساڵه‌کانی ژیانیدا تووشی گه‌لێك کاره‌ساتی ناخۆش بووه. ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له چه‌ند پارچه شیعردا به سۆزه‌وه هۆنیوه‌ته‌وه. کتێبخانه‌که‌ی سووتاوه. (عه‌نبه‌ر خاتوون)ی خێزانی مردووه که جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بووه له دڵی مه‌وله‌ویدا. حه‌وت ساڵ پێش وه‌فاتی کوێر بووه. هه‌ر ئه‌م کوێربوونه‌شی بووه به هۆی مردنی. ئه‌وه بووه جارێكیان بۆ سه‌رخۆشیکردن له دۆستێکی ده‌ڕوات بۆ (پریس)، که له گه‌ڕانه‌وه دا نزیکی (هانه سووره) ده‌بێته‌وه به جڵه‌وڕاکێشی وڵاخه‌که‌ی ده‌ڵێت من چاوم نابینێت، دارتوویه‌ك له‌سه‌ر ڕێگه‌مانه لقێکی لاری هه‌یه ڕێگه‌که‌ی گرتووه، که گه‌یشتینه لای پێم بڵێ با سه‌رم دانه‌وێنمه‌وه. وا ڕێ ده‌که‌وێت که ده‌گه‌نه ئه‌و شوێنه کابرای (جڵه‌وڕاکێشی وڵاخه‌که‌ی) له‌بیری ده‌چێته‌وه که مه‌وله‌وی ئاگادار بکاته‌وه. مه‌وله‌وی سنگی ده‌دات به داره‌که‌دا و به پشتدا ده‌که‌وێته خواره‌وه له‌سه‌ر وڵاخه‌که و پشتی ده‌شکێت و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا له ١٣٠٠ی کۆچی دا ماڵئاواییی یه‌کجاری ده‌کات و له گۆڕستانی (ئه‌سحابه) له نزیکی (سه‌رشاته) ده‌یسپێرن به خاك. پله‌وپایه‌ی مه‌وله‌وی له‌نێوان زانایاندا: مه‌وله‌وی پایه‌یه‌کی بڵندی هه‌یه له‌ناو زاناکانی کورددا و به‌تایبه‌تی له (عیلمی که‌لام) واتا*(قسه‌زانی)دا ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه. ئه‌و دانراوانه‌ی که له پاشی ماونه‌ته‌وه هه‌موو له‌م عیلمهدان و بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه: (الفضیلة) له ٢٠٣١ شیعری عه‌ره‌بییه و له ١٢٨٥ی کۆچیدا دایناوه و عه‌نتیکه‌یه‌کی هونه‌رییه جگه له‌وه که مه‌عنا عیلمییه‌که‌ی زۆر ورد و به‌رزه. یه‌که‌م شیعری ئه‌م کتێبه ئه‌مه‌یه: بسم الله الرحمن الرحیم من تاه فیه نهیة الحکیم دانه‌یه‌کم له‌م کتێبه لایه ئاخرپهڕهی نه‌ماوه، له‌به‌ر ئه‌وه نازانم کێ نووسیویه‌تیه‌وه. به‌ڵام ده‌بێت فه‌قێیه‌کی مه‌وله‌وی خۆی نووسیبێتییهوه، چونکه خه‌تی مه‌وله‌وی پێوه‌یه. هه‌روه‌ها حاشیه‌ی زۆری (مه‌لا فتاح) ناوێکی فه‌قێی مه‌وله‌ویش له‌سه‌ر نووسراوه‌ته‌وه. شه‌رحێکی دوورودرێژم له‌م کتێبه کردووه له دوو به‌رگی گه‌وره‌دا. (العقیدة المرضیة) که ٢٤٥٤ شیعری کوردییه و له ١٣٥٢ی کۆچیدا له‌لایه‌ن (محی‌الدین صبري النعیمی)یه‌وه له میسر له‌چاپ دراوه. یه‌که‌م شیعری ئه‌م کتێبه ئه‌مه‌یه: زوبده‌ی عه‌قیده و خولاصه‌ی که‌لام هه‌ر له تو بو توس حه‌مد و ثهنای تام مه‌وله‌وی خۆی ئه‌م عه‌قیده‌یه‌ی کورت کردووه‌ته‌وه و باسه گرانه‌کانی لێ لابردووه بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه تازه‌پێگه‌یشتووه‌کانی لێی تێبگه‌ن. (الفوائح) که ٢٥٧ شیعری فارسییه و له‌گه‌ڵ عه‌قیده کوردییه باسکراوه‌که‌دا له‌چاپ دراوه. یه‌که‌م شیعری ئه‌م کتێبه ئه‌مه‌یه: چو در خود بینم از بس رو سیاهی نگنجد اي الهی یا الهی جگه له‌مانه‌ش نامیلکه‌یه‌کی به فارسی هه‌یه باسی ئوسوولی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی ده‌کات. باری ژیانی مه‌وله‌وی له ڕووی ئابووریییه‌وه: باری ژیانی ئابووریی مه‌وله‌وی زۆر ناخۆش بووه. به‌ڵام ئه‌و ڕازی بووه به‌و ژیانه، وه ۆربه‌ی وه‌ختی خۆی به شێوه‌ی ده‌روێش ڕابواردووه. له (حاجی شێخ مصطفیی هه‌ولێری) گێڕاویه‌تییه‌وه وتی: بیستومه جارێکیان (حاجی مه‌لا أحمدی نوتشه) ئه‌چی بۆ دیده‌نی مه‌وله‌وی. مه‌وله‌وی هیچ له ماڵیا نابێ. ئه‌و ئێواره به قسه‌ی خۆش وه‌خت ئه‌به‌نه سه‌ر تا خه‌و ئه‌یان باته‌وه به‌لایدا. بۆ سبه‌ی نیوه‌ڕۆ هه‌ندێ له نانی جۆ و دۆیه‌ک دێنێت ده‌ست ده‌که‌ن به نان خواردن. له کاتێ نان خواردنه‌که‌دا (حاجی مه‌لا أحمد) زۆر ته‌عریفی خواردنه‌که ده‌کات و به شان و باڵیا هه‌ڵ ئه‌دا.. مه‌وله‌وییش ئه‌ڵێ میوانی وه‌ک تۆ به ده‌گمه‌ن ڕێی ده‌که‌وێته لای ئینسان، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته به‌له‌زه‌ت ترین خواردن بۆ دانرێت! دیاره به نیسبه‌ت که‌سێکه‌وه که هیچ شک نه‌با نان و دۆ خواردنێکی ئێجگار به‌له‌زه‌ته. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش مه‌وله‌وی هه‌میشه ئه‌و هه‌ژارییه‌ی پێ باشتر بووه له‌وه‌ی که ناوچه و خزم و که‌س و کاره‌که‌ی به‌جێ بێلێ و بروانه شوێنی وا به خۆشی تیا بژی. پیاوی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌ک (فه‌رهاد میرزای قاجاری) که مه‌وله‌ویی زۆر خۆشویستوه داوای لێکردووه بچێته ئێران وه له په‌نای ئه‌وا دانیشی و خزمه‌تێکی زۆری بکا، به‌ڵام مه‌وله‌وی به‌گوێی نه‌کردووه. مه‌وله‌وی چاو له‌به‌ری هیچ گه‌وره‌یه‌ک نه‌بوه، له (حسن به‌گ علی به‌گ جاف)م بیست وتی: پاش ئه‌وه‌ی که (محمود پاشای جاف) ڕوتبه‌ی پاشایه‌تی ی له ئه‌سته‌مبوله‌وه بو دی ڕۆژێک مه‌وله‌وی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک دڵی لێیدێشێ، وه نامه‌یه‌کی بۆ ئه‌نێرێ تیا ئه‌نووسێ پاشا ئه‌گه‌ر تۆ به‌وه‌وه ئه‌نازی که له مه‌حموو به‌گییه‌وه بووی به محمود پاشا، منیش به‌وه ده‌نازم که هه‌ر مه‌وله‌وی بووم و هه‌ر مه‌وله‌ویم. ڕه‌فتار و کرداری و گفتاری مه‌وله‌وی: وه‌ک له درێژه‌یه‌ک له ژیانی مه‌وله‌وی نووسراوه دا باس له‌وه ده‌کات سه‌باره‌ت به ژیانی مه‌وله‌وی که پیاوێکی زۆر به‌توانا و جوامێر بووه، وه له‌سه‌ر (قه‌ومه‌که‌ی) ههڵیداوهتێ، و که‌سێکی زۆر به‌سۆز بووه، وه له ڕووی قسه و گفت‌و گۆ که‌سێکی دانا بووه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێک بدوایه به پێی گوێره‌ی عه‌قڵی خۆی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌کرد، وه که‌سێکی زۆر قسه خۆش و زمان شیرین بووه، و زۆر خاوه‌ن ڕێز بووه چ له‌لای گه‌وره پیاوان و چ له لای زانایان و چ له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌ژار چونکه هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانی خه‌ڵک دا ژیاوه. وه که‌سێکی زانست دۆست بووه وه زۆر شوێن گه‌ڕاوه بۆ فێر بوون و شاره‌زا بوون، وه بێجگه له زمانی کوردی شاره‌زایی هه‌بووه له زمانی (عه‌ره‌بی) و (فارسی) به‌شێوه‌یه‌کی زۆر باش. له سه‌رده‌می فه‌قێیه‌تی مه‌وله‌وی زۆر له شوینه‌کانی کوردستان گه‌ڕاوه: وه‌ک وتمان مه‌وله‌وی له‌سه‌رده‌می فه‌قێیه‌تیدا زۆر لای کوردستانی (عێراق) و (ئیران) گه‌ڕاوه. پاش ئیجازه وه‌رگرتنیشی گه‌ڕانی هه‌ر بووه، سه‌فه‌ری (جوانڕۆ) و (کرماشان) و (هه‌ورامان) و (مه‌ریوان) و (سنه) و (بانه) و (سابڵاخ)ی کردووه. هه‌تاوه‌کو که ئه‌چیته (سابڵاخ) له پێشانا خیلی، (سید نظامی) که له نه‌وه‌ی (مه‌لا أبوبکری مصنف)ن و هاوپشتی مهولهو بن زۆر گوێی ناده‌نێ، به‌ڵام پاشان که شاره‌زای عیلم و فه‌ضلی ئه‌بن ناچار ئه‌بن دوری بده‌ن و حورمه‌تی بگرن. هه‌وره‌ها سه‌فه‌ری (سلێمانی) و (خانه‌قی) و (که‌رکوک) و (به‌غداد)یشی بووه. جارێکیان به نیازی حه‌ج ئهکهوێتهڕێ، که ده‌گاته (به‌غداد) هاورێکه‌ی پاره‌ی ڕێگای حه‌جه‌که‌ی لێ ئه‌دزێ و ئه‌گه‌رێته‌وه و بڵاوی ئه‌کاته‌وه که گوایه مه‌وله‌وی مردووه، وه‌ک بڵێی وا بزانی ئیتر مه‌وله‌وی ناتوانی بگه‌ریته‌وه. که‌س وکاری پرسه‌ی بۆ دائه‌نێن. پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ندێ له زانا و ئه‌ده‌ب په‌روه‌رانی (به‌غداد) که به مه‌سه‌له‌که‌ی ئه‌زانن خه‌رجی ڕێگای بۆ ئاماده ئه‌که‌ن و ئه‌ینێرنه‌وه. که ئه‌گاته‌وه ماڵه‌وه مناڵ و که‌س و کاره‌که‌ی ده‌ست به‌جێ ئه‌چن کابرای دزی درۆزن ده‌گرن و ئه‌یبه‌نه لای مه‌وله‌وی. مه‌وله‌وی یش. بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێ بکات پێی ده‌ڵێت ڕۆڵه خوا ڕووی ئه‌جه‌ل ڕه‌شکا وا منی خه‌جاڵه‌تی لای تۆ کرد... خۆزگا بمردایه‌م و تۆم وا به ڕووزه‌ردی نه‌دیایه.. له‌نێوانی مه‌وله‌وی و گه‌لی له زانایان و پیاوانی خوا و پیاوماقوولانی له‌و ده‌مه‌ی کورد و ئیرانیدا په‌یوه‌ندیکی به‌تین بووه. مه‌وله‌وی پارچه شیعری به‌رز و نامه‌ی ڕازاوه‌ی بۆ (شێخ محمد جسیمی سنه) و (شێخ سراج‌الدین) و (بهاالدین) و (ضیاالدین) و (محمد پاشای جاف) و (محمود پاشا)ی کوڕی و (معتمدالدوله فه‌رهاد میرزا) و (حسامالدوله)ی برای نووسیوه که مامی (ناصرالدین شای قاجار) بوون. هه‌روه‌ها هه‌میشه هه‌ڵبه‌ستی جوانی نازدووه بۆ دۆستانی وه‌ک (شێخ مؤمنی سازانی) و (شێخ حسنی سازانی) و (شێخ یوسفی نوسمیی) و (شێخ عزیزی جانه‌وه‌ره‌یی) و (أحمدیهکی کوماسی) و (شێخ عبدالله‌ی داخی) و گه‌لێک له شاعیره‌کانی تر .. زۆربه‌ی شیعره‌کانی به کوردی و نامه‌کانی به فارسی بووه. جارجاریش چه‌ند دێرێکی عه‌ره‌بیی له‌و نامه فارسییانه دا نووسیوه. ژماره‌یه‌کی زۆرم له ونامانهی مه‌وله‌وی له‌لایه. هه‌ندێکیان دۆستی موحتهرهمم (سید طاهری هاشمی) له (ده‌وڵه‌ت ئاوا) وه بۆی ناردووم. ئه‌گه‌ر بۆمڕێکهوتایه یهکمخستن و له شێوه‌ی کتێبێکی ئینشا دا بلاوم ده‌کردنه‌وه. پارچه‌یه‌ک له هۆنراوه‌کانی: ئه‌م پارچه هۆنراوه له به‌رگی دیوانه‌که‌ی نووسراوه‌ته‌وه بۆ ڕازانه‌وه‌ی دیوانه‌که‌ی، وه ئه‌و دیوانه‌ی له ووڵاته ئه‌وروپاییه‌کان دا هه‌یه. ئه‌مه‌ش ده‌قی هۆنراوه‌که‌یه: ئاماوه وه‌هار، وه‌هار شادی بۆی عه‌تر نه‌سیم غونچه‌ی ئازادی خێڵ خانه‌ی خه‌فه‌ت بار به‌نییش که‌رده‌ن مه‌ینه‌ت ڕوونی یان وه ماوای مه‌رده‌ن خه‌م وێنه‌ی که‌مان قامه‌ت خه‌م بی یه‌ن هه‌وارگه‌ی قه‌دیم نه ده‌سش شی یه‌ن به‌زم شه‌وق و عه‌یش نه ده‌روون جه‌مه‌ن ئانه هیچ نه‌بۆ نه ده‌روون، خه‌مه‌ن ئینه نه‌تیجه‌ی دیاری باڵای تۆن نیشانه‌ی وصاڵ خاڵ ئاڵای تۆن ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ تێبینی: ئه‌م کورته مێژووه له ژیانی که‌ڵه‌پیاو و ناوداری کورد (مه‌وله‌وی) که ناوبانگی له به‌شه‌کانی کوردستانی به‌ره‌ی عێراق و ئیران ده‌رکردوه وه ناسراو بووه، ئه‌م نووسراوه‌ش له‌و دیوانه‌که‌یه‌وه وه‌رگیراوه که له شاری(سنه) له چاپدراوه. وه کۆکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه و له‌سه‌ر نووسینی: مامۆستا مه‌لا (عبدالکریمی مدرس) خوای لێی خۆش بێت. ساڵی چاپکردنی (١٣٧٨)ی هه‌تاوی.